کورتەیەک لەسەر کتێبی”بوون” لە نووسینی میشێل ئۆباما

✍مینا نێعمەتی

کتێبی «بوون»چیرۆکی ژیانی میشل ئۆبامایە کە خۆی نووسەری ئەو کتێبەیە.

ئەو کتێبە لە سێ بەش پێکهاتوە، یەکەم بەش تایبەتە بە سەردەمی مندالی و گەنجی میشێل بەشی دوویەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بە سەردەمی ناسین و هاوسەرگیری کردن لەگەڵ باراک ئۆباما، بەشێکی تری کتێبەکە تایبەتە بە ژیانی میشێل  لە کۆشکی سپی و ناسینی زیاتری سیاسەتوانەکان . کتێبی بوون لە ساڵی 2018زیاترین رێژەی فرۆشی بە نێوی خۆی تۆمار کرد.جوانی ئەو کتێبە ئەوەیە کە میشێل ئەوەندە سادە و خۆمالی باسی ژیانی خۆی بۆ خوێنەر دەکات کە خوێنەر لە بیری دەچێ کە میشێل بۆ ماوەی 8سال خاتوونی یەکەمی ئامریکا بووە.لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا میشێل باسی سەردەمی مناڵی خۆی دەکا کە لە  ناوچەیەکی هەژار و رەش پێست لە شیکاگۆ لە ساڵی 1964 لە دایک بوە، لە نۆهەمی سەرەوەی ماڵی پوری دایکی،،رابی،،کە مامۆستای پیانۆ بووە ژیاون . میشێل باس لەوە دەکات کە پێوەندی ناو بنەماڵەکەی زۆر گەرم و قایم بوە و بەردەوام لە گەڵ یەکتر راست بوون . دایک و باوکی میشێل بۆ بچووکترین رووداوەکانیش پرسیان بە منداڵەکانیان کردوە و لەسەر هەمووشتێک بەیەکەوە قسەیان کردوە، میشێل تەنیا یەک برای هەبوە کە بەردەوام پشتگری کردوە دایکی میشێل ئامۆژگاری کردوە کە لە تەواوی  قۆناغەکانی ژیانی دا کەڵکی لێ وەر گرتوە «مەترسە دەنگت بەگوێی هەموان بگەیەنە» میشێل بەردوام بە ورەیەکی بەرز و وزەیەکی زۆر سەرقاڵی خوێندن بووە لە سەردەمی کالێج کە پاش ئەزمونێکی قورس وەرگیراوە هەمو رۆژێک ساعەتێک زووتر هەلدەستی و ساعەتێکیش دەرەنگتر دەگاتەوە مالێ چۆن ئەو کالێجە لە ناوەندی شاری شیکاگۆ بووە بەو حاڵەشەوە راوێژکاری کالێجەکەی پێی ئەڵێ کە مەحالە بتوانی لە زانکۆی «پرینستۆن»وەربگیردرێی. بەلام نەتوانین لە یاسای ژیانی میشێل دا بوونی نییە وەردەگیرێ و لە شاخەی کۆمەڵناسی دا درێژە بە خوێندن دەدات دواتر بیر لەوە دەکاتەوە کە بچێتە زانکۆی «هاروارد»یاسا بخوێنێ پاش تەواو بوونی خوێندن دەگەرێتەوە بۆ شیکاگۆ و  لە کۆمپانیایەک دەست بەکارکردن دەکات و هەر لەوێش لەگەڵ باراک ئۆباما ئاشنا دەبێت. باراک دو ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە . پێوەندی نێوانیان زۆر زوو دەێتە پێوەندیەکی سۆزدارانە . بە وتەی میشێل باراک کورێک بوو بە خولیای بەرزەوە . لە پێشدا ئەندامی ئەنجومەنی شاری شیکاگۆ بووە پاشان بۆتە نوێنەری پارلەمانی شاری شیکاگۆ و بەردەوامیش کاری لەسەر ئەوەکردوە کە ببێتە سەرۆک کۆماری ئامریکا . بەرهەمی ژیانی میشێل و باراک دو کچ بوە بە نێوی «مالیا و ساشا» .دواتر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئامریکا باراک هەلدەبژێردرێ و میشێل دەبێت بە خاتوونی یەکەمی ئامریکا، بەلام میشێل خاتونی یەکەمی ئامریکای پێ بەرپرسیارەتییەکی فەرمی نەبوو هەر بۆیە خۆی دەست دەکات بە ئەنجامدانی پرۆژەگەلی  سەربەخۆ کە ئەنجام و دەنگدانەوەی باشی بۆ میشێل دەبێت. لە کۆتایی دا پێویستە باس لەوە بکرێت کە میشێل ژنێک نەبوو کە بوەستێت .میشێل بایەخێکی زۆری بە ژنان، منداڵان و ژینگە داوە. بەردەوام حەوڵی داوە کە ژنێکی زانا و ئازا بێت و بتوانێ یارمەتیدەری هاووڵاتیانی بێت. خۆی لە ناو کتێبەکێی دا دەڵێ « هەر دەرگایەک کە بە رووم دا کرابێتەوە منیش حەوڵم داوە ئەو دەرگایە بە ڕووی کەسانی تردا بکەمەوە، وەرن یەکتر قەبوول بکەین تا کەمتر بترسین، وەرن کەمتر خەڵک داوەری بکەن ، وەرن لە دەنگی ڕاستەقینەی خۆتان کەڵک وەرگرن ،ئەوە دەرخەری گەورەیی ئێوەیە کە بتوانن خەڵک بناسن و گوێتان لە دەنگیان بێت ئاوا من بووم بە «من».