یەکسانی پێویستیی کۆمەڵگەی کوردستانە!

توندوتیژی نیشاندان بەرانبەر بە ژنان بە بیانووی پاراستنی شەرەف، ھێشتا بەشێکە لەراستی کۆمەڵگا و زۆر بەداخەوە ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی کوردییش لەو پەتایە بەدوور نییە. بەپێی هەموو داتاکان، ڕێژەی کوشتن لەسەر شەرەف لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لەهەڵکشاندا بووە و کەمتر نەبۆتەوە. بەداخەوە دیاردە و چەمکی شەرەف بە کردەوە بۆتە ئامرازێک و پاڵپشتێک بۆ چەوساندنە و ترساندن و ژێر چەپۆکە هێشتنەوەی ژنان. رۆژ نییە گوێبیستی زۆرترین هەواڵی کوشتن لەژێر ناوی “شەرفپارێزی” و “گێڕانەوەی نامووس″، نەبووبین کە بەشێکی هەرەزۆری مانشێت و سەرتیتری ڕۆژنامەکان لە خۆدەگرن. سەرباری گەشەسەندنی کۆمەڵگا و گەیاندنی مرۆڤایەتی تا ئاستی بەرزی بایەخ و بەهاکانی خۆی، بەڵام هەمیسان وە کردەوەگەڵێکی قێزەون بە بەردەوامی بەرچاو دەکەن .
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکان تۆمار کراون کە هەمووی لە ژێر ناوی نامووس و شەرەف دا بوون.
سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە تووندووتیژی نواندن دژبە ژنان پێویستە هەوڵەکان بۆ داسەپاندن و بونیات نانی یاسایەکی ئینسانی وەگەڕ بخرێن. دەخوازێ ژێرخانێکی فکری و بیردۆزی هزری نوێ لە ناو کومەڵگادا بێتە کایەوە، کە ئەم ژێرخانە دەبێ پشت ئەستوور بێ بە بنەمای ئازادی ڕەگەزی و دیموکراتیک و بەهای مرۆڤەکان. دژی جیاوازی رەگەزی بێت و ئامانجی شۆردنەوەی مێشک و عەقڵییەتی کۆن بێت و هەنگاو بۆ بارودۆخێک هەڵبێنێت کە مرۆڤەکان شیاوی رێز گرتن بن. ئەمرۆ ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و یەکسانی خوازە کە هەوڵ بۆ دەستەبەر کردنی ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگا هەوڵ بدات .
نابي چیتر شەرەف و نەریت و ئایین ببێتە بیانوویەک بۆ شەرعیەت پێدانی تووند و تیژی جەستەیی و دەروونی دژی ژنان. هەموو توندوتیژییەک کە پەیوەندیی بە جنسییەتەوە هەبێ و ببێتە هۆی ئازاری جەستەیی، دەروونی یان جینسی و هەروەها هەڕەشەی ئەوجۆرە ئاکارانە، یان هەر جۆرە ناچارکردنی ژنان بە ئاکارێک یان ئەستاندنەوەی ئازادییەکانیان، جا لە ژیانی تاکە کەسیدا بێت یان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، وەکوو توندوتیژیی دژی ژنان دێتە ئەژمار و دەبێ وەکوو تاوان بناسرێ و سزای بۆ دیاری بکرێ.
توندوتیژیی پیاوان بەرانبەر بە ژنان لە هەموو دونیادا و لە نێو هەموو کولتوورەکاندا هەیە بەڵام ڕادەی ئەو توندوتیژییە پەیوەندیی بە کولتوور و ئایین و یاسا و شێوازی دەسەڵاتەوە هەیە و شوێنی ژیان و پەروەردە و زۆر فاکتەری دیکە کاریگەرییان لەسەر هەیە. لە کوردستان کولتوور و دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی کە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ کراوە، ئایین و یاسای ئایینی، هەژاریی بەرینی بەرهەمی دەسەڵاتی داگیرکار، بەرچاوترین هۆکارەکانی پەرەسەندی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانن. زۆربەی قوربانیانی توندوتیژیی ڕەگەزی لە کوردستان، ئەو کەسانەن کە دژ بە یاسا و کولتووری پیاوسالارانە وەستاونەتەوە و بەدەستی نزیکترین کەسەکانی خۆیان (باوک، برا، هاوسەر، مامە و خاڵۆ و… ) بە دڕندانەترین شێوە کوژراون.
داگیرکەرانی کوردستان و کۆنەپەرەستان بە پشت بەستن بە کولتووری تاریکپەرەستان و یاسای دواکەوتووانەیان بە هەموو شێوەیەک جەستەی ژنیان کردووەتە گۆڕەپانی دژایەتی ژیان و کەرامەتی ئینسان و بۆیە پێویستە هەموو مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز دژی ئەم پیلانە بوەستێتەوە و بەهەموو چەشنێک بۆ پووچەڵ کردنەوەی تێبکۆشێت.
ژنان بە تایبەتی ژنانی کورد، خاوەن ڕۆڵێكی بەهێز و كاریگەرن لە مێژووی كورد و كۆمەڵگا و سیاسەت، ژنانی كوردستان بە درێژایی مێژوو بەشداربوون لە بزاڤی شۆڕشگێری و رزگاریخوازی و ئازادیخوازی و نەتەوایەتی كورد و لەپاڵ پیاوان چەندین كاری گەورە و بەرچاویان ئەنجامدا لە ناو چالاكییە چەكدارییەكانیش لە ھەر چوارپارچەی كوردستان ھاتوونەتە پاڵ حیزبەکان و بەشدار بوون لە شۆرشی رزگاری و یەکسانیخوازیدا.
لە ئێران پاش ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی یەکێک لە دژە ژنترین رژیمەکان کە بە یاسا دواکەوتووەکانی بنەمای سیستمێکی فاشیستی مەزھەبی دامەزراند، ئێستا شاھیدی رەوتێکی گەورەی یەکسانیخوازی لەناو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانداین. کۆماری ئیسلامیی ھەر لەسەرەتای ھاتنە سەرکاری بەدوای تێکشاندنی ھەستی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی و ھێرشکردنە سەر رێوڕەسمی ٨ی مارس و بە یاسا دژەژنەکان، بەردی بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایم کرد. ھاوکات لەگەڵ ٤٦ ساڵ خۆڕاگری و خەباتی بێ وچانی ژنانی و پیاوانی چەپ و ئازادیخواز بەرەوڕوو بووەوە. سەپاندنی ھەر رادە لە کۆیلەتی و دژە ژن بوون ھاوکات بوو لەگەڵ گیانفیدایی و تەحەمولی دڕندانەترین ئەشکەنجە و ئێعدام. لە کوردستانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ژنانی ئازادیخواز و لە پێشیانەوە ژنانی کۆمەڵە ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی رژیمی ئیسلامیی رۆڵێکی گەورەیان لە خەباتی سیاسی مەدەنی و دواتر لە خەباتی پێشمەرگانە و لە ژێر ئەشکەنجە و تەنافی داردا گێڕا.
لەگەڵ شۆڕشی ژینا کوردستان و خەباتی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا گۆڕانی بەسەردا ھات و ژن ژیان ئازادی و ژینا و کوردستان و یەکسانیخوازی سنورەکانی تێپەڕاند و بوو بە گوتارێکی جیھانی.
بێگومان شۆڕشی ژینا و پێگەی ژنانی کورد قەرزاری ٤٦ ساڵ خۆڕاگری ھەزاران ژن و پیاوی ئازادیخواز و خەباتکاری وەک مەستورە شاسەواری، دکتۆر باوەفا ژنانی ئێعدامی کوردستانە کە بە گیانی خۆیان بناغەی راوەستاوەیی و خۆڕاگرییان دانا. ھەموو ئاماژەکان باس لە ھاتنی سەردەمێکی ھیوابەخش دەکات کە ژنان لە ریزی پێشەوەی وەستاون.