هەڵگیرسانی شەڕی ئارمەنستان ئازەربایجان زامێکی کۆن و نەهامەتیەکی تازە

شەڕی ئارمەنستان ئازەربایجان

✍ ئاژوان_کرماشان
بە ڕوانینێکی واقێعبینانە و چەپەوە ،ئەم شەڕە کە پتر لە سی ساڵە هێشتا دوایی نەهاتووە ؛لە چوارچێوەی بەربەرەکانییەکی مەزهەبی،ناسیۆنالیستی کە تێکەڵ بە شوێنیزمی تورکی-عۆسمانی بووە و تێدەکۆشێ کە ئەو حەق و حەساوە مێژووییەی کە هەیانە لە ژێر پۆششی ناسیۆنالیزم و ئایین بیانشارێتەوە.
ئەم شەڕە ئاکامی قەیرانێکی ناوەوە، ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کە نیشان ئەدات تا چ ڕادەیەک هەستی شوێنیستی چۆن ئەتوانی لە گەڵ مەزهەب؛کۆمەڵانی خەڵکی هەژار بە گژ یەکتر دا بدات لە حاڵێکدا ئەو دوو گەلە خاوەنی خاڵی هاوبەشی زۆرن ،وەک ئامرازێک بۆ ڕژیمە تاوانبارەکان و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بێنن.
شەڕی ئەم دوو دەوڵەتە لە سەر کۆنتڕۆڵی ناوچەی ناگۆڕنۆ قەرەباغ و پشتیوانی دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لە ئازەربایجان وایکردووە کە ئاگرەی شەڕەکە ڕۆشنتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت.
ئەردۆغان لە چەند لێدوانی دا بە ڕاشکاوی دژ بە ئەرمەنستان وستاوە و قەرەباغ وەک وڵاتی داگیرکراو دەناسێنێ.
ئەو ناوچە 4400کیلومتری دووجا مەساحەتی هەیە و حەشیمەتەکەی ئەگاتە 165000کەس.لە بواری جێۆگرافییەوە کەوتووەتە نێو سنوورەکانی ئازەربایجان و زۆربەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنین.
قەیرانی هەرێمی ئارتساخ کە تورکەکان ناویان لێناوە قـــەرەباغ ،ڕیشەیەکی مێژینەی هەیە.لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبری 1917 و پێش گیان لە دەسدانی لێنین دەستووری درووسبونی هەرێمی خۆدمۆختاری کوردستانی سووری (75 لە سەدی کوردی کۆرمانجی ئەرمەنی، 25لە سەدی تورکی مۆسڵمان بوون )بۆ ئەو مەڵبەندە دەرکرد.لە زەمانی ئەستالینیش تا 1929 هەر ئەو کۆمارە مابوو کە پێتەختی شاری لاچین بوو.دواتر بە فەرمانی ئەستالین لە سەر داوای ئاتاتورک ، ئەو کۆمارە کوردەیەی هەڵوەشاندەوە و کوردەکانیشی بەرەو قەزاخستان و ڕوسیا و ئۆزبەکستان ڕاگواست و هەمـو هەرێمی ئارتساخ کە زۆرینەی ئەرمەنی بوون ، بە ئازەربایجانەوە لکاند .
دواتر و لە نێوان ساڵەکانی 1988 تا 1994 چەندین شەڕی خوێناوی روویاندا و تیایدا پتر لە 35هەزار کەسۆژران.دوای هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 ئەو هەرێمە وومەتی سەربەخۆ و دیفاکتۆی دامەزراند ئێستا خاوەنی سەرۆک کۆمار و پاڕلەمانی خۆیەتی.
لە ساڵی 1993ئەرمەنستان توانی دەس بە سەر ئەو مەنتێقە بگرێت و پشتیوانی لە دەوڵەتی هەرێمەکە بکات.لە ساڵی 2016ەوە ،دیسان شەڕ دەستی پێکردوو وخەڵکانێکی زۆر لە دوو لایەن کۆژران و بە دەیان بنەماڵە ئاوارە لە حاڵ و ماڵی خۆیان بوون.هەر ئەو ساڵە بە میانجیگەری ئەمریکا،ڕوسیە و فەرانسە لە ڤیەن کۆتایی بە شەڕەکان هات.
ئەم ئاڵۆزیە هەڵئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژینۆسایدی ئەرمەنەکان لە لایەن تورکانی عۆسمانییەوە لە نێوان ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە.
ئاگری قین و نەفرەتێک کە تورکەکان لە ناوچەکە چاندیان و زامێکی کۆن و قووڵە کە لە هەر سەردەمێک سەر هەڵئەداتەوە و بە دوای خویدا نەگبەتی بۆ خەڵکانی ئەو سێ وڵاتە دێنێت.
تەنانەت دوای هەرەسهێنانی ئەمپراتووری عۆسمانی ئەم ئاگرە نەکۆژایەوە و لە لایەن دەوڵەتی ئازەربایجانەوە پەرەی پێ ئەدرێت.
تورکەکان تا ئیستاشی لە گەڵدا بێت کۆشتاری ئەرامەنە بەفەرمی ناناسن و مەحکوومی ناکەن و هەر دەم بە بیروبۆچوونی شوێنیسییەوە لە گەڵ ئەو ناکۆکییانە مامەڵە ئەکەن.
هەر دوو دەوڵەتی ئەرمەنستان و ئازەربایجان بە کەڵک وەرگرتن لە هەستە ناسیۆنالسیانە و ئایینیەوە ئاگرەکە خۆش ئەکەن و بەبەست ئەبن لە تێکەڵ بوونی ئەو گەلانە و پێک هێنانی ئەکیەتیەکی مرۆڤانەی گەلی ئەرمەن و ئازەری.
دەوڵەتی تورکیە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە دەیێەوێت لە هەستی نەتەوەیی و ئایینیەوە ئەو ئاگرە لە ناوچەکە بۆ جیاوازی گەلان کەڵک وەرگرێت.
ئەردۆغان بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە ناوەوەی وڵاتی و سەرپۆش دانانی کێشە ناوخۆییەکان وەک قەیرانی ئابووری و شەڕی لە گەڵ پ.ک.ک ،ڕۆژئاوا و لیبی حەزی لە درێژە کێشانی ئەم قەیرانەیە لەو هەرێمە.
کۆماری ئێسلامی بەڵام لە هەل و مەرجێکی دژوارە،لە لایەک حەز بە تەقابۆڵ لە گەڵ ڕووسیە و ئەرمەنستان ناکات و لە لایەکی ترەوە دژ بەهەستی ناسیۆنالیستی ئازەرییەکانی ئێران لە مەڕ پشتیوانی ئازەربایجان ناتوانێ بوەستێ ،چوونکە گەلی ئازەری لە ئێران جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە.
ڕێپێوانەکانی خەڵک لە شارەکانی ئازەری نشینی ئێران و سەرهەڵدانی درووشمی پشتیوانی لە دەوڵەتی ئازەربایجان ،هەستی نەتەوایەتی ئەوان پتەوتر ئەکات و ئەوەش بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گرینگە و زوو دەیێەوێت ئەو سەرهەڵدانانە پەرە نەسێنێت .
لە لایەکترەوە کۆمەڵگای جیهانی ترسی لە دووپات بوونەوەی ژینۆسایدی ئەرمەنەکان بە دەس تورکەکانە و وڵاتانی زل هێز لە حاڵی گڵاڵەی ئاشتی نێوان ئە سێ وڵاتەن.
بە نیسبەت کوردەوەش،ئاشکرایە کە هەر قەیرانێ بۆ دەڵەتی فاشیستی تورکیە لە قازانجی بزووتنەوەی کورد لە تورکیایە و گەلی کورد هەر دەم پشتیوانی لە دۆزی گەلی ئەرمەن کردووە و خۆی بە هاوبەشی مەینەت و ئازارەکانی داناوە.