سیستەمی دژە ژن و وەچەخستنەوەی ستەم لە بەرگی کولتووردا

“لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، جەستەی ژن بۆ دوو مەبەست بەکارهاتووە: یەکەم، نیشانەی نێوانی ئایین و دەسەڵات، دووهەم، ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی شەرعییەت لە کاتی قەیران.”
شیکارییەکی “ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب” و سیاسەتی جێندەری کۆماری ئیسلامی
پێشەکی:
بارەگای فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغە کردنی خراپە، دەستپێکردنی ” ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب”ی ڕاگەیاند و بەنیازە زیاتر لە ٨٠ هەزار کارمەندی ڕاهێنراو دابمەزرێنێت، ژمارەیەکی بەرچاو کە لەگەڵ یاریگای ئازادی تاران بەراوەرد کراوە، لە هەمان کاتدا هەواڵەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی پاسەکانی گەشت ئێرشاد لە تاران و بەشێک لە شارەکان بڵاوکراونەتەوە. بەڵام وتەبێژی فەرمی حکومەت بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هیچ بودجەیەک بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان نەکراوە و تاقیکردنەوەی گەشتی ئێرشادی بە شکستخواردوو ناوبردووە؛ ئەم دژایەتییە فەرمییەی نێوان دامەزراوەکان ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی پێکهاتەیی و نەبوونی کۆدەنگی دامەزراوەیی.
ئهوەی ئەمڕۆ له ژێر ناوی ” ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب” و کۆکردنەوەی گوماناوی ٨٠ هەزار کەسی ڕاهێنراو ڕادەگەیەنێت، درێژەی هەمان پڕۆژەی بنچینەیی کۆماری ئیسلامییه؛ پڕۆژەیەک که له سەرەتاوه ئایین نەک تەنیا بزوێنەری بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو وەک میکانیزمی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات پێناسه کرد. ئێستا لە دۆخێکدا کە قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان خەریکە شەرعیەتی فەرمی دەشێوێنن، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنترۆڵی جێندەر وەک وڵامێکی کۆنەپەرستانە و بێهیوایی لە حوکمڕانی کاردەکات.
•ئیدئۆلۆژی جێندەری وەکوو ئامرازی دەسەڵات
هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، پێکهاتەی حوکمڕانی له ئێران بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی خۆی پشتی به فەرمانی جێندەری بەستبوو: پێناسەی “ژنی ئایدیاڵ” و سەپاندنی ڕێسا گشتییەکان و هەڵسووکەوت بەرانبەر به ژن بوون به ئامراز بۆ نیشاندانی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت. ئەم پەیوەندییە کاتێک گۆڕدرا بۆ میکانیزمێکی دەوڵەتداری، ئیتر تەنیا گەڵاڵەیەکی بەها نەبوو؛ بەڵکوو بەشێک بوو لە “حکومەت”: کۆنترۆڵکردنی ئۆرگانەکان، ڕێکخستنی فەزای گشتی و بەڕێوەبردنی ڕەفتاری هاوڵاتیان هەموویان خزمەتیان بە چەسپاندنی نەزمی سیاسی دەکرد. لەم ڕوانگەیەوە، حیجابی زۆرەملێ و دامەزراوەکانی (ستادی ئەمر بە مەعروف، پۆلیسی ئەخلاقی و دامەزراوە هاوشێوەکان) لادانێک لە سیاسەتە ئاساییەکان نەبوون، بەڵکو شێوەی فەرمی و سەرەکیی بەکارهێنانی دەسەڵات بوون.
ئەوەی ئێستا وەک ” ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب” پێشنیار دەکرێت، دوو پەیامی سەرەکی لە ئاستی ئایدیۆلۆژیدا هەیە: یەکەم، پێویستی وەرگرتنەوەی شوێنە گشتییەکان لە “سێکولاریزم” یان “بێباکی کۆمەڵایەتی” هەروا کە مۆئمێن نەسەب سکرتێری ئەم ناوەندە ڕاگەیاند؛ دووهەم: ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئامرازی وەرگرتنەوەی هێزی مرۆیی ڕێکخراوە و “ڕاهێنراوە”؛ واتە ئەوەی لە ئاستی مەیدانیدا لە شێوەی کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی جەستەی ژنان دەردەکەوێت. کاتێک “ڕووبەڕووبوونەوەی سێکۆلاریزم” بە فەرمی بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی مرۆڤەکان پێشنیار دەکرێت، ئەوەی ڕوودەدات گۆڕینی بابەتێکی کولتوورییە بۆ میکانیزمێکی ئەمنی-ڕێکخراوەیی، کە ئایینی ستوونی دەبێتە هێزێک بۆ مومارەسەی دەسەڵاتی ئاسۆیی. کە هەوڵەکانی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامی نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە.
•ناچاری ئیدئۆلۆژیکی و شکستی مۆدێلی زۆرەملێ
لە چوارچێوەی ئێستای ئێراندا، سێ واقیعی سەرەکی هەن کە ئەم سیاسەتە لە ڕووی پێکهاتەییەوە ناعەقڵانی و مەترسیدار دەکەن:
١- قەیرانی بژێوی ژیان: هەڵاوسانی بەربڵاو، دابەزینی داهاتی ڕاستەقینە و زیادبوونی فشاری تێچووی ژیانی ڕۆژانە، ئەولەویەتەکانی کۆمەڵگایان بۆ بژێوی ژیان گۆڕیوە. خەرجکردنی سەرمایەی سیاسی و سەرچاوە مرۆییەکان بۆ ئەو پڕۆژانەی کە نە بژێوی ژیان باشتر دەکەن و نە چارەسەرێک بۆ قەیرانە ئابوورییەکان دابین دەکەن، خۆی جۆرێکە لە دوورکەوتنەوە لە خواستەکانی گشتی و کردنەوەی کەلێنی متمانە
۲- شکستی مۆدێلی زۆرەملێ: ئەزموونی پێشووتر لەگەڵ سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی نیشانی داوە کە گوشاری پۆلیس و میدیا لە گۆڕینی خووی قووڵی کۆمەڵایەتیدا بێ کاریگەرە و تەنانەت بەرهەمەکەی پێچەوانەیە- دەرئەنجامەکەی زیادبوونی خۆڕاگری و چالاکی مەدەنی و وەرینی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بووە.
۳- پارچە پارچەبوونی مەیدانی دەسەڵات: وەک دژایەتی فەرمی نێوان ڕاگەیاندنی بارەگا و ڕەتکردنەوەی بودجە لەلایەن حکومەتەوە دەریدەخات، هیچ هاوئاهەنگییەک لە نێو پێکهاتەکەدا نییە؛ فراکسیۆن و دامەزراوەکان لەسەر ئامراز و دەسەڵات لە ململانێدان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پڕۆژەکان زیاتر هێمای کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیین نەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە.
کاردانەوەکانی مەیدانی – لە نافەرمانی مەدەنی تاکەکەسیەوە تا بزووتنەوە جەماوەرییەکان – ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو سیاسەتەی جێبەجێ دەکرێت ناتوانێت گوتاری نۆرماتیڤی خۆی بنیات بنێتەوە. هەروەها کە نوخبە ئایینی و سیاسییەکانیش دان بەم شکستە دەنێن: هەندێک هۆشداری ئەوە ئەدەن کە فەرمانی ئێفراتی ئاڵۆزی بە بار ئەهێنی “غەرویان”، هەندێ دیکەش هەوڵدەدەن بیانگوازنەوە بۆ باری کلتووری بۆ ئەوەی تێچووی سیاسی کەم بکەنەوە”تاهێری ئاکرادی”.
