ڕاپۆرتێک لە سەر پرۆژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە شاری سلێمانی وکاردانەوەکانی

ڕاپۆرتێک لە سەر پرۆژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە شاری سلێمانی وکاردانەوەکانی

✍ سەیران مستەفازادە

توندوتیژی بەرامبەر بە ژن زاراوەیەکی پسپۆڕانەیە بۆ شیکردنەوەی کار و رەفتارە توندوتیژەکان بەکار دەبرێت کە بەرامبەر بە ژن دەکرێ . توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بریتییە لە توندوتیژی دەروونی، سێکسی، جەستەیی، ئابووری. زۆر جار تاک بە سووک تەماشاکردن، بەسووک زانین ژن ئازار دەدات. زۆرجار توندوتیژی بە شکڵی هەڕەشە، زۆرەملێ، لێ سەندنەوەی دەسەڵات وئازادی بەشێوازی شاراوە یا ئاشکرا دێت . توندوتیژی ژنان لەهەموو چینەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و نژادی بوونی هەیە بەڵام ئەم دیاردەیە لەنێوان هێندێک لە گرووپەکان زۆرتر دەردەکەوێت و هۆکارەکانی دەگەرێتەوە بۆ سەر یاسا، کلتوور، دابوونەریتی زاڵ بەسەر ئەم گرووپانە. ژنانی کورد لەو دەستە ژنانەن کە بە شێوازی جۆراوجۆر دەکەونە بەر توندوتیژی ومافی ژیانیان لێ دەستێندرێتەوە. توندوتیژی دژی ژنان رۆژ بە رۆژ لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و رۆژ نییە لە میدیاکانەوە هەواڵی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاونەبێتەوە و ژنان لە ئاستی توندوتیژییەکان بێدەنگن وئامارەکانیش ئەوە دەردەخەن کە توندوتیژییە کان بەرامبەر بە ژنان زیاتربووە. ژنانی شاری سلێمانی دەربارەی هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی و بێدەنگی بەشێکی زۆر لە ژنان و چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییەکان بۆچوون وتێڕوانینەکانیان دەخەنە ڕو و زۆربەیان باس لەسەر پیاوسالار بوونی کۆمەڵگا و لاواز بوونی یاسا بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن .لە مەراسمێکدا پرۆژەی مێینە« ئەڵبەت من ئەو دەستەواژەیە ، واتە مێینە بۆ ژن بە گونجاو نازانم و پێموایە ژن گونجاوترین ناوە بۆ مرۆڤ » لە شاری سلێمانی راگەیەندرا کە لەو پرۆژە جلوبەرگی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدراوە هەڵواسران. تارا عەبدوڵڵای خاوەن بێرۆکەکەش سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە دەڵێت :ئەو کارە بۆ پیشاندانی ئازارەکانی ژنان ئەنجام دەدرێت و ئامانجی ئەوەیە کە کۆمەڵگا تێبگات کە چ شتێک بەرامبەر بە ژنان لەناو ئەو کۆمەڵگایە روو دەدات و ژنان چەندە ئازار دەبینن .رۆژی ۲۰۲۰/۱۰/۲۶ لە پارکی نالی شاری سلێمانی پرۆژەی مێینە بەرێوە چوو.ئەو پرۆژەیە تابلۆیەکە کە بریتیە لە جلوبەرگی ۴۸۰۰ ژن کە بەرامبەریان توندوتیژی ئەنجام دراوە وبە حەولی تارا عەبدوڵڵا و ستافێکی سی نەفەرە دروست کراوە .ئەو جلوبەرگانە لەپارکی نالی تا دادگای سلێمانی هەڵواسران .تارا عەبدوڵڵا ئەو جلوبەرگانەی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان کۆ کردووەتەوە و هەموویان پێکەوە دووراون و ماوەی سێ مانگ کاتی بردووە .پاش مەراسمەکە بەشداربووان لە بەردەم پارکی نالی تا بەردەم باخی گشتیی رێپێوانێکیان دژی توندوتیژییەکانی سەر ژنان ئەنجامدا.بەڵێن وابوو کە ئەو تابلۆیە ماوەی دوو رۆژ هەڵواسرێ بەڵام شەوی یەکەم ئەو تابلۆیە لە لایەن هێندێک کەس ئاگردرا. تارا عەبدوڵڵا سەبارەت بەو کردەوەیە بەکەناڵی رووداو ی گوت :لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، پاش سووتاندنی بەشێک لە پرۆژەکە . جلوبەرگەکان لابران.بەڵام ئەو جل و بەرگە لە پرۆژەیەکی دیکە دا بەکار دەهێنرێت ودەبێت بە شۆکێکی تر بۆ هاوڵاتیان و بۆ ئەو کەسانەی کە پرۆژەکەیان سووتاندووە دەڵێت :کاری ئەو کەسانە نیشانەی ئەوەیە کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت و ئەو کارەش بەشێکە لە توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان .بۆ ئەوی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کۆتایی بێت ، دەبێ هەنگاوی یەکەم لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن و کۆمەڵگا دەبێ پاڵپشتی ئەو ژنانە بێ کە زوڵمیان لێکراوە و هەروەها دابوونەریتی دژە ژن گۆڕانکاری بکرێت .ئەو کەسانەی کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن ئەنجام دەدەن دەبێت بە قورسی سزا بدرێن و روانگەی پیاوسالارانە لە ناو کۆمەڵگا تەواو بێت و پیاوان زۆرتر لە ژنان وشیار بکرێنەوە و نابێت هەر باس لە سەر وشیاریی ژنان بکرێت و پیاوەکان بەو بیروباوەڕە بگەن کە ژن ، نامووس و شەرەف و دارایی شەخسیی پیاو نیە