دەبێ بۆ ژیانێکی باشتر خەبات بکەین، خۆکوشتن رێگا چارە نیە

دەبێ بۆ ژیانێکی باشتر خەبات بکەین، خۆکوشتن رێگا چارە نیە

✍ سامان_ سنە

بەداخەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ھاووڵاتیی لە کوردستان خۆکوژییان کردووە. لە نێو ئەم خۆکوژیانەدا نزیکەی ٣٠ کەس ژنان و ٢٠ کەسیش پیاوان پێکی دەھێنن لە ماوەی دوو حەوتوویی رابردوودا دوو کچی لاو بە ناوەکانی «رێژوان شەریفی و بەھارە تەوریوەری » لە سنە ھەوڵی خۆکوشتنیان داوە و بەداخەوە گیانیان لەدەست داوە.

تەمەنی ئەو کەسانەی ھەوڵی خۆکوشتنیان داوە، لە ١٢ ساڵ تا تەمەنی سەرەوەی ٤٠ ساڵە بووە. حاڵەتەکانی خۆکۆشتن بە شێوەی خۆ ھەڵواسین، حب خواردن، خۆسووتاندن، خۆکوشتن بە چەک و خۆ خستنە خوارەوە لە سەر بەرزایی بووە.

ھۆکارەکانی خۆکوشتن زۆرتر بە ھۆی ھەژاریی، ھاوسەرگیری زۆرەملێ، خەمۆکی، گوشاری ئەخلاقی و پیاوسالاری راگەیەندراوە.

ئەوەیکە ئێمە ئەمڕۆکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی دەیبینین، خۆی بەستێنەکانی خۆکوشتن ئاسانتر و زۆرتر کردووەتەوە.

کۆمەڵگای ئێران ئێستاکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێک لە ھارترین و گەندەڵترین رژیمە سیاسیەکان دایە. بە پێی داتاکان کە ھەر ١٠ ساڵ جارێک بڵاو دەکرێتەوە، لە ھەر چوار ھاووڵاتیی ئێرانی یەک کەسیان کێشەی دەروونیان ھەیە. چەندین میلیۆن دۆسیەی دادوەری لە دادگاکاندا ئیشی لەسەر دەکرێت. لە بەشی کۆمەڵایەتی سەرنجدان بە کێشە دەروونیەکان لە ژێر سفر دایە.

پەرەسەندنی خەمۆکی لە کۆمەڵگا پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی ژیان، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانەوە ھەیە. لەم رۆژانەدا کە گوشاری ئابووریی و پەراوێز کەوتنە کۆمەڵایەتێەکان و دەستپێڕانەگەیشتن و ئاسایش و شادی و سڵامەتی و دۆخی خراپی خواردنی ھاووڵاتییان پەرەی سەندووە و بێ گومان ئەمەش کاریگەریی ھەیە لە سەر زۆربوونی حاڵەتەکانی خەمۆکی. بە دڵنیایەوە ھەژاریی ئابووریی ھەنووکەیی گوشارێکی زۆری وەکوو ئیزۆلە بوون، ھەست بە نائەمنی کردن و خۆکوژیی ساز کردووە. لە پاڵ ھەژاری و دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستیە ئابووریی و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە، نەبوونی بیمە و پشتیوانی تەندروستی بۆ چەند میلیۆن کەس کە لەردەم گیرۆدەبوون بە نەخۆشیە دەروونیەکاندان، یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی خۆکوژییە لە ئێران.

رێگای خەبات بەرامبەر بەم دۆخە ئاڵۆزەی ئابووریی و خەبات دژی دیاردەی خۆکۆشتن، بەدیھێنانی بەختەوەری بۆ مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادایە. ئەگەر ژیان بە ھەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و بە دوور لە ھەژاریی و بێ دەرەتانی و ھاوتەریب لەگەڵ پێوەرە بەرز و ئەوڕۆیەکاندا، بەختەوەری و کەرامەت و حورمەتی مرۆڤەکان زۆرتر دەبێت. دابینکردنی ئەم دۆخە تەنیا بە لەنێوبردن و کۆتایی ھێنان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەبێت لە بواری خەباتی کۆمەڵایەتی، بەشداریی چالاکانەی ھەڵسووڕاوانی ناسراو لە ئاستی شارەکاندا و پەرە پێدانی یەکڕیزیی و دروستکردنی ناوەندە خەڵکیەکان لە نێو گەڕەکەکاندا کاریگەریی زۆری ھەیە. بایەخدان و پشتیوانی لەو کەسانەی خەمۆکیان ھەیە یان لە ژێر دەرمان و چاوەدێریی پزیشکی دان، لە لایەن چالاکانی مەدەنی و کەسە نزیکەکانیان و دروستکردنی ھاودڵی و یارمەتی کردنیان مرۆڤانەترین ھەوڵێکە کە دەتواندرێ ئەنجام بدرێت.

ئەم پاراگرافە بە وەبیرھێنانەوەی رەستەیەک لە سادق ھدایەت کۆتایی پێ دێنم، کە دەڵێ: «کارێکی شێتانەم کرد، بە خێر و خۆشی تێپەڕ بوو ». ئەمە بەشێک لە نامەیەکە کە سادق ھدایەت بوو کە، پاش یەکەم ھەوڵی خۆکوژیی بۆ براکەی نووسی. ناوبراو لە ساڵی ١٣٠٧ ھەوڵ دەدات لە چۆمێک لە شاری پاریس لە وڵاتی فەرانسە بخنکێنێت کە، بەلەمێک دێت و رزگاریی دەکات. ئەو ھیچکات سەبارەت بەم کارەی خۆی قسەیەکی نەکرد.

ئەم رووداوە دوەتر بووە ھۆی نووسینی چیرۆکی «زیندوو بە گۆڕ » لە نووسینی سادق ھدایەت و لەوێ دەڵێ: «ھەموو کەس لە مەرگ دەترسن و من لە ژیانی سەرسەختی خۆم. چەندە ترسناکە کاتێک کە مردن مرۆڤی ناوێت و دەستی رەت دەنێ بە سنگتەوە! کەس بڕیاری خۆکوشتن نادات، خۆکوشتن ھەموو کات لەگەڵ ھەندێ کەسە. لە سورشت و نوتفەی ئەوان دایە، ناتوانن لە دەستی ھەڵبێن .» بەڵام ئاخۆ بەوجۆرەی کە ھدایەت، زۆرێک لە خەڵک وا وەکوو ئەو بیر ئەکەنەوە، خۆکوشتن ھاوچارەنووس و لە زات و سروشتی ئاواندایە؟ ئاخۆ بەڕاستی ناتوانی لە دەستی ھەڵ بیت؟ بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە. ھیچ بەڵگەیەکی زانستی کە دەری بخات «خۆ کوشتن لە زات و سروشتی کەسێک دایە » بوونی نیە و ھەر کەسێکیش کە گیرۆدەی ئەم بیرۆکەیە، دەتوانێ رزگاریی ببێت.