کۆتایی درێژترین شەڕی ئەمریکا لە رۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست .

✍سەیران مستەفازادە

رۆژی شەممە ١١ی گوڵان ئەمریکا بە فەرمی دەستی بە کشانەوەی  ٢٥٠٠ سەربازی خۆی کە ھێشتا لە ئەفغانستان ماون کرد.

بڕیاری کشانەوەی  ھێزەکانی  ئەمریکا  لە ئەفغانستان لە لایەن بەرپرسانی ویلایەتی قەندەھارەوە پێشوازیی لێکرا.

لە ساڵانی رابردودا  نزیک بە ٣٦ وڵاتی ئەندامی  ناتو و ھاوپەیمانەکان لە ئەفغانستان چالاکیان ھەبووە. بڕیار وایە کە تا دواین قۆناغی کشانەوەی ھێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان  دەھەزار سەرباز،  کە  بریتین لە  ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکایی و ١١٠٠ سەربازی ئاڵمانی کە ئەرکی ڕاهێنانی ھێزەکانی ئەفغانستانیان لە ئەستۆ بووە  لە وڵاتی ئەفغانستان بکشێنەوە .جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئاوریل دا رایگەیاند کە تا ١١ی سپتامبری  ٢٠٢١ سەرجەم ھێزەکانی  لە ئەفغانستان  دەکشێنێتەوە ، هاوکات  لەگەڵ بریاری ئەمریکا ناتۆش رایگەیاند کە لە ئەفغانستان چالاکی نیزامی نابێت  و تەنیا چالاکی مەدەنی  لە ئەفغانستان دەبێت