تاران پایتەختی سێدارەو مــــــــەرگ !

✍عەزیز ئاجیکەند

وەبیرهێنانەوەیەکی کورت :

كاتێك باس له‌ سپای پاسداران ده‌كرێ خەیاڵەکان یەکسەر بەرەو ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و ناسه‌قامگیرییه‌ک ده‌چێت كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە ئارا دایە .  ناسەقامگیرییەک کە بێ گومان  لە ڵایەن هێزەو گروپەکانی سەر بەم هێزە دێنە ئاراوەو رێکدەخرێ.

٤١ ساڵ لەوەپێش و لە رۆژی دووی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨هەتاوی  ، خومەینی لە فەرمانێکیدا بە ڕەسمی دامەزراندنی سپایەکی ڕاگەیاند کە تا بە ئەمرۆش وەک مۆتەکەیەک بە سەر سەری کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکەدا دەسورێتەوە. سپایەک کە وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی و باسکی چەکداریی کۆماری ئیسلامیی و بربرەی پشتی کۆماری ئیسڵامی  دێتە ئەژمار.

هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی سپای پاسداران، هەندێک هێزی چەکداری دیکەش بە شێوەی خۆڕسک بۆ پاراستنی کۆماری ئیسڵامی و بە دەستوری هەندێک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسڵامی سەریانهەڵدا کە بریتیبوون لە گاردی شۆڕش، گاردی زانکۆکان و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی . کە دیارە بوونی چوار هێزی هاوتەریب ببووە هۆی دروستبوونی هەندێک گرژی و ناکۆکی لە نێوانیاندا ، هەر بۆیە هاشمی ڕەفسنجانی وەک کەسایەتی جێ متمانەی خومەینی ڕادەسپێردرێ تا سەرپەرشتی ئەم هێزانە بکات و رێکیان بخاتەوە و سپایەکی جێ دڵخوازی خومەینی دابمەزرێنێ.

لە ٢ی گوڵانی ١٣٥٨دا سەرجەم ئەو هێزانە تێکەڵ بە سپای پاسداران دەکرێن و جەوادی مەنسووری وەک یەکەم فەرماندەی سپا دەستنیشان دەکڕی.ماوەیەک دواتر کەسێک بە ناوی ئەبوو شەریف کرایە فەرماندە. لەدوای تێکەڵکردنی  هێزەکان بە سپا، موحسین ڕەزایی و موحسین ڕەفیقدوست و عەباس دووزدووزانی لەگەڵ خومەینی کۆدەبنەوەو پاشان داوا لە خومەینی دەکەن کەسپای پاسداران بکرێتە هێزێکی سەربەخۆ. بەمجۆرەش لە ٢٢ی گوڵانی ١٣٥٨ی هەتاوی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکەدا بە فەرمی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.

لە درێژەدا موحسین ڕەزایی لە لایەن خومەینییەوە وەک فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران دەستنیشان دەکرێ و بۆ ماوەی هەژدە ساڵ لەم پۆستەدا دەمینێتەوە. تا بە ئەمرۆ داتا‌و ئامارەكانی تایبەت بە ژمارەی سەرباز‌و توانا سەربازییەكانی ئەو سپایە هەر لەیەکەمین رۆژەکانی دامەزراندنێەوە تا بە ئەمرۆ  نەزانراوە. بەڵام بە گشتی باس لە ١٢٠ هەزار تا  ٣٥٠ هەزار ئەندام دەکرێ کە هەموویان وەفادار بە کۆماری ئیسڵامین .

شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق دەرفەتێکی زێرینی بۆ سپای پاسداران خوڵقاند . دەرفەتێک کە تێیدا سپا توانی دەست بە هەموو مڵک و سامانی دەوڵەت دا بگرێ . سپای پاسداران چ لە کوردستان و چ لە ناو جەرگەی  شەڕی ئێران و عێڕاق دا چووە نێو ئابووری بازاڕی ڕەشەوە. ئەم هێزە بۆ دابین کردنی خەرجی چالاکیە جەنایەتکارانەکانی لە کوردستان و هەزینەی زۆری شەڕی ئێران و عێڕاق بە فەتوای خومەینی دەستی کرد بە فرۆشتن و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر.

سپای پاسداران دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ئیمکانی دەست کەوت تا لە پاڵ پەرەدان بە چالاکیەکانی پێشوی لە بواری قاچاغی مادەی هۆشبەردا بە دەست راگەیشتن بە دەیان ئیسکلە، فرۆکەخانە و ڕێگای سنوری ، خەریکی هەناردە و هاوردە کردنی کالای قاچاغی جۆری دیكه‌ش بێت. سپای پاسداران لە پرۆسەی چالاکیە ئابووریەکانیدا و ئەو تەرحە دەیان میلیارد دۆلاریانەی لە بواری نەوت، گاز و پیتروشیمیدا زەوتی کردن، بەرە بەرە بوو بە گەورە ترین دامەزراوەی ئابووری نیزامی لە ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئاسیای ناوەندیدا. سپا لە پاڵ چالاکیە ئابووریەکانیدا ئیمکانیشی دایە فەرماندەکانی تا لە ڕێگای بونیادی تەعاون ەوە بەسەر بازاڕە ماڵی و ئەرزیەکانیشدا زاڵ بن. بەڵام بەرهەمی هەموو ئەم چالاکیانە پێکهێنانی ئابووریەکی شپرزە و قەیراناوی بوو بۆ ده‌وڵه‌تی لەسەر کاری کۆماری ئیسڵامی.

هەروەها سپا بێجگە لەوەی کە لە ڕێگای خامنەییەوە بەسەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێراندا باڵا دەستە و کاربەدەستانی باڵای ئەم وەزاڕەتخانەیە بە گشتی بە تەئیدی سپای پاسداران دادەندرێن، خاوەنی سازمانێکی ئیتلاعاتی و سیخوڕی هاوتەریبە کە بە شێوەی تەخەسوسی لەم بوارەدا کار دەکات. سپا هەروەها بەڕەسمی شاخەی عەمەلیاتی برون مەرزی هەیە و لە ئەڕژانتین و ئەمریکای لاتینەوە گرتوویەتی تا ئۆرووپا و تا باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و گەلێک شوێنی دیکە تۆڕەکانی عەمەلیاتی خۆی بڵاو کردووه‌تەوە.

سپــــــــای قـــــودس

سپای قودس ، یەکێک لە باڵە ناسراوەکانی سپای پاسدارانە کە لە دەسپێکی شەری نیوان دوو وڵاتی کۆنەپەرەستی ئێران و عێراق لە سالی ١٩٨٠ی سەدەی ڕابردوو بە مەبەستی چاڵاکی لە بەرژەوەندییەکانی رژیمی کۆماری ئیسڵامی لە ناو خاکی  ” عێراق” دا دامەزراوە .ئەم هێزە لە ژێر دەمامکی چالاکیی کلتووریی و هونەری لە دەرەوەی ئێراندا چالاکیی زانیاری و ئیستخباراتی دەکات و دەستی داوەتە سازکردنی فیلمی دیکۆمینتاری لە دژی ڕۆژئاوا . ئەرکی سەرەکی سپای قودس  ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گروپە ئیسلامییە چەکدارەکانە کە ئاجێندای ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکەن .

کوشتن و برین و ڕفاندن و بێسەرو شۆێن کردنی نەیارانی دەسڵاتی کۆماری ئیسڵامی لە دەروەوەی سنوورەکانی ئێران ، ئەرکی سەرشانی ئەم هێزەیە.  ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەیە سپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە گەلانی ئێران و بەتایبەت دژ بەگەلی کورد بە كوشتن‌و زیندان‌و رفاندن لە ناوخۆ‌و دەرەوەی ئێران و تۆپباران و موشەکبارانی بارەگاکانی هێزەکوردیەکان، چالاكی تیرۆریستی دەكات.

کەواتە دەتوانین بڵێن کە  سپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازیی سەركوتگەر لە ناو خۆی ئێران دا نیە، بەڵكو لەماوەی زیاتر لە چواردەیەی رابردوودا هەموو جومگە ئابوریی‌، سیاسی و سەربازییەكانی ئێرانی بەدەستەوە گرتوە‌و بۆ پاراستنی بنەماكانی ویلایەتی فەقیە‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لە رێگەی دروستکردنی سپای قودس هەموو ئامرازێكی دژە ئینسانی‌و تیرۆریستی بەكار هێناوە‌و بەكاری دێنێت. سپای پاسداران جێبەجێكاری سیاسەتی پاوانخوازانەی رژیم بە ناو هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆی بووە‌و بە دروستكردنی دەیان رێكخراوی تیرۆریستی دیكە لەژێر ناوی جۆراوجۆ دەستی لەكاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەك عێراق، سوریە، لوبنان وەرداوە‌و بۆ پێكهێنانی هیلالی شیعە بە خەرج كردنی بودجەی خەیاڵی‌و لە رێگەی تیرۆر‌و كوشتن هەوڵ بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. هەر ئێستاش سپای پاسداران بە پشتیوانی لە هێزە توندڕەوە شیعەکان لەوانە ١٥ گروپی چەکدار لە عێراق، سوریەو لوبنان پشتیوانی دارایی و لۆجستیکی دەکات.

