هیوا بۆ بزووتنەوەیەکیتری جەماوەری لە ئێران

✍ئاژوان-کرماشان

لە دوو ساڵی رابردوو(بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨)  بزووتنەوەیەکی مەزن ئێرانی گرتەوە و رژێمی ئیسلامیی لەبنەوەڕا لەرزان. هەر چەند گشت هەل و مەرجەکانی شۆڕشێکی سەرکەوتوو کە رژێم بڕوخێنێت لە ئارادا نەبوون. بەڵام ئەوەى ئامادە نەبوو، بەشدارى کاراى چینی کرێکار وڕٶشنبیرانی پێشڕەو وەک هێزێکی رێکخراو، بوو، لەویش گرنگتر نائامادەیی رابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ بۆ بزووتنەوەکە بوو.

ئێران خەریک بوو دەچووە سەر رێگاى شۆڕش. شۆڕشێک وەک هەورەبروسکە لە ئاسمانێکی ساماڵەوە، دەهات. هەزاران رۆڵەى تووڕەى گەل، کە زۆرینەیان گەنجن، بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژى هەژاری گرانی ، شەقامەکانی شارەکاانیان داگیر کرد.ئەو خەڵکە ناڕازییە، بە پاڵەوانێتییەکی بێ وێنەوە، بۆ بەرەنگارى پیاوانی کۆنەپەرستی ئایینی، کە بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەیان داون، بە گژ توند و تیژیی رێکخراوى دەوڵەتدا چوونەوە.

ئەم بزووتنەوەیە بووە پەیامێکی مەزن بۆ خەڵکانی سەرتاسەرى دنیادا. ئەوە دوا وەڵام بوو بە هەموو ئەو ترسنۆک و رەشبین و هەڵگەڕاوانەى کە گومانیان لە توانا شۆڕشگێڕییەکانی جەماوەر هەیە.

گرنگترین سیماى شۆڕش بەشدارى کردنی راستەوخۆى جەماوەرە کە دەیەوێت جڵەوى ژیان و چارەنووسی خۆى بگرێتە دەست. ساڵێک بەرلەئێستارێک هەر ئەمە روویدا. هەر کەسێک ناتوانێت ببینێت کە ئەمە شۆڕش بوو، ئەوە کەسێکە تێناگات شۆڕش چ مانایەکی هەیە.” چاویان هەیە بەڵام پێی نابینن”. ئێمەش هیچمان نییە بەم کڵۆڵانەى بڵێین. گشت ئەو مەرجانەى کە لینین بۆ شۆڕش دیاریکردوون لە ئێستادا لە ئێران هەیە: قڵشت و جیابوونەوە لە سەرەوە( دەسەڵات)، جۆش و خرۆش و کوڵانی ریزەکانی چینی ناوەڕاست، چینی کرێکارى بەهێز و خاوەن نەریتی شۆڕشگێڕانە، شەپۆلێک لە مانگرتنی گشتیی گرنگ و … هتد.

نائامادەیی رابەرایەتییەکی دڵسۆز و جدى هۆکارى سەرەکی بوو بۆ ئەوەى بزووتنەوەکە بچێتە قۆناغی پاشەکشێوە. هەر ئێستاش حاڵەتێکی بێهوایی لەنێو هەندێک لەتوێژەکاندا هەیە. هەموو لایەک تێدەگەن کە بزووتنەوەکە پێویستیی بە ستراتیژییەکی نوێ هەیە، بەڵام کەس ناڵێت ئەو ستراتیژییە چییە، هیچ کەسێکیش تواناى بینینی دەرچەیەکی نییە. لەسایەى ئەم بارودۆخەى ئێستادا، کارێکی شێتانە دەبێت ئەگەر خەڵکی نارێکخراو و بێ چەک بنێردرێت بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ رژێمدا. ئەوەى کە پێویستە بۆ هێزە شۆڕشگێرە ناڕێکخراو و پەرش و بڵاوەکان بکرێت، رێکخستنە.

قەیرانی ئابوورییەکە بەتوندى لە ئێرانی دا بەردەوامە. رژێمکە بەرەو ڕووی تەحریمی سەختی ئەمریکایە ، ناچارە زەختی زۆرتر بخاتە سەر کۆمەڵانی خەڵک.. ریسوایی گەندەڵیی لە ئاستە بەرزەکانی دەسەڵاتدا هەیە،بەرپرس و  سەرکردەکانیش لە ئاستی باڵا دا وەک پشیلەى ناو گوێنی لەشەڕدان. ئەمەش هەمووى نیشانەی داڕزانی رژێمن.

کەس ناتوانێت ئەوە دیارى بکات کە ئەم دۆخە چەند درێژە دەکێشێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کە زۆر درێژە نەکێشێت. لەبەرئەوەى لەپێناو هێشتنەوەى جەماوەر لە ژێر کۆنترۆڵدا، بەتەنیا سەرکوتکردن بەس نییە. رژێم هەموو یەدەگەکانی خۆیی ببەکاردەهێنێت و لەگەلڕ ئەوەشدا رووبەرووى رق و سوکایەتییەکی فراوانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە. خۆپیشاندانەکان جەماوەریی بوون و  فراوانتر کە نزیکەى هەموو شار و شارۆچکەیەکی گرتەوە. ئەم واقیعە سەرەتاى راسانی چینی زەحمەتکێشی ئێرانە. هەر وەک چۆن مانگرتنی گشتیی 24 سەعاتیی لەکوردستان، هەنگاوێکی سەرکەوتووى بەرەنگار بوونەوەى جەماوەریی بوو، کە رژێمی شکست پێهێن و ئاستی هێزەکەى خۆیشی دەرخست.

تەنیا هێزێکی کۆمەڵگە کە بتوانێت خەباتێکی شێلگێر بکات لەپێناوى دیموکراسی و یەکسانیدا خەڵکی شۆڕشگێڕە واتە کرێکاران و جوتیاران و هەژارانی شار ولاوانی شۆڕشگێڕ و ژنانی کەمدەرامەت و نەتەوە چەوساوەکانن ،ئەمە هیوا بەخشە.

ئەمانە ئەو هێزانە بوون کە (بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨)  دا رژانە سەر شەقامەکان و و ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە. بەڵام نەبوونی رابەرایەتی و نەبوونی روانگەیەکی رۆشن و پلانێک بۆ خەباتکردن دواجار بووە هۆى ئەوەى بزووتنەوەکە گورزى بەربکەوێت. هەربۆیە خاڵی سەنتەریی لە شۆڕشی ئێراندا پرسی رابەرایەتییە.

لەم ساتەوەختەدا شۆڕش بەزەبرى هێز سەرکوت کرا، بەڵام هیچ چارەسەرێکیش بۆ هیچ شتێکیش نەخرایە روو. ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵگا نەک هەر چارەسەر نەکرا بگرە تەنانەت سەرکوتیش کرا. دەشێت بەم هۆیەوە دەنگەکە بۆ ماوەیەک کپ بکرێتەوە. بەڵام هەر نەختێک فشارەکە زیادبکرێت، کە دواجار هەر دەبێت زیادبکرێت ـ ئەوا تەقینەوەکە سەد جار زیاتر خوێناوى تر و توند و تیژتردەبێت. کۆنەپەرستەکان، بە تێکشکاندنی خەڵک، هیچ رێگەیەکیان نەهێشتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی لەسەرخۆ . ئەمەش لە داهاتوودا هەستی بێزاریی و توڕەیی لە قوڵایی کۆمەڵدا بەهێز دەکات و چڕترى دەکاتەوە.

پێناچێت ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە زۆر درێژە بکێشێت. قەیرانێکی قووڵ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەى ئێرانیی داگرتووە: لەرووى سیاسیەوە، لەرووى ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە. هیچ کەس لە بارودۆخەکە رازى نییە، کاتێک راپەڕینی نوێ دەبێت، کە بێگومان هەر دەبێت، بەچۆنایەتیەکی باڵاترەوە دەبێت.

زەمینەکان بۆ هەستانەوەیەکی نوێ لە ئێراندا لە خەمڵیندان.گرنگترین فاکتەریش لەهاوکێشەکەدا ئەوەیە توێژێکی لاوان هەن بیردەکەنەوە لەوەى چی روویدا، پەیجوورى دەکەن، پرسیاردەکەن و رەخنە دەگرن. بە پێداگرییەوە ئەو پرسیارە دەکەن: ئێمە کە ئەو بزووتنەوە مەزنەمان بەڕێخست، بۆچی شکستمان خوارد؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش وردە وردە رۆشن دەبێتەوە: شکستمان خوارد لەلایەکەوە لەبەرئەوەى پێویستیمان بەبەشداریکردنێکی چالاکانەى هەموو چینەکانە، وەک ئەوەى لە ساڵی 1979دا روویدا، بەڵام هۆکارى سەرەکی شکستەکەمان نەبوونی سەرکردایەتییەکی شێلگیرى شۆڕشگێرە.

لەراستیدا، هەبوونی رابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕى پەیگیر و دووربین تەنیا هۆکارێکی پێویستە بۆ ئەوەى سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران زامن بکرێت. هێشتا هێزە چەپەکانی ئێران لەرووى ژمارەوە لاوازن، بەڵام لەرووى تیۆرییەوە بەهێزن..

گرفتی سەرەکی بابەتیی Objective نییە بەڵکو خودییە(Subjective): ئەو گرفتە لە سایکۆلۆژیى جەماوەردایە، کە مەزاجی جۆر و جۆر باڵ بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانیدا دەکێشێت ، بۆ نمونە هەندێک داڕوخاون بەتایبەت رەوتە چەپەکان، بەڵام خەباتگێرانی دیکەش لە بزووتنەوەکەدا هەن، بەتایبەت لاوان، بەجۆشن و مێشکیان بەرووى ئامانجەکان کراوەیە. ئەمەش شتێکی سروشتییە چونکە ئەوان لاون و پڕن لە چالاکی و وزە و ئالودە نەبوون بە بەدگومانی، کەبەرهەمی شکستەکانی رابردووە.

ناپلیۆن پێشتر وتویەتی سوپا تێکشکاوەکان باشتر فێردەبن. بەهۆى ئەزموونی کردارییەوە هەزاران لاوی باش و شۆڕشگێڕ ئاستی وشیاریی پێویست بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەى تا کۆتایی رابەرایەتی شۆڕش بکەن. ئەوان فێر دەبن کە چارەسەرى نیوە ناچڵ هیچ بەهایەکی نییە و تا کۆتایی هاتنی ژیانی نەگریسی ئەم ڕژیمە ئێران و جیهان ئارامی و خۆشی بە خۆیەوە نابینێت.