لە پەراوێزی ھێرشی ئێران و تورکیە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان

لە پەراوێزی ھێرشی ئێران و تورکیە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان

✍ وریا ڕەحمانی

زۆرێک لە خەڵکی ئێمە، تەنانەت کۆنەکارانی سیاسی و رێبەرایەتیی ئەحزابیش، لە شرۆڤەی رووداوە نەخوازراوەکاندا خۆیان لە واقیعە سیاسییەکان دەدزنەوە و لەسەر ئەساسی زێھنییەتی دڵخواز و دارێژراوی خۆیان خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن دەکەن. ھەربۆیەش زۆربەی کات دەرئەنجامی ئەو جۆرە خوێندنەوە و لێکدانەوانە ئاکامگیرییەکی دروست و گونجاوی لێ ناکەوێتەوە. ھۆکاری سەرەکیی ئەو چەشنە روویکردەش دەگەڕێتەوە بۆوەی کە ئەو بەڕێزانە بەرلەوەی کە خودی رووداوەکە و چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵدا لەبەرچاو بگرن لەھەوڵی ئێقناع و رازی کردنی دەنگە جیاوازەکانی نێوخۆیین. ئەوەش وای کردوە کە چەشنێک لە عەوامگەرایی و پەردەپۆش کردنی دوور لە لۆژیک و وردبینی ھاتبێتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردەوە کە ھیچ دەرکەوتەیەکی واقیع بینانەی تێدا بەدی ناکرێ و تەنیا مەسرەفی نێوخۆیی ھەیە.

ناشارەزابوون لە یاسا و رێسا سیاسییە نێونەتەوەییەکان و نائاشنابوون لەگەڵ #پرۆتۆکۆل و پەیماننامە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بارودۆخێکی وا پێک دێنێ کە سیاسەتمەداری کورد تەعامولێکی نەگونجاوی لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا ھەبێ. چون لە ئەساسدا خوێندنەوە و لێکدانەوەکەی لەسەر بنەمایەکی نادروست دارشتوە، ھەربۆیەش دەرئەنجامێکی دروستی لێ ناکەوێتەوە و بەلارێدا دەچێ.

تەعامولی ھەڵوێستی سیاسیی کورد لەگەڵ بابەتی ھێرشی چەند جارەی ئێران و تورکیە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئەحزابی رۆژھەڵات (#دێموکرات و #کۆمەڵە) و #پەکەکە و سنوور بەزاندنی خاکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەرتەشی ئەم وڵاتانەوە، زۆربەی کات تەعامولێکی ئەرزشی بووە و لەم سۆنگەیەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە. کەچی کەمتر ھەوڵ دراوە لە دەلاقەی یاسا و رێسای ئاسایشی نێونەتەوەیی و پرۆتۆکۆلی ھاوسێیەتیی وڵاتان بابەتەکە ببینرێ و لێک بدرێتەوە.

من نامەوێ باسی رەوابوون یا ناڕەوابوونی بابەتەکە بکەم چون ھەر وەک ئاماژەم پێکرد ئەو بابەتە بابەتێکی ئەرزشی یە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ. سرووشتییە کە ئەم ھێرشە لە روانگەی منی کوردەوە ناڕەوایە چون بە مەترسی بۆسەر مان و مەوجوودییەتی خۆمی دەزانم. کەچی لە روانگەی فارس یا تورکێکەوە رەوایە چون لە سۆنگەی بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە دەیبینێ.
من دەمەوێ لەو پەیوەندەدا باس لە پرۆتۆکۆلێکی نێونەتەوەیی بکەم کە وەک ئەسڵێک بە واژۆی زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتانی دنیا گەیشتوە و پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی لە پشتە.

بەگوێرەی ئەم پرۆتۆکۆلە پێویستە وڵاتان رێز لە سەروەریی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکتر بگرن و نابێ ئیجازە بدەن کە لە خاکی ئەوانەوە ھێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێیان. تەنانەت ئەگەر لە خاک، ئاو یا ئاسمانی وڵاتێکەوە ھەر چەشنە ھێرشێک بۆسەر وڵاتێکی دیکە بکرێ، خودی ئەو مەوزووعە دەکرێ بە جۆرێک لە «#اعلان_جنگ» دابنرێ. ھەر بەپێی ئەم پرۆتۆکۆلە ئەگەر وڵاتێک بەھەر ھۆکارێک توانایی پارێزگاری کردن لە سنووری ھاوبەشی نەبێ ئەوە ئەو وڵاتەی ھێرشەکەی دەکرێتە سەر دەتوانێ کە بەپێی رێککەوتن لەگەڵ وڵاتەکەی دی بچێتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە و مەترسییەکە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە و تەنانەت #سنووری_حائل دروست کەن.

