هەڵبژاردنەکانی ئامریکا و ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەڵبژاردنەکانی ئامریکا و ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

✍ کاوان موکری

هەڵبژاردنەکانی ولایەتە یەک گرتووەکانی ئامریکا هەموو کات گرینگیێکی زۆری بۆ وڵاتانی جیهان بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە.
لە پاش هاتنە سەر کاری دۆناڵد تڕامپ لە ساڵی ۲۰۱۶ زایینی و چوونە دەرێی ئامریکا لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی وڵاتانی زڵهێزی جیهان لەگەڵ ئێران(ناسراو بە بەرجام) بەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەتوانێ کاریگەریێکی یێکجار زۆری بە تایبەت لەسەر وڵاتی ئێران هەبێت. هەر لەسەر ئەو بابەتە ڕای گشتی خەڵکی ئێران بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو هەڵبژاردنانە دەتوانێ سەرنج راکێش بێت.
دۆناڵد تڕامپ لە رۆژی ۱۸ بانەمەڕی ساڵی ۹۷ هەتاوی بە پێی فەرمی لە رێکەوتننامەی بەرجام چووە دەرێ. لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە ئامریکا گەورەترین و سەختترین گەمارۆ ئابووریەکانی بە سەر ئێراندا سەپاند.
لە سێ ساڵی رابڕدوودا بە پێی هەواڵە فەرمیەکان، ڕادەی هەناردە کردنی نەوت لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە ڕۆژانە ۲.۵ ملیۆن بەرمیل تا ژێر ۵۰۰ هەزار بەرمیل دابەزیوە. هەروەها نرخی دۆڵاری ئەمریکی لە سەتا ۱۰۰۰ بەرز بۆتەوە کە ئەو مسئەلە بۆتە هۆی گران بوونی زۆری کەل و پەلی پێداویستی خەلک.
جگە لە هەڵمسانی نرخەکان، قات بوونی پێداویستیەکان یەکێکیتر لە گرفتەکانی ئەم رۆژانەی خەڵکی ئێرانە. بۆ نموونە لە رۆژانی ڕابردوودا نەبوونی ئارد و نان لە شارەکانی تەورێز، ورمێ، بۆکان و سەقز دژواریێکی زۆری بۆ خەڵکی ئەو شارانە ساز کرد. هەروەها لە ئێستادا گرفتی قات بوون و گران بوونی ڕۆنی خواردن لە هەموو ئێراندا پێش هاتووە. ئەوانە تەنیا نموونەگەلێکی زۆر کەم لە گرفتەکانی ئابووری گەلی ئێران بە تایبەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان(بە بۆنەی نەبوونی کار و ئابووری لاوازتری کوردستان) لە سێ ساڵی رابردوودایە.
بە پێی ئەم گرفتانە لە سەردەمی سەرۆک کۆماری تڕامپدا، ئایا دەبێ وا بیر بکەینەوە کە خەڵکی ئێران بۆ کەم بوونەوەی گۆشارە ئابووریەکان، بە گشتی ئاواتەخوازی هاتنە سەر کاری جۆ بایدێن کاندیدای دمۆکڕات بۆ سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکان دەکەن یان زۆرینەی خەڵک جیاواز بیر لەو مەسئەلە دەکەنەوە ؟
بە گەشتێک لە نێو خەڵکی ناڕازی ئێران و کوردستاندا و هەروەها ڕاپرسیە ئینترنێتیەکان زۆرینە خەڵکی ئێران ئاواتیان(بە درووست یان هەڵە) دووپات بوونەوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕامپ بۆ چوار ساڵی داهاتووە. بەڵام هۆی ئەم ئاواتە لە ژێر گۆشارە ئابووریەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران دەبێ چ بێت؟؟!!!
بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە دەبێ بگەرێینەوە ساڵی ۲۰۱۵ زایینی دوای بەستنی ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زڵهێزی جیهاندا.
هەڵبژاردنی رۆحانی کەسێک نیزیک بە گۆران خوازەکان و هەروەها رێکەوتنی ئێران لەگەڵ جیهان بە تایبەت ئامریکا، تا ڕادەیێکی زۆر شادی و ئۆمێدی لە نێو خەڵکی ئێراندا ژیاندەوە بەڵام ئەو ئاواتانە زۆری نەخایاند.
لە دوای جێ بە جێ بوونی ئەو رێکەوتننامەیە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی هەڵمسانی نرخەکان ڕاوەستانێکی زۆری بەسەر ئابووری ئێراندا داسەپاند. ئەو مسئەلەیە بوو بەهۆی لە ناو چوونی زۆری پیشە ئابووریەکان و هەروەها زۆرتر بوونی ناڕەزایەتی گەلی ئێران لە دۆخی ئابوری.
لە سەر ئەو گرفتە ئابووریانە، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ۹۶ و خەزەڵوەری ۹۸ هەتاویدا خۆپیشاندانەکانی گەورەی دژ بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو کە بە دڕندەترین شێوە و بە کوژران و شەهید بوونی سەتان کەس لە خۆپیشاندەران لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە سەرکۆت کرا.
هەروەها بە بۆنەی بەرجام و دەوڵەمەندتر بوونەوەی کۆماری ئیسلامی، دەیان میلیارد دۆڵار لە وڵاتانی وەک سووریا و یەمن و عێراق بۆ دەست تێوەردان لە سیاسەتی ئەو وڵاتانە، لە لایەن رژیمەوە بە بێ لە چاو گرتنی گرفتە ئابووریەکانی خەڵکی ناو ئێران، خەرج کرا.
ئاواتەکانی خەڵکی ئێران لە دوای بەرجام بۆ باشتر بوونەوەی کارەساتی ئابووری، سیاسی و مافی مرۆڤ بە دیتنی ئەو باروودۆخە بە تەواوی لە ناو چوو.
کەسانێک کە لە ساڵی ۹۲ی هەتاویدا بە دەنگدان بە حەسەن رۆحانی کاندیدای گۆڕان خوازەکان هێشتا بە داهاتووی ئەم وڵاتە ئۆمێدوار بوون بە دیتنی سەرکۆت، ئاکامی خراپی ئابووری بەرجام و هەروەها خەرج بوونی داراییەکانی خەڵک لە وڵاتانیتر، بە یێکجاری دژ بە کۆماری ئیسلامی وەستانەوە.
بەپێی ئەم بابەتانە کە باس کرا خەڵکی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی لە بیری چاک سازی کۆماری ئیسلامی کشاونەتەوە و تەنیا رێگای چارەسەری گرفتەکانی ئەو وڵاتە لە رووخانی رژیم دا دەبینن.
لە دوای شەهید کردنی خۆپیشاندەران لە دوو خۆپیشاندانی ڕابردوودا، بە بیر و بڕوای گەلی ئێران بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی جگە لە خۆپیشاندانەکان، گەمارۆ نێو دەوڵەتیەکان دەتوانێ کۆماری ئیسلامی لاوازتر لە جاران بکاتەوە هەتاکوو بە لایەنگری وڵاتانی بە تایبەت رۆژاوا ئاواتی رووخانی کۆماری ئیسلامی بەدی بێت.
هەر لەسەر ئەو بابەتە زۆرینەی خەڵکی دژە رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، بە تایبەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، خوازیاری مانەوەی دۆناڵد تڕامپ لە کاخی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوون، کە ڕابردووی چوار ساڵەی نیشان دەدات کە توندتر و سەختتر لە دمۆکڕاتەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی دەوێستێتەوە.
بەڵام بۆ داهاتوو لەسەر ئەم مسئەلانە چەند پرسیار پێش دێت:
۱- ئایا مانەوەی تڕامپ ئۆمێدێکی درۆیی لە نێو جەماوەری ئێراندا بۆ رووخاندنی رژیم لە لایەن ئامریکاوە ساز ناکا و نابێتە هۆی کەمتر بوونەوەی چالاکی سیاسی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن خەڵکەوە؟؟
۲- بە هاتنە سەر کاری بایدێن کاندیدای دمۆکڕاتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئامریکا سیاسەتی ئامریکا لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئێران چ گۆرانکاریێکی بەسەردا دێت و بە لاچوون یان کەم بوونەوەی گەمارۆ ئابووریەکان، بەرنامەی چالاکانی سیاسی دەبێ چ بێت ؟
۳- بە بڕوای ئەمن گرینگترین پرسیارئەوەیە کە، بە دووپات بوونەوەی سەرۆکایەتی تڕامپ ئەگەر لە مانگەکانی داهاتوودا کۆماری ئیسلامی بۆ پەڕاندنەوەی خۆی لەو دۆخە دژوارە رێکەوتنێکی تر لەگەڵ ئامریکا واژۆ بکات ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ درێژە پێدان بە چالاکیە سیاسیەکانی جەماوەری ئێران دەبێ چ بێت؟
لە کۆتاییدا بۆ دووری کردن لە نائۆمێدی خەڵک لە وەڵامی ئەو پرسیارانە، دەبێ هەموو خەڵکی ئێران بگەن بەو بڕوایەی کە رێگای رووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی نە لە هەڵبژاردنەکانی ئامریکادا بەڵکوو لە خۆپیشاندان و نافەرمانی مەدەنی لە سەر شەقامەکانە.