شەڕێک بۆ وەبیر هێنانەوە ی ئیمپراتۆریەکانی ڕابردوو

شەڕێک بۆ وەبیر هێنانەوە ی ئیمپراتۆریەکانی ڕابردوو

✍ ئاروین سەعیدپوور

شەری قەرەباغ لەو قۆناغە تێپەڕیوە کە وەک شەڕی سنوورەکان چاوی لێبکرێت، ئێستا شەری نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان شەڕی مان و نەمانە و هەروەها بۆ وڵاتانی ناوچەکە وەک ئێران، تورکیا و ڕوسیاش کاتی ڕەخنە کردنی زۆرتر و بەدەست هێنانی قازانجی زیاترە.
هەر بەم بۆنەوە ئێستا دەتوانین بڵێن کە شەڕی قەرەباغ تەنیا بە هۆی ئەوەوە نیه کە لایەنێک تەقەی لە لایەنێکی دیکە کردبێت بەڵکوو چەن مانگ پێش لە هەڵگیرسانی شەڕەکە، تورکیا و ئازەربایجان بە تەواوی پیلانیان بۆ دانابوو و بە تەواوی جموجۆڵی سەربازی و چەکی قورسیان بۆ دابین کردبوو.
ستالین لە ساڵی ١٩٢٣ ناوچەی قەرەباغی کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەرمنین پەیوەستی ئازەربایجان کرد و وەک بەشێک لە خاکی ئازەربایجان ناساند. بەڵام لە دوایی ڕووخانی سۆڤیەت قەرەباغ بە بێ پەیوەست بوونەوە بە ئەرمەنستان خۆی سەربەخۆ ڕاگەیاند. بەڵام ئێستا ئیلهام عەلیوف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دەیهەوێت هەدیەکەی ستالین وەربگرێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەیهەوێت جێ پێیکی تازە بۆ خۆی لە قەفقاز بکاتەوە و ئەمەیش وەک بەدوا چوونی خەونەکانی دەبینێت وەک شەر کردن لە سوریا، عێراق و لیبی بۆ زیندوو كردنەوەی خەلافەتی عوسمانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لێرەدا حەول دەدەم هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە باس بکەم:
لە کاتێکدا وڵاتی ئەمریکا سەرقاڵی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماریە و هاوکات خەریک کشانەوەی ھێزەکانی لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان؛ لەگەل هەردوو وڵاتی ئەرمەنستان و ئازەربایجان برادەرایەتی و تێکەڵاوی نزیکی هەیە، بۆ نموونە لەگەل ئەرمەنستان پەیمانی سەربازی بەستووە و هەروەها یەکێکە لە کڕیارەکانی نەوتی ئازەربایجان و هەتاوەكو ئێستایش ٥ میلیارد دۆلار چەکی سەربازی پێ فرۆشتووە.
روسیا هاوکات لەگەل ئەوەیکە لەگەل ئێران پەیمانی برایەتی بەستوە و لە سوریە وەک هاوپەیمانی یەک شەر دەکەن، لەگەل تورکیا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانیشدا پەیوەندی چڕوپڕی هەیە، بۆ نموونە دوایی گۆشارەکانی ناتۆ بۆ پاشەکشە کردن بە تورکیا لە سەندنی چەکی قورس لە روسیا، بەڵام تورکیا لە سەر بریاری خۆی مایەوە ناتۆ نەیتوانی ڕێگەی پێ بگرێت. وەزیری دەرەوەی روسیاش هەمووکات هەوڵی کشانەوەی تورکیای لە هێزەکانی ناتۆ داوە و هەمووکات ڕایگەیاندووە ” ڕاستە تورکیا هاوپەیمانی ئێمە نیە بەڵام هەمووکات وەک شەریکی خۆمان چاومان لێکردوە”.
ئێران لەم شەڕەدا چیتر پشتیوانی شێعە ناکات و ناراستەوخۆ پشتیوانی لە ئەرمەنستان دەکا، ئەڵبەت ئەمە هۆی ترسە ناوخۆییەکان و هەر بەم بۆنەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئازەری ئێران ناڕەزایەتی و دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە وەزعەکە دەربڕیوە.
ئیسرائیل پەیوەندی چڕوپڕی لەگەل ئازەربایجان دا هەیە و هاوکات بنکەیەکی سیخوری بە دژی ئێرانیش لە ئەرمەنستان، بۆیه لەم شەڕەدا ئیسرائیل هەوڵ دەدات خۆی وەک هاوپەیمانی ئەمریکا و دۆستی روسیا، ئازەربایجان و ئەرمەنستان و هەروەها دوژمنی ئێران پێناسە بکات.
ئامانجی سەرەکی شەری قەرەباغ گۆرانی نەخشەی سیاسی قەفقاز و هەروەها سەپاندنی شکست بەسەر ئەرمەنستان بەرامبەر ئازەربایجان دایە و لە ئاکامدا کردنەوەی ژێئۆپۆلیتیکی نوێ بۆ کایەی زیاتری روسیا.
پێکهاتەی قەومی و نەژادی لە ناوچەی قەفقاز دەتوانێت رێگە خۆشکەری ئەم گۆڕانکارییانە بێت. ناوچەی قەفقاز پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە لە چەندین قەومیەتی جیاواز و ئایینی جۆراوجۆر کە هەرکام لەمانە خاوەن مێژوو و کولتورێکی تایبەت بە خۆیانن. تۆماس دی واڵ، کارناسی بریتانی لە کتێبەکەی دا لە ژێر ناوی باغی رەش( black garden) دەڵێت: ژیانی ئاسایی و بە دوور لە شەری میللەتەکانی ناو سۆڤیەت خەونێک زیاتر نیە. ڕەنگە بە ڕواڵەت لەگەل یەکتر بژین بەڵام بە حەقیقەت هەرکام لەم میللەتان لە جیهانێکی جیاوازدا سەیر دەکەین و خاوەن مێژوو و کولتوری خۆیانن.
حەیدەر عەلیۆف باوکی سەرۆک کۆماری ئێستای ئازەربایجان لە دێهاتێکی ئەرمەنستان لەدایک بووە، بە گەنجی بوە بە ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت و ئەمەیش بو بە هۆکاری ئەوەیکە پلەی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بەدەس بێنێت و لە ئاکامدا بۆ کوڕەکەی بە جێ بهێلێت. هەروەها سێرگەی لاورۆف، وەزیری دەرەوەی روسیاش ئەرمەنیە و ناوی ڕاستەقینەی سێرگەی کالانتەریانە و خەلکی روسیا نیە.

نەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بوەتە هۆی زیندو کردنەوەو خەونەکان بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆریە کۆنەکان.
ئازەربایجان خەونی دامەزراندنی ئازەربایجانی گەورە دەبینێت وتەنانەت ناراستەوخۆ باس لە پەیوەست بوونەوە لەگەل دانیشتوانی ئازەری ئێران دەکەن.

ئێران خەونی دروست کردنی ئیمپراتۆری پارس دەبینێت و هەوڵ دەدات هەمووی لە ژێر عەبای ویلایەتی فەقیە کۆبکاتەوە.

روسیا کە نە دەتوانێت و نە دەیھەوێت سۆڤیەت زیندوو بکاتەوە بەڵام هەموو کات پیلان کانی وا داڕشتووە کە ئەو وڵاتانەی لە سۆڤیەت جیا بوونەوە بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی لە کایەی سیاسەت لە ناوچەکە وەک مۆرەیەکە بەکاریان بێنێت.

ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش بە ڕاشکاوی رایگەیاندوە کە خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لە سەردایە و هەتا وەکوو ئێستاش لە عێراق و سوریا و لیبی شەڕی بۆ دەکات و ئەم جارەش نۆرەی ئازەربایجانە.
بەڵام لێرەدا خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەردۆغان لە دوایی هەڵگیرسانی شەری قەفقاز، روسیا و سەرۆک کۆمارەکەی( پوتین) ڕووبەڕوو چەن پرسێکی گرینگ کردووەتەوە:
یەکەم: روسیا دەتوانێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەکە و کۆتایی بە هەمووی بێنێت. بەڵام ئەمە کارە ڕەنگە کاردانەوەیەکی قورسی بۆی هەبێت.
دووهەم: ئەگەر روسیا نەچێتە ناو شەڕەکە و تەنانەت هەڵوێستیش بەرانبەر بەم هەلومەرجە نەگرێت دەتوانێ لە پانتایی سیاسەتی جیهانی نیشان دەری ئەمە بێت کە چیتر روسیا توانای کۆنترۆڵی ناوچەکەی نیە، بە تایبەت لە دوایی شەڕی سوریا و پەیوەست کردنی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە روسیا کە هەوڵی داوە خۆی وەک زلهێزێکی جیهانی پێناسە بکات.
سێهەم: روسیا دەتوانێت نێوبژیوانی لایەنەکانی شەڕ بکات بەڵام ڕەنگە تۆزێک درەنگ بێت یان دەرئەنجامێکی خێرایی بۆ ڕاوەستانی شەڕەکە نەبێت.