بارودۆخی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤار لە ئێران

گۆڤار لە ئێران

✍ سەیران مستەفازادە
هەر لە سەرەتای دروستبوونی چاپ لە ئێران، سانسۆر بوو بە بەشێکی جیانەکراوە لە کتێب، گۆڤار و رۆژنامە. دەستپێکردنی سانسۆر لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ناسرەدین شای قاجار و یەکەمین رۆژنامەی دەوڵەتی ئەو سەردەمە بە ناوی “وقایع اتفاقیە”. ئەم رۆژنامە کە سەرەتا بۆ بڵاوکردنەوەی راستیەکانی کۆمەڵگای ئێران و جیهان دانرا بوو، بوو بە دەنگ و رەنگی رژیمی ئەو سەردەمە و بە تایبەتی بابەتە سیاسیەکانی ئەو بە جێگەی راپۆرت و باسی راستییەکانی ناوخۆ و دەرەوە؛ زیاتر بوو بە پێداهەڵگوتنی شا و دەرباریەکان و سانسۆری دەوڵەتی سەری گرت. هاوکات لەگەڵ ئەو رۆژنامەیە چەند رۆژنامەی دیکە لە دەرەوەی ئێران بە ناوەکانی “قانون، حبل المتین، سورەیا و ئەختەر چاپ و بڵاو بوونەوە.
دوای ئەوەی رۆژنامە و کتێب بە شێوەی گشتیی چاپ و بڵاو کرایەوە و ئێران لەو بەستێنەدا پێشوەچوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و هاوکات لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران سانسۆر لە ئێران چووە قۆناغێکی نوێوە و ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی رژیم دەستووریدا کە هەر شتێک بە دژی رژیم و دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە رژیم بخاتە ژێر پرسیارەوە چاپ بکرێت دەبێت بە توندترین شێوە قەدەغە بکرێت و رێگەی چاپ و بڵاوکردنەوە بەو جۆرە کتێب و گۆڤار و رۆژنامانە نەدەن. ساڵی ١٩٨٩پەروانەی ٩ گۆڤار و ٣ سایتیان هەڵوەشاندەوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی پەروانەی ١٨ گۆڤار و رۆژنامە هەلوەشایەوە و دەرگای ئەو گۆڤار و رۆژنامانەیان داخست. لە ساڵی ٢٠٠٤ زیاتر لە ٢٠ گۆڤار و رۆژنامە پەروانەی چاپ و بڵاوکردنەوەیان لێ سەندنەوە و لە ساڵی ٢٠٠٢ بەرپرسی رۆژنامەی “همت” تەنیا بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی “رەزا شا” بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە بە دژی رژیم بۆ دادگای شۆڕشی رژیم بانگ کرا و گۆڤارەکەش داخرا. لە ساڵی ٢٠٠١ مانگ نامەی راپۆرتی فیلم بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە و وێنەی ناشرین و رووت و دوور لە سونەتەکانی ئیسلام داخرا.
ئەمانە و دەیان رۆژنامە و گۆڤاری دیکە لەلایەن رژیمەوە داخران و بەرپرسەکانیان رەوانەی زیندان کران یا خانەنشین کران. هەروەها بەشێک لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان کە لە ئێران قەدەغە کرابوون دەتوانین ئاماژە بکەین بەکۆمەڵێک لەوان کە بریتی بوون لە: “قومار باز، داستایوفێسکی، کچێک بە گۆشوارەی مروارییەوە نووسینی تریسی شوالیە، کۆمەڵێک لە کتێبەکانی ویرجینا وولف، مارگرێت دۆراس، وودی ئالێن و گابریل گارسیا مارکێز” هەروەها کتێبی “سەلمان روشدی” کە لە ئێران قەدەغە کرا و خودی “خومەینی” دەستووری کوشتنی ناوبراویدا و خەڵاتی بۆ کوشتنی دانا.
گرنگتر لەوانە رۆژنامەی سەلام کە توانی راستییەکانی قەتلە زنجیرەییەکان چاپ و بڵاو بکاتەوە و پەڕە لەسەر کۆمەڵێک جنایەتی رژیم هەڵبداتەوە زۆر زوو داخرا و ئێستاش دەتوانم بڵێم حاڵی چاپەمەنی لە ئێران لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و لەو وڵاتە ناشر و نووسەر زۆر زۆرە بەڵام تیراژی چاپی کتێبەکان زۆر کەمی کردووەو ئێستا چاپی کتێب خۆی لە سەددانەدا دەبینێتەوە و لە چاو بیست ساڵی رابردوو لە سەدا ٩٠ دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.
ئێستاش دۆخی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامە لە ئێران لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە بە هۆی سیاسەتی رژیم چەندین قات خراپترە کە لە دوایین هەواڵدا ٢٨ گۆڤار و رۆژنامە پەروانەکەیان لێ وەرگیراوەتەوە کە رۆژنامەیەک، ٥ حەتوونامە، ٣ دوو حەوتوونامە، ١٠ مانگ نامە، ١ دوو مانگ نامە و ٨ وەرزنامە لە خۆ دەگرێت. کە ئەم داخرانانە نەشری گوتارنامە و هەناری شاری سەقزیشی لە خۆ گرتوە.
وادیارە بارودۆخی نالەباری دۆخی ئابووری چاپەمەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گرانبوونی نرخی کاغەز و هەزینەی چاپ و بڵاوکردنەوە، دابەزینی ئاستی پروپاگەندە و کۆرۆنا و کاریگەرییە نێگاتیڤیەکانی لەسەر ئەم چینە لە کۆمەڵگادا ئاستی خوێندن و کڕینی خەڵکی بە شێوەیەکی زۆر دابەزاندووە و لەلایەکی دیکەوە گوشار و سانسۆری رژیمیش گوشارێکی دیکەیە لەسەر چاپەمەنی ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان.