سۆسیالیزم، تاقە رێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان …!  

0

م.ئارێز.سنە

ئەمرۆ کۆمەڵگای ئێران لە ژێر قەیرانێکی ئابوری ڕیشەییدا چەقی بەستووە و دەستوو پەنجە نەرمدەکات. ئەم قەیرانانە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا نەک چارەسەر نەکراون بەڵکوو رێگا چارەیەکیش بۆ چارەسەر کردن و یان تەنانەت بۆ هێور کردنەوەشیان لەبەردەستدا نییە.

قەیرانەکان و گرفتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت نەتەوەییەکانیش لەهەڵکشاندان و ئاسۆیەکی وەها بۆ چارەسەرکردن و ریشەکێش کردنیان لە بەرنامەو سیاسەتی رۆژانەی ئەم دەسەڵاتەدا نابیندرێ. کۆی گشتی ئەم قەیرانانە رژیمی كۆماری ئیسلامیی و به‌ڵا و نه‌هامه‌تیه‌كانی سه‌رچاوه‌ گرتوو له‌ ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داری، دەسەڵاتی تارانی تا ئاستی بەربوونەوە لەدەسەڵات هێناوە .ئەم ڕێژیمە لە ناو بەرەی دەسەڵاتیشدا لەگەڵ دوو بۆچوونی جیاواز و لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی جیددی و دژوارو چارەهەڵنەگر بەرەوڕوویە. ڕێژیم لە ماوەی دەسەڵاتی نەحسیدا نەک هەر نەیتوانی قەیرانە ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان کەم بکاتەوە، بەڵکوو زیاتر پەرەی پێدان. چاندنی تۆوی دوو بەرەکی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران و پەرە پێدانی ناکۆکی رەگەزی و ئایینی سیاسەتی هەر رۆژەی بووە.

ئەمرۆکانێ دراوی ئێران لە‌ نزمترین ئاستی خۆیدایە. داهاتی فرۆشی نه‌وت لە ژێر زەختی دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانانی لەکەمی کردووە. سه‌دان بنکە و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان لەبەرهەم هێنان وەستاون و یان لە خراپترین دۆخ دان. سفرەی ژیانی خەڵک روو لە چکۆڵەبوونەوەیەو پێداویستیه‌كانی ژیان لە ماڵەوە بگرە هەتا خواردەمەنییەکان بەرەوەو گران بوون دەرۆن. نرخی بێکاری لەهەڵکشاندایەو ژمارەی ڕاستەقینەی بێکاران لە ئێران زیاتر لە ٢٢ میلۆن کەسە.

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ٤٢لەسەدی کۆی بێکارانی ئێران دەرچووانی خوێندنی باڵان. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆربەی جەماوەری خەڵک گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، دەستێوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی ئینسانەکان، وەڵامی داخوازی رەوای خەڵک دەداتەوە. هەژاری، گرانی، هەڵاوسان، چەوساندنەوە، بێکاریی بەتایبەتی لە نێو جیلی خوێندەوار، کۆڵبەری، سوختبەری، گەندەڵی دارایی و ئیداریی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، جیاکاری ئایینی، هەڵواردنی زمانی و نەتەوەیی، پەرەسەندنی منداڵانی کار و سەرشەقام، زیادبوونی تەڵاق، لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، کۆمەڵگای ئێرانی خستۆتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە. له‌ وه‌ها بارووخێكدایه‌ کە گوتاری‌ سۆسیالیستی دەبێتە تەنیا بژاردەو ته‌نیا به‌دیلێك كه‌ ده‌توانێ چارەسەرسازو دەرگای ڕزگار بوون بەرەو ڕووی جەماوەری وەگیان هاتووی کۆمەڵگای ئێران بکاتەوە. ئالتێرناتیوی سۆسیالیستی وەک رێگا چارەیەک بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگا، لە هەنگاوی کردەیی خوێدا کۆتایی بە دەسەڵاتی دێکتاتۆر دێنێت و لەسەر وێرانەکانی ئەم دەسەڵاتە دونیایەکی شیاوی ئینسانی دادەمەزرێنێ. ئەگەر سەردەمانێک و لە سەردەمی ڕاپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی و پاشان هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی،گوتاری چەپ بە تایبەتی لە کوردستان توانی بگاتە لوتکەو هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خۆی بگۆرێ بەڵام لە کورت ماوەدا رووی لە کزی کرد و نەیتوانی هێز و پێگە کۆمەڵایەتیە مەزنەکەی خۆی بپارێزێ بەڵام هەنوکە بە دوای ئاڵووگۆڕە یەک لەدوای یەکەکان و شۆڕش و ئاخێز و مانگرتنە کرێیکارییەکان، ئەم گوتارە توانیوێتی سەرلەنوێ خۆی دارێژێتەوەو بێتەوە ناو باس و خواستەکانەوە. سوسیالیسم رێی نیشاندەرەو وەڵامی ئاواتی لەمێژینەی جەماوەری خەڵکە. خەڵک نایانهەوێ بچەوسێندرێنەوە خوازیاری پاراستنی مافەکانیان و نەمانی نایەکسانی و هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی ژیانن. ئەوان دژی چەوسانەوەن و دەیان هەوێ زوڵم نەمێنێ. سنورە دەسکردەکانی دەستی بەشەر کۆتاییان پێ بێ و بەرهەمی زەحمەت و کوێرەوەری خۆیان، بەدەست خۆیان بێ. کەواتە ئەم سوسیالیزمە دەتوانێ بژاردەی ئەم کۆمەڵە مرۆڤە بێ کە ئاواتی رزگار بوون دەخوازن. سوسیالیزم پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆڤیە کە پێویستی بە سازکرانی بەستێنی فەرهەنگی و ئابووری بۆ هێنانە مەیدانی ئەو هێزە هەیە کە دەتوانێت ئەو سیستەمە وەکوو قۆناغێکی نوێی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژیانی ئینسانەکاندا مسۆگەر بکا. کەواتە ئێستا زیاتر لە هەموو کاتەکان ئەم گوتارە پێویستەو دەبێ خەبات بۆ دەستەبەر کردنی بکرێ.

بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک هەم لە ئێران و هەم لە کوردستان، بە تایبەتی لەکوردستان کە دەکرێ وەکوو ترپەی دڵی هەموو ئاخێزو شۆڕشەکانی چواردەییەی ڕابردووی ئێران سەیر بکرێ، خاوەنی وزەیەکی پێشکەوتنخوازانە و چەپە و ڕەگەکانی سوسیالیزمی جەماوەری لە ناو خەباتەکەیدا بەرچاوە. ڕوانینی چەپ لەگەڵ خواست و ویستی جەماوەری وەگیان هاتوی کوردستان تێکەوە گلاوە و خەباتی تا ئێستای خەڵکیش لە کوردستان بە تایبەتی لە شێوەو قورسایی دروشمەکان و خواستی رۆژانەیان، سەلمێنەری ئەو راستییەن. گوتاری چەپ لە کوردستان جیاوازە لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ئێران، ڕیشەیەکی قووڵی هەیە لە ناو کرێکاران، روشنبیران، مامۆستایان، گەنجانی بێکار و چالاکانی مەدەنی. ئەم پەیوەستبوونەی بنەڕەتی وای کردووە چەپ بتوانێت بە بزاوێکی خەڵکی بگۆڕدرێت و کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا دابنێت. کۆمەڵەو رێبازەکەی ئاڵاهەڵگری لە مێژینەی ئەم خواستەن. کۆمەڵە لە خەباتی رەوای خوێدا توانیوێتی پەیوەندیی ئۆرگانیکی لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، گوندنشینان و روناکبیرانی چەپ پێک بێنێ و بەرهەم و دەسکەوتی ئەم تێکۆشانەش مانەوەی لەخەبات و جێگەو پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییە کە ئێستا بە پانتایی هەموو کوردستان هەیەتی. ئێمە لە بەرەی کۆمەڵەدا خوازیاری دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی، ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵگاین. کەواتە ئەم ئامانج و ئەم فاکتۆرانە ئامرازێکی بەهێزی دەستی ئێمەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی. ئێمە ڕێبوارانی کۆمەڵە دەبێ پەرەپێدەری پشکووتنی ئەو پوتانسیل و ئیمکانانە بین کە لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیەو کار بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا دەکەن. ئەمرۆ چەپ و سوسیالیزم و کۆمەڵە، پێگەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتییان لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە. شۆرشی ژینا، مانگرتنەکانی خەڵکی کوردستان پێش ئەم شۆڕشە و دوای ئەم شۆڕشە سەلمێنەری ئەو راستییەن. کەواتە بۆ پێشەوە بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی سۆسیالیستی و کردنی بەگوتاری زاڵ بەسەر کۆمەڵگا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *