تاوان لە تاران سزا لە ستۆکهۆڵم

✍هێمن بایەزیدپوور

ھەواڵی دەرکرانی حوکمی زیندانی ھەتاھەتایی بۆ حەمید نووری دادیاری پێشووی زیندانی گەوھەردەشتی کەرەج لە ساڵی ١٣٦٧ ی ھەتاویی کە لەو ساڵەدا بە پێ راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی سەر بە رێکخراوی سیاسییە نەیارەکانی حکوومەت و لەوانە چالاکانی چەپ و زیندانییە سیاسییە کوردەکان لە سێدارەدران و تەنانەت بەشێک لە سەرچاوەکان ژمارەی زیندانییە لە سێدارەدراوانە بە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەسیش دەخەملێنن، شەپۆلێکی خۆشیی خستە ناو بنەمالەی ئەو قوربانییانە و چالاکانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە. ئەوەی کە لێرەدا دەبێت وەک خالێکی وەرچەرخان و مێژوویی ئاماژەی پێبکرێت دەتوانی خۆی لە چەن بەستێندا ببیندرێتەوە:

١- حەمید نووری کاتێک لە سوئێد بە تاوانی ھاوکاری لە ئێعدامی چالاکانی سیاسی دەیەی شەست، تاوانی شەر و ھەروەھا کوشتنی بە ئانقەس سزای ھەتاھەتایی بەسەردا سەپا کە تاوانەکەی لە ولاتێک ئەنجام دابوو کە ٢٤٠٠ کیلۆمتر لە شوێنی دادگاییکرانەکەی دوورە، ئەوە خۆی ئاماژەیەکە کە تاوانبارەکان لە ھیچ شوێنێکی گۆی زەوی ناتوانن بەوە دلخۆش بن کە دەتوانن لە سزای تاوانەکانیان دەرباز بن و ئەگەر ئیرادەیەک لە ولاتانی ئورووپاییدا بێت دەتوانرێ بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان ئەو کەسانە بسپێردرێنە دەست یاسا و بە تاوانی کوشتار و ئازار و ئەشکەنجەی خەڵک سزایان بدەن.

٢- خاڵێکی دیکە ئاشکرابوونی دادگاکە بوو کە ڕێک بە پێچەوانەی بەناو دادگاکانی دەیەی شەستی ئێران بوو کە لە کەمتر لە ١٠ خولەکدا سزای سێدارە بەسەر چالاکانی سیاسییدا دەسەپا. حەمید نووری پارێزەری ھەبوو ھەروەھا پرۆسەی دادگاکەی زیاتر لە ٢ سال و زیاتر لە ٩٠ جەلەسەی پێچوو. حەمید نووری دەیتوانی تانە لە تۆمەتە پاڵخراوەکانی بدات،  ھەمووی ئەو ئاماژانە دەتوانێ سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بێت کە سەرەڕای ئەوەی نووری و هاوکارەکانی تاوانبارانە و ناعادیلانە لەگەڵ خەڵک و نەیارانی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا جووڵانەوە بڕیارەکەی دادگای سوئد و سزاکەی نووری، سزایەکی عادلانە و بە پێی پرەنسیپە باوەڕکراوە نێونەتەوەییەکان بووە.

٣- لە پاش شۆرشی مەشرووتە و لە زیاتر لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوە یەکەم جارەکە خەڵک لە ئێران دەتوانن تامی خۆشی عەدالەت بچێژن. لە ماوەی دەسەڵاتی دوو حکوومەتی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامیدا ھەرکام بە جۆرێک بەردەوام عیدالەتیان پێشێلکردوە وئەوە یەکەمین جارە کە تاوانبارێکی سەر بە دەسەلات دەگاتە سزای واقعی خۆی.

٤- نە دادگای کردنی حەمیدی نوورری تەنیا دادگایی ئەو کەسە بوو نە سزاکەشی ھەر ئەو دەگرێتەوە، لە راستیدا حەمیدی نووری بە تاوانی کوشتارێکی سازماندراو یان خود سیستماتێک و بەرنامە دارێژراو لە لایەن لووتکەی دەسەڵاتەوە ئەو تاوانانەی ئەنجام دابوو، ھەروەھا لەو دادگایەدا زیاتر لە ١٠٠ شایەدحاڵ کە بۆخۆیان لە کاتی ڕوودانی تاوانەکەدا لەو زیندانەدا بوون شایەدیان دا، ئەوە ھەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی کوشتاری سالی ٦٧ ببێتە سێحەبی پێناسێکی تایبەت، تاوانباران ناسێندران و ئەوە دەتوانی لە داھاتوودا رێگە خۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ھەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سزای تاوانەکانیان وەرگرن. لە مەولاوە ئیتر ھیچ بەرپرسێکی تاوانبار ناتوانێ بۆ ھیچ شوێنێکی جیھان بە ئاسوودەیی سەفەر بکات و لە ناوخۆش دەتوانێ تێچووی تاوان و زوڵم و کردەوەی ناعادڵانە بۆ بەشێک لە بەرپرسانێک کە ئێستا لەسەر دەسەڵاتن بەرێتە سەرێ.

بەلام لە کاتێکدا کە بەشێک لە فەزای سیاسی و کۆمەلگەی ئێران

بە تایبەت چالاکانی سیاسیی و بنەماڵەی قوربانییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرخۆشی ئەو ھەواڵەن کە ئەو رێژیمە بە چڕی درێژە بە سیاسەتێک دەدا کە بە ناوی دیپلۆماسی بارمتەگرتنی شاروومەندانی بیانیی ناوزەد بووە. ھاوکات جگە شارومەندانی بیانی شاروومەندانی دوو تابعییەتی یان خود ئەو شارومەندانەی کە پاسپۆرتی ئێرانی و وڵاتێکی تریان ھەیەش ھەر لەو بازنەیەدا خۆی دەبینێتەوە، بە پێی راپۆرتی بلومبێرگ لە ئێستادا ٢٠ بۆ ٤٠ شاروومەندی بیانی یان دوو تابعییەتی لە زیندانەکانی ئێران بە تۆمەتگەلی وەک سیخوڕی و ھەەڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و ھتد دەستبەسەرن، لە راستیدا ھۆکاری دەستبەسەری ئەو شاروومەندانە جۆرێک لە بارمتەگرتنی ئەو شاروومەندانەیە بۆ دوو مەبەستی سەرەکی:

١-قازانجی دارایی: بەشێک لە ھۆکاری بارمتەگرتنی ئەو شارومەندانە بۆ بەدەست ھێنانی قازانجی دارایی دەگەرێتەوە، بۆ نموونە لەساڵی ٢٠١٦ کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئازادکردنی چەن شارومەندی ئێرانی ئامریکایی ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری لە ئامریکا وەرگرت، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە بەرامبەر ئازادکردنی نازەنین زاغەری شارومەندی ئێرانی بریتانییایی ٥٣٠ ملوێن دۆلاری وەرگرت.

٢- پوان وەرگرتن: کۆماری ئیسلامی لە بارمتەگرتنی شارومندانی بیانی ئامانجێکی تریشی ھەیە ئەوەش وەرگرتنی ئیمتیاز و بە جۆرێک مەعامەلەکردن بەو کەسانەیە: نموونەی ئەو سیاسەتە گۆڕینەوەی شارومەندێکی فەرانسەوی لەگەل کەسێک بوو کە بە تۆمەتی تێرۆری شاپووری بەختیار دوایین سەرۆک وەزیرانی سەردەمی شای پێشووی ئێران لە فەرانسە سزای ھەتاھەتایی خۆی تێپەر دەکرد و پاش ئەو مەعامەلەیە ئازادکرا،  دوایین نموونەشی بە ھیوایە شارومەندێکی بلژیکی لەگەل ئەسەدولا ئەسەدی دیپلۆمات تێرۆریستی ئێرانی کە لە بلژیک بە تۆمەتی هوڵ بۆ تەقاندنەوەی کۆبوونەوەی موجاھدین، خەریکی تێپەرکردنی سزای ٢٥ ساڵ زیندانە، بگۆرێتەوە.

لە بەرامبەردا ئەوەی کە ولاتانی ئورووپایی وەک کاردانەوە بەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی کردوویانە رەنگە نەتەنیا وەک دژکەردەوە بەو کارانەی کۆماری ئیسلامی پێناسە نەکرێت بەلکوو رێگەخۆشکەر و رێگەپێدەری ئەو تاوانانە بێ لە داھاتوودا… بۆ نموونە دەولەتی بلژیک گەلالەیەکی پێشکەشی پارلمانی ئەو ولاتە کردووە، گلالەکە تایبەتە بە ئاڵووگۆری زیندانییەکان لە نێوان وڵاتی بێلژیک و پێنج ولاتی کە لە لە نێوانیاندا ئێرانیش ھەیە، کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئەو گەلالەیە تەنیا بە مەبەستی ئالووگۆری ئەسەدولا ئەسدی دیپلۆمات تێرۆریستی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ شاروومەندێکی بارمتەگیراوی بێلژیکی لە ئێران. ئەو گەلالەیە تا کاتی نووسینی ئەم وتارە پەسەند نەکراوە بەلام ئەگەری پەسەنکرانی زۆرە، ئەوەی حاشای لێناکرێت ئەو ئالووگۆرە قیزەونانە لە مێژووی ئورووپا و کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان کەڕەت دووبارە بووەتەوە، لە ئیسکۆرتی بکوژەکانی دوکتور قاسملوو سکرتێری حیزبی دێمۆکراتەوە بۆ ئێران یان خود کارئاسانی بۆ دەربازبوونی بکوژەکانی بەختیارەوە تا دەیان نموونەی تر لە خۆی دەگرێت. بلژێک پرسی ئاسایشی ئەمنی بۆ پێشکەشکردنی ئەو گەلایەیە باس دەکات، بەلام ئەوە ڕنگە ھەر ڕواڵەتی بابەتەکە بێت، ئەوەی حاشای لێناکرێت بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری وەک ئەولەوییەتی ولاتانی ئورووپایی و کۆنسێپتی سەرەکی پێوەندییەکانیان لەگەل کۆماری ئیسلامی بەردەوام درێژەی بووە و ئەوەی ھیچکات ئەولەوییەتی یەکەمی ئەو ولاتانە لە پێوەندی لەگەل ئێران نەبووە بابەتی مافی مرۆڤ و پرەنسیپە باوەرپێکراوە ئینسانییەکان بووە، بەلام درێژەی ئەو سیاسەتانە لە داھاتوودا نەتەنیا ئورووپا ناگەیەنیتە کەنارێکی ئارام بەڵکوو لە داھاتوودا ئاسەوارەکانی دەگەرێتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانە و کۆماری ئیسلامی ھان دەدات کە  لە سیاسەتی بارمتەگرتنی شارومەندانی بیانی بەردەوام بێت و ھەڵسووکەوتە تێرۆریستییەکانی لە ولاتانی ئورووپایی چڕتر دەبێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دڵنیایە ھەمووکات دەتوانێ تێرۆریستێک لەگەل شارومەندێکی بێ تاوانی دەستبەسەرکراو لە ئێران بگۆرێتەوە. بڕیاری دادگای سوئد بۆ سەپاندنی حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمیدی نووریدا سەرەڕای هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و دەرکردنی حوکمی ئیعدام بۆ شارومەندێکی سوئێدی کە لە ئێران زیندانییە، سیگناڵێکی باش و جێگەی هیوایە بۆ ئەوەی دەوڵەتای ئورووپایی زیاتر لە جاران بەرانبەر بە سیاسەتی بە بارمتەگرتن و گوشاری کۆماری ئیسلامیدا نەچەمن و لەسەر عەداڵەت و مافخوازی سوور بن.

کۆتایی: لەو بابەتە حەولدرا دوو ڕووداوی خۆش و ناخۆش لە ڕۆژانی ڕابردوودا بخرێتە بەرباس، یەکەمیان ئەوە بوو کە حەمید نووری وەک نوێنەری بەشێک لە بکەرانی تاوانی دژە مرۆیی کوشتاری زیندانیە سیاسییەکانی دەیەی ٦٠ بە سزای تاوانەکەی لە ولاتێکی تر گەیشت، ئەوە دەتوانێ دەستکەوتێکی گرنگ لە مێژووی عیداڵەتخوازی لە سەد سالی ڕابردووی ئێران بێت، چالاکانی سیاسی و قوربانییەکانی کۆماری ئیسلامی دڵخۆش بکات کە لە کۆتاییدا تاوانکاران دەگەنە سزای کردەوە دژە مرۆییەکانی خۆیان، ئەگەر لە شوێنی تاوان نەبێت، لە شوێنێکی دیکەی ئەم دنیایە، کە پرەنسیپگەلی ئینسانی لەو ولاتانە ئەولەوییەتیان هەیە بەو مەرجەی ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن یەکدەنگ بێت و فەزای میدیایی جیھانیان لەگەڵدا بێت. بەلام ئەوەی وەک ھەواڵی ناخۆش باسکرا ئەوەیە کە ولاتانی ئورووپایی زۆر جار بە تێکەڵکردنی بابەتێکی قەزایی لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان رێگە خۆشکەردەبن بۆ درێژەی ئەو تاوانانە، وەک نموونە گڵالەی گۆڕینەوەی تاوانباران لە حکوومەتی بێلژیک، ئەو دەرسەی کە دەبێ ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەت حیزبە کوردییەکان لەو ڕووداوانەی وەرگرن ئەوەیە کە لۆبی کردن و یەکدەنگ بوون و یەکگرتووی و بەدەست ھێنانی فۆکووسی خەبەری و وەگەرخستنی پرسی کورد لە دەرەوەی ولات دەتوانێ تەنیا رێگە چارەبێت بۆ دژکردەوە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و ھەروەھا گوێی کپ کراوی ولاتانی ئورووپایی بکاتەوە و تێچووی مەعامەلە ژێربەژێرەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەرێتە سەرەوە.