دۆنالد ترامپ و داهاتووی جیهان و ئەمریکا

دۆنالد ترامپ

✍ ئاووین سەعیدپوور

دۆنالد ترامپ و جۆ بایدن بە شێوازی فەڕمی بونە کاندیدای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم به بەرچاو گرتنی کاردانەوەی ئەم هەڵبژاردەی لە گۆڤارە ئەمریکییەکان باس لە بارودۆخی دوایی ئەگەری هەڵبژاردنی دووبارەی دۆنالد ترامپ لە جیهان دەکەم.
دۆنالد ترامپ چۆن جیهان دەبینێت؟
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گۆڤاری سیاسی- کۆمەلایەتی وردلی- ڤۆکس (worldly- vox) بە تێروتەسەلیی باس لە سیاسەتی دەرەکی ئەم دو کاندیدای هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکات. لەو ڕووەوە کە جۆ بایدن نزیک بە ٥٠ سالە لە سیاسەتی ئەمریکا بوونی هەیە و لە دەیەی ڕابردوودا حەوت سال وەکوو جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆلی گێراوە، پێشبینی سیاسەتی دەرەکی ئەم کاندیدای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا رەنگە زۆر ئاڵۆز و سەخت نەبێت. بەڵام دۆنالد ترامپ کە ٣٠_٤٠ ڕابردوو وەک سێلێبریتی تەلەفیزیۆنی و ئابووری تێکەڵی سیاسەت بووە و تەنیا لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا کاتی هەبووە کە دەمو دەستگای سیاسەتی دەرەکی حکومەتەکەی بنیاد بنێت و ئەمە گۆمانگەلێکی زۆری درووست کردووە بۆ داهاتووی دۆنالد ترامپ و حکومەتەکەی.
جین ویلیامز و ئەلەکس ڤێرد دوو توێژەری گۆڤاری وردلی-ڤۆکس کارنامەی سیاسەتی دەرەکی حکومەتەکەی دۆنالد ترامپ بە سێ بەش دابەش دەکەن و هەروەها باس لە دروشمی سەرەکی ئەو لە ژێر ناووی * بەر لە هەموو شوێنێک ئەمریکا* دەکەن.
یەکەم: دروشم و قسە کانی دۆنالد ترامپ وەک بەرامبەری کردن لە گەڵ چین یان بەدەست هێنانی ڕێککەوتنێک باشتر لەگەل ئێران.
دووهەم: ئامانجگەلێک کە کۆشکی سپی بۆ خۆی دانابوو.
سێهەم: رەنگدانەوەی کۆنکرێت ئەم دروشمانە لە جیهاندا.
هەروەها لێرەدا جین ویلیامز و ئەلەکس ڤێرد پێرستی دەستکەوتەکانی سیاسەتی دەرەکی دۆنالد ترامپ کە شانازی پێوە دەکات دەخەنە بەردەست:
١. ڕاوەستانی پڕۆژەی ئەتۆمی کۆریای باکوور.
٢. ڕاوەستان بەرامبەر بە پاوان خوازیەکانی چین و هەروەها سەپاندنی گەمارۆ مافی مرۆڤ بە هۆی موسڵمانان ئویغۆر و هەروەها دانیشتوانی هۆنگ- کۆنگ.
٣. سەپاندنی گەمارۆ قورس و هەروەها هەوڵدان بۆ روخاندنی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران و لاواز بوونی جموجۆڵی سەربازی و تیرۆریستی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی.
٤. هاندانی وڵاتە ئەوروپیەکان بۆ تەرخان کردنی پارە و بودجەی زیاتر لە هێزی سەربازی ناتۆ.
٥. شکست هێنانی خەلافەتی دەولەتی ئیسلامی( داعش) لە عێراق و سوریا.
٦. نزیک بونەوە لە ڕێکەوتنی تازەی ئاشتی لە ئەفغانستان.
٧. یارمەتی دانی زیاتری ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەسکەوتی گەورەی وەک دانوستانی ئیمارات و ئیسرائیل ی لێکەوتەوە.
٨. زیادکردنی گوشار ئابووریەکان لەسەر وێنەزویلا.
دوایی ریز کردنی ئەم ٨ خاڵە ئێستا دەبێت باسی حەقیقەتەکان و کاردانەوەی ئەم خاڵانە و سیاسەتی دەرەکی دۆنالد ترامپ بکەین. بە بڕوای دوو توێژەری گۆڤاری وردلی-ڤۆکس ئەگەرچی کۆریای باکوور تاقی کردنەوەی چەکی ئەتۆمی بەڵام ڕاپۆرتگەلێکی زۆر لە بەر دەستە کە کۆریای باکوور بەردەوامە لە تاقی کردنەوەی چەکی قورس و هەروەها مووشەک و هەتاوەكو ئێستا هیچ رێکەوتنێکی جدی لە نێوان کۆریای باکوور و ئەمریکا ڕێکنەکەوتوە. لە هەمان کاتدا دۆنالد ترامپ باس لە گرێبەستێکی تازە لەگەل چین دەکات کە هەتاوەكو ئێستایش هیچ بەڵگەیەکی لە بەر دەست نیە و بە نهێنی ماوەتەوە و هەروەها گەمارۆکەی ئەمریکا لەسەر چین کە دەڵێت لەبەر موسڵمانان ئویغۆر و دانیشتوانی هۆنگ-کۆنگ کاریگەری ئەوتۆی نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جان بۆڵتۆن لە کتێبەکەی خۆی باس لەوە دەکات کە دۆنالد ترامپ دانی بە گۆشارەکانی چین بۆ سەر موسڵمانان ئویغۆر داناوە و بە شێوەیەکی گشتی پێی پەسەندکرا و بووە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەکی دۆنالد ترامپ کۆشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەیی سوپای قودسی ئێران بوو. توێژەرانی گۆڤاری وردلی-ڤۆکس باس لە بۆچونێک دەکەن کە لەو کاتەدا باوەری وابوو گۆڕانکاریێکی گرینگ لە ڕووبەڕوو بوونەوە ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە بەڵام لە ڕاستیدا وا نەبوو و کوشتنی قاسم سلێمانی نەبووە هۆی کردنەوەی وەرزێکی جیاواز لە نێوان ئەمریکا و ئێران. لە لایەکی دیکەوە گرووپە میلیشیاکانی عیراق بە پالپشتی ئێرانەوە هەتا وەکوو ئێستاش دەستیان لە هێرش کردن بۆ سەر ئەمریکییەکان هەڵنەگردوە و ئەمریکا هەتا وەکوو ئێستا هیچ وەڵامێک ی نەداوەتە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیە لە راستیدا پرسیار ئەمەیە: ئەگەر دۆنالد ترامپ سیاسەتی جیاواز لە سیاسەتی باراک ئۆباما بەرامبەر بە ئێران هەڵبژاردوە بۆ هەتاوەكو ئێستا هێرشی نیزامی نەکردووەتە سەر ئێران؟.
جین ویلیامز دەڵێت لە دوایی خستنە خوارەوەی پەهبادی ئەڕتەشی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە دۆنالد ترامپ بریاری هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران نەدا و تەنانەت جان بۆڵتۆن کە یەکێک لە گرینگترین رۆڵەکانی لە سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا هەبوو نەیتوانی قەناعەت بە دۆنالد ترامپ بێنی و لە ئاکامدا وەلانانی خۆی بە دواوە بوو. ئێستاش دۆنالد ترامپ لە دوژمنەکانی خۆی بە بۆنەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا باس لەوە دەکات کە دووای هەڵبژاردنی دووبارەی لە یەک هەفتەدا لەگەل ئێران دەگەنە دانوستان بەڵام بە بڕوای جین ویلیامز ئەم دروشمە دوو رووی هەیە، یان وەک دانوستانی ئەمریکا و چین تەنیا رەزامەندیێک بێت لە سەر لاپەڕەکان یان ئەگەر ئێران لە مەوازعی خۆی پاشەکشە نەکات ئەوە گەمارۆکان قورستر دەبێ و کێشەم کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەلێکس ورد لەو باوەڕەدایە کە رەنگە لە دوایی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دۆنالد ترامپ وەک جۆرج بۆش دوو ڕێگای بۆخۆی دانابێت کە یەکیان رێگە بە ئێران بدات بەرنامە ئەتۆمی خۆی بەڕێوە ببات و بیرێکی جدی لە هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران بکاتەوە.