سیماکانی دواکەوتوویی لە ئێران

✍پەری.م -سنە

هەژاری یەکێک لە سیماکانی دواکەوتنی وڵاتە. ئەم سیمایە، دەکرێ لە زۆربەی وڵاتان بەڵام بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەبێت. لە وڵاتە دواکەتوو و گەشەنەسەندووەکاندا، هەژاری گرفتێکی هەرە گەورەی بەڕێوەبردنی وڵاتە. بۆیەیش لە گشت وڵاتاندا ناوەندە ئامارییەکانی سەر بە حکوومەت کار لە دیاریکردنی ڕێژەی هەژاری و جۆرەکانی لە وڵاتەکەیاندا دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێکارەکانی نەهێشتنی هەژاری یاخود کەمکردنەوەی بگرنە بەر.

هەژاری لە ڕوانگەیەکی سادەوە، واتە بێتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە. بە شێوەیەکی گشتی، هەژاری بەسەر دوو دەستە دابەش دەکرێت؛ هەژاریی ڕەها، واتە کەسێک یاخود خێزانێک کە نەتوانێت پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیانی خۆی، وەک خۆراک، پەناگە، ئاوی خاوێن، خوێندەواری و چاودێریی تەندروستی دابین بکات. هەژاریی ڕێژەیی، واتە خێزانێک نزیکەی ٥٠٪ لە داهاتەکەی کەمترە بۆ ئەوەی کە بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی بکات. بۆ نموونە، ئەگەر سەد هەزار دینار بەشی دابینکردنی لانی كەمی پێداویستییەکان بکات، کەسێک یاخود خێزانێک نزیکەی پەنجا هەزار دیناری هەبێت. هەژاریی ڕەها لە هەژاریی ڕێژەیی مەترسیدارترە. دیاریکردنی ئاستی هەژارییش، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک بەپێی بارودۆخی ئابووری و ئاستی داهات گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆ دیاریکردنی ئاستی هەژاری، پەنا بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری دەبردرێت. هێڵی هەژاری بریتییە لە دیاریکردنی کەمترین داهات لە مانگێکدا، کە لە ڕێگەی ئەم داهاتەوە خەڵک دەتوانێت پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆی دابین بکات.

“گەندەڵی”یش بەپێی پێناسەی باو، بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی سامان و دەسەڵاتی گشتی لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت. لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هەژاری لە ئێراندا کە بە هاوکاریی نێوان بانکی جیهانی و وەزارەتی پلاندانانی ئێران و هەرێمی کورردستان ئەنجام دەدرێت، پەیوەندییەکی دووانەیی و نزیک لە نێوان بەرزیی ڕێژەی هەژاری و بەرزیی ئاستی گەندەڵی لە ئێراندا بوونی هەیە. واتە لە ئێراندا بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی، به‌ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری هەژمار دەکرێت.

گەندەڵی لە ئێراندا

لێرەدا زۆر بەخێرایی باس لە کۆمەڵێک ژمارەی تایبەت بە ئاستی گەندەڵی لە ئێرانی دوای ١٣٥٧ دەکەین. ئێران وڵاتێکە نوقمی گەندەڵی و هەژاری بووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری لە ئێران بۆ ئەو گەندەڵییە بەرفراوانە دەگەڕێتەوە، کە گشت جومگەکانی دەسەڵات و گشت کەرتە خزمەتگوزارییەکانی گرتۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانانی ئێران و بانکی جیهانی بە ناونیشانی (Iran Economic Monitor)،  کە لە پاییزی 1399 بڵاو کرایەوە، باس لەوە دەکات کە پێش لە تەحریمەکانی ئەمریکا پتر لە ٦٠٪ لە هەناردەکردنی ئێران تەنیا نەوت بووە. ٧٢٪ لە داهاتی حکوومەت پشت بە نەوت و مۆشتەقاتی نەوت دەبەستێت و نەوت ٤٣٪ی کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی ناوخۆی بۆ ساڵی ١٣٩٨ی پێک هێناوە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئابووریی ئێران، تەقریبەن ئابوورییه‌کی تاک-کاڵایییە و نرخی ئەم کاڵایەیش پشت بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت. واتە کاڵایەکە، کە پێشبینیکردن بۆ سەقامگیربوونی نرخەکەی و ڕاددەی بەرهەمهێنانی، تا ئاستێک قورسە. یەکێک لە گرفتەکانی ئابووریی تاک-بەرهەمی، ئەوەیە کە دامەزراوە ئابوورییەكانی چاودێریکردن، دامەزراوەی زۆر ئاڵۆز نین؛ هەر بۆیەیش ئەنجامدانی گەندەڵی تێیدا ئاسانتر دەبێت. بەتایبەت لە وڵاتیکدا کە پۆستە چاودێری و سیاسییەکان بەپێی بنەمای ڕێککەوتنە سیاسییەکان دابەش دەکرێن.

ئەگەرچی داتاکانی سەبارەت بە گەندەڵی لە ئێراندا داتای ورد و دروست نین، بەڵام گشتیان داتای سەرسوڕهێنەرن. گەندەڵی لە سەرجەم وەزارەتەکانی ئێراندا هەیە، وەک وەزارەتەکانی تەندروستی، کارەبا و سنعەت.

ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا

دیاریکردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی هەژاری لە ئێراندا کارێکی قورسە. چونکە ئەم کارە پێویستی بە ئەنجامدانی ڕووپێوێکی گشتگیر هەیە کە گشت خانەوادەکانی ئێرانی لەخۆ بگرێت. ئەم کارەیش تا ئێستا لە ئێراندا ئەنجام نەدراوە؛ ئەوەی کە هەیە بریتییە لە وەرگرتنی کۆمەڵێک نموونە (sample)، دواتر گشتاندنی دەرەنجامەکانی بەدەستهاتوو لەم نموونانە بەسەر سەرتاسەری ئێراندا.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە، ئێران بۆ دیاریکردنی دۆخی هەژاریی هاووڵاتیانی خۆی، پشت بە دیاریکردنی ئاستی هەژاریی ڕەها دەبەستێت. واتە پێوەری “شێوازی تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکان” (Basic Needs approach (CBN)). بەپێی ئەم پێوەرە، هەژاری بەوە دەناسرێتەوە کە تەنیا بڕە پارەیەکت هەبێ بەشی کڕینی کاڵا خۆراکی و ناخۆراکییەکان بکات. پێوەری دیاریکردنی ئاستی خۆراکیش لە ئێران، گەیشتنی (٢٣٣٧) کالۆرییە بۆ جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێکدا. ئەگەر ئەم ژمارەیە بگۆڕین بۆ ژمارەی پارە، لە ساڵی ١٣٩٧ئەم پێوەرە بریتی بوو لە خەرجکردنی بڕی پێنج میلیۆن تمەن بۆ یەک مانگ بۆ هەر تاکێک بۆ کڕینی خۆراک. دوای تێپەربوونی هەشت ساڵ بەسەر ئەم پێوەرە، بەڵام تا هەنووکەیش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ئەم بڕە پارە دیاریکراوەدا نەهاتووە، چونکە بۆ ساڵی ١٣٩٨ بڕی کەمتر لە ٧ میلیۆن داهات لە یەک مانگدا بۆ هێڵی هەژاریی هەر تاکێکی ئێرانی هەژمار کرابوو.

