کاریگەریی داڕمانی ئابووریی ئێران لەسەر زانکۆکان

✍ فیرووز مامۆیی

بەرپرسێکی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە کە، لە ساڵی داهاتوودا بە کردنەوەی زانکۆکان لەگەڵ کێشەی کەمیی بوودجە بەرەوڕوو دەبینەوە و ئەمەش گرفتێکی جدییە لە بەردەم داھاتووی خوێندنی باڵا لە ئێراندا.

عەلی مۆقاری جێگری گەڵاڵە و بەرنامەی زانکۆی تاران ڕایگەیاند؛ ئەگەر زانکۆکان لە ساڵی داهاتوودا بکرێنەوە، بێگومان لەگەڵ کێشەیەکی گەورە لە ڕووی کەمیی بوودجەوە بەرەوڕوو دەبینەوە و بۆ چارەسەری ئەم گرفتەش تا ئێستا ھیچ رێگایەک نەبینراوەتەوە.

بە وتەی ناوبراو لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا سەرجەم ئەو بوودجەیەی بۆ تێچووی زانکۆی تاران تەرخان کرابوو بۆ مووچەی کارمەندانی ئەو زانکۆیە خەرج کراوە و داهاتەکانی زانکۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخستنی هەندێک لەو بەشانەی کە بۆ زانکۆ داهاتهێنەر بوونه داڕماوە.

عەلی مۆقاری هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەشێک لە داهاتی زانکۆ لە ڕێگەی پارەی مانگانەی خوێندکارانەوە بووە کە بە وەرگرتنی مەرەخەسی لە خوێندن، ئەو داهاتەش کەم بووەتەوە و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانە.

لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠دا ناوەندە ئایینییەکان و ئیسلامیەکان و بەرپرسانی ڕێژیم هەر لە خامنەییەوە بگرە تا بەرپرسێکی پلەخواری ئەو ڕێژیمە بوودجەی تایبەت و زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکرێ و تەنانەت لەم دواییانەشدا بۆ کچی قاسم سلێمانی بە ناوی “بونیادی قاسم سلێمانی” بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە و هیچ قازانجێکیشی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ئێران نییە، بەڵام زانکۆکان هیچ گرینگییەکان پێ نادرێ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە و بوودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان کراوە و لە ساڵی داهاتوودا تووشی کێشەگەلێکی گەورەتر دەبینەوە و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ساڵانە پارەیەکی زوری میلیۆنی لە خوێندکاراھ بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆکاندا وەردەگیردرێت.

لە لایەکەوە وێڕای ناوەندە مەزھەبی و بەودان بە کۆنەپەرستی، ناوەندە نیزامیەکان و بەتایبەتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیە کە زۆرترین بوودجەی بۆ تەرخان دەکرێت و بەشی زۆری ئەم پارەیەش سەرفی گرووپە تیرۆریستی و تێکدەرانەکانی سەر بە رژیمە لە ناوچەکە و لە راستیدا کۆمەڵانی خەڵکی ھەژار و چەوساوەی ئێران لە بەشە بوودجەی ساڵانەی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی بێبەرین و رۆژ لەدوای رۆژ کەلێن و بۆشایی ھەژاری لە کۆمەڵگای ئێران بەرێنتر دەبێتەوە و رژیمیش کەمترین ئاوڕ لەم بابەتە ناداتەوە.