دیداری نێوان کۆمەڵه و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

0
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، بەڕێز غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK) لە بارەگای مەکتەب سیاسی ئەو حیزبه لە هەولێر پێشۆازی له هاوڕێ ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد.
لەم دیدارەدا لایەنەکان بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان دایە بەر باس و جەختیان لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هەماهەنگی هەڵوێستەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە بەرامبەر پێشهاتەکانی داهاتوودا کرد. هاوڕێ ڕەزا کەعبی بە پێشکەشکردنی شیکارییەک بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، جەختی لە بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش و یەکڕیزی ڕیزەکانی هێزە سیاسییەکان بۆ خزمەتکردن به خەڵکی کوردستان کرد.
لەم گفتوگوەدا،سکرتێری گشتیی YNDK یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە فاکتەری بنەڕەتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد زانی و جارێکی دیکە پێشنیاری پێکهێنانی چەترێکی هاوبەشی بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
لە کۆتاییدا هەردوولا سوور بوون لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و درێژەدان بە هاوکاری و خەباتی هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد.
سکرتارییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٤ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *