جنسییەت و ڕوانینی چەقبەستوو

✍ئەسعەد دوروودی

ڕوانینی چەقبەستوو (بە ئینگلیسی stereotype) بە جۆرێک لە ڕوانین دەگوترێ کە لە ناو جەماوەردا باوە و تێگەیشتنێکی کورتکراو و سوننەتی و لە ڕاستیدا وێنەیەکی ناتەواو لە ڕاستی و پێناسەی سەقەتی هەموو مرۆڤ یان گرووپێکی کۆمەڵایەتییە. ئەم جۆر ڕوانینە هەموو مرۆڤ یان گرووپەکە دەخاتە قالبێکەوە و تاریفێکی سادە و ساکاری دوور لە ئاڵۆزییەکانی مرۆڤ و ڕاستییەکانی ژیانی بۆ دادەتاشێ.

ڕوانینی چەقبەستووی جنسییەتی، تێگەیشتنی بە نۆرماڵکراو لە سەر پیاوانە بوون و ژنانە بوون و ژن و پیاو دەنوێنێ و پێداگرییان لەسەر دەکا. دیارە ئەو ڕوانینە لە شوێن و کولتوور و زەمەنی جۆراوجۆردا جیاوازە و دەگۆڕدرێ. ڕوانینی چەقبەستوو زۆربەی کات پیاوانە بوون و ژنانە بوون وەکوو دوانەیەکی بەرانبەر بە یەک دادەنێ بۆ نموونە هەستەکی بوون بۆ ژن و مەنتیقی بوون بۆ پیاو، یان لاوازبوون بۆ ژن و بەهێزبوون بۆ پیاو.

ئەو کورتکردنەوە لە ڕادەبەدەرەی ڕوانینی چەقبەستوو بۆ بابەتەکە هەیەتی هەم ئاڵۆزی و پیچیدەگیی بابەتەکە لەناو دەبا و هەم ئەو جۆربەجۆری و ڕەنگاوڕەنگییە دەسڕێتەوە کە ئەزموون و تەجرەبەی لێکۆڵینەوە لە سەر مرۆڤ و ژیان و هەڵسوکەوتە ڕاستەقینەکانی سەلماندوویەتی. پێکهاتە و شێوازی داڕێژرانی بۆچوونی چەقبەستوو وادەکا کە هەر لەسەرەتاوە وێنەیەکی هەڵە و ناڕاست لەو گرووپە دەنوێنێ کە گوایە بڕیارە پێناسەی بکا. ئەو بۆچوونە تەنانەت پاش ئەوەی ڕاستییەکان دەردەکەون و ناڕەوابوونی بۆچوونەکە دەسەلمێنن یان ئەو زانیاریانەی بنەمای ئەو بۆچوونەبوون بە هەڵە دەردەچن، ماوەیەکی دوورودرێژ لە زەینی خەڵکدا دەمێنێتەوە. بۆ نموونە تەنانەت لە وڵاتانێکدا کە زۆربەی ژنان لە دەرەوە کاردەکەن هێشتا دەوری ژن وەکوو دایک و وەکوو بەڕێوەبەری کاروباری ناوماڵ لە بیر و زەینی زۆرێک لە خەڵکدا وێنەیەکی باوە. ئەمە وادەکا کە بۆچوونی چەقبەستوو نەتوانێ بنەمایەکی باش بۆ پێناسەکردن و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر خەڵک و گرووپەکانی کۆمەڵگا بێ.

لەسەر ئەوەی کە چۆن خۆمان لە بۆچوونی چەقبەستوو ڕزگار بکەین و بەر بەوە بگرین کە ببێتە بنەمای لێکدانەوە و تێگەیشتنمان لە تاکەکان و ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و تەنانەت لە ژیانی تاکەکەسیشدا ڕێ لە ئازادبیری و یەکسانی بگرێ، قسە زۆر کراوە و پێشنیاری زۆر دراون. لێرەدا ئاماژە بە چەن خاڵێکی ساکار بەڵام گرینگ بۆ پێکانی ئەو ئامانجە دەکەین.

  • بەدوای ڕاستیدا گەڕان لە سەر ئینسانەکان و هەڵسوکەوتەکانیان و ڕوانینێکی ئینتێرسێکشۆناڵ لە سەر بابەتی جەندەر و مسئەلە پەیوەندیدارەکانی. بۆ نموونە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری، ئیتنیکی، جوگرافی، ئاستی خوێندن، شێوازی دەسەڵاتی شوێنەکە، ئایین و هەموو ئەو فاکتەرانەی دەتوانن کاریگەرییان لە سەر تاکەکان هەبێ. هەرگیز نابێ بڕوا بەو نۆرم و بۆچوونە چەقبەستووانە بکەین کە سەبارەت بە ژن و پیاو و ژنانە و پیاوانە بوون هەیە.
  • گرینگە کە هەموو کاتێک سەرەنج بدرێتە ئەو میکانیزمە پێکهاتەیی و کولتوورییانەی کە ئەرک و ڕۆڵ و کەسێتیی نەگۆڕ بۆ ژن و پیاو (وەکوو تەنها دوانەیەک کە بۆچوونی چەقبەستوو بەڕەسمیی دەناسێ) دیاری دەکا و ڕێگری ڕوانینی یەکسان و ئینسانی بۆ هەموو تاکەکانە بە بێ ئەوەی بۆی گرینگ بێ ژن، پیاو یان هەر جنسییەتێکی دیکەیان هەیە یان بیر لە خواست و حەزی جنسییان بکاتەوە.
  • هەوڵ بۆ سڕینەوەی نۆرمە کۆنەکانی پەیوەندیدار بە ڕەگەز و جەندەر و خۆشەویستیی تاکەکان. نۆرمەکانی وەکوو دوانەی ژن و پیاو (Gender binary) کە تەنیا دوو ڕەگەزی ژن و پیاو بە ڕەسمی دەناسێ و چاو لە ئەو تاکانەی کۆمەڵگا دەبەستێ کە خۆیان لەو چوارچێوەیەدا نابینەوە و لەو قاڵبەدا جێگەیان نابێتەوە و ژمارەشیان زۆرن، یان هێترۆنۆرالیتە ( Heteronormativity ) کە تەنها حەزی بەرانبەر ژنان و پیاوان بۆیەک بە سروشتی دەزانێ و ڕێگەر لە خۆشەویستیی ئەو تاکانەی کۆمەڵگا کە لەو چوارچێوە تەسکەدا نین.
  • هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕاستی و فەکتانەی بۆچوونی چەقبەستوو جینسییەتی وەدرۆ دەخەنەوە و لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانی مرۆڤدا نایەنەوە.