ئەردوغان، قەرەباغ و مەترسی داهاتووی کورد

ئەردوغان

✍ کاوان موکری

لە ڕۆژەکانی سەرەتایی مانگی ڕەزبەردا جەنگ و تێکهەلچوون لە نێوان هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان بە پشتیوانی تورکیە و هێزەکانی ئەرتەشی ناگۆرنۆ قەرەباغ بە پشتیوانی وڵاتی ئەرمەنستان دەستی پێکرد.
بەڵام ئامانجی ئەو جەنگە، جگە لە دۆژمنایەتیە دێرینەکان لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە سەر ئەو ناوچەیە، دەتوانین لە بوارێکی تریشەوە تاوتوێ بکەین.
ئەگەر چاوێک لە چالاکیەکانی وڵاتی تورکیە بە سەرۆکایەتی ئەردوغان لە ناوچەکانی دەوروبەردا بکەین دەتوانین جوڵەی هێزەکانی تورکیە بۆ سازکردنەوەی پاشایەتی عوسمانی بە روونی ببینین. بە بێ گومان یەکێک لە خەونەکانی ئەردوغان لە ساڵەکانی ڕابردوودا گەیشتن بە ئاواتی ساز کردنی پاشایەتیێکی بە هێز لە ناوچەدا بووە.
بۆ ئەو بابەتە چالاکیەکانی ئەرتەشی تورکیە و هێزە رێکخراوەکانی لە وڵاتانی ناوچە وەک سووریە، عێراق، لیبی، ئازەربایجان و دەریای مەدیتەرانە روو لە زیاد بوونە.
قەرەباغ بە بۆنەی حکوومەتی خۆد موختار و هەروەها دانیشتوانی ئەرمەنی و تورک(بە زۆرینەی دانیشتووی ئەرمەنیەوە) دەتوانێ نموونەیێکی بەرچاو بۆ داهاتووی کوردستان و کێشەکان لەگەڵ وڵاتی تورکیە بێت.
بەڵام کاریگەری پرسی قەرەباغ لەسەر داهاتووی کورد دەبێ چی بێت و بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو کارەساتەی کە تورکیە بەسەر ئەو ناوچەی دێنێت، کورد چ کارگەلێک پیویستە بەڕێوە بەرێت؟
بە داخەوە چالاکیەکانی تورکیە بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سووریە، بە بڕوای کارناسان و هەروەها بە ڵێکۆلینەوە و چوونە نێو شارە تورک و ئازەریەکانی وڵاتی ئێران بۆتە هۆی زوربوونی فاشیسمی تورکی لەو ناوچەیەدا. دروژمەکانی خۆپیشاندەران بۆ لاینگری وڵاتی ئازەربایجان لەو جەنگەدا دژ بە نەتەوەی کورد، مەترسییە کان لە سەر داهاتووی کورد لە ناوچەدا زۆرتر نیشان دەدات.
ئەو مەترسییانە بە تایبەت لە سەر ناوچەی موکریان و شارەکانی پارێزگای ورمێ بە بۆنەی ژیان بەسەر بردنی ئازەریەکان لە گەڵ کوردەکان لە شارەکانی باکووری پارێزگا، دەتوانێ زورتر بێت.
بە دیتنی کارەساتی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان بە بێ گومان لە دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ناوچەکانی کورد کە ئەردوغان بۆ زۆرتر کردنی دەسەڵاتی خۆی لەسەر ئازەریەکان و تورکەکان و هەروەها درێژە پێدان بە دوژمنایەتی نەتەوەی کورد دەیداتە بەر ئامانجی هێزە رێکخراوەکانی تورکیە (وەک هێزە ئیسلامیەکانی ژێر دەسەڵاتی) دەتوانێ پارێزگای ورمێ بێت.
بۆ روبەروو بونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییە گەورە، پێویستە لە ئێستاوە نەتەوەی کورد و حیزبە سیاسیەکان کارگەلێک بۆ بەرگری کردن لە ئەگەرێتی ئەو کارەساتە بەڕێوە بەرن:
۱- زۆرتر کردنی پێوەندی نێوان کورد و تورک لە پارێزگادا؛
بە تایبەت لاوەکانی کورد بە بۆنەی بوون لە نێو زانکۆکاندا دەبێ لە فەزایێکی ئاشتی خوازانەدا بۆ زۆرتر کردنی پێوەندی و تەبایی لەگەل نەتەوەکانی تر هەول بدەن هەتاکوو لە دوارۆژدا مەسەلەی ناوچە بە گفتگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێت.
۲- کەڵک وەرگرتن لە میدیا جیهانیەکان بۆ زۆرتر کردنی ئاشتی لە نێوان نەتەوەکاندا و هەروەها نیشان دانی ئاشتی خوازی کورد و روون کردنەوەی سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەردۆغان بۆ هەموو جیهانیان، هەتا پێش روودانی کارەساتی ناخۆش بۆ کورد جیهان بتوانێ بەرنگاری سیاسەتی داگیرکەری ئەردۆغان ببێتەوە.
۳- نیزیکی زۆرتری حیزبەکانی کورد بە هەموو بیر و بڕواکانەوە؛ هاوکاری حیزبەکان هەم لە بواری سیاسی هەم سەربازیەوە( بە تایبەت رێکخستنی پێشمەرگەی کوردستانی پێکهاتوو لە پێشمەرگەی هەموو حیزبە سیاسیەکانی کورد) پەیام و هەواڵی تەبایی لە نێو ماڵی کورد بە هەموو دوژمنانی نەتەوەی کورد دەگەیێنێ وهەروەها دەبێتە هۆی متمانەی زۆرتری خەڵکی کوردستان بە هێزە سیاسیەکان.
هیوادارم هێزە سیاسەکان و هەروەها خەڵکی کورد بە لە چاو گرتنی ئەو خاڵانە رێگە لە دۆژمنایەتی نەیارانی کورد بگرێت و هەروەها بتوانێ داهاتوویێکی رووناک بۆ هەموو نەتەوەکانی کوردستان بخۆلقێنێت.