بەپێی داتاکانی بانکی جیهان، لە ئێران کەسێک لە هێڵی هەژاریی ڕێژەییدا دەژیت کە داهاتی ڕۆژانەی به‌ ٣.٢ دۆلار (سێ دۆلار و بیست سەنت) یاخود ٧٠ هەزار تمەن لە مانگێکدا خەمڵێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی توێژینەوەی “ڕووپێوکردنی هەژاری لە ئێران” کە لە ساڵی ١٣٩٧دا بڵاو کرایەوە، داهاتی تاکی ئێران بەم شێوەیەی خوارەوە خەرج دەکرێت: خۆراک ٣٢٪ لە داهات، سووتەمەنی (نەوت، گاز، بەنزین و…) ٢٤٪ لە داهات، تێچووی هاتوچۆ و ئامرازەکانی گواستنەوە (١٢.١٪ لە داهات، پۆشاک ٦.٤٪ و کەره‌ستە و ئامرازەکانی ناوماڵ ٥.٢٪، داهات لەخۆدەگرێت.

لە ساڵی ١٣٩٧دا، ڕێکخراوی یونیسێف لە ئێران لەبارەی هەژاریی منداڵانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تێیدا بەتایبەت تیشک خرابووە سەر هەژاریی منداڵان لە نێوان ساڵانی ١٣٩٣-١٣٩٨ لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی ١٣٩٣دا منداڵانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، نیوەی دانیشتووانی ئێران، کە ژمارەی نزیک بە ٨٠ میلیۆن کەسە، پێک دێنن. لەو ژمارەیەی دانیشتووان، ١٣ملیۆن و نیوی لە هەژاریی ڕێژەیدا دەژین و لەم بڕە هەژارەیش، ٦ ملیۆن و حه‌وت سەد هەزار کەسیان منداڵن. واتە لە هەر چوار منداڵی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، یەک منداڵ لە هەژاریدا دەژیت. لە هەمان ساڵدا ڕێژەی هەژاری لە گشت ئێران به‌ ٤٣٪ خەملێنراوە. ئەم داتایەیش لە کاتێکدا بووە کە ئێران لەو سەردەمەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هاوکاریی وڵاتانی جیهان و هاوپەیمانان لە بارودۆخێکی داراییی باشدا دەژیا.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ١٣٩٩، یونیسێف داتایەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ٤٠٪ منداڵانی ئێران لە هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە زۆربەی منداڵان ناچارن بەدوای کاردا بگەڕێن. گەڕان بە دوای کاریش لە زۆر حاڵەتدا بە مانای دابڕان لە خوێندن دێت. بەم جۆرەیش لەبری ئەوەی کە ڕێژەی خوێندەواری بەرز بێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێراندا بەرز دەبێتەوە، کە خودی ئەمەیش لە داهاتوودا ئێران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.

بە گوتەی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٩دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا بۆ سەرووی ٣١،٧٪ بەرز بووەتەوە. بەم جۆرەیش ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا بۆ ٢٤ ملیۆن و چوار سەد هەزار کەس بەرز بووەتەوە.

بەڵام داتاکانی ڕاپۆرتی Iran Economic Monitor، جیاوازن لە داتای گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان. بەپێی ڕاپۆرتی Iran Economic Monitor، جیا لە ئاستی بەرزی هەژاری لە ئێران کە لەم ڕاپۆرتەدا بۆ سەرتاسەری ئێران بە تێکڕای 30٪ هەژمار کراوە، نزیکەی ٢٥.٨٪ خەڵکی نزیک لە هێڵی هەژاری دەژین و لە ئەگەری هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک دەکەونە هێڵی هەژارییەوە. لە هەمان کاتدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، پتر لە 60٪ داهاتی تاکی ئێران لە ساڵی 1399دا، بۆ کڕینی کەرەستە خۆراکییەکان خەرج دەکرێت. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی داهاتی تاک لە ئێراندا لە دۆخێکی مەترسیداردایە و بەهۆی نەبوونی سیاسەتی پشتیوانیی خۆراکی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران وڵاتێکی فرەئابووری نییە، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە داهات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و هەژاری لە ئێراندا؛ واتە هاتنەدیی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی سەرمایەداری ئیسلامییەوە.