بۆچی ژنان خۆیان دەسوتێنن یان دەیانسوتێنن؟

✍گوڵاڵە خزری

کاتێک دەبیستین یان دەبینین کەسێک و بەتایبەتی ژنێک پەنا دەباتەبەر خۆ سووتاندن بێگومان دڵگران و خەمبار دەبین، بەڵام ئایا ئێمە وەکوو مرۆڤ یان زیاتریش وەکوو ژن هیچ کات هەوڵمان داوە ببینە قەلغان بۆ ئەوەی ژنێک نەگاتە دوا ویستگەی ژیان و بێ هیوایی.

دایک، خۆیشک، پوور، خەسوو، دوش و تا هتد….. هەموو یان ژمارەیەکیان بەدەوری ژنێکەوەن و هیچکامیان نابنە پاڵپشتێک بۆ ئەو ژنە هیوایەکی بە ژیان نەماوە یان هێزێک بۆ درێژەی ژیان شک نابا. ژنانی دەوروپشتی ئەو ژنەش کۆیلەی بیری پیاوساڵارانەن و لەو ڕوانگەوە بڕیار دەدەن یان تۆمەتی ناڕەوا دروست دەکەن و کاتێک باوک، برا یان هاوسەر بەرانبەر بە ژنێکی ناو بنەماڵەکەیان توندووتیژی دەنوێنێ ئەوانی دیکە بەس تاماشاوان دەبن. زۆر جار لە ماڵەکاندا برا چکۆلەکانیش بڕیاردەر و دەستی باڵان و خۆشکە گەورەکانیان بە گوشاری دایک و بابیان ملکەچی بڕیارەکانی دەبن و تەنانەت توندوتیژیان لەگەڵ دەکرێ و ئازار دەدرێن و دایکەکانیان  لەبەر ئەوەی لە ژێر کاریگەریی ئایین و کولتووری دواکەوتوو و گوشاری دەوروبەردان منداڵەکانیان وەکوو یەک پەروەردە ناکەن و کچان فێری مل کەچی  وە فەرمانبەری دەکەن و کوڕەکانیان زاڵم و بڕیاردەر ڕادێنن. ئەمانە بەشێکی بچوک لەو کۆمەڵگا و کولتوورە نایەکسان و نامرۆڤانەیەن کە وادەکەن ژنێک بگاتە وەها بڕیارێک. ژنانی کۆمەڵگای ئێمە بە هۆی نەبوونی یاسایەکی دادپەروەر کە پاڵپشتیان بێ و هاوکات ئایین وباوەڕی زاڵی کۆمەڵگا کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن، بونەتە قوربانیی ناڕاستگۆیی و نادەدپەروەریی پیاوسالاری. پیاوانی کۆمەڵگا کە خۆیان کۆیلەی دەسەڵاتن و لەهەمبەر پیاوانی حکومەت وڕژیمدا مل کەچن، ئەم ڕق و بێدەسەڵاتیە دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانی ناو بنەماڵەکەیان و یاسا و ئایین و کولتووری کۆمەڵگاش ڕێگەیان پێ دەدا. لە ئاکامی دۆخی جراپ و پەرەوەردەی ناڕەوادا کۆمەڵگا پڕبووە لە کەسانێک کە بە بێ ئەوەی لە ئازارەکانی ژنان تێبگەن بە دڵی خۆیان بۆچوونی سەیر و زۆربەی جار دواکەوتووانە بەرانبەر ژنان دەردەبڕن و بە کەیفی خۆیان قەزاوەتیان دەکەن.

خۆسووتاندن بێدەسەڵاتی یان ناڕەزایەتی!!

بێگومان خۆسووتاندن یان خۆکۆشتن چارەسەری هیچ شتێک ناکات، مڕۆڤ یەکجار شانسی ژیانی هەیە بۆیە گرینگە ئەو دەرفەتە بە باشی بەکار بهێنێت. شێوازی پەروەردەی ئێمە لە ڕٶژهەڵاتی ناویندا وبە تایبەتی وەکوو کورد، وای کردوە زیاتر لە هەموو مرۆڤەکانی دیکەی جیهان هەست بە بێدەرەتانی و نائۆمێدی بکەین و مەترسی دانی بڕیاری نەگونجاو لەکاتی پێشهاتە سەختەکان و گرفتە گەورەکاندا زۆرە. کاتێک ژنێک پەنا دەباتە بەر خۆسووتاندن دڵنیایە هیچ شتێک ناتوانێت چارەسەری دەردەکانی بکات، ئازارێکی وەها هەموو ڕۆحی تەنیوە کە ئازاری خۆسووتاندن بەلایەوە هیچە. مرۆڤ لەوەها کاتێکدا گرینگە لەگەل ئەو کەسانەی باوەڕی پێیان هەیە و دەتوانن یارمەتیدەر بن ڕاوبۆچوون بگۆڕیتەوە، دەتوانین تیبگەین مرۆڤێک کە وەها بڕیارێک ئەدات لە ڕووی دەرونیەوە لە بارودۆخێکدا نییە کە بیر لەم بابەتانە بکاتەوە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە کاتێک دەبینین کەسێک لە دەوروبەرمان یان بنەماڵەمان تووشی گرفتێکی وەها بووە هەوڵ بدەین بەردەوام ئاگامان لێی بێت و ڕێنوێنی بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، زۆر جار کێشەکان ئابوورین بۆیە دەتوانرێت لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی یان ناوەندگەلێکی سەربەخۆ باسی بابەتەکە بکەین و یارمەتیان لێ بخوازین بەڵکوو ژیان و گیانی مرۆڤێک لە ئازار و نەبوونی ڕزگار بکەین. ئەگەرچی هەموو مرۆڤێکی گەورەساڵ خۆی بەرپرسیارە لە کارو ژیان وگوزەرانی خۆی، بەڵام بە هۆی بارودۆخی نائاسایی کۆمەڵگە و گەلەکەمانەوە ژیان ئاستەنگی وچەڵەمەی زۆری تێدایە و هەموومان بە شێوازێک پێویستمان بە یارمەتی هەیە کە بتوانین بەردەوام بین لە ژیان.

مرۆڤەکان هەرچەن تێگەیشتووتر و ڕووناکبیرتر بن کەمتر تووشی هەڵە وبڕیاری نەگونجاو دەبن. بەڵام بە شیوەیکی گشتی لە هەندێک بابەتدا وەکوو توندوتیژی ناو بنەماڵەیە ئەگەر خوێندنەوە و زانینی زیاترمان بێت لەسەر ژیان ومرۆڤ یارمەتیدەرمان دەبێ و ئاسانکاری بۆ ژیان و چارەسەری کێشەکانمان دەکات.

کچێک بە زۆر بە مێرد دەدرێت، ژنێک هەوێی بەسەر دێت، مرۆڤێک دەسدرێژی دەکرێتەسەر، کەسێک بە بێ پلان و لەناکاو کەسێک دەکوژێت، کەسێک ماڵ وسەروەت و دارایی لەدەس دەدات، ژنێک سەرپەرەستی منداڵەکانیەتی و هەژارو بێکارە، کەسێک چالاکی سیاسییە و بەردەوام لە ژێر چاودێری و گوشاری دەزگا ئەمنییەتییەکانی دەسەڵاتدایە، جەوانێک پاش چەندین ساڵ بە زەحمەتی زۆر خوێندن تەواو دەکات و دوایی کاری دەست ناکەوێ، لافاو دێت و ماڵ وباخ و زەوی و زاری کەسێک ئاو دەیبات، پڕۆژەیک دەس پێدەکەیت وسەرکەوتوو نابێت، ئەمانە هەموو کارەساتی نائاسایین و زۆر دڵتەزێنن، بەڵام کامیان بە خۆ کوشتن یان خۆسووتاندن چارەسەر دەکرێت؟ خۆکوشتن تەنها هەڵهاتنە لە بەرپرسیارەتی، هەموو ئەو گرفتانەی لە ژیانی مرۆڤدا ڕاستەقینەن و زۆر جار ئینسان تووشی بێهیوایی دەکەن و وا لە مرۆڤ دەکەن باوەڕی بەوە نەمێنێ کە دەتوانی جارەنووسی خۆی بگۆڕێ و دەتوانێ بەرانبەر بە گرفتەکان خۆڕاگرێ و خۆکوشتن بە تەنها چارە دەزانێ بەڵام ئەو گرفت و ئازارانە هەموو خولقاوی مرۆڤن و هەر بۆیەش خۆمان دەتوانین چارەسەری کەین. زۆرکات شتەکان چارەسەریان ئاسانتر لەوەیە کە بیری لێدەکەینەوە بەڵام بە هۆی بێ ئاگایی و بچووک بینینی ژیان و جیهانی دەورووبەرمان پێمانوایە گەیشتوینەتە کۆتایی ڕیگا و هیچ چارسەرێکمان نیە جگە لە خۆسووتاندن.

ژیان دەرفەتێکی جوانە کە مرۆڤ هەیەتی، ئێمەی مرۆڤ دەبێ لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرین و بە کردەوە بۆ باشبوونی دۆخی ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان هەوڵ بدەین. مرۆڤ هەرچەن ژیانی سەخت و زەحمەت بێ بەڵام دەبێ هەوڵبدا بۆ ژیان و تێبکۆشێ بۆ داهاتوویەکی باشتر.