بەشداری ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە لە یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی

ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ١١ی دێسامبر یەکەمین کۆنگرەی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە ئامانجی پتەوکردنی ڕێکخستنی ژنانی کورد لە دیاسپۆرا و دروستکردنی هاودەنگی لە نێوان ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان و فراوانکردنی خەبات بۆ ئازادی، پرسی نەتەوەیی، یەکسانی جێندەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ ژنانی کورد پێکهێنرا.
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە، بە دەرک کردن بە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەتر لەم پەیوەندەدا پێویستی بەستنەوەی خەباتی ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەشداری لەم کۆنگرەیەدا کرد و بۆچوون و هەڵوێستەکانی خۆی لە چوارچێوەی خەباتێکی مۆدێڕن و دژە ستەم و باوەڕ بە دادپەروەری خستەڕوو.
لە میانەی کۆنگرەکەدا چەند بابەتێکی گرنگ تاوتوێ و ئاڵوگۆڕ کران کە بەشێک لەوانە بریتی بوون لە پێویستی ڕێکخستنی سەربەخۆ و هۆشیارانەی ژنانی کورد لە بەرامبەر بە پێکهاتە پیاوسالارییەکان و سیاسەتی جیاکاری حکومەتەکان و ڕۆڵی ژنانی کورد لە خەباتی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووریدا. گرنگی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لە هەلومەرجی کۆچ و دەرەوەی وڵاتدا. بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ژنانی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و کاریگەریی سیاسەتی ستەمکارانەی حکومەتە دەسەڵاتدارەکان و کۆمەڵگەی نەریتی لەسەر ژیان و خەبات و پێگەیان. هەروەتر جەختکردنەوە لەسەر هاودەنگی و هاوکاری نێودەوڵەتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازانەکان لەسەر ئاستی جیهانی.
لەم نێوەدا ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە، لە وتار و گفتوگۆکانیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕزگاری ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە ڕزگاری کۆمەڵگە، پرسی نەتەوەیی و چینایەتی، کە ئەمەش بەبێ ئامادەبوونی چالاک و ڕێکخراوەی ژنان، هیچ پرۆژەیەکی ڕزگاریخوازی نایەتە ئاکام.
ئێمە پێمان وایە خەباتی ژنانی کورد هاوتەریب دەبێ لە دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی، چەوساندنەوەی جێندەری و چینایەتی پێشکەوێت و دیاسپۆرا دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ ڕەنگدانەوەی دەنگی ژنانی کورد، ئاشکراکردنی سیاسەتی ستەمکارانە و بەهێزکردنی هاوپشتی نێودەوڵەتی.
چونکە بێگومان ئەزمون و دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، سەرمایەیەکی بەنرخە بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان و جیهان.
ئێمە، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی کورد لە دیاسپۆرا وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و پێویست بۆ پتەوکردنی خەباتی ڕێکخراوەیی ژنانی کورد هەڵدەسەنگێنین و جەخت لەسەر بەردەوامی ئەم چەشنە هەوڵانە و فراوانکردنی هاوکاری و قووڵکردنەوەی پەیوەندیی نێوان خەباتی ژنان لە دیاسپۆڕاو و ناوخۆی کوردستان لە هەر چواربەش دەکەینەوە.
لە کۆتاییشدا جێی ئاماژەیە کە لە لیژنەی بەڕێوەبەری نوێی فێدراسیۆندا کە پێکهاتووە لە ٩ کەس، دوو لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدارن کە یەکیان هاوڕێ ئارێز محەمەدییە.
بژی خەباتی ژنانی کورد
بژی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە
2025-12-11
