ژنانی کۆڵبەر و غیرەت و ئازایەتییەک هاوشێوەی بەردەکانی زاگرۆس

✍سەیران مستەفازادە

کۆڵبەریی پیشە یەکە کە لە ئێران دەبیندرێت و بنج و بناوانی  لە نەداریی و بێ عەداڵەتی و زوڵم و ناهەقی دایە . ئێران یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتان لە جیهاندایە و لەبواری نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان ساماندارە بەڵام ئەو دارایی و سامانە بە شێوازی نابەرابەر دابەش بووە و بۆ خەڵک نیە . خەڵکی سەر سنوورەکان بە هۆی نەبوونی ئیش و کار  و بارودۆخی خراپی ئابووری روویان لە کۆڵبەری کردووە و لە بەرامبەری پارەیەکی کەم دا ئیشێکی زۆر قورس ئەنجام دەدەن. بە باوەڕی زۆربەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ قورس ترین کار بۆ مرۆڤەکان  کاری کانگایە  بەڵام کۆڵبەری لە قورس ترین ئیشەکان لە جیهاندایە و تەنیا کەسێک  تێدەگات کە خۆی کاری کۆڵبەری کردبێت. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی گرانی بارودۆخی خراپی ئابووری کۆڵبەری زۆر بووە و ژنان و منداڵانی زۆر روویان لە کۆڵبەری کردووە .کۆڵبەری کارەساتێکی زۆر گەورەیە ولەوە کارەسات تر ئەوەیە کە ژنان ناعیلاجن بە جلوبەرگی پیاوان کۆڵبەری بکەن. هەڵاڵە ئەمینی نوێنەری پارێزگای کوردستان لە بیست وسێهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی پارێزگاکان باس له باروودۆخی دڵتەزێنی کۆڵبەریی ژنان دەکات. هەروەها ئەمینی ئاماژەی کردووه که : دەبێت خوێن بگرین و زۆر جێگای داخە کە بڵێن  لەگەڵ کچان و ژنانێک رووبەڕووین کە ناچارن لە رۆڵی  پیاوێک یا کورێک دا خۆیان دەربخەن تا بتوانن بەئاسانی بێن بۆ ناو زنجیرەی دوورودرێژی کۆڵبەران(ئاژانسی هەواڵدەری رژیم -۱۸ ی خەرمانانی ۱۳۹۸)کۆڵبەریی ژنان راستیەکی تاڵە کە لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ورمێ دەبیندرێت و ژنانێک کە ناعیلاجن لەگەڵ پیاوکانیان بۆ ئەوەی بتوانن  زگی منداڵەکانیان تێربکەن و ژیان بەسەر ببەن یا ئەوەی بە جێگای پیاوکان بوون بە سەرپەرشتی ماڵەوە و بۆ بژێوی ژیان دەبێت کۆڵبەری بکەن . ژنانی کۆڵبەر باس لە ئازار و چەرمەسەری کاری خۆیان دەکەن. ژنانی کۆڵبەر باس لەوە دەکەن ناچارن بارێکی قورس کە لەتوانایان دا نییە هەڵیبگرن، چەند کاتژمێر دەبێت بە پێ لە ناو شاخ و رێگەی هەوراز وتەلان لە سەرما و گەرما دا بڕۆن، زۆر جار هەبووە کە چەند کاتژمێر لە ترسی سپا و هێزەکانی رژیم لە بن بەردان پەنا بگرن تا وەبەر تەقەی هێزەکانی رژیم نەکەون و زۆربەی قاچاخچیەکان بارەی خۆیان نادەن بە ژن و بەو هۆیەوە ژنان دەبێت جلووبەرگی پیاوان لەبەر بکەن .کۆڵبەری روخساری ژن پیر دەکات و جوانی ژن لە بەین دەبات. زۆربەی ژنانێک کە کۆڵبەری دەکەن دوای ماوەیەک بە هۆی هەڵگرتنی باری قورس کە زۆر جار کێشیان بەینی ۲۰ تا ۳۰ کیلۆیە تووشی نەخۆشی و ئازاری جەستەیی دەبن و لەبەرامبەر ئەو کارە قورسە تەنیا ۵۰ تا ۷۰ هەزار پارە وەردەگرن. هەروەها ژنانی کۆڵبەر ئاماژەیان بەوە کردووە کە رژیم پێیان دەڵێت قاچاخچی ، بەڵام دەڵێن  ئێمە قاچاخچی نین و تەنیا لە بێ دەرەتانییەوە روومان لەوکارە کردووە و بۆ بەدەست هێنانی پارووە نانێک بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەمانە . چیرۆکی ئەو ژنانەی لە کوردستان کۆڵبەری دەکەن زۆر تاڵتر لە چیرۆکی پیاوانی کۆڵبەرە بەڵام تا ئیستا کەس دەنگ و ئازاری ئەو ژنانەی باس نەکردووە . ژنانێک کە ناچارن بۆ بژێوی ژیان و تێر کردنی زگی بنەماڵە رێگای سەخت و پڕ لە تەنگ و چەڵەمەی کۆڵبەری هەڵبژێرن. لەم رۆژگارەدا کۆڵبەریی لە کوردستان ئیشی پیاوانیش نیە بەڵام بۆتە کارو سەرچاوەیەک بۆ بەدەست هێنانی داهات  بۆ ژنان . لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەبینین کە ژنان ورە و بڕوابەخۆ بوونیان  بۆتە هۆکاری ئەوەی کە وەک بەردەکانی زاگرۆس پتەوە بن. ژنانێک کە شان بە شانی پیاوان دەچن بۆ ڕێگایەکی تاریک و پڕ لە سەرما و مەرگ . کاتێک باس لە سەر کۆڵبەری دەکەین راستەوخۆ روخساری پیاوێک  دێتە پێش چاومان بەڵام  لە راستی دا وانییە و ئەمڕۆکە ژنان و منداڵان دەبینین کە بە ورەی بەرزی خۆیان خەریکی کۆڵبەرین . کۆڵبەری پیشەیەکە کە لە یاسادا پێناسە نەکراوە و هیچ پشتگیری کۆمەڵایەتی و فەرمی لە پشت نییە . کۆڵبەری کایە کردن بە ژیانی مرۆڤە  بۆ  پەیدا کردنی  پارووە نانێک. کۆڵبەری کات رابواردن نیە بەڵکوو ئیجبارە و بەرهەمی ۴۲ ساڵ زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی رژیمی ئێرانە .