ئەیجێنسی بەرامبەر ئۆبژێکتیفیکەیشن: “ژن: نە کۆیلەی نەریت، نە کاڵای مۆدێرن”

بێگەرد ساڵح
لە گفتوگۆی فێمینیستیی هاوچەرخدا، یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکان پەیوەندیی نێوان ئەیجێنسی (Agency – توانای بڕیاردان) و ئۆبژێکتیفیکەیشن (Objectification – بابەتیکردن)ە.
لەم سەردەمەدا، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ ئاگاداری ژنان لە مافەکانیان و درووستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەدرێن، بینەری دیاردەیەکی دژوارین: بڕیار و رەفتارگەلێک بە نەرمی و ئەسپایی بە ناوی “مافی ژنان” و “ئازادی”، خۆیان لە ناو ژنان جێگیر کردووەتەوە، کە لە ڕاستیدا ژنان بەرەو کۆیلایەتیی سێکسی و ئامێریی دونیای سەرمایەداری دەبەن. مەگەر دەکرێ لە لایەکەوە درووشم بدرێ کە نابێ ژن ببێتە ئامرازی پیاوان و گیرۆدەی ڕواڵەت سازی بێت و لە لایەکی دیکەوە بۆ خۆی بە هەمان بازاڕی جوانکاریی ملی دابێ؟
ئایا کردەوەیەک وەک پیشاندانی جەستە، بەکارهێنانی جوانکاریی زۆر و هەندێجار ناپێویست، دەکرێت بە “هەڵبژاردەیەکی ئازاد” لێکبدرێتەوە؟ یان ئەم هەڵبژاردنە لە بنەڕەتدا وەبەرهێنانەوەی هەمان دەسەڵاتی پیاوسالار بە شێوەیەکی نائاگایانە؟
لیرەدا دوو دەنگی ناکۆک دێتە ئارا:
دەنگی یەکەم:
“ئەمە هەڵبژاردەی منە! من ئازادم، کەس مافی ڕەخنەی نییە!”
وەڵامی پاڵپشتیی کاران:
“بەڵێ، ئەوە مافی خۆیەتی، دەستدرێژی مەکەن بەسەر ژیانیدا!”
دەنگی دووەم:
“ئەوە ئازادی نییە، ئەوە فریودراوی کۆمەڵگە و جیهانی سەرمایەداریە کە مێشکیان شۆردووەتەوە!”
رەنگە هەردوو لایەن هەم حەقیان بێت، هەم جێگەی ڕەخنە بن.
ئەیجێنسی Agency چەمکێکی فێمێنیستییە بەو واتا کە کەسەکە بۆ خۆی بڕیاردەرە چۆن لەگەڵ جەستەی خۆی ڕەفتار بکات، لە بەرانبەردا ئۆبژێکتیفیکەیشن Objectification واتە ژن بە جێی ئەوەی “بکەر” بێ دەبێتە “بابەت” بەو واتای کە دەبێتە “شت”ێک کە ڕوانگە و حوکمدانی پیاوان پێناسەی دەکات. لەم چەمکەدا دەگوترێ بڕیاری ژن لە بۆشاییدا نادرێت، بەڵکوو لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا بیچم دەگرێت. کەواتە ئەوەی کە دەگوترێ “هەڵبژاردنی خۆیەتی”، لە بنەڕەتدا وەبەرهێنانەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی سەرمایە و بازاڕی جوانکاریییە و لە ڕوانگەی فێمێنیستێکی چەپەوە هەڵبژاردەکەی لە نێو “قەفەسێکی پێکهاتەوە” بیچمی گرتووە نەک ئازادییەکی ڕاستەقینە.
کەواتە دەتوانین بڵێین کە ژنی کورد لە نێوان دوو کۆیلایەتی: نەریتی کۆن و مۆدێرنیتەی کاڵایی گیریان کردووە. زۆربەی ژنان لەم سەردەمەدا لە نێوانی دوو فشاری دژبەیەکدا دەژین: لە لایەکەوە کۆیلەی نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگای ئایینی سیاسی و لە لایەکی دیکەوە کۆیلەی ئاڵۆزییەکانی مۆدێرنیتەی مەسرەفی و سەردەمی دیجیتاڵ کە ژن وەک جەستە و کاڵا دەبینێت. ئەم دوو فشارە هەرچەندە جیاوازن، بەڵام هەردووکیان ئازادی و مرۆڤایەتی ژن بە تاڵان دەبەن. سەیر ئەوەیە کە ئەم دوو گوشارە لە ڕواڵەتدا دژ بە یەکن، بەڵام لە بنەڕەتدا هاوشێوەن و هەر دوو لایەن یەک ئامانجیان هەیە:
ـ هەردووکیان ژن بێدەنگ دەکەن و بەرەو کۆیلایەتی دەبەن، یەکێک بە ناوی شەرەف، ئەوی دیکە بە ناوی جوانی.
ـ هەردووکیان ڕواڵەتی ژنان دەگۆڕن، یەکێک بە ناوی خێزان، ئەوی دیکە بۆ بازاڕ.
ـ هەردووکیان کۆنترۆڵی لەش دەکەن، یەکێک بە داپۆشین، ئەوی دیکە بۆ نمایش کردن.
ـ هەردووکیان ژن لە مرۆڤایەتی بە تەواوی دادەماڵن، بە گۆشاری نەریت یان بە گوشاری مۆدێرنیتە.
بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دوو گوشارە پێویستی بە بزووتنەوەیەکی ڕەسەن و ڕەگەزیی هەیە، دەبێ بەبێ ئەوەی کەلتووری کوردی بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە و زیان بە ڕەسەنایەتی کلتووری کوردی بگەیێنێت، مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی لێکبدرێتەوە و لە نەریتە زیانبەخشەکان ڕەخنە بگیرێت. بەو تێگەیشتنەی کە هەندێک لەو گۆڕانانە کە بەناوی مۆدێڕن و ئازادی جێگەی خۆی لە کۆمەڵگا کردەتەوە و هەوڵدەدات کە ژن بەرەو کاڵا بوون ببات، دەبێ ڕێگایەکی سێیەم دروست بکرێ کە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤایەتی بنیات نرابێت.
هەندێ کەس دەڵێن هەندێ ئاکار، هەڵبژاردەیەکی شەخسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە، بۆیە ئێمە مافی ڕەخنەمان نییە. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە هیچ هەڵبژاردنێک لە بۆشاییدا ڕوونادات. کاتێک گۆڕانی جەستە و ڕواڵەت، هەروەها گۆڕینی جل و بەرگی رەسەنی نەتەوەیەک بە شێوەیەکی جیاواز لەو کلتوورە کۆن و ڕەسەنە دەبێتە نیشانەیەکی کۆمەڵایەتی و ئامرازێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی شوناس، ئەو هەڵبژاردنە ئاستی تاک تێدەپەڕێنێت و دەچێتە ناو گۆڕەپانی گشتی. هەر بەو بۆنەوە ڕەخنە بە مانای دەستوەردان لە ئازادی تاک نییە، بەڵکوو پرسیارکردنە لە دەرئەنجامە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەر جەستە ببێتە هێمای مهسرهفی/بەکاربەر و میدیایی، کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە باس لەو مانایە بکات کە ئەو هێمایانە بەرهەمی دەهێننەوە و تەنانەت ڕەخنە لەو مانایە بگرێت.
واتە بە جێی ئەوەی بوترێ مافی ڕەخنە گرتنمان نییە دەبێ پرسیار بکەین ئەم کارە ئایا کردەوەی ئازادی کەسەکەیە یان گوشاری دونیای سەرمایە و مۆدێلینگ و رێسای جیهانی پیاوسالار؟
کەرامەتی ڕاستەقینەی ژن نە لە داپۆشینی بەدەست دێت، نە لە دەرخستنی. کەرامەت بریتییە لە:
سەربەخۆیی: مافی بڕیاردان سەبارەت بە لەش، ژیان و داهاتووی خۆی.
مرۆڤایەتی کامڵ: بینینی ژن وەک مرۆڤێکی تەواو، نە تەنیا دایک، ژن، یان بابەتێکی سێکسی.
دەربڕین: مافی دەربڕینی بیر و هەست و ئاواتەکانیان بەبێ ترسی سزا یان حوکمدان.
هاوسەنگی: ژیانێک کە تێیدا ژن دەتوانێت باوەڕ، کەلتوور و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئازادیی هەڵبژاردنیشی هەبێت.
ژنانی کورد شایانی ئەوەن کە نە بە زنجیرەکانی نەریت بەندبکرێن، نە بە فرۆشگای مۆدێرنیتەی مەسرەفییەوە. شایانی ئازادی و کەرامەتی بە بێ مەرجی ڕاستەقینەن.
