گەشەی خەباتی مەدەنی؛ خاڵی وەرچەرخانی ڕەوتی کۆمەڵگا

✍م.کەنداڵ – سنە

وەستان و پەیڤێکی کورت لەسەر ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردوو، ئەو ڕاستییە دەردەخا کە کاریگەریی ڕووداوەکان، ئەگەرچی لەسەر چین و لایەنەکانی کۆمەڵگا یەکسان نییە بەڵام سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆوەتە هۆی هاودڵی و هاوهەستی نێوان کۆمەڵگا بە بێ جیاوازیی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی. ڕووداوەکان بە گشتی، چ وەک تراژدیا و چ وەکوو حەماسە، جیا لەوەی کە بووەتە هەوێنی هەستێکی بەتین و گشتگیری نێوان کۆمەڵگا، خەڵکی بەو باوڕە گەیاندووە کە گەیشتن بە ئاواتەکان، بە بێ هەزینەدان مومکین نابێ و دیارە ئەم بەهادانەیش ئەبێ هەموو کەسێ بەشداری تێدا بکات و وەکوو ئەرکێکی کۆمەڵایەتی بەجێی بێنێ.

ڕوونترین بەڵگە بۆ ئەم ڕەوتە، هەڵسووکەوتی خەڵکە لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا، بۆ نموونە، جەژنی مێژوویی نەورۆز، ڕۆژی زمانی دایکی، گیران و ئیعدام و شەهید بوونی ئازادیخوازان، کارەساتە سرووشتیەکان (لافاو، بۆمەلەرزە و …) ئاگرتێبەربوونی دارستانەکان و هتد، کە دەرخەری ئەوەیە کۆمەڵگا بە جۆرێکی هەرە دیار، ویست و مەیلی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی تێدا بەهێزبووە. دەیەکانی پێشووتر، خۆبەخشیەکان و خۆفیداکردنەکان بەشێوەیەکی نەریتی لە ئەستۆ و سەرشانی کەسانێکی تایبەت بوو بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا، چەمکی “ئەرکی مەدەنی” چ لە ئاستی تاکەکەسی و چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی، بوەتە ڕەفتارێکی بایخدار و بناغەی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵایەتی. ئەو ئاڵوگۆڕە سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆمەڵگا جیا لە هەنگاونان بەرەو داخوازی ماڤە مەدەنییەکانی، تەنانەت مەیلێکی فراوانی بەرەو یەکگرتنێکی تانوپۆیی و پتەو هەیە لە قۆناغە هەستیار و هەڵوێستە سیایەکانیشدا.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێ بارودۆخی جیاواز لەگەڵ شار و شارۆچکەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران، لە پێناو هەموو زبر و زۆریەکاندا، ئەم مەیلەی، گڕێکی تیندارتر و بەهاڵاوتری هەیە.

  • کارنامەی دوور و درێژی خەباتی مەدەنی و ئاکامی بایخدار
  • پێکهێنانی شۆناسی نەتەوایەتی
  • کاریگەریی بەرچاو لەباتی داهێنانی عەداڵەت و بەرابەری کۆمەڵایەتی
  • تێکۆشانی ڕێکخراوەیی لەمەڕ قازانجی گشتی

لە فەکتە ئەسڵیەکانی جیاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانە لەگەڵ باقی شوێنەکان.

ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردوو و هەڵسووکەوتی خەڵک، وەک پێشاندەر و ئەکتەری سەر شانۆی “کۆمەڵگای مەدەنی و ئەرکەکانی” باشترین ناونیشانن بۆ هەڵسەنگاندنی جیاوازیەکان. ئەم جیاوازیانە کتووپر و هەڵکەوت نین! مێژووی پڕ لە ڕەنج و غەدر، تەنگانە زۆرەملیەکان و گووشاری لەتاقەتبەدەر ئەو هۆکارە دەرەوەییانەن کە ئەم جیاوزیانەیان بەهێز کردووە و بوونەتە سەبەبی جوڵانەوە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.

خاڵی وەرچەرخانی ئەم ڕەوتە “باوڕ و مەیلی ئیرادی بە وەئەستۆ گرتنی ئەرکی مەدەنی” بە شێوەیەکی گشتگیر و هەمەلایانە لە نێو کۆمەڵگادایە. ئیرادەیەک کە هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی ویجدان و ئازادی تاکەکەسیدا، بانگەوازێکە بۆ نیشتمان و ڕۆحێکی میللی تا بە یەکگرتن و کاری هاوبەش، لەپێناو پاراستنی جەوهەری سەربەستی تاکەکەسی، لەگەڵ بێداد و ستەمدا بەرەنگار ببنەوە.

بەمجۆرە گۆڕێنی هەڵوێستی گشتی لە  شێوەی ڕەفتاری تاکەکەسی و چینایەتیەوە بۆ قازانجی نیشتمانی و نەتەوایەتی؛ بەرچاویترین تایبەتمەندی ئەوڕۆکەی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەردەوام لە تەقالادایە بە سەقامگیرکردنی ئەم ڕەوتە، خولیای عەداڵەت و ئازادی و بەرابەری لە کۆمەڵگادا بەدی بێنێ.

ئەرگەرچی هەندێ جاریش بەهای ئەم ئارمانە مرۆڤانە و مرۆڤخوازانە، لەدەسدانی بەشێک لە باشترین ڕۆڵەکانی نیشتمانە بەڵام بێگومان، لەم ڕێگە دژوارەدا، ئەو کەسانەیش قەقنەس ئاسا ئەبن بە هێمای ئیرادەی گشتی و خۆڕاگرییەکی کەم وێنە کە مایەی ژیانەوەی هەموو ئینسانەکان و بایخە ئینسانیەکانە.