لە دادگای پیاوسالاریدا قوربانیی تۆمەتباره 

ئارەزوو کەمانگەر

ئێمە وەکوو ژن، لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەستدرێژی نەک تەنها دژی جەستەی ژنێک، بەڵکو دژی کەرامەت و کەسایەتیی ئەو ژنه ئەنجام دەدرێت. دەستدرێژی سێکسی لە کولتوری ئێمەدا دوو جار ڕوودەدات:

 یەکەم، بە شێوەی فیزیکی و جەستەیی ، دووهەمیش کاتێک کۆمەڵگا بە جۆری ڕوانینی به دیاردەی دەستدرێژیی و بەتۆمەتبارزانینی ژنەکە، هێرش دەکاته سەر دەروون و کەرامەتی قوربانیەکە.

لە پێکهاتەی پیاوسالاریدا، دەستدرێژی کەمتر وەک توندوتیژی و زیاتر وەک ڕەفتاری سێکسی یان “لاڕێیانە” سەیر دەکرێت. زەینی جەمعیی ئێمه ڕاهاتووە کە ژنان وەک وەسوەسەکار، بەرپرسیار و شەریکی تاوان بناسین. وا ڕاهاتووین کە لە جەستەی ژناندا بە دوای هۆکاری دەستدرێژیکردن بگەڕێین و واز لە فاکتەرەکانی دیکه وەکوو دەسەڵات،رەگەزی بالادەست و ڕەزامەندنەبوونی قوربانییەکە بێنین.

ئەم پێچەوانەبوونەوەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە کولتوری ئێمەدا “ئابڕوو  و شەرەف” گرنگترە لە حەقێقەت و ڕاستیی. لەم حاڵەتەدا و لە وەها کۆمەڵگایەکدا زۆر ئاساییه کە سەرپۆش لە سەر کاری پیاوە دەستدرێژکارەکە دابنرێت و ژنە قوربانیەکەش بێدەنگ بکرێت لە بەر ئەوەی سیمای کۆمەڵگاکە تێک نەچێت و وەک خۆی بمێنێتەوە.

لە سیستەمێکی ئاوادا ژن تەنیا هەڵگری ئابڕووە نەک خاوەن ماف. هەر بۆیە دەبێت قوربانیی بەردەوام ڕوونکردنەوە بدات،پاساو بهێنێت و بەرگریی لە خۆی بکات، و ئەمە لە کاتێکدایه کە دەستدرێژیکار بە پشتبەستن بە بێدەنگیی و تا ڕادەیەکیش پشتیوانیی گشتیی ئەو کۆمەڵگایه، دەخزێتە نێو سێبەری ژیانیەوە.

لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەستدرێژی تەنیا توندوتیژی سێکسی نییە، بەڵکو کردەوەیەکی دەسەڵات تەوەرییه. واته دەستدرێژیی ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن و سەپاندنی قەزاوەتی کۆمەڵایەتی بەسەریدا. ئێران نموونەیەکی ڕوونی کولتوورێکی لەو جۆرەیە: کە دەستدرێژی نەک هەر بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵکوو کاتێک ئاشکرا دەبێت، قوربانییەکە زیاتر لە دەستدرێژیکارەکە دادگایی دەکرێت. ویژدانی بەکۆمەڵ کە دەبێ پارێزەری دادپەروەری بێت، بەرامبەر بەو دیاردەیە بە پێچەوانەوە مامەڵە دەکات و ژنەکە بە تاوانبار دەبینێت و پیاوەکە لە بەرپرسیارێتی بێبەری دەکات.

پرسیارە باوەکانی کۆمەڵگه بەرانبەر بە ژنانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسیی، خۆیان شایەتیی ئەم پێچەوانەبوونەوەیەن:

بۆچی لەوێ بوویت؟ بۆچی لە نیوەی شەودا چوویتە ماڵەکەی؟ بۆ بێدەنگ بوویت؟ مەگەر خۆی نەیویستووە؟

ئەم پرسیارانە هەمان لۆژیکی سەقەتی پیاوسالاری بەرهەم دەهێننەوە کە ژن بە سەرچاوەی وەسوەسە و پیاو بە قوربانیی غەریزە دەزانێت. لە لۆژیکێکی لەو جۆرەدا دەستدرێژیکردن بە پێشێلکردنی ڕەزامەندی و شکاندنی سنووری جەستەی کەسەکە نازانرێت، بەڵکوو بە “هەڵە تێگەیشتن” یان  به دەرئەنجامی ڕەفتاری ژنەکە دادەنرێت.

ئەم عەقڵیەتە نەک تەنیا قوربانیی ناچار دەکات بێدەنگ بێت، بەڵکوو دەستدرێژیکارەکەش بێتاوان دەکات. تەنانەت ژنانی دیکەش، بەبێ ئاگاداری، بە هەمان گوتاری پیاوسالاری، یارمەتی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دەدەن.

“دەبێ ویستبێتی” “ئەگەر نەیویستایە نەدەچوو” “بۆچی ئێستا گلەیی دەکات؟

زۆرجار ئاوەها قسەگەلێک لە زاری ژنانەوە کاتێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنێکی دیکه، دەبیستین، قسەگەلێک کە وشە بە وشەی زامێکی دووهێندە دەخاتە سەر دڵ و دەروونی ژنه قوربانییەکە، زامێک کە ساڵانێکی دوور و درێژی پێدەچێ تا بتوانێ ساڕێژ بێت.

ئەم قسانە بەڕواڵەت لۆژیکیانەیه، بەڵام لە ڕاستیدا درێژەپێدەری هەمان ئەو کولتوورەن کە ژنان بە بەرپرسیار لە دەستدرێژی، و پیاوان خاوەن دەسەڵات دەزانن.

دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی لەم دواییانەدا دژی ئەکتەری ناسراو “پژمان جەمشیدی” ئەم میکانیزمەی ئاشکرا کرد. پێش هەر لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی، ڕای گشتی بۆ بەرگریکردن لە کەسایەتییە خۆشەویستەکە ڕاکێشرا؛ ناوبانگ جێگەی عەداڵەتی گرتەوە و ئەو ژنەی سکاڵای لە سەر کردووە بەرەڕووی شەپۆلێکی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی بووەوە و تەنانەت بە تۆمەتباریشیان زانی. ئەم کاردانەوە بەکۆمەڵە، دەریخست کە ویژدانی گشتیی لە ئێراندا زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتدا هاودەنگه و چاو لە سەر حەقێقەت دادەخات.

دوو ساڵ پێش ئێستا و له دۆسیەیەکی دیکەدا شلێر ڕەسووڵی، ئەو ژنه مەریوانیەی کە بۆ ئەوەی لە دەستدرێژی ڕزگاری بێت، خۆی لە پەنجەرەیەکەوە فڕێدەداتە خوارەوە و گیانی لەدەستدەدا. مردنی ئەو ژنه بیرهێنانەوەی هەزاران ژنە کە دوابەدوای دەستدرێژیکردن لە سەریان بێ بەزەییانه لەلایەن کۆمەڵگاوە قەزاوەت کراون و ڕەنگه شلێر و شلێر ناوەکان لە ترسی قەزاوەتی نادرووستی خەڵک، لە نێوان ژیانی دوای دەستدرێژی و مردن، مەرگیان هەڵبژاردبێت. کە وابوو شلێر قوربانی مەیلی سێکسیی تاکێک نەبوو؛ ئەو قوربانی کولتوورێک بوو کە ژنان لە جەستەیان نامۆ دەکات و لەبری ئەوەی دەستدرێژیکار بە بەرپرسیار بزانێت،ژنەکە بەناو”خەتاکار یان گوناحبار” دەزانێت.

کە وابوو لە هەردوو حاڵەتدا،چ دەنگ هەڵبڕێت و دژی دەستدرێژیکارەکە بوەستێتەوە، چ کۆڵ نەدات و پێش دەستدرێژی کۆتایی به ژیانی خۆی بێنێت، ئەوەیکه زیان دەبینێت، ئەوەیکه قەزاوەت دەکرێ، ئەوەیکه پاڵپشتیی لێ ناکرێ(چ لە لایەن یاسا چ کۆمەڵگه) ژنە قوربانیەکەیە.

لە کۆتاییدا، دەستدرێژی لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا دیاردەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامێکی زنجیرەیی له پەروەردە،بەها و بێدەنگییە. کچان هەر لە منداڵییەوە فێر دەبن کە جەستەیان هەڕەشەیە و دەبێت داپۆشرێت نەکوا هەستی پیاوێک ببزوێنێت. کوڕان فێر دەبن کە ئاساییە نەتوانن کۆنتڕۆڵی غەریزەکانیان بکەن. ئەم پەروەردە دوو لایەنەیە، ئیمکان دەدا به دەستدرێژیکردن و هەروەها قەزاوەت لە سەر قوربانیی نەهادینه دەکات.

ئێستا و لەم سەردەمەشدا کە سەردەمی میدیا و سۆشیاڵ میدیایه،ڕۆڵی میدیا لەم چەرخەدا حاشا هەڵنەگرە. جەختکردنەوە لەسەر “ڕەفتار و هەڵسووکەوتی قوربانیی” یان “کات و شوێنی ڕووداوەکە” لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا، هاوسۆزی لەناو دەبات و مێشکی کۆمەڵگا لە توندوتیژییەوە بۆ تاوانبارکردن دەگۆڕێت و بەلاڕێیدا دەبات.

تا کاتێک ئاوەها پێچەوانەیەک لە مێشک و زمانی ئێمەدا بەردەوام بێت، عەداڵەت وەک چەمکێکی بێواتا لە ویژدانی دەستەجەمعیدا دەمێنێتەوە و حەقیقەت لە سێبەری ئابڕوودا ون دەبێت.