یادێک لە ئیرادەبەهێزەکانی شۆرشی چەوساوان لە کوردستان …!

یادێک لە ئیرادەبەهێزەکانی شۆرشی چەوساوان لە کوردستان …!

 عــەزیز ئاجیکەند

بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردوستان بە رێبەری کۆمەڵە و بە بەشداری هەزاران کەس لە ژنان و پیاوانی شۆرشگێر وەك بزوتنەوەیەكی حەقخوازانە لە ماوەی دەسەڵاتی٤٥ ساڵەی رژیمی ئیسلامیی بە سەر كوردستان و ئێراندا، تووشی گەلێک خەساری گەورەی قەرەبوو نەكراو هاتووە كە تا ئێستاش كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەسەر ئەم بزووتنەوەیەوە دیارە.

نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی خه‌رمانان رێكه‌وته‌كانی ٤ و ٩ و ١٣ی ئه‌و مانگه‌، ئه‌و رۆژانه‌ن كه‌ تێیاندا کۆمەڵەی ئێمه‌ توشی خەسارێکی یەکجار گەورە هات . ئێمە لەم رۆژانەدا سێ كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وتوو، سێ رابه‌ری ماندویی نه‌ناس ، سێ رۆڵەی بە ئەمەگ و تێکۆشەر، سێ دلسۆزی کۆمەڵانی خەڵک و سێ ئەستێرەی گەشی ئاسمانی چەوساوانی کوردوستانمان لەدەستدا . 

 کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، کاک سدیق كه‌مانگه‌رو هاورێ غوڵام كه‌شاوه‌رز، ئەو سێ ئه‌ستێره‌ی رێ نیشانده‌ری خه‌باتی چه‌وساوه‌كان و سته‌ملیكراوان و تەشکیلاتی ئێمە بوون کە بەداخەوە هەر زۆر زوو مۆمی تەمەنیان بەدەستی شەمشەمەکۆێرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسڵامیی، کوژایەوە .

ڕۆژی ۹ ی خەرمانان، بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لە ئێران و کوردستان یەکێک لە کارامەترین و لێهاتووترین رێبەرانی خۆی لە دەست دا، بۆ کوردستان ژان و خەسارەکە سەت هێندە کاریگەر و جەرگبڕتر بوو. کاک فوئاد، ناوێک کە دواتر بوو بە وێردی سەرزاران و بە سەدان و هەزاران کۆرپە لە خۆشەویستی ئەم مرۆڤە مەزنە ناوی “فوئاد”یان لێنرا. ماوەیەکی کورت ،بەڵام پڕ بایەخ، کاریگەر، شوێندانەر، داهێنەر و پڕ دەسکەوت لە کارنامەی کاک فوئاد دا بووە.

كاك فوئاد سیمایەكی ناسراو و خۆشەویست و هەروها ئەندامی بنەماڵەیەك بوو كە ٤ برای دیكەشی لە بەربەرەكانێ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی و سیاسەتە دوژمنكارانەكانی لە دژی بزوووتنەوەی كوردستان، لە زیندانەكانی ئەو رژیمەدا ئیعدام كرا.

کاک فوئاد، رێبەرو ئەندازیاری خەباتی مەدەنی

 خه‌باتی سیاسی كاك فوئاد هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی تازه‌ لاویه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و له‌ كاتێك دا ته‌مه‌نی ته‌نیا ٢١ ساڵ بوو، ده‌بێ به‌ سه‌ر قافڵه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی رەوتی ئیمە واتا کــــۆمەڵە. ساواكی شا كه‌ به‌توندی گومانی كردبووه‌ سه‌ر ژیان و هه‌ڵسووڕانی كاك فوئاد، له‌پاییزی ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی دا كاك فوئادی گرت و له‌ زیندانی كومیته‌ی هاوبه‌شی شاره‌بانی و ساواك ، کەوتە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌. به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ران زه‌فه‌ریان به‌ وره‌ی كاك فوئاد نه‌برد و قاره‌مانانه ‌نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی پاراست. پاش بازجوویی و ئه‌شكه‌نجەیەکی زۆر، ‌گواسترایه‌وه‌ بۆ زیندانی قه‌سری تاران و زیاتر له‌سێ ساڵ له‌وێ به‌ندكرا. له‌ساڵی كۆتایی زیندانه‌كه‌یدا، كاك فوئاد گواسترایه‌وه‌ بۆ زیندانی شاری سنه ‌و ساڵێكیشی له‌و زیندانه‌دا تێپه‌ر كرد. زیندانی سنه‌ مه‌یدانێكی خه‌باتی لێبراوانه‌ی كاك فوئاد بوو. مانگرتن له‌خواردنی زیندانیانی سیاسی كه‌ كاك فوئاد بۆ ماوه‌ی ٢٤ رۆژ به‌شداری تێدا كرد، یه‌كێك له‌دیمه‌نه پر شكۆكانی خه‌باتی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ناو زیندانه‌كان له‌دژی رژیمی شا بوو. له پاییزی ساڵی ١٣٥٧ دا كاك فوئاد ئازاد كرا و له‌پاش پێشوازییه‌كی گه‌رم و كه‌م وێنه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شاری سنه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئاوایی ئاڵمانه‌. كاك فوئاد دوای ئازاد بوونی، ته‌نیا ١١ مانگ ژیا و له‌و یازده‌ مانگه‌شدا هه‌موو كات و توانای خۆی بۆ رێبه‌ری كردن و به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا ته‌رخان كرد. له‌ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو مانگدا، یانی له ‌٢٣ی  مانگی پووشپه‌ڕه‌وه‌ ‌تا ٩ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی به‌ڕێبه‌ریی کاک فوئاد، ژماره‌یه‌ک له ‌هه‌ستیارترین، به‌ناوبانگترین و گه‌شترین رووداوه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵه‌ و خه‌باتی ‌سیاسی‌ کوردستان هاتنه‌ ئاراوه‌. کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان، ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری سنه‌ به‌ره‌و مه‌ریوان، گفتوگۆی ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ دوژمن، ئه‌و بوارانه ‌بوون كه تواناییه‌كانی كاك فوئادی بۆ هه‌موان ده‌رخست. پربایه‌خترین كاری كاك فوئاد كه‌ دوایین هه‌نگاوی سیاسی ئه‌و بوو، داڕشتنی بناغه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگیرانه‌ی كوردستان بوو. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ بوو به‌ سه‌نگه‌رێك بۆ دیفاع له‌ ده‌سكه‌وته‌كانی شۆرشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئیران و کوردوستان لەو سەردەمەدا کە تا ئێستاش وەک سەردەمیکی زیرین و پڕ دەسکەوت یادی لێوە دەکڕی .

كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی ئەو رابەرەیە كە پاش تێپەڕ بوونی ٤٥ ساڵ، هێشتا ورە‌و وزە‌و رێبازەكەی بە روونی دیارە بە سەر رەوتی كۆمەڵە‌و بزوتنەوەی پێشكەوتنخوازی كوردستاندا. کاک فوئاد بە راشكاویی سۆسیالیست‌و لایەنگری چینی چەوساوە بوو ‌و خۆی‌و رێكخراوەكەی بە پارێزەری بەرژەوەندیی ئەوان لە بزوتنەوەی شۆرشگیرانەی كوردستاندا دەزانی

سەدیق کەمانگەر، زمان ئاگرینی شۆرش لە کوردستان…

١٠ ساڵا دوای مەرگی کاک فوئاد، لە رۆژی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٨، کاک ”سدیقی كەمانگەر“ دەنگی رەوا و بەهێز و دلێری راپەڕینی جەماوەری و یەكێك لە رابەرانی كۆمەڵە لەلایەن بەکڕێگیراویکی کۆماری ئیسلامییەوە  تیرۆر كرا.

کاک سه‌دیقی كه‌مانگه‌ر دوو ساڵ له‌ كاك فوئاد به‌ ته‌مه‌ن تر بوو . له‌ ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی كاتێك رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ داده‌مه‌زرێ، كاك سه‌دیق له‌ یه‌كه‌م مانگه‌كانی بوونی كۆمه‌ڵه‌دا ده‌بێ به‌ تێكوشه‌رێكی هه‌ڵسووڕاوی ئه‌و رێبازه‌. كاك سه‌دیق له‌ ساڵانی ده‌یه‌ی ٥٠ی هه‌تاوی كاتێك خه‌باتێكی مافخوازانه‌ له‌ نێوان جوتیارانی “دارسێران”ی مه‌ریوان و فئوداله‌كان كه‌وته‌رێ، وه‌كوو پارێزه‌رێكی جه‌سور و لێهاتوو ئه‌ركی دیفاع له‌ جوتیارانی بە بێ وەرگرتنی پارە وه‌ئه‌ستۆ گرت. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له‌دژی رژیمی شا، ئه‌ندامی ناوه‌ندی كانونی پارێزه‌رانی ئیران بوو كه‌ به‌ ئیمزای خۆی بۆ دیفاع له‌ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ریی، به‌یانییه‌ی ده‌رده‌كرد. له‌ مانگی پوشپه‌ری ١٣٥٧ی هەتاوی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاری سنه‌ی بۆ دیفاع له‌ زیندانیانی سیاسی كه‌ مانیان له‌ خواردن گرتبوو، له‌دژی رژیمی شا، رێكخست. ئه‌و له‌و كاته‌دا سیمای عه‌له‌نی تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ بوو. بانگه‌وازه‌كانی هاوڕێ سدیق له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری شۆرشگێره‌وه‌ جوابی وه‌رده‌گرته‌وه‌. هه‌ڵسووڕانی بێوچانی كاك سدیق، بوو به‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێزی رادیكاڵ و پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵگا به‌رانبه‌ر به‌ ره‌وتێكی كونه‌په‌رستدا كه‌ هه‌ولی ده‌دا سه‌مه‌رەی خۆین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بكا به‌ پاشكۆی ئیرتجاعی مه‌زهه‌بی كه‌ له‌ لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه‌ رێبه‌ری ده‌كرا. كاك سه‌دیق رۆژی ٢٢ی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی له‌ رێگه‌ی ته‌لویزیونی سنه‌وه‌ له‌ په‌یامێك دا داوای له‌ خه‌ڵكی كوردستان كرد كه‌ بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌رینی سه‌ركه‌وتووی خۆیان چه‌كدار بن. له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌كانی دوای رووخانی رژیمی شا كاك سه‌دیق و ژماره‌یه‌ك له‌ هاورێیانی له‌سه‌ر رێنوینی كۆمه‌ڵه‌ جه‌معیه‌تی دیفاع له‌ ئازادی و ئینقلابیان له‌ شاری سنه‌ دامه‌زراند و كاك سدیق بوو به‌ وته‌بێژی ره‌سمی ئه‌و جه‌معیه‌ته‌. كاك سه‌دیق له‌ شه‌ری نه‌ورۆزی شاری سنه‌دا له‌ سه‌دری “شورای شورش”ی ئه‌و شاره‌دا راپه‌رینی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی شۆرشگێڕ و ئازادیخوازی سنه‌ی له‌دژی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی جمهووری ئیسلامیی رابه‌ری كرد. ده‌وری لێبراوی كاك سدیق له‌م ده‌وره‌یه‌دا له‌ كوردستان، ئه‌وی كرد به‌ كه‌سایه‌تێكی ناسراوی ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ له‌ سه‌راسه‌ری ئێراندا. له‌ گفتوگۆكانی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌یئه‌تی نێردراوی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی بۆ شاری سنه‌، ده‌وری رێبه‌رێكی جه‌سوور و لێبراوی بینی. هاورێ سه‌دیق رابه‌ر و رێكخه‌ری مانگرتن و ته‌حه‌سونی یه‌ك مانگه‌ی شاری سنه‌ بوو كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی پاسداران له‌ شار كه‌وته‌ رێ. له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی موقاوه‌مه‌تی چه‌كدارانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هێرشی رژیم بۆسه‌ر كوردستان، هاورێ سه‌دیق وه‌ك به‌رێوه‌به‌رێكی لێهاتووی موقاوه‌مه‌تی پێشمه‌رگانه‌ش له‌ ناوچه‌كانی كامیاران و سنه‌ ده‌وری نواند. دوایین پۆستی ته‌شكیلاتی هاورێ سدیق به‌رێوه‌به‌ری (رادیۆ كۆمه‌ڵه‌) بوو. له‌ سه‌عات ٢ی نیوه شه‌وی ١٣ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٨ له‌ حاڵێكدا كه‌ تازه‌ له‌ نوسینی دوایین وتاری خۆی بۆ رادیۆ كۆمه‌ڵه‌ ته‌واو ببوو و بۆ پشوودانێكی كورت له‌ ژوره‌كه‌ی خۆی هاتبووه‌ ده‌رێ، به‌ ده‌ستی به‌كرێگیراوێكی كۆماری ئیسلامیی كه‌ دزەی كردبووه‌ ناو ریزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه‌، خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێ و دڵی كه‌یلی ئاواتی به‌ سه‌ركه‌وتنی زه‌حمه‌تكێشان بۆ هه‌میشه‌ له‌ لێدان ده‌كه‌وێ.

غولامی کەشاوەز، کادری ناسراوی کۆمەڵە و ئەستێرەی گەشی خەباتی چەوساوان…

به‌همه‌نی جه‌وادی كه‌ ‌ له‌ جه‌ریانی خه‌باتی سیاسی نه‌هێنی نازناوی غوڵامی كه‌شاوه‌رزی هه‌ڵبژاردبوو، ساڵی ١٣٣٤ی هه‌تاوی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سكورتی ئاوایی “ناره‌ك” سه‌ر به‌شاری گه‌چساران چاوی به‌ژین پشكووت. هێشتاتازە ڵاوێک بوو كه ‌له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كان ئاشنا بوو. سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی ٥٠ی هەتاوی بوو كه‌ به‌همه‌نی جه‌وادی و هاوڕێیانی رێكخراوێكی خه‌باتكاریان به‌ناوی: “كرده‌وه‌ی شورشگێرانه‌ دژ به‌ بارودوخی مه‌وجود” پێكهێنا. ئه‌ركی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌ چاندنی تۆوی وشیاری له‌ناو كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش دیاری كرابوو. به‌همه‌نی جه‌وادی سالی ١٣٥٤ چووه‌ ناو زانكۆی كه‌شاوه‌رزی كه‌ره‌ج. له‌گه‌ڵ چوونه‌ ناو زانكۆدا چووه ‌ناو جه‌رگه‌ی خه‌باتی سه‌رده‌مه‌وه ‌و له ‌پاش ماوه‌یه‌ك بوو به ‌یه‌كێك له سیما ناسراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خویندکاری له‌و زانكۆیه‌دا.

له رێكه‌وتی ‌١٨ی گوڵانی ١٣٥٥ی هەتاویدا خوێندكارانی زانكۆی كه‌ره‌ج له‌ ساڵڕۆژی كوشتاری كرێكارانی كارخانه‌ی “جیهان چیتی” كه‌ره‌ج به‌ده‌ستی رژیمی شا له‌ساڵی ١٣٥٠ ده‌ستیان دایه‌ مانگرتنێكی به‌رین.

هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز له‌ رێكخه‌رانی ئه‌و مانگرتنه‌بوو. به‌و هۆیه‌وه ‌هه‌ر له‌و كاته‌دا له ‌لایه‌ن ساواكه‌وه‌ ده‌ستگیر و خرایه ‌ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌‌وه‌ و نه‌هێنی هاوخه‌باتیه‌كانی پاراست. له‌ پاییزی ١٣٥٧ له‌گه‌ڵ شکانی درگای زیندانه‌کان له‌زیندان هاته‌ده‌ر. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگدا هاورێ غوڵام وه‌ك رێكخه‌رێكی وشێارو شۆرشگێر له‌ره‌وتی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا خه‌ریكی چالاكی بوو: وه‌رێخستنی میتینگ و رپێوانی دژ به‌رژیمی شا پێكهێنانی گروپگه‌لی كرێكاری، سوخه‌نرانی له‌میتینگه‌كاندا، له ‌زومره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌و له‌سه‌رده‌می راپه‌ریندا بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و له‌و خه‌باتكارانه‌ش بوو كه ‌له ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی پادگانی عیشره‌ت ئابادی تاراندا به‌شداری كرد. ئه‌و له‌سه‌ره‌تای زستانی ١٣٥٨ ‌به‌ رێكخراوی “یه‌كێتی خه‌باتكارنی كۆمۆنیست”ه‌وه ‌په‌یوه‌ست بوو و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به ‌یه‌كێك له ‌روخساره ‌ناسرا و هه‌ڵسوراوه‌كانی ئه‌و ته‌شكیلاته‌.  به‌كرێگیراوانی جه‌هل و جینایه‌تی كۆماری ئیسلامیی كه ‌له ‌چالاكییه‌كان، كاریگه‌ریی و تواناییه‌كانی ئه‌و خه‌باتكاره‌ ماندوویی نه‌ناسه ‌ئاگادار بوون، له ‌كرده‌وه‌یه‌كی د‌ڕ‌ندانه‌دا ده‌ستیان دایه ‌تیرۆر كردنی هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز. له‌رۆژی ٤ی خه‌رمانانی ١٣٦٨ له‌حاڵێكدا كه‌پاش ٨ ساڵ ده‌یویست له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ شاری لارنكای وڵاتی قێبرس چاویان پێك بكه‌وێت، له‌لایه‌ن تیمیك له ‌به‌كرێگراوه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه، كه‌ شوێنیان هه‌لگرتبوو، ‌درایه‌ به‌ر ده‌سرێژی گولله‌. هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز چه‌ند سه‌عات دواتر له‌ بیمارستانی ناوه‌ندیی لارناكا ، گیانی به‌ختكرد.

زۆر روون و ئاشکرایە کە ساڵی ١٣٥٨ كۆمەڵە و رەوتی سۆسیالیستی و كاك فوئاد و كاك سدیق و دەیان کادری شٶرشگێر لەچەشنی کاک غوڵام کەشاوەرز ،لەبەردەم ئەزموونێك راوەستان و سەركەوتووانە لێی هاتنە دەر. ئێستا كۆمەڵە و رەوتی سۆسیالیستی بە بێ‌ كاك فوئاد و كاك سدیق و دەیان گیانبەخت کردوی تری ناو ریزەکانی کۆمەڵە،بەڵام بە پشت بەستن بە ئەزموونێكی چڵ و پێنچ ساڵە و لە هەل‌ومەرجێكی لەبارتردا دەتوانێ‌ و دەبێ‌ ئەركی خۆی بۆ رابەری كردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی و بۆ بەهێز كردنی رەوتی چەپ و عەداڵەتخواز بە ئەنجام بگەێنێ‌. دەرفەتێكی مێژوویی دیكە بۆ رابەرانی رێكخەری بزووتنەوەی جەماوەری و بۆ وتە بێژانی پڕخرۆشی خەباتی جەماوەری رەخساوە. با بە پشت بەستن بەم ئەزموونە و بە دەرس وەرگرتن لە كاك فوئاد و كاك سدیق و کاک غوڵام کەشاوەرز،  خۆمان بۆ دەوری داهاتوو تەیار بكەین.

وێرای نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمان له‌گه‌ل ئه‌و ئازیزانه‌، رێز له‌ یادی هه‌موو گیانبه‌ختكردوانی رێبازێك ده‌گرین كه‌ هاورێیان فوئاد و سدیق و غوڵام پێشه‌نگانی وه‌فاداری بوون.

یادیان لەناو دڵمانا، شەپۆڵ لێدەدا….