ژنان و ئازارەکانیان لە جیھانێکی نایەکساندا

✍مینا نێعمەتی

کورتەیەک لە کتێبی نامەیەک بۆ مناڵێک کە ھیچکات نەھاتە دونیاوە

ئوریانا فالانچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی خەڵکی ئیتالیا بوو کە ساڵی 1929 لە فێلۆرانس لە دایک بووە لەسالی 2006دا لەتەمەنی 77سالی لە هەمان شار ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئۆریانا لەکاتی شەری جیهانی دوهەم بەشدارییەکی چالاکی لە دژی فاشیزم هەبووە و ھەروەھا لە بواری مێژوو و سیاسەت زۆر شارەزا بوو و بەردەوام لەگەڵ ڕێبەرانی گەورەی جیهان چاوپێکەوتنی دەکرد و زۆر بوێرانە پرسیاری لێدەکردن، ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ببێتە ڕۆژنامەوانێکی بە ناو بانگ.  کتێبی نامەیەک بۆ مناڵێک کە هیچ کات نەھاتە دونیاوە ، زیاتر لە کتێب وەکوو راگەیێندراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە ناوەرۆکێکی فێمێنیستی هەیە و باس لە جیاوازیی ڕەگەزی و بارودۆخی ناخۆشی ڕۆژانەی ژیانی ژنان دەکا.

کتێبەکە باس لە ژنێک دەکا کە بە جۆرێکی نەخوازراو دوو گیان دەبێت و تووشی ترس و دڵەڕاوکەیەکی زۆر دەبێت کە سەرچاوەکەی جگە لە بنەماڵە و کۆمەڵگە و خوا، ئەو ترسەی لە مناڵەکەی ناو زگی ھەیە کە ئایا حەز دەکات بێتە سەر ئەم دونیایە یان خود نا . هەر بەو هۆیەشەوە بریار دەدا کە ڕۆژانە لەگەڵ مناڵەکەی قسە بکا تا پەیوەندییەک لە نێوانیان پێک بێت و لە ناشیرینی و جوانییەکانی جیهانی دەرەوە ئاگاداری بکات. پاشان باوکی مناڵەکەی و دایک و باوکی خۆی و هاورێکانی و بەرپرسەکەی لە دووگیانبوونی خۆی ئاگادار دەکات، زۆر بە توندی لە لایان هەموویان سەرکۆنە دەکڕێت و هانی ددەن بۆ ئەوەی مناڵەکەی لەناو ببات، باوکی مناڵەکە نایهەوێ بەرپرسیارییەتی مناڵەکە وەئەستۆ بگرێ و هاوکاری ناکات، بەڵام ژنەکە ئەو مافە بەکەس نەدات کە سەبارەت بە خۆی و مناڵەکەی بڕیار بدەن و لە بەرانبەریان ڕادەوەستێ و درێژە بەکاری خۆی واتا نامەنووسین و چیرۆک گێرانەوە بۆ مناڵەکەی دەدات، مەبەستیشی لە کارەکەی ڕوونە، دەیهەوێ ئەو بڕیارە بداتە دەست مناڵەکە کە بێتە ئەم دونیا یان خود نا .

دوای ماوەیەک کە لەگەڵ باروودۆخەکەی ڕادێت و بەردەوامیش دەچێتەوە سەر کارەکەی، ڕۆژێک هەست بە ئازارێکی زۆر لە ناو زگیدا دەکات و سەردانی دوکتورەکەی دەکا  کە دەردەکەوێ بارودۆخی باش نییە و دەبێ ئیستراحەتی تەواوی هەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرپرسەکەی پیاوێک بەجێگای ئەو دابنێت  ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەزانێ ئەو گرفتە هیچ کات بۆ پیاو پێش نایەت و دەتوانێ بە بەردوامی کاری بۆ بکات.

ژنەکە کە دەزانێ کارەکەشی لە دەست چووە، زۆر تووڕە و دڵگران دەبێت و دایک بوون بە بەربەستێکی هەتاهەتایی بۆ ژن دەبینێت کە ژن ناچار به کۆیلەیەتی دەکا. بەنارەحەتییەکی زۆرەوە واز لە ئیستراحەت دەهێنێ و کارێک دەدۆزێتەوە و لە کارە نوێکیەی ناچار بە برینی رێگایەکی درێژ و ناخۆش دەبێ لە ناکاو تووشی خوێن بەربوون دەبێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی مناڵەکەی لەباربچێ.

چیرۆکەکە بە  محاکمەیەکی خەیاڵی لە نێوان خۆی ، دوکتورەکە، مناڵەکە ، باوکی مناڵەکە و دایک و باوکی خۆی  بۆ دۆزینەوەی تاوانباری مردنی مناڵەکە تەواو دەبێت کە لەناکاو مناڵەکە وەدەنگ دێت کە بە دایکی دەلێت :من لە ناشیرینییەکانی  دونیا ئاگادار بووم و خۆم بڕیارم داوە کە دونیایەکی تاڵ بۆ ژیانکردن  هەڵنەبژێرم.