خۆکوژی بۆ گۆڕینی دۆخی کۆمەڵایەتی و چینایەتی

خۆکوژی

✍ سەیران مستەفازادە

رۆژی ۱۰ سێپتامبر،رۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی ناو نراوە . خۆکوژى لە ئێران دوو هێندەى نێوەنجى خۆکوژییە لە دونیادایە .
رێژەی خۆکوژی لە ئێران لە هەر سەد هەزار کەس چوار کەسە دەحالێکدا رێژەی خۆکوژی لە جیهاندا لە هەر سەد هەزار کەس ۶ کەسە .
پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێمان دەگات لە سەرەتای ساڵی ۹۹ی هەتاوی تا ئێستا۱۰۴ حاڵەتی خۆکوژی لە کوردستان راگەیاندراووە. لەم چەند مانگەی دواییدا رێژەی خۆکوژی لە کوردستان چەند قات زیادی کردوە کە ئەمەش دەکرێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت، قەیرانی ئابووریی، کێشەی چینایەتی یا ناڕەزایەتی بە دۆخی سیاسی دەتوانێت بەشێک بێت لە هۆکارەکانی خۆکوژی لە کوردستان.
بە پێی ئامارەکانی خودی رژیم لە کوردستان رێژەی خۆکوژی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەم ماوە زیاتر لە سەدا 5 زیادی کردوە و تەنیا لەم چەند مانگەدا زیاتر لە 100 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە و رێژەی خۆکوژیی ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان. لەم ماوەیەدا هەر رۆژ ئێمە شاهیدی هەواڵی خۆکوژی زیاتری ژنان، کرێکاران، مووچەخۆرانی ئاواییەکان و بە تایبەتی گەنجانین. بێ هیوایی سەبارەت بە داهاتوو یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گوشاری دەروونیە لە سەر خەڵک. نەبوونی ئەمنیەتی کار، کۆمەڵگایەکی بە گشتی چینایەتی، جیاوازی ئاشکرای رەگەزیی، هەژاری بەربڵاو ، دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی بنەماڵەکان ، ئێعتیاد و سیاسەتی رژیم لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، وا دەکات کە گەنجان بە هۆی ئەوەی رێگایەک بۆ دەرچون لەو دۆخە نابیننەوە بە ناچاری روو لە خۆ کوژی دەکەنەوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە ناوخۆی رۆژهەڵات پیمان دەگات نیشانەکانی خۆکوژی پێش لەوەی بڕیاری تاک یا دۆخی دەروونی بێت، دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی خراپی وڵات، جا چ سیاسی بێت یا کۆمەڵایەتی. لەم کۆمەڵگادا کە بە هۆی سیاسەتی رژیمی ئیسلامی ژیانێکی ناخۆش و مەودای چینەکانیش رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لە زیاد بوونە گەنج یا ژن و … ناچار دەکات روو لە خۆکوژی بکەن. لەو جێگەی کە نان و برسیەتی بە شێوەی یەکسان دابەش ناکرێت خەڵک ناچار بەو کردەوە دەبن، چونکا رێکارێکی دیکە نابینن و دۆخی ئەمڕۆی ئێران بە گشتی تووشی وەها دەردێکە و خەڵکی ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەست ئەو دۆخەوە دەناڵێنن.
زۆربەی ئەو کەسانەی ناچار دەبن خۆیان بکوژن دەبینن لە پاڵ یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەی ماڵیدا ژیان دەکەن و ئەوەش وێنەیەکە کە کرێکارێک لە دۆخی خۆی هەیەتی و ئێمە بە روونی بینیمان کە کرێکارانی حەوت تەپە چییان بە سەر هات، کرێکاران و مووچەخۆرانی دیکە و بە تایبەتی کرێکاران و مووچەخۆرانی شرکەتی نەوت لەم ماوەدا بە هۆی نەدانی مووچەکانیان دەستیان دایە مانگرتن و تەنانەت کۆمەڵێک خۆکوژی و خۆسووتاندن لە بەردەم خەڵک و بەرپرسانی رژیم روویاندا. و ئێستا خۆکوژیەکان زیاتر لە بەرچاو خەڵکدا روو دەدەن.
ئەم خۆکوژیانە لەلایەکەوە هیوایەکە بۆ ئەو کرێکارە، چونکە هیچ ئومێدێکی بە چاک بوونی دۆخی خۆی نییە و نەبووە و چیدی هێزی بەرگریی و خەباتی نەماوە و لەلایەکی دیکەوە دەنگی ناڕەزایەتییە بە دۆخی سیاسی و ناڕەزایەتی دەربڕینە بە سیاسەتەکان و ئەو شێوەیەی کە وڵاتی تێدا بەڕێوە دەبەن.
بە هۆی خراپ بەڕێوە بردنی رێکخراوە مەدەنی و حکوومیەکان وەک “بێهزیستی و … هەروەها رێکخراوە تایبەتەکان لەلایەن رژیمەوە دەخرێنە ژێر گوشار و پشتیوانی نەکردنی بنەماڵە هەژارەکان لە کوردستان رێژەی خۆکوژی لە سەرەوەیە. بۆ نموونە هەواڵی خۆکوژی “زێنەب” کچێکی 11 ساڵەی ئیلامی تەنیا بە هۆی هەژارییەوە دڵی ئێرانی هەژاند، بەڵام دڵی مردووی رێبەر و بەرپرسانی ئێران کە ئەمڕۆ بوونە هۆی خۆکوژی کچێکی 11 ساڵە نە تەنیا جووڵەی نەکرد، بەڵکوو بە بێ گوێدان بەو کێشەیە هەر خەریکی سیاسەتی خۆیانن بە دژی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتی گەلی کورد و هەروەها پشتیوانی کردنی گرووپە توندئاژۆکانی ناوچەکە و ساڵانە بە ملیاردها دۆلار خەرجی ئەوان دەکەن لە حاڵێکدا کچێکی 11 ساڵە تەنیا لە بەر هەژاریی ناچار دەبێت خۆی بکوژێت. ئەو بنەماڵە تەنانەت پووڵیان نەبوو قەبرێک بۆ کچەکەیان بکڕن تا بتوانن تەرمەکەی تێدا ئەسپەردە بکەن.
شایانی باسە بەرپرسانی رژیم نە تەنیا گرینگیان بەوە نەدا ، بەڵکوو رایانگەیاند کە “زێنەب” بە وتەی بنەماڵەکەی تووشی خەمۆکی بوە و بە هۆی نەخوێندەواری بنەماڵەکەی و نا ئاگا بوون لە دۆخی ناوبراو، لە کاتی خۆیدا نەیانبردووە بۆ لای دوکتۆر.
رێژەی خۆکوژی ژنان لە پارێزگای ئیلام ناوترێت، بەڵام رێژەی خۆکوژی لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو هەموو ئێران زۆر لە سەرترە. خۆکوژی ژنان نە بەوەی کە مەرگیان پێ خۆش بێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە سەرنجی بەرپرسان بەرەولای پرسی ژن رابکێشن و هەروەها لەبەر ئەوەیە کە یارمەتیان بکرێت.