سێ دیکتاتۆری تەریک کەوتوو

✍ئەسعەد دروودی

پوتین، ئەردوغان و ڕەئیسی سێ سەرۆک کۆماری ڕووسیە و تورکییە و ئێران لە تاران کۆبوونەوە. کۆبوونەوەی ئەم سێ کەسە لە ژێر ناوی کۆبوونەوەی دەوڵەتانی پارێزەری پرۆسەی ئاستانە (کە ناوی ڕەسەنی نوورسوڵتان پێتەختی قەزاقستانە کە کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی شەڕی سووریە لەوێدا گیرا) بەڕێوەچوو و ناوەندەکانی دەنگوباسی ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاند کە باسەکان لە سەر مەسئەلەی سوورییە چڕە بەڵام هەموو چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەوە ساغن ئەجێندای هەرکام لەو وڵاتانە لەو دیدارە تایبەتە بە دۆخی ئەمڕۆی خۆیان. قسەکانی خامنەیی لەگەڵ ئەردووغان کە هێرش بۆ سەر سوورییە (مەبەست بۆ سەر ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژاوایە) بە خراپ باس دەکا و دەڵێ ئەو کارە بە قازانجی تیرۆریستانە ــ کە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بە هاوبەرژەوەند بوون و هاودەستی دەوڵەتی ئەردوغان و داعەش ــ دەریدەخا کە لەو بابەتەدا نەک هاودەنگ نیی بەڵکوو زۆر لێک دوورن.

ئەم سێ دەسەڵاتە کە زۆر جار لە باری بەرژەوەندییەوە لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتدا کەوتوونەتە بەرەی دژ و بۆ نموونە لە مەسئەلەی سوورییەدا دەوڵەتان ئێران و ڕووسییە لە یەک بەرەدان و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ تورکییە کە لەبەرەیەکی دیکەدایە یەک نییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئەو سێلایەنەی کۆکردووەتەوە چەند مەسئەلەیەکە کە بووەتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانییەکی کاتی. بابەتی یەکەم جۆرێک لە دژایەتی و بەرانبەرکێ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایە. دەوڵەتی ڕووسییە جیا لە کێشە مێژووییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا لە شەڕێکی چەکداری دژی ئۆکرایندایە و هەموو ڕۆژاوا بە تێکڕا پشتیوانی لە ئوکراین دەکەن و دژی ڕووسیەن و گەمارۆیان خستەەتە سەری. حکوومەتی ئێران هەموو پێناسەی خۆی لە دژایەتیی ڕۆژاوادا چڕ کردووەتەوە و ساڵهایە وەکوو دەسەڵاتێکی شەڕەنگێز و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناسراوە و گەمارۆی توندی لەسەر. دەوڵەتی تورکییەش سەڕەڕای ئەندامەتیی ناتۆ نزیکایەتیی ڕێژەیی لەگەڵ ڕۆژاوا پاش هاتنەسەرکاری ئەردوغان و بە سیاسەتە ئیسلامییەکانی ئەردوغان و حزبەکەیەوە زیاتر بۆنی دژایەتیی ڕۆژاوای لێدێ.

لەم هاوکارییە کاتییەدا هەرکام لەو دەوڵەتانە بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن ڕووسییە ئەزموونی ئێران بۆ دەربازبوون لەدەستی گەمارۆکانی ڕۆژاوا بەسوود دەزانێ و دەیەوێ حکوومەتی ئێران وەکوو کارتێکی گوشار بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژاوا بەکار بێنێ.

ڕووسییە ئەزموونی ئێران بۆ دەربازبوون لەدەستی گەمارۆکانی ڕۆژاوا بەسوود دەزانێ و دەیەوێ حکوومەتی ئێران وەکوو کارتێکی گوشار بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژاوا بەکار بێنێ. حکوومەتی ئێران بە باجدان بە ڕووسیە ــ کە شتێکی نوێ نییە و ساڵهایە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی شکستخواردووی حکوومەتی ئێرانە ــ لە ئاستی نێونەتەوەییدا و لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتیوانێکی هەبێ و ڕێگەیەکی هەناسەدان بدۆزێتەوە. دەوڵەتی تورکییەش لە چوارچێوەی سیاسەتە مەزنخوازانەکانی ئەردووغاندا دەیەوێ لە دۆخی ئێستە ناوچەکە سوود وەرگرێ، کە دژایەتی کردنی خواستە ڕەواکانی گەلی کورد بەشێکی گرینگی نیازەکانی ئانکارایە.

ئەم کۆبوونەوەیە جیا لە کاریگەری و ڕەنگدانەوە ناوچەیی و جیهانییەکانی لە چەند لایەنەوە بۆ خەڵکی کوردستان گرینگیی تایبەتی هەیە.

١. دوو دەسەڵاتی سەرکوتکاری خەڵکی کوردستان (دەوڵەتانی ئێران و تورکییە) لەم هاوکارییەدان و بە دڵنیاییەوە هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەوان بە جۆرێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێ و بە شێوەی مێژووی هاوکارییەکانی ئەوان سەرەڕای ناکۆکی و کێشەکانی نێوان خۆیان،  هەمیشە لەسەر سەرکوت و ئازاری زیاتری خەڵکی کوردستان بووە.

٢. دەوڵەتی ڕووسییە کە بەرژەوەندیی خۆی لەم سەردەمەدا لە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتەکانی تورکییە و ئێراندا  دەبینێ و تەریککەوتنێکی نێونەتەوەیی بووەتە هۆی پێویستییان بەوان،  دەتوانێ دەوری خراپی هەبێ لە کردنەوەی دەستی ئەو حکوومەتانە بۆ پێشێلکاریی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردی دانیشتووی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە ناوخۆی ئێران و تورکییە.

٣. حکوومەتی تورکییە کە تا ئەمڕۆ بەردەوام بە بیانووی چالاکیی حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری هێرشی کردووەتە سەر کوردستانی ڕۆژاوا و باکوور، بەتەمایە ئەو هێرشانە پەرەپێبدا و دۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە و جیهان و شەڕی ئوکراین بە دەرفەتێک دەزانێ کە سەرەڕای ڕازی نەبوونی تەواوی وڵاتانی ڕۆژاوایی نیازە دژە کوردەکانی خۆی. لە ڕاستیدا ئەو هێرشانە مەبەستیان تەنها خەسار دان لە حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری دەوڵەتی فاشیستی تورکییە نییە بەڵکوو لە خەونە مەزنخوازەکانی ئەردوغاندا تواندنەوە و لەباربردنی هەموو بزووتنەوەی مافخواز و ڕزگاریخوازی کوردستان ئامانجی کۆتاییە.

٤. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر وەکوو حکوومەتی تورکییە چاوی بە هیچ دەسکەوت و پێشکەوتنێک لە بزووتنەوەی کوردستان بە هەموو بەشەکانییەوە هەڵنایە و ئەمڕۆ کە گوشارەکانی ناوخۆ و دەرەکی لە هەمیشە بەرزترە لە پەلەقاژەی مانەوەی خۆیدا دەتوانێ دەستبداتە هەر جۆرە کارێکی سەرەڕۆیانە و شەڕەنگێزانە دژی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و، هەرجۆرێک لە سەرکوتی ئەو بزووتنەوەیە و ئەستاندنەوە یان بەرتەسککردنەوەی هەرکام لە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بە قازانجی خۆی دەزانێ.

هاوکاری و هاوپشتیی ئەو سێ دەسەڵاتە لە هێج کات و سەردەمێکدا بە قازانجی خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەتی گەلی کورد نەبووە و بە پێچەوانە سەودا لەسەر خوێنی کورد یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی مەعامەلەکانی نێوانیان بووە.

خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خەمخۆری بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد دەبێ بە وریاییەوە چاوەدێریی ئەو پیلانانە بکەن و هەڵوێستی شیاو و پێویست بەرانبەر ئەو هاوپەیمانییە دزێوە بنوێنن