دەستگیرکردنی ١١ سیخوڕ و تیرۆریستی ئێرانی لە تورکیە

بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دەستگیرکردنی ١١ کەسی سەر بە دەزگا ئەمنیەتیەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران لە تورکیە، گەرچی بە ھۆی پێشینەی ھاوکاریی و ھاوڕێیەتی دەوڵەتی ئەردۆغان لەگەڵ رژیمی ئێران، تا ڕادەیەک بابەتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، بەڵام دەکرێ بە گۆڕینی بنەڕەتیی ئاراستەی سیاسی ئانکارا بەرانبەر بە ئێران ناوی لێ ببەین و بایەخێکی زۆرتر لە ھۆشدارییەکی کورت ماوە و تۆڵە سەندنەوەی ھەیە.

رۆژنامە نێودەوڵەتیەکان و تەلەفیزیۆنی تورکیە بڵاویان کردەوە کە، میت ( دەزگای ئیتلاعاتی تورکیە) ئەندامانی گرووپێکی ١١ کەسی سەر بە دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ئێرانیان دەستگیر کردووە.

دەزگا سیخوڕیی و ئیتلاعاتیەکانی تورکیە رایانگەیاندووە کە، ئەم گروووپە بەردەوام سەرقاڵی رفاندن و کوشتنی نەیارانی رژیمی ئێرانیان داوە و قاچاخچیەکی مادەھۆشبەرەکان بە ناوی ناجی شەریفی زیندەشتی بەرپرسی گرووپەکە بووە.

میتی تورکیە دەڵی: راکێشانی فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئسیود، رێبەری پێشووی حەرەکی ئەلنەزال، بۆ تورکیە و پاشان رفاندنی بۆ ئێران، کاری ئەم گرووپە سیخوڕییە بووە.

لەم راپۆرتگەلەدا، بەرپرسیاریەتی تیرۆری مەسعود مەولەوی وردنجانی، بەرپرسی کاناڵی تویپری و تێلێگرامی جەعبەی رەش و سەعید کەریمیان، بەرپرسی کاناڵی جەم، کاری ناجی شەریفی زیندەشتی بووە.

تورکیە لە دژکردەوەکانی ئەم دوایانەی ئێران لە دژی ئەردۆغان و شێعر خوێندنی ناوبراو لە رێژەی ھێزە نیزامیەکان لە باکۆ ناڕازیە و بەم کارە ھۆشدارییان داوەتە ئێران کە ئاگاداریی ھەڵسوکەوتەکانی بێت.

دەوڵەتی تورکیە نە تەنیا پێشی بە تیرۆر و رفاندنی دژبەرانی ئێران نەگرتبوو، بەڵکوو خۆی لەم بوارەدا ھاوڕێیەتی کۆماری ئیسلامی کرد و زۆر جاریش کەسانێکی دەگرت و دیپۆرتی ئێرانی دەکردنەوە و لەوێش لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە گیانیان دەکەتە مەترسی ئێعدام و زیندان و کوشت و بڕەوە.

ئەم بارودۆخە باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بە تەواوەتی لاواز و زەلیل بووە و ھەر وڵاتێک پێی خۆش بێت بە کەیفی خۆی لەگەڵ رژیمی ئێران ھەڵسوکەوت دەکات و بەرژەوەندیەکانی دەخەنە مەترسیەوە و ھەوڵە دزێوەکانی رژیم و پیلانە تیرۆریستیەکانی لەقاو دەدەن