ڕوحوڵلا زەم لە سێدارە درا

هەواڵنێرییەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران  بڵاویان کردەوە کە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی سەرماوەز، “ڕوحوڵلا زەم”، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامی “ئامەدنیوز” لەسێدارەدراوە.

“غوڵامحسێن ئیسماعیلی”، وتەبێژی دەزگای دادوەریی رژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز ڕایگەیاندبوو کە دادگای باڵای وڵات سزای سێدارە ڕوحوڵڵا زەمی پشتڕاستکردووەتەوە.

زەم لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨دا لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدران لە عێراق دەستبەسەرکرابوو و گەڕێندرابووەوە بۆ ئێران.

دانپێدانانە زۆرەملییەکانی ڕوحوڵلا زەم پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرکرانی لە تەلەڤیزیۆنی ڕەسمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکرابووەوە.

ڕوحوڵلا زەم لە ڕێکەوتی ١٣ی پوشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی “فیسادی فیلئەرز” بە سێدارە سزادرابوو.

“سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل” یەکێکی دیکە لەو تۆمەتانەیە کە لەلایەن دادگا  و ناوەندە ئەمنییەکانەوە خرابووە پاڵ ڕوحوڵلا زەم، بەڵام خۆی چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردبووەوە و جەختی کردبوو کە کاری ئەو تەنیا ڕاگەیاندن و ڕۆنامەنووسی بووە.

پێشتر ڕێکخراوی “پەیامنێرانی بێسنوور” و “لێبوردنی نێودەوڵەتی” پرۆسەی دادگاییکردنی ڕوحوڵلا زەمیان بە نادادپەروەرانە ناوزەدکردبوو.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە دژبەرانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دراوسێ ڕفێندراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوخۆی ئێران و رژیمی ئێران بەم کردەوەیە دەیھەوێ بڵێ کە دەسەڵاتێکی رەھای بەسەر ناوچەکەدا ھەیە و ھەرچی کە پێی خۆشبێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەنجامی دەدات، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا درۆیەکی بێ بنەمایە و ھەر لەم رۆژانەی رابردوودا وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٥٠٠ بنکە و بارەگا و ناوچە کە کۆماری ئیسلامی دزەی تێ کردبوو لە سووریە و باقی ناوچەکانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووەتە ئامانج و خاپووری کردووە، بەڵام تا ئێستا کۆماری ئیسلامی نەیوێراوە فزەی لێوە بێت و ھیچ وەڵامێکی بۆ ئەم ھێرشانە پێ نەبووە.