ھێرشی تورکیە بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و دروست کردنی سنووری حائل لەنێو خاکی سووریەدا وەھەروەھا ھێرشی چەندجارەی ئاسمانی و زەوینی بۆسەر خاکی #ھەرێمی_کوردستان بەمەبەستی پێکانی ھێزەکانی رۆژھەڵات و پەکەکە لەلایەن ئێران و تورکیەوە لەو بازنەیە دایە کە رەھەندێکی یاسایی لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکاندا وەردەگرێ.

لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆلەدا ھەر سێ وڵاتی #ئێران، #ئێراق و #تورکیە بەیەکەوە پەیماننامەی مافی ھاوسێیەتیی ھاوبەشیان واژۆ کردوە و تێیدا «متعھد» بە رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکتر بوون.
لەو پەیماننامە ھاوبەشەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر لە یەکێک لەم وڵاتانەوە ھێرش کرایە سەر وڵاتەکەی دی و وڵاتی خانەخوێ توانایی پێشگیریی نەبوو، ئەوا ئەو وڵاتەی کە ھێرشەکەی کراوەتە سەر بۆی ھەیە کە بە مەرجی ئاگادارکردنەوەی وڵاتەکەی دی تا قووڵایی ٧٠ تا ١٠٠ کیلۆمتر سنووربەزاندن بکات.
لەراستیدا خودی ناسین و تێگەیشتن لە عورف و یاسا سیاسییە نێونەتەوەییەکان دەتوانێ لەمەڕ پەیڕەوکردنی ھەڵوێستی گونجاو لە ھەمبەر رووداوە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتیدەر بێ و مەجالێکی چالاکیی واقعبینانەتر برەخسێنێ.
بەم پێیە ئەو ھێزە سیاسی و حیزبە کوردییانە یا دەبێ #چالاکیی_چەکداری نەکەن یا ئەگەر دەشیکەن دەبێ بنکە و بارەگاکانیان بەرنە نێو ئەو وڵاتانەوە کە لە دژی خەبات دەکەن. چون لە حاڵەتی پێچەوانەدا وڵاتانی ئێران و تورکیە پاساوی سیاسی و یاسایی بەردەوامیان بۆ ھێرش کردنە سەر رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان دەبێ و ئەو سیکلەش ھەر نابڕێتەوە.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم کە ھەڵوێستی سیاسیی کورد ئەگەر دەیەوێ چارەسەرییەکی گونجاو بۆ بنبڕ کردنی ئەو گرفتە بدۆزێتەوە و رێگە لە دووپاتبوونەوەی چەندجارەی ئەم کێشەیە بگرێ ناتوانێ تەنیا بەپێی بەھا و ئەرزشە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی سەیری بابەتەکە بکا و یاسا و رێسا پەیوەندیدارەکان نادیدە بگرێ. کورد ناتوانێ بەدەر لە یاسا و عورفی سیاسیی نێونەتەوەیی بجوڵێتەوە و چاوەڕوانیی پشتگیریی جیھانیی ھەبێ. ھەر بۆیەش پێویستە کە ھەرچی زیاتر خۆی و خەباتەکەی لەگەڵ پارامێترەکانی دنیای سەردەمدا بگونجێنێ و بەھا نەتەوەییەکانی خۆی لەگەڵ بەھا نێونەتەوەییەکان رێک بخات.
لەراستیدا کورد پێویستە خوێندنەوەیەکی دوبارەی بۆ خۆی ھەبێ و لە چوارچێوەی عورف و یاسای سیاسەتی نێونەتەوەییدا پێناسەیەکی نوێ لە خۆی و ئەرزشەکانی بکات، بۆوەی دنیای دەرەوەش بیبینێ و رێزی لێ بگرێ و بیخوێنێتەوە.