سپای قودس هەوڵەکانی خۆی بۆ زەربەلێدان لە هێزە سیاسییەکانی کورد ، چڕتر دەکاتەوە…

سەرجەم ئەو لیکۆلینەوانەی کە تا ئێستا کراون دەری دەخەن کە لە نێوان ئەو تیرۆرانەی که کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان ئەنجامی داون، بەشی هەرە بەرچاویان لە هەرێمی کوردستان‌دا رڕوویان‌داوە کە ٣٢٠ کوژراو و ١٤١ برینداری قورس و کەم‌ئەندامی لێ‌کەوتۆتەوە. ئەم تیرۆرانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٧٠ هەتاوییەوە دەستیان پێکرد و لە ساڵەکانی ١٣٧٢ تا ١٣٧٦ گەیشتە ئەو پەڕی خۆی.

سالی١٣٧٠هەتاوی و پاش ڕاپەڕین  کە لە ناو ئەدەبیاتی سیاسیدا بە  “ئینتیفازەی شەعبانییە” پێناسە دەکرێ، جۆرێک بۆشایی لە عێراق هێنایە ئاراوە. پاش خولقانی ئەم بۆشایە هەلی ئەوە ڕەخسا تاکوو حیزبەکانی کوردستان، بە تایبەت هەر دوو حیزبی “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”، و “پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق”، ناوچەیەکی زۆری کوردستانی عێراق بخەنە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی “سەدام حسێن” بە دژی کوردەکان ناوچەی ئارامی دژەفڕینی لە باکووری عێراق‌دا ڕاگەیاند، بواری ئەوەی خۆش کرد کە حیزبەکانی باشووری کوردستان دەورێکی نوێی هاوکاریی ئابووری و پێوەندیی سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێ‌بکەن. بە تایبەت لە کاتێک‌دا کە عێراق بە تووندی لە لایەن نەتەوە یەک‌گرتووەکانەوە گەمارۆی سەختی ئابووری درابوو و زێدەباری ئەمە، هەرێمی کوردستانیش لە لایەن حکوومەتی سەدامەوە لە باری ئابوورییەوە گەمارۆ درابوو.

بەم شێوەیە بارودۆخی نالەباری سیاسی و نەبوونی نەزم و ئەمنیەت سەرتاپای کۆمەلگای عێراقی بە کوردوستانیشەوە داگرتبوو. لە ناوەڕەستەکانی دەیەی ٧٠ لە نێوان دوو حیزبی باڵادەستی هەریمی کوردوستان شەرێکی قورسی برا کووژیی روودەدات ، کە ئەم روداوە ئاسۆی دوارۆژی هەریمی کوردوستان بە تەواوێتی لیڵ و تاریک دەکات و هەریمی کوردوستان لە گەڵ کۆمەلێک قەیرانی نەخوازراوو جیدی وەک بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر ، روبەروو دەکات .لە وەها بارودۆخێک‌دا دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاکێشان و ڕێکخستنی هێزە ئیسڵامییەکان بۆ نانەوەی تۆی ناکۆکی و دوو بەرەکی لە ناو هەریمی کوردوستان و تیرۆری دژبەرەکانی بە تەواوەتی ئاوەڵا دەبێ .

لێرەدایە کە کۆماری ئیسڵامی جێگەو پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردوستان بەهێز دەکات . بەهێز کردنی ئەم جێگەو پێگەیەش خزمەت بە دوو ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسڵامی لە ناوچەکە دەکات ..

یەکەم سەرکوتی دژبەرانی لە باشووری کوردستان واتە دوو هێزی گەورەی ناو گۆرەپانی شۆرش لە کوردوستان کە لێرەدا مەبەست کۆمەڵە و هێزەکانی حیزبی دێمۆکرات و دووهەم  دەسەڵاتی زیاتر بۆ دەست‌ڕاگەیشتن بە سووریا و لوبنان ە.

ئامانجی یەکەم کە لەدەستوری کاری کۆماری ئیسڵامیدا بوو وە بۆ سەرەنجام گەیاندنی ئالقە لە گۆیانی خۆی لە ناوچەکە بۆ ڕاسپاردبوو هەموو ئەو پیلان و تاکتیکانەی دەگرتەوە کە هەر دەوڵەتێک بۆ لە ناو بردنی دژەبەرانی خۆی بەکاریان دینێ.

بۆ نموونە تیرۆرەکان هەموو بەشی تەشکیڵاتەکانی لە خۆ دەگرت . گرنگ لە ناو بردنی ئەندامێکی ئەو هێزانە بوو . گرنگ نە بوو کە کەسەکان کێن . گرنگ کوشتنی ئەوان بوو . جا پێشمەرگە بوایە یان خۆد بەرپرس و یان کادێر . تەنانەت کەسانێکیش کە هیچ پەیوەندییەکی رێکخراویان لە گەڵ هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان نەبوو وە تەنیا هەلسوراوێکی سیاسی بوون و کارو چاڵاکییەکانیان بە دژی کۆماری ئیسڵامی بوو ، دەکەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆری ئینسان کوژانی کۆماری ئیسڵامی .

کۆماری ئیسڵامی بۆ لە ناو بردنی دژەبەرانی خۆی هەموو ئامرازەکانی کوشت و بری لە دەستوری کاری خۆی دانابوو . وە هەموو پیڵانەکانی بۆ بە ئامانج گەیاندنی مەبەستی خۆی واتا کوشتن و لە ناو بردنی دژە بەرانی خۆی تاقی کردەوە .  موشک باران کردنی ئوردوگاکان ، کەمین دانانەوە لە سەر رێگای هاتوو چۆکردنی ماشینەکان ، بۆمب دانانەوەو کۆنترۆل کردنی لە رێگای دوورەوە، تەقەکردنی شەوانە لە ئوردوگاە بە چەکی قورس و نیوە قورس .

دیارە بەشێکی هەرە زۆری بنەماڵەی پێشمەرگەکان پێکهاتوو لە ژنان و مناڵان . لە ئۆردوگاکان نیشتەجی بوون کە ئەوانیش وێرای پێشمەرگەکان دەبوونە ئامانجی کوشتن و لە ناو بردن . کەواتە ئامانجی کۆماری ئیسڵامی تەنیا لە ناو بردنی پێشمەرگەو بەرپرس و کادێرو لایەنگرو هەڵسواراوی سیاسی نەبوو ، بەلکوو ژنان و مناڵانیش دەکرانە ئامانج و لەناو دەبردران کە بۆ ئەو مەبەستە نمونە یەکجار زۆرن .

کۆمەڵە وەک هێزێکی شۆرشگێرو چاڵاک و پڕ لە مەترسی بۆ کۆماری ئیسڵامی ئێران ، بەردەوام جێگای نیگەرانی کۆماری ئیسڵامی بووە. جێگەو پێگەی کۆمەڵە لە ناو کۆمەڵانی شۆرشگێری کوردوستان و هەروەها خۆشەویستی پێشمەرگەی کۆمەڵە ، لەناوچەکە حاشاهەلنەگرەو هەر ئەم خۆشەویستییە و هەلسورانە ، بەردەوام جێگەی نیگەرانی و سەرئێشەی کۆماری ئیسڵامی بووە . کۆماری ئیسڵامی بۆ ساتێکیش لە زەربەلێدان لە کۆمەلەو شۆرشی کوردوستان بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە غافڵ نەبووە و بەردەوام لە هەوڵ دابووە زەربە لە کۆمەلە بدات و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردوستان لە ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی خۆی بەتا ڵ کاتەوە . دیارە بۆ ئەم مەبەستە هەزینەیەکی یەکجار زۆری داوە . بۆێە تیرۆرکردن و لە ناو بردنی هەلسوراونی کۆمەڵە هەر لە یەکەمین رۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسڵامییەوە ، لەدەستوری کار دادەنرێت . بەداخەوە کۆمەڵەش زۆر جار کەوتەداوی پیڵانەکانی کۆماری ئیسڵامی و زۆر جار باشترین و چاڵاکترین و دلسۆزترینی هاوڕێانمان بە دەستی پیاو کوژانی کۆماری ئیسڵامی خەڵتانی خؤێن کران