جەلال مەلەکشا، قەڵەمی بوێر و یاخی ، دەنگی ھەژاران و چەوساوانی کۆمەڵگا

جەلال مەلەکشا

✍ بھروز مەلەکشا

مامۆستا جەلال مەلەکشا، قەڵەمی بوێر و یاخی ، دەنگی ھەژاران و چەوساوانی کۆمەڵگا، نووسەرێکی دەروەست و کەسایەتیەکی شوێندانەرانە لەسەر بیری نەتەوەیی و ئامانجە بەرزە ئینسانیەکان و نیشتمان دۆست بوو، کەلەسەر بەرماڵی خوێنی شەھید سوجدەی بۆ نیشتمان دەبرد. ئەوینی رۆمانتیک لە شێعرەکانی جەلالدا، دەرباز بوون و رزگارییە لە ستەمێکی لە مێژینەی نەتەوایەتی و تەوژمی پۆستاڵی داگیرکەروسەرلێشێواوی کۆسپ و بەربەستە لەبەردەم جەلال و گەیشتن بە دڵدارە خەیاڵییەکەی و ھەر بۆیە لە خۆ بوردوویی و گیانبازی لە پێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکان، بەشێکی جیانەکراوە لە شێعرەکانی جەلالن. مامۆستا جەلال  لە ئەدەبی بەرگریدا خاواندارێتی لە وێژە و زمان و بیری نەتەوەیی ومانە ئینسانیەکان دەکات و سەربەستی کورد و رزگاری نەتەوەیی بۆ ئەو تەنیا خەونێکی شاعیرانە نییە، بەڵکوو باوەرێکی مرۆییە و وەک خۆی دەڵێ ؛” وشە یاخیە بێ لانەکان دەستەمۆ دەکات وێنەی فیشەک و شێعرەکانی بە گشتی بۆ ھەژاران و چەوساوانی کۆمەڵگاو ئەویندارانی رزگاری دەبن بە چەک”

جەلال بۆ بونیات نانی کۆمەڵگای یەکسان وئازاد تێکۆشاو بە قەڵەمەکەی بەگژ داگیرکەران و کلتوری پاشڤەرۆ دەسەڵاتداراندا دەچووەوە

سنوورە دەستکردەکانی دەشێواند و ئاواتەخوازە کە کاوەی کوڕی بە بێ بەربەستی سنوورە دەستکردەکان، لە سنەوە سەفەر بکات بۆ سڵێمانی ، قامیشلی، دیاربەکر، …لە زاری دادە پیرەی نیشتمانەوە بە کوێ دەشتی کۆمەڵگادا ھاوار ئەکات: وەرن با ھیڵانە شێواوەکەمان بکەینەوە بە نیشتمان ، نەبینە بوازی بێگانە و وڵاتە دابەش کراوەکەمان بدووزینەوە.

جەلال بە ھۆی تێکۆشان بۆ بەدی ھاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانیەکان زیاتر لە سێزدە ساڵی ژیانی لە زیندانەکانی ئێرانی سەردەمی پاشایەتی و رژیمی ئێستادا تێپەر کرد و زۆربەی شێعرە شۆرشگێرانەکانی بەرھەمی زیندانن و ئەگرچی شێوەیەک لە نھیلیسم لە سەرەتای شێعرەکانیدا بەرچاو دەکەوێت وسەرەڕای دەردو چەرمەسەرێکی زۆر، بەڵام جەلال کەرامەت و خۆراگری وسەربەستی و پێداگری خۆی دەپارێزێت و ھیجکات لە ئاست رۆژمەرگی و سوننەتەکاندا سەر نەوی ناکات و ئامانج و ئاواتەکان ناکات بە قوربانی نان و ناو!

جەلال مەلەکشا کە لە ھەر بارودۆخ و ھەلومەرجێکدا و تا دوا ھەناسە وەک رۆڵەی بە ئەمەگ و تێکۆشەر و وەفاداری نیشتمان ، لەگەڵ خەڵکەکەی مایەوە و لە پێناو سەربەرزی زمان و شکۆی شێعردا چەرمەسەری و ئازاری زۆری دیت،

بەڵام رەنج بەخەسار نە بوو، سەرەنجام جەستەی ماندووی لەسەر شان و لە باوەشی میلەت و لە خاکی نیشتماندا ئارامی گرت ولەمەودوا ئیتر جەلال، شێعر و چیرۆکەکانی و وشە یاخیەکانی تا ھەتایە لە سەنگەری شاخ و شاری کوردستان لەزاری ھەر تاکێکی وڵاتپارێزەوە بۆ ئازادی و سەربەستی ھاوار دەکەن و ھیوای دوارۆژی ھەژاران و چەوساوەکان و لە دڵی ئەویندارانی ئازادیدا خورپەی دێت.