بەڵام قسەی ئەو کەسانەی کە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە ئەزموونی ڕابردوو شکستی هێناوە “فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەت” یان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە چارەسەر دەبێت زیاتر پێکهاتەیی و ئابووری بێت “پەرلمانتاری پێشوو، جەلال ڕەشیدی کوچی”، ئەم باسانە خۆی نموونەی دانپێدانان بە ناتەبایی نێوان دەسەڵاتە.
دەوترێت ئامانجی سەرەکی بارەگاکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی سێکۆلاریزم و “بێباکی کۆمەڵایەتی”. بەڵام ئەم زمانە لە هەوڵێک بۆ بنیاتنانەوەی هەژموونی ئایدیۆلۆژی زیاتر هیچیتر ناگەیەنێت. کاتێک وڵامی حوکمڕانی بۆ دابەزینی شەرعیەت بریتییە لە کۆکردنەوەی سەرچاوە مرۆییەکان لە بواری داپۆشینیدا، بەو مانایەیە کە پێکهاتەی دەسەڵات مەیلی بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی و ئابووری نییە و هەوڵدەدات پەیوەندی دەوڵەت و کۆمەڵگا لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوەی نەزمی نۆرماتیڤەوە بەڕێوەببات- ڕێبازێک کە لە واقیعی ئاڵۆزی ئەمڕۆی ئێراندا نەک هەر بێکەڵکە بەڵکو مەترسیدارە.
سێ ڕێگا ئەگەری لە پێشە:
1- جێبەجێکردنی زۆرەملێ: چڕکردنەوەی سەرکوت، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان و وەرینی قووڵتری شەرعییەت.
2. دراماسازی: ڕاگەیاندن و زیادەڕەویکردن لە پلانێک بەبێ سەرچاوە و جێبەجێکردن؛ پڕۆژەیەکی نەمایشی کە خۆی هێمای بێدەسەڵاتی سیستەمەکەیە.
3. کۆنترۆڵی درێژخایەنی سۆفتوێر: هەوڵدان بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەک بە سیاسەتی کولتووری-پەروەردەیی؛ بەڵام سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە بەندە بە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابووری و سیاسی و هەروەها کۆمەڵگای ئێران نیشانی داوە هەڵگری ئەو کلتورە نییە.
پاشەکی:
“ژووری ڕەوشی عیفاف و حیجاب” نموونەی هەمان سیاسەتی ڕەمزییە کە ساڵانێکە شەرعیەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای هەژموونی نۆرماتیڤ بەسەر جەستەی ژناندا بنیاتی ناوە. لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم پڕۆژەیە ئامرازێک نییە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە بەڵکو نیشانەی بێهیوایی حوکمڕانییە. ڕێگای دەربازبوون لەو قەیرانە بۆ کۆمەڵگا و بۆ ئەوانەی ئازادی و دادپەروەرییان دەوێت، لە ڕاگرتنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و هەنگاونان بەرەو سیاسەتی وەڵامدەرەوە و ئابووری و مافخوازانەدایە. بۆ هەموو هێزە مەدەنی و سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، ئەرکەکە ڕوونە: ئاشکراکردنی میکانیزمە هەژموونییەکان، بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکان و بەشداریکردن لە دیالۆگ لەگەڵ ڕای گشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی فشاری ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی لەسەر پێکهاتەیەک زیاد بکات کە مانەوەی خۆی بەستووەتەوە بە کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنانەوە.
دەسەڵاتێک کە بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ کۆنترۆڵی زۆرەملێی جەستەی ژنان ببات، نەک هەر شەرعیەتی خۆی لەدەست داوە بەڵکو نیشانی دەدات کە توانا و ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی داواکارییە مەدەنی و ئابوورییەکانی خەڵک نییە. پڕۆژەی “ژووری دۆخی عیفاف و حیجاب” زیاتر بەڵگەنامەی دابەزینی شەرعییەتی نەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی.
