بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی زیندوو لەگەڵ هەوراز و نشیوەکانی

✍مینا نێعمەتی

زیاتر لە چڵ ساڵ لە دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەسەڵاتێکی دژە مرۆیی لەسەر بنەمای ئایینی تێپەردەبێت، لە و چەن دەیەیەدا ھیچکات ژنانی ئێران و کوردستان دەستیان لە داواکارییەکانیان بۆ وەدەستخستنی مافەکانیان ھەڵنەگرتووە و  چ لەماڵێ چ لە کۆمەڵگادا بە بەردەوامی لە شۆڕشدان .

لەو ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی دەستبەکاربووە و بە پێی ئەوەی یاساکانی شەریعەت و ئایین وەک بنەمای یاسادانان لە ئێران و ھەروەھا کوردستانی داگیرکراو پەیڕەکراوە، ژنانی ئێران مافی بریار دانیان لە ھەموو بوارەکان و  قۆناغەکانی ژیانیان لەدەستداوە.مافی تەلاق، مافی سەرپەرەشتی منداڵ، مافی وەرگرتنی پێناس و پاسپۆرت و تەنانەت مافی پۆششیان نییە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئەو وتارەیە مافی پۆشش یان خود لەبەرکردنی جل و بەرگە،  هەڵبژاردنی جل و بەرگ  مافی سەرەکی و سەرەتایی هەر مرۆڤێکە و ئەگەر حکوومەتێک تەنانەت ئەو مافەشت لێ بستێنێ ئەوە ھەنگاوێکی مەترسیدارە و ئاکارەکانی لێزەوتبوونی ئەو مافە تەنانەت لەسەر بیر و ڕوانینێکی  ئازاد و قسە کردن و بەشداری سیاسی کاریگەر دەبێ،  کە وایە حیجاب تەنیا بە مانای سەرپۆشێک نییە ، مافی جۆری پۆشش مافێکی سەرەکی و بێ ئەملاوئەولای ھەر مرۆڤێکە، دیارە لەسەر ئاستی جیھاندا رێگەیەکی سەخت و رەنگە دوور و درێژ ھەبێت تا گەیشتن بە کەنارێکی ئارام بۆ یەکسانی جەندەری، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەو مافە چەسپاوە و ئەو کێشەیە تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەربووە، تەنانەت پێش کۆماری ئیسلامی و لەسەردەمی دەسەڵاتی رێژیمی پێشوودا ژنان ئازادی تەواویان بۆ لەبەرکردنی جل و بەرگیان ھەبوو بە واتایەکیتر لەگەڵ ئەوەی ئازادیی سیاسی نەبوو بەڵام ئازادیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی باشدا بەدی دەکرا. لەگەڵ ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئازادیی سیاسی دەستەبەرنەکرا بەڵکوو ئازادی کۆمەڵایەتیش ڕۆژ لە پاش ڕۆژ بەرتەسککرایەوە، بە تایبەت ژنان کەوتنە مەترسی جیدییەوە. لە ڕۆژانی یەکەمی دەستبەکاربوونی ئەو دەسەڵاتەدا و پاش پەسەندکرانی یاسای حیجابی زۆرەملی، ژنان بە ھاتنەسەر شەقامەکان و لەبەرامبەر ئەو مافە خوراوەیان بێدەنگ نەبوون و بەردەوام لە دەورەگەلی جۆراوجۆر و لە ھەر دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە تا ئەو مافەیان بەدەست بھێننەوە. بیانووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ حیجابی زۆرەملی بۆ شەرعی ئیسلام دەگەرێتەوە کە گۆیا حیجاب دەتوانی بەر بە چووڵانی هەستی جینسیی پیاوان بگرێ، بە واتایەکی تر پیاو وەک بوونەورێک پێناسە دەکرێت کە لەسەر ئەساسی غەریزەکانیان دەژین و بە دیتنی دیمەنی پرچی ڕووتی ژنێک یان خود ئەندامی ناتوانن پێش خۆیان بگرن و تووشی گوناح و تاوان دەبن. واتە حیجاب بێ رێزی کردن بە پیاوانیشە بەو  مانایای کە ئەوان وەک رەگەزێکی لاواز پێناسە دەکات کە ناتوانن خۆیان کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دەستدرێژی نەکەنە سەر ژنان. هەر بەو هۆیەش چاوەروان دەکرێ کە پیاوانیش بەرامبەر بەو جۆرە توندوتیژیانە بێدەنگ نەبن و هاوڕێ و هاوبیر و هاوخەباتی ژنان بن .

ئەمسالیش لە رۆژی ٢١ی پوشپەری١٤٠١ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ حەوتووی «حیجاب و عیفاف» کۆمەڵێک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنان وێنەی خۆیان بێ ڕووپۆش لەناو سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە لە زۆربەی ئەو ڤیدیویانەدا پیاوانیش هاوشانی ژنان لە شەقامەکان دروشمی حیجاب بێ حیجابیان دەگووتەوە. ئەوەش ترسێکی زۆری خستە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە و دەستیان دایە دەستبەسەرکردن و ئازاری خەڵک و پێویستیانە حەوتووی حیجاب و عیفاف بۆ دو حەوتوو درێژ کەنەوە .

حیجاب چ بەزۆر بێت و چ بە داخوازی کەسەکە هێمای هەڵاواردنی رەگەزی، کۆیلەیەتی، بێ مافی و سووکایەتی کردن بەژنە. حیجاب ئاڵای کۆماری ئیسلامییە وەک دیاردەیەکی قیزەون بە کارنامەی رەشی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بکۆژی ، دەستدرێژی ، ئەشکەنجە ، سێدارە، بەردەبارانەوە گرێدراوە.

کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە لە بەرامبەر بزووتنەوەکان پاشەکشە نەکا و بەردەوام سەنگەری خۆی توندوتۆڵتر کردوە،  لە کاتێکدا کە لە سێ مانگی پێشوو ئاستی هەڵاوسانی ئابووری و بێکاری و گرانی بێ وێنە بووە و تەنگی بەخەلک هەڵچنیوە. کۆمەڵانی خەلکی ئێران وەک مامۆستایان ، خانەنشینان ، کرێکاران و ژنانی خاوەن هەڵوێست بە بەردوامی لە سەر شەقامەکان بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان ئامادە بوون و دروشمیان بەدژی کۆماری ئیسلامی داوە . نوێنەری خامنەیی لە دوایین وتاری سەبارەت بە حەوتووی حیجاب و عیفاف وتوویەتی، حیجاب سەنگەری یەکەمی ئیسلامە و هیچ کات رێگە ی بەها شکێنی نادەین، هۆکاری ئەو قسەیە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە  خۆیان دەزانن کە ئەگەر ژنان  بە پالشتی پیاوان بۆ لە ناو بردنی سەنگری یەکەمی حکوومەتی ئیسلامی واتە حجابی زۆرە ملی یەکگرتووبن، بێ گۆمان بە ورەیەکی زیاتر سەنگرەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە مافەکانی دیکەیان وەکو مافی تەڵاق ،میراتی بەرابەر، دەرفەتی کار و مافی سەرپرشتی منالەکانیان دەبەزەێنن.