ساڵی ٢٠٢٠، ئێران لە گەمارۆی سیستەمێکی ناکارامە

✍هێمن بایەزیدپوور

ساڵی ٢٠٢٠ زایینی ساڵێکی پڕ لە کارەسات و ڕووداو و ئەزموونی ناخۆش و تاڵ لە ئاستی جیهانی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و ئەنجام و پەیکهاتەکانی ئەو ڕووداوانە ئێرانی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی بە تایبەتی گرتەوە. دیارە لێرەدا ناکرێ بە وردی باس لە هەموو ڕووداوەکان بکرێ، بەڵام بە هەنگاونان بەرەو یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢١ ئەگەر بمانهەوێ هەڵسەنگاندن و بەراوردێکی گشتیی سەبارەت بە ڕووداوەکان و بارودوخی ساڵی ڕابردوو ئەنجام بدەین پێویستە وەک سەردێڕ ئاماژە بکەینە چەند خاڵ و دیاردەی سەرەکی وەک سەردێڕی باسەکە:

١-ساڵی ٢٠٢٠, ساڵی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهانە  و وەک کارەساتێکی سرووشتیی خەسارێکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی بەدواوە بوو. سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی تەندرووستی و پسپۆڕان و زانایان لە ئاستی جیهانیدا و بەرهەمهێنانی ڤاکێسێنەکەی لە چەند وڵاتدا ، پێدەچێ ئەو پەتایە و ئاسەوارەکانی تا ماوەیەکی نادیار بەردەوام بن. لە ڕاستیدا بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا جیهان و مرۆڤایەتی تووشی شۆکێکی گەورە بوون و ڕاچڵەکان. بارودۆخی ئابووری لە هەموو جیهان و لە وڵاتان تا ڕادەیەک تێک چوو. ئەو کاریگەریانە بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە بەرنامەیەکی تۆکمەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەری دا نەگرتبوە بەر ئاسەوارەکانی زۆر بەرچاورتر و وێرانکەرتر بوو.

٢.ساڵی ٢٠٢٠ بە کوشتنی قاسم سلێمانی لە لایەن ئەمریکاوە و خێرابوونەوەی ڕەوتی داڕمانی ھێژمونی ئێران لە ناوچەکە و کاڵبوونەوەی ھیلالی شیعی دەستی پێ کرد. پاش کوشتنی سلێمانی  و بەردەوام و بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تایبەت لە بواری دارایی و چەکوچۆڵ یارمەتی گرووپە تیرۆریستەکانی ناوچە و زۆرێک لە میلیشیا شیعەکانی دەدا، گورز و زەربەیەکی گەورە وەبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پلانەکانی بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچەکە و سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی کەوت. پیلانەکانی قاسم سلێمانی لە تێکدان و دەستێوەردان لە ناوچە و نزیکبوونەوە لە گرووپە توندڕۆکان کە پشت ئەستوور بە خامنەیی و ئیمکاناتی ماڵی تەسلیحاتی کۆماری ئیسلامی بوو، پێ ناچێ جێگرەوەکانی بتوانن درێژە بە پلانەکانی ئێران بۆ ناوچەکە بدەن. هەلوومەرج وەها بە زیانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە گۆڕاوە کە بوونی قاسمی سلێمانیش نەیدەتوانی کۆماری ئیسلامی لەم زلکاوە کە خۆی بۆ خۆی درووستی کردوە رزگار بکات. ئەوەی کە پاش کوژرانی سلێمانی تا ئێستا بینراوە جۆرێک بووە لە سەرلێشێواوی لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیدا. ئەوەی ئێستا لە ئارادایە لە لایەکەوە تێکچوون و ئاڵۆزییە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا و  لە لایەکی ترەوە درووستبوونی بوونی بۆشاییەکە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و تاقم و گرووپەکانی لە ناوچەکە. بۆ نموونە لە کۆتا هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە زۆنی سەوزی بەغدا کۆماری ئیسلامی زۆر بەپەلە دەستی خۆی لەو ڕووداوە رەت کردەوە و تەنانەت مەحکوومیشی کرد، گرووپەکانی سەر بە ئێرانیش ئەوەیان وەک پیلانێک ڕاگەیاند و خۆیان بێ بەری کرد لە ئەنجامدانی ئەو پەلامارە. هەوەها لە سوورییەش پاشەکشەیان بە کۆماری ئیسلامی کردوە، ئەمانە نیشنا دەدات کە دەسەڵات و نفوزی ئێران لە ناوچەکە ڕووی لە کاڵبوونەوەیە.

٣- باروودۆخی ئابووری لە ساڵی ڕابردوو لە ئێران بەرەو ئاقارێکی زۆر وێرانکەر هەنگاوی هەڵێنا و کۆڕۆناش کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر خەڵکی کەم داهات و فەقیر دانا، ئاسەوارە ئابوورییەکانی ئەو پەتایە لەسەر ژین و ژیانی خەڵک و کرێکاران وەک پێکهینەرانی زیاتر لە ٦٠ لە سەدی ڕێژەی حەشیمەتی ئێران زۆر کوشندە بوو. بە پێی زانیارییەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هەژاری ٨٠ لە سەد بەرز بووەتەوە و ئەوەش بۆتە هۆی لە کەم بوونەوەی چینی مامناوەند لە ئێران و زیاتر بوونی چینی هەژار لە ئێران کە بۆخۆی دەبێتە هۆکاری زیاتر بوونی کەلینی ئابووری و عیداڵەتی کۆمەڵایەتی، ڕیژەی خۆکوژی و کێشەی کۆمەڵایەتی و زۆر کێشەگەلی تر.

٤- ھەلبژاردنەکانی ئەمریکا و ئالوگۆری دەسەلات لەو ولاتە یەکێکی تر بوو لە ڕووداوە گرنگەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە ئەوەش دەتوانێ کاریگەری زۆری هەم لەسەر سیاسەتی خۆدی ئەمریکا و هەم لەسەر وڵاتانی تر و بە تایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ڕێژیمی ئێران هەبێت. ئاماژەکان دەڵێن کە ئێران قومارێکی دوو ساڵەی لەسەر هەڵبژارنەکانی ئامریکا کردوە و بە گرتنەبەری سیاسەتی “نە شەر  و نە ئاشتی” کە خامنەیی ڕایگەیاندووە چاوەرێی ئەوە دەکات کە بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ترامپ و و هاتنە سەرکاری ئیدارەی تازەی ئامریکا بە گەڕانەوەی جۆ بایدن بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (برجام) کێشەکانی چارەسەر بکرێن و بگەڕێتەوە دۆخێکی ئاسایی. ئێستا بایدێن هەڵبژێردراوە و تڕامپ تا کەمتر لە یەک مانگی تر کۆشکی سپی بەجێ دەهێڵی، بەڵام ھاتنە بەرباسی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ یان ئەوەی بە “برجام ٢” ناوی لێ دەبرێ و ھاتنە گۆری پرسی مووشەکی ئێران چاوی کاڵی کۆماری ئیسلامی سپی کردەوە. ئێستا پێشبینی ئەوە دەکرێ کە بە هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان ئیدارەی سەرۆکایەتی نوێێ ئامریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە تایبەت یەکێتی ئورووپا گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بن و ئەوەی چاوەروان دەکرێ ئەوەیە کە  لەو خورییەش کلاوێک بۆ ئێران دەستەبەر ناکرێت.  نزیکبوونەوەی زیاتری بایدەن بە ولاتانی ئەرووپایی مەشرووعەیەت و رواییەکی زیاتر دەبەخشێتە بڕیار و هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا و ئەوەش زەختێکی زیاتر دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی.

٥-پەرەسەندنی چالاکییەکانی ڕێکخراوە و بزووتنەوەکانی گەلانی سەر بە نەتەوەکانی نێو سنوورە دەستکردەکانی ئێران دیاردەیەک بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا. ھاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بەرچاوی سیاسەتی سەرکوت و کوشتن و تێرۆر و رفاندنی چالاکانی سیاسیی و نەتەوەیی لە ساڵی ڕابردوودا بەڵام بزووتنەوە و چالاکییەکانی گەلان نەک هەر رانەوەستاون بە پێچەوانەوە بە درووشم و کردار ڕوونتر و بێباکتر بوون. تەنانەت بە دانپێدانانی کەسانی سەر بە ڕێژیم لە کاتێکدا کە لەساڵانی رابردوودا تەنیا کێشەی نەتەوەیی کورد لە ئارا دابووە ھەنووکە چوار دەوری ئێران لە لایەن نەتەوەکانی تروە لە ژێر ئاور دایە. لە پاڵ سیاسەتی چەوساندنەوە و کوشتن و بڕینی کۆماری ئیسلامیدا پێدەچێ ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی ناوچەیش کاریگەری زۆر دابنەی لەسەر پەرەسەندنی ھەستی نەتەوایەتی گەلانی نێو سنوورە دەستکردە جوگرافیاییەکانی ئێران. ئەو ڕەوتە دەتوانێ لە سالانی داھاتوو هێز و بەرەیەکی بەرفراوانتر بێنێتە ئاراوە لە دژی ھێژمونی دەسەڵاتی ناوەند و گورز و زەربەیەکی کاریگەر لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بدات و سەرنج و فۆکۆسی کۆماری ئیسلامی لەسەر کورد بەرەو نەتەوەکانیتریشەوە بگوازرێتەوە.

٦.ئەو دۆخە ئەرک و بەرپرسیاریەتی زیاتر دەخاتە سەر لایەن و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە تایبەت پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نوێنەری سەرەکی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە هەموو دەرفەتەکان بۆ هاوکاری ناوخۆیی و بەتایبەت تەوقوییەت کردنی ناوەندی هاوکاری لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد و خۆ ئامادەکردن یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرامبەر پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و دووەم بۆ داڕشتنی بەرنامە و پلانێکی توکمە بۆ داهاتوو هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ. سیاسەتێکی ڕاستیخوازانە و لۆژیکی هەم بە لەبەرچاوگرتنی توانا و دەرفەتەکان و ئاستەنگ و لەمپەرەکان و هەم بە لەبەرچاوگرتنی ویست و داخوازی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. یەکگرتوویی زیاتر لە نێو حیزبەکان و پەیرەوکردنی سیاسێکی گونجاو لەسەر بنەما و لە ئاراستەی یەکگرتنەوە و لانیکەم نزیکبوونەوەی هەرچی زیاتر و هاوکاری و هەماهەنگی، دەتوانێت بەستێنێکی گونجاوتر بۆ پەرەسەندن و بووژانەوەی خەبات دابین بکات. پەرەپێدان بە مەتمانە لە نێوان حیزب و لایەنەکان و هاوکاری زیاتریان دەبێتە هۆی پتەو و قایمتربوونی پێگەیان لە ڕۆژهەڵات و ئەوەش قورسایییان پێ دەدات لە سیاسەت و دیپلوماسیەتدا بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان.