حەسەن رۆحانی ڕابردوویەکی پر لە تاوان

✍مانی مەلەک

حەسەن فەرەیدوون لە دایکبووی ١٣٢٧ ناسراو بە حەسەن رۆحانی  لە سەردەمی پاشایەتیدا لە ئێران لە لاینگرەکانی خۆمەینی بوو لە سەرەتای ساڵی١٣٤٤ی هەتاویەوە دەستیکرد بە گەڕان لە شارەکانی ئێران و لە رێگای مزگەوتەکانەوە رێکلامی لە دژی رژێمی پاشایەتی دەکرد پاش چەند جار دەسبەسەر کرانی لە لایەن ساواکەوە مافی  پێشنوێژی و قسەکردن لە مەنبەری مزگەوتەکانی لێ سەندرایەوە پاش چەند ساڵێک چوو بۆ وڵاتی ئێسکاتلەند و پاش چەن ساڵێک بە هۆکاری  رێکلام کردن بۆ بیری توندئاژۆی ئیسلامی و رێکلام لە دژی ئازادی  لە بەریتانیا لە لایەن پۆلیسەوە بۆ ماوەیک دەسبەسەر کرا دوای چەن ساڵێک و دەس پێکردنی شۆرشی گەلانی ئێران رۆحانی گەڕایەوە بۆ ئەو وڵاتە لەگەڵ بە لارێدا چوونی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە پشتگیری خۆمەینیەوە چەندین بەرپرسایەتی بە رۆحانی درا، لەوانە لە یەکەم خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بە ناو نوێنەری خەڵکی سمنان بوو و لە ساڵی ١٣٥٩ تا ١٣٧٩ بۆ ماوەی بیس ساڵ لە مەجلس بوو لە شەری نێوان ئێران و عێراق چەندین بەرپرسایەتی وەکوو بەرپرسی ئیجرای شۆرای باڵای پشتیوانی و شەڕ ، جێگری فەرماندەیی شەر و بەرپرسی قەرارگای خاتەمۆلئەنبیایی پێ سپێردرا رۆحانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە یەکێک لە پاسدارە متمانە پێکراوەکانی خۆمەینی و خامنەیی بوو.

لە ساڵی ١٣٩٢ رۆحانی بڕیاریدا لە پرۆسەی سەرۆک کۆماریدا بەشداری بکا رۆحانی ئاخۆندێک بە پەروەندە و رابردویەکی خراپ و پاسدارێکی سەر بە ویلایەتی فەقی لە سەرەتای رێکلام بۆ کاندیداتۆری بە کۆمەڵێک دروشمی خەیاڵی و ناراست هاتە مەیدان ئەو کاتەش سەرۆک کۆماری مەحمود ئەحمەدی نەژاد رو لە کۆتایی بوو خەڵک هەشت ساڵی زۆر سەختیان تێپەر کردبوو و رۆحانیش کەڵکی لەو دۆخە وەرگرت و بە کۆمەڵێک دروشم وەکوو هەلی کار ، کەم کردنەوەی نەرخی هەڵاوسان ، روبەروبونەوەی گەندەڵی ، ئازادی رادەربڕین دەنگدەرانی فریودا و بوو بە سەرۆک کۆمار دەوری یەکەمی سەرۆک کۆماری رۆحانی و بە تایبەتیش دوو ساڵی یەکەم بە هۆی رێککەوتنی ناوکی و لاچونی گەمارۆکان لە سەر ئەو وڵاتە  نەرخی هەڵاوسان رووی لە داکشان کرد و ئەوەش بوو بە هۆکاری گەشەی ئابووری و باش بوونی دۆخی ژیانی خەڵک لە ڕووی داراییەوە بەڵام لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئیداری ترامپ و بڕیاری کشانەوەی ئەو وڵاتە لە رێککەوتنی ناوکی لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٦ دوبارە دۆخی ئابووری خەڵک و وڵات روی لە خراپی کرد و هەڵاوسان گەیشتە رادەیک کە لە مێژویی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بێ وێنە بوو گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆک کۆماری حەسەن رۆحانی تا رادەیک پەرەی سەند و زۆر بوو کە چەندین بەرپرسی باڵا لە کابینەکەی لە سەر کارەکانیان لابران و رەوانەی دادگا کران ئاماری لە سێدارە دراوان تا رادەیک بەرز بوو کە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیا هاتنە دەنگ، ئاماری گیرۆدەبوانی مادە هۆشبەرەکان گەیشتە لووتکە و تەمەنی بە کارهێنەران گەیشتە دوازدە ساڵ کە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە. تێزاب پرژاندن بە سەر ژناندا بوو بە شتێکی ئاسایی و ئامارێکی ترسناکی لەو هەشت ساڵەدا تۆمار کرد. بە هۆکاری نەبوونی هەلی کار گەنجانی کوردستان ڕوویان لە کۆڵبەری کرد و یەکەم کەس رۆحانی بە قاچاقچی ناوی لێ بردن و بریاری کوشتنیانی دا. بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی هەشت ساڵ دەسەڵاتداری دەوڵەتی رۆحانی کە لە ژێر ناوی دەوڵەتی هیوا دەستی بە کار کرد تەنیا لە کوردستان دوسەد و پەنجا و شەش کەس لە سێدارە دراون، نۆسەد و نۆ کەس کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون و بریندار بوون هەفتا و سێ شارۆمەندی ئاسایی کوژراون و بریندار بون، دو هەزار و شەشسەد و نەوەد کەس دەسبەسەر کراون، لە لایەن دادگاکانی کوردستانەوە بڕیاری دو هەزار و شەشسەد ساڵ زیندان و بیست و سێ بریاری لە سێدارەدان بۆ چالاکوانانی کورد دەرچووە، مردنی هەفتاو هەفت زیندانی کورد لە زیندانەکانی ئێران، پێنج هەزار و سێسەد و دوو زەربەی شەلاغیش لە هەشتا و پەنج چالاکوانی کورد دراوە. ئەمە بەشێکی زۆر بچووکە لە تاوانەکانی کەسێک کە بە دروشمی ئازادی رادەربرین و رێزگرتن لە نەتەوەکانی دیکە هاتە سەر کار، کەسێک کە مناڵەکانی لە باشترین وڵاتان ژیان دەکەن و سەرجەم بنەماڵەکی بە پارە و سەروەت و سامانی وڵات بونەتە سەرمایەدار و دەوڵەمەند بوون. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە جگە لە نەهامەتی و هەژاری هیچ شتێکی بۆ گەلانی ئێران نەهێنا و ئەم ئامارانە شتێکی تازە نین بەڵام لە هیچ دەورەیکدا تا ئەو رادەیە دۆخی ژیانی خەڵک خراپ نەبووە دەوڵەتی رۆحانی تەنیا یەک شتی باشی بوو ئەویش نیشان دانی روی راستەقینەی سەرجەم مۆرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە خەڵک بوو. پێش هاتنە سەر کاری رۆحانی بەشێک لە خەڵک باوەریان وابوو بە هاتنی سەرۆک کۆمارێک کە دروشمی دڵخۆشکەری داوە و باس لە ئازادی و بنبڕکردنی هەژاری دەکات و دۆخەکە دەگۆردرێ بەڵام ئەم هەشت ساڵە هەموو شتێک بۆ خەڵک ئاشکرا بوو. جاوازی نییە کێ بێ وبە چ دروشمێک بێتە سەر کار ئەو کەسەی کە بۆ خزمەت بە کۆماری ئیسلامی کار دەکا و باوەری بەو بنەما و بیرۆکەیە هەیە کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر دامەزراوە، بە هیچ شێوەیک نە هەژاری خەڵکی بە لاوە گرینگە نە ئازادی تەنیا درێژ کردنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بۆ گرینگە، جا بە ئەشکەنجە و سێدارە بێ بە گرتن و کوشتن بێ بۆی گرینگ نییە. کاتێ باس لە شانۆگەری دەکرێ ڕێک مەبەست لەوەیە سەرۆکی کۆمار بێ یان سەرۆکی هەر ئۆرگان و بەشێک، جاوازی نییە لە کۆتایدا و لە ئەساسدا تەنیا پاسدارێکە کە بەرژەوەندیەکانی رژێمێکی دڕەندە و دژە مرۆیی بۆ گرینگە. بە سەوز و سوور و بەنەوشەوە ماوەی سەرۆک کۆماری رۆحانی ئەمەی بە سەر جەم گەلانی ئێران و تەنانەت وڵاتانیش نیشاندا گەلی کورد هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیەوە دەنگی نەخێر بوو و هیچ کات بە دروشمە خەیاڵیەکانی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی رای خۆی نەگۆری. لە ئێستادا بە خۆشحاڵیەوە باقی نەتەوەکانی ئێرانیش ماهیەتی ئەسڵی ئەو رژێمەیان بۆ دەرکەوتووە و بە بەشداری نەکردنیان لە پرۆسەی دەنگدانی ئەم جارە سەلماندیان کە چیتر باوەر بە مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ناکەن و فریوی دروشم و رێکلامەکانیان ناخۆن ئەمجارە گەلانی ئێران بە یەک دەنگ وتیان نە خێر بۆ کۆماری ئیسلامی