توندڕەویی ئیسلامی، ئازادیی ڕادەربڕین و کۆماری ئیسلامیی ئێران

توندڕەویی ئیسلامی، ئازادیی ڕادەربڕین و کۆماری ئیسلامیی ئێران

✍ ئەسعەد دوروودی

کوژرانی وەحشیانەی مامۆستایەک لە فەرانسە بە دەستی ئیسلامییەکی توندڕەو لەبەر ئەوەی لە وانەی ئازادیی بەیاندا کاریکاتۆری پێغەمبەری ئیسلامی نیشاندا بوو، کاردانەوەی گەورە و بەرچاوی لە هەموو جیهان بە گشتی و ئورووپا بە تایبەتی بەدواوە بوو.
لەو وڵاتانە دانیشووان یان دەسەڵاتدارانیان ئیسلامین و ئازادیی ڕادەربڕین لە ژێر سێبەری ئاییندایە، ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک و دەسەڵاتداران پەنجەیان خستە سەر کاریکاتۆرەکان و سەرەڕای ئەوەی بەشێکیان کارە تیرۆریستییەکەیان ئیدانە کرد بەڵام ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی کاریکاتۆرەکەیان بڵاوکردووەتەوە یان نیشانیان داوەیان بە تاوانبار زانی و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەو کەسانە بێحورمەتییان بە ئیسلام و موسوڵمانان کردووە و کارەکەیان ناڕەوا و ناشایستە.
لەو شوێنانەی ئازادیی ڕادەربڕین ــکە لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا وەکوو مافێکی بنەڕەتیی ئینسانەکان جەختی لەسەر کراوەــ جێگیر بووە و خەڵکەکە بە مافی خۆیان و هەمووانی دەزانن بە هەر شێوازێک ویستیان ڕەخنە بگرن و بۆچوونیان دەربڕن، نوکی توندی ڕەخنەکە لە ئیسلامییە توندئاژۆکان و بیری توندڕەوانە و دوور لە تولورانس بوو. لە ڕوانگەی زۆرێک لە خەڵکی ئورووپاوە ئازادیی ئایین مانای ئەوەیە خەڵک بۆیان هەیە هەر دینێکیان هەبێ یان هیچ دینێکیان نەبێ بۆیە ئەوانیش بە حەقی خۆیان دەزانن لە دەسدرێژیی ئاییندارانی تونداژۆ بۆ سەر ژیان و ئازادییەکانیان پارێزراو بن و ئیمانداران دەبێ خۆیان لەگەڵ یاسای مەدەنی و ئازادیی ڕادەربڕین بگونجێنن.
لەگەرمەی ئەم باسانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتدارانی کە دەستەویەخەی قەیرانێکی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتین و لە ژێر گوشاری خەڵکی ناڕازی و گەمارۆ ئابوورییەکاندان ئەژنۆیان شکاوە، بوونەتە ڕۆڵگێڕێکی چالاکی مەیدانەکە و بەتەمان لەو پارچەیە کەوایەک بۆخۆیان بدوورن.
حکوومەتی ئێران بەتەمایە بە خۆشکردنی ئاگری ئەو ناکۆکییانەی پاش وتەکانی سەرۆک کۆماری فەرانسە و دژ کردەوەی ژمارەیەک لە دەسەڵاتە ئیسلامییەکانی جیهان پەرەی سەندوو، گوشار بخاتە سەر فەرانسە و وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیدا ئیمتیازیان لێ وەرگرێ و لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بەتەنیا نەمێنێتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە کاتێکدا باسی ئازادیی دین دەکەن کە حکوومەتی ئەو وڵاتە خاوەنی یەکێک لە ڕەشترین کارەنامەکان لەو بوارەدایە. سەرکوتی بەرینی بەهاییەکان و یەهوودییەکان، بێمافیی خەڵکی ئەو ناوچانەی سوننی مەزهەبن، گوشار لە سەر ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئایینیان لە ئیسلامەوە بگۆڕن بۆ ئایینی دیکە و بە گشتی بەڕەسمی نەنانسینی مافی کەمینە ئاینییەکان لە هەموو ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرچاو و دیارە. لە هەمووی گرینگتر کەسانێک کە نایانەوێ پەیڕەویی هیچ ئایینێک بکەن یان بڕوایان بە دەسەڵاتێکی ئاسمانی نییە ئەگەر بە ئاشکرا باسی بکەن سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێ، واتە ئازادیی ئایین لە ئێرانی ئیسلامیدا نەک بۆ بڕوامەندان بە دین و نەک بۆ ئەو کەسانەی بڕوایان بە دین نییە بە هیچ شێوەیەک نابیندرێ و سزای قورس و بگرە مەرگ چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکا کە داوی ئەو مافە بکەن.
وتەکان، توویتەکان و وتووێژەکانی کاربەدەستە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە ڕواڵەت خۆی بە دوور لە گرووپە توندئاژۆکان دەنوێنێ، پاش ڕووداوە تیرۆریستییەکەی پاریس و وتەکانی سەرۆک کۆماری فەرانسە دژی توندئاژۆیی ئایینی، هەموویان بە شێویەک لە شێوەکان دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی نەفرەت و بیری ڕاسیستی و دژایەتیی ئازادیی بەیانەوە.
کۆماری ئیسلامی بە کردەوە نیشانی داوە پێشێلکارێکی گەورەی مافەکانی ئینسان لە هەموو جۆرێکیەتی. حکوومەتی ئێران نە پشتیوانیی ئازادیی دەربڕینە نە پشتیوانی ئازادیی ئایین که به سەرکوتی هەر چەشنە ئازادیکی تاک و کۆمەڵگا دامەزرا. کۆماری ئیسلامی سیستمێکی گشتخواز، داخراو، دژی هەمو کەمایەتییەکان و فاشیستییە کە ئامادەیە هەموو کۆمەڵگا بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی. بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنها هێڵی سوور دەسەڵاتی خۆیان و مانەوەیان لە سەر حوکم و دەسگرتن بەسەر سامان و سەروتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیانە.
بۆ گەیشتن بە ئازادیی بەیان و ئازادیی ئایین و هەموو ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت بۆ هێوربوونەوەی ئاگری توندئاژۆیی ئایینی لە ناوچەکە و لە جیهان، نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فاکتۆرێکی گرینگ و سەرەکییە. رژیمی ئێران وەکوو گەورەترین دوژمنی ئازادی بۆی نییە خۆی وەکوو پشتیوانی ئازادی بنوێنێ.