کۆماری ئیسلامی لە گەندەڵی خۆیدا نقۆم بووە
ئاژوان-سنە
هەر چەند تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەچێت ،ناوەرۆکی گەندەڵکارانە زۆرتر خۆی دەنوێنێت. سیستەمی کارگێڕی ڕژیم لە هەر سێ لقەکەیدا ماوەیەکی زۆرە لە کەرت و بوارە جیاجیاکاندا تووشی گەندەڵی بووە. هەندێک جار ئەو گەندەڵیانە بە کارەساتی نەتەوەیی دەزاندران. گەندەڵی لە کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی، گەندەڵی لە گومرگ و زۆنی ئازاد، گەندەڵی لە هاوردە و هەناردەکردن، یان گەندەڵی لە ماسیگیری، گەندەڵی لە… ئۆتۆمبێل، پترۆشیمی و پۆڵا و خۆدزینەوە لە باج… قاچاخی هەموو جۆرە کەلوپەلێک ،ساختەکاری لە چالاکییەکانی بیناسازی، دەستگرتن بەسەر زەوی، بەڵگەنامەی خانووبەرە، ئیزەلکردن لە هەندێک هاوکاری وەک هەرەوەزی کلتوری، خۆدزینەوە لە یاسا تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و خۆدزینەوە لە باج ،گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی کەرتی خزمەتگوزاری گشتی، لە نێویاندا پێشێلکاری و بەکرێگرتن لە وەرگرتن و پێدانی باج، پێشێلکاری لە دابینکردنی خزمەتگوزاری شارەوانی… فێڵ و تەڵەکەبازی لە خزمەتگوزاری ،ڕانتخۆری لە شارەوانییەکاندا ، سەرپێچی و ئیزەڵ کردن تەنانەت لە کەرتەکانی وەک لیژنەکانی مانگی سوور و بێهزیستی وکۆمیتەی ئێمداد ، تەنانەت دزیکردن لە یارمەتیی گشتی. گەندەڵی لە بانک و دامەزراوە داراییەکان، لەوانە دزیکردن، سپیکردنەوەی پارە، سەرپێچی بانکی و …..گەندەڵی دارایی و ئەخلاقی لە کەرتەکانی ڕۆشنبیری و وەرزشی … فرۆشتنی بێ حەساووکتێبی پترۆکیمیاویەکان، کارگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان… گەندەڵی لە دەسەڵاتی دادوەریدا ، لەوانە ڕانتخۆری و بەرتیلوەرگرتن لەلایەن هەندێک دادوەر و بەڕێوەبەرەوە ، یان بەرتیل ، تەبابوون و بەکارهێنانی شاهیدێکی ساختە لەلایەن هەندێک پارێزەرەوە .نوسەرێکی رۆژنامەی ڕەسالەت لە وەڵامی پرسیاری خۆیدا دەڵێت ” ڕێگای دەرچوون لەم کێشەیە چییە ؟ ” نووسەرخۆی وەڵامی دەداتەوە ” پێڕست و ئامانجەکانی ڕابەر ” !
گەندەڵی دارایی دەوڵەتی کە ئەمڕۆ هەمووان پێی دەزانن ، دەرئەنجامی حوکمی یەک دەستەی تاکەکەس نییە، بەڵکو ئەوانەی پۆستی حاکمیەتی بەدەست دەهێنن، تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا نیازی کۆکردنەوەی سامان و گەندەڵییان نەبێت، بە کارکردنی ئۆتۆماتیکی سیستمەکە ( کارتێک کە بەهۆی سروشتی سیستمەوە بێت ) گەندەڵ دەبن. سیستەمی دەوڵەت کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی و فیکری و سۆسیوئابورییە کە ، لە هارمۆنیدا ، کاراکتەری سیستمێک دیاری دەکات . کۆماری ئیسلامیش سیستەمێکە و لەگەڵ ئەوەی جیاوازیی خۆی هەیە لەگەڵ ڕژێمەکانی دیکەی وەک ڕژێمە سەردەستەکانی تورکیا و پاکستان و میسر و هیندستان، بەڵام لەگەڵ ئەم جۆرە وڵاتانەدا شتێکی هاوبەشیان هەیە . ئەوەی کە هاوبەشیان هەیە ، دەوڵەتێکە کە بەشێکە لە نیزام یان سیستەمێکی گەورەتر: سیستەمی سەرمایەداری جیهانی .
سەرچاوەی بەرینبوونەوەی گەندەڵی، ئێختلاس ، دزین و بەرتیل خواردن لە کۆماری ئیسلامیدا کۆلییەتی ئەم سیستەمەیە و ناکرێت بۆ تاوان و خراپەی لایەن و ئەو لایەنی کۆماری ئیسلامی کەم بکرێتەوە. ئەوەی سیاسەتی ئەم حکوومەتە پێک ئەهێنیت ، یان بە واتایەکی تر سەرخانی سیاسیەکەی، تێکەڵکردنی دین و دەوڵەتە، وە بەکارهێنانی یاسا و ئەخلاقیاتی ئاینی بەسەرچووە بۆ حوکمڕانی کردنی پەیوەندییە چینایەتییە چەوسێنەرانەکان، هاوکات پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ستەمکارانە . ئەم سوپەربونیادە سیاسییە لەسەر بنەمای ژێرخانی پەیوەندی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری دامەزراوە. بەڵام جگە لە ئیسلامیزمەکەیان، ئەمانە ماکرۆ – سەرمایەدارنی پشتبەستوو بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانین. ناوەندی جۆراوجۆری دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا ، گرووپەکانی پاوانکاری دارایی ، بازرگانی ، پیشەسازی – کشتوکاڵین و هەر سەرمایەدارێک بیەوێت لە مەیدانی ئابووریدا بمێنێتەوە و گەشە بکات و فراوان بێت ، دەبێت بە شوێن یەکێک لەم ناوەندانەی دەسەڵات بکەوێت یان پشتیوانی بکات و لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ ئەم ناوەندانەی دەسەڵات خۆی بە ناوەندگەلی دەسەڵاتی جیهانیەوە گرێ بدات . هەموو ئەم بلۆکانە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن و هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ فراوانکردنی سەرمایەکانیان. لە چەوسانەوەی توند و نامرۆڤانەی کاری هەرزان لە ئێران تا بەکارهێنانی بێ سنووری سامانی سروشتی و ژێرزەوی و تەنانەت یەدەگی ئاوی ئەو وڵاتە. هەرچەندە ئەم باندە دەسەڵاتانە لە وەبەرهێنان و قازانج و سیاسەتدا کێبڕکێ دەکەن ، بەڵام لە چەوسانەوەی کۆمەڵانی خەڵک و داگیرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان یەکدەستن . بە گشتی ئەم کۆپڵە دەبێت هەمیشە بە پەتی خۆی بە کردارەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانییەوە بەند بێت چونکە بە پێچەوانەوە ناتوانێت شێوازی چینی حاکم بگرێت. چینی حاکمی وڵاتانی زاڵ لە هەموو شوێنێک لە جیهاندا لە پەیوەندی لەگەڵ مێتابۆلیزمی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و سیاسەتەکانی زلهێزانی ئیمپریالیستی پێک ئەهینن .
سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە تەندروستی و بژێوی خەڵکیان داوە، بەڵام ناوەندی سامان و دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا سوودێکی زۆری لێ کردوون چونکە وەسیلەکانی بەرهەم هێنانی سامان لەم وڵاتەدا ، لە کارگە و زەوی و ئاو و چیا و کان و دەریا و بەندەر و سنوری ئاسمانی و وشکانی و هتد و بەگشتی ، ناوەندی ئابوری زیندووی وڵات لە لایەن ناوەند و دامەزراوە ئابورییە سیاسییەکان و بنەماڵە حکومییەکانەوە لە ئایەتوڵاکانەوە تا فەرماندەرانی سەربازی و ئەمنیەتی تا بازرگانە گەورەکان – لە هەموو دەستەو یەخەیەک زاڵن .
سیستمی دارایی و بانکیی ئێران لە دەستی ناوەندی ئابووری وەک قەرارگەی خاتەم و دامەزراوەی تەعاونی سپا و بارەگای جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام دایە کە هەر یەکەیان سەدان ژێر شاخەیان هەیە . لە ڕێگەی یارییە داراییەکان دەتوانن لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا سەرمایەی بچووکی فەرمانبەران و خانەنشینان لەدەستیان بسێنن. ئەمانە بەشێکن لە پەیوەندیی نێونەتەوەیی چینی سەرمایەداری جیهانی. هاوبەشانی گەورەی نێودەوڵەتی ( وەک سەرمایە تایبەتەکانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان ) ناچنە ناو ” شەراکەت ” لەگەڵ ” هەرکەس ” دا ، بەڵکو هاوبەشن لەگەڵ ئەوانەی کە دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئەم وڵاتانە وەک ” پایەگا”ی دارایی سەرەکی ئەوانن . ئەوان هێزی کاریگەریان لەسەر سیاسەتەکان هەیە و کۆنترۆڵی کانزا و چیا و دەریاکانیان بەدەستەوەیە و لە هەمووشی گرنگتر بۆ بانکی ناوەندی کە دەتوانێت لەسەر بنەمای حوکم لە سەر وڵاتێک لەسەر وڵاتێک پارە چاپ بکات و بەو پێیە گیرفانی خەڵک بەتاڵ بکاتەوە .
باندە جۆراوجۆرەکانی حکومەت تەنانەت لە دەڵاڵی ئابووری و سیاسی و ئەمنی بۆ وڵاتانی ئیمپریالیستی ئەمریکا ، ئەوروپا ، چین ، ڕوسیا و ژاپۆن و هەندێک وڵاتی تر وەک ئیسرائیل و سەعودیە کێبڕکێیان هەیە . دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئەمانە دەرئەنجامی ” گەندەڵی ” نین ، بەڵکو دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئۆتۆماتیکی ئەم سیستەمەن کە لە جەوهەرەوە دەخشێنن و هەر بۆیەیش ئەم سیستەمە چاکسازی ناکرێت و دەبێت خەڵکی زەحمەتکێش خۆی لێ ڕزگار بکات. بەڵام پێوەری گەندەڵی لە دەزگا و لقی جۆراوجۆر لە ناوەوە و دەرەوەی سوپای پاسداران زۆر بەرینە و بە چەتە مافیاییە بەهێزەکانی وڵاتانی ترەوە دەبەستێتەوە ، لەوانە تورکیا و لوبنان و عێراق ، بە ئەمریکای لاتینەوە . هێزی قودێس لەژێر ناوی “ئاسایشی کۆماری ئیسلامی” بە شێوەیەکی ترسناک توانای ئابووری لە ناوخۆی وڵاتی لەناوبرد و دوایین بناغەکانی بەرهەمهێنان و بژێوی کاری بۆ ٨٠ میلیۆن دانیشتوان لە ناوبرد، کە یەکێکیان سیاسەتی “دەورەوەدانی سزاکان” بوو مەودای ئەم ” دەورەوەدانە ” مەودای فرۆشتنی نەوت لە ناوەڕاستی دەریاکان بۆ دەروەبردنی سەروماڵ و دارایی وڵات لە شێوەی دۆلار و زێڕ و ” شوشتن ” بە شێوازی جۆراوجۆر و تەنانەت تەبدیلی فەرماندەکانی پێشوو بۆ بازرگان و وەبەرهێنەری کۆمپانیا پیشەسازی و بیناسازییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەفریقا و ئاسیایی وەک کینیا و سریلانکا . بەکورتی دەکرێت وەک ” سیاسەتی گواستنەوەی سەرمایە بۆ دەرەوە ” بپەستێرێت ، ئەمەش بوارێکە کە سەر بەهەردوو فراکسیۆنی ” فندمێنتالستی ، ڕیفۆرمیستی ” سودی لێ بینیون .
شەڕە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین خوێنڕێژیگەلی ئابووری کۆماری ئیسلامی بە دوای خۆی هێناوە . بە گوێرەی گوتەی STAFFAN DE Mistura نێردەی UN بۆ سووریا ، تێچووی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی سووریا ساڵانە ٦ ملیار دۆلارە . توێژەرێک لە ناوەندێکی زانکۆیی ئینگلیس ١٠٥ ملیار دۆلاری مەزەندە کردووە ئەم تێچوونانە تەنانەت دوای ئەوەی کە ” شکست بە داعش “ی پێی دەگوترێت بەردەوام بوو و لە ڕاستیدا هێزی قودس کیسیەکی گەورەیان بۆ دروست کردبوو . قاسم سولەیمانی لە لێدوانە بەناوبانگەکەیدا بۆ خامنەیی لەسەر ” شکستپێهێنانی داعش ” ڕایگەیاند کە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا پێویستی بە ٥٠٠ ملیار دۆلار دەبێت کە ئێران دەبێت هەڵیبگرێت .
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ورد، کە پێش کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەنجامدراوە، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە سوریا بریتییە لە “گۆڕینی کاریگەریی سەربازی بۆ ناو کاریگەریی ئابوریی”، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی سوپای قۆدس “لە خوارەوە” بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتی سوریا بەرفراوانتر دەکەن، هاوکات ڕوسیا “بنیاتنانەوەی سوریا” بە توندکردنی دەزگا چەتەکانی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی دەباتە پێشەوە.
کاتێک کە لە لقە ئابوورییە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی ورد دەبینەوە ، بۆمان دەردەکەوێ کە کۆمەڵەکانی دارایی / سەربازی لە دەوری شەڕە ناوچەییەکان ، لە دەوری دەورەوەدانی سزاکان ، دروستکردنی مووشەک و ، سەرکووتکردنی ناوخۆ پێک هاتوون . بە وتەیەکی تر کەرتی ئابووری بە پشتی چەک و موشەکەوە داڕووخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تێکدانی ژینگەیی ژیانی دەیان ملیۆن کەسی لە مەترسی خستووە . لەم سیستەمەدا لە ڕۆڵە جیاوازەکانی دەوڵەت تەنیا سەرکۆتی پۆلیسی کاریگەری هەیە .گرینگترین بەش کە کۆماری ئیسلامی تێیدا کادێری پەروەردە کردووە، بواری سیخوڕی کردن لە دژی خەڵک، سەرکوتی پۆلیس و فریودانی ئایینی و بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی درۆی میدیاییە. نابێت هیچ گومانێک لەوەدا هەبێت کە جگە لە هەڵوەشانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایکی تر بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەو دۆخە تۆقینەر و زۆر خراپە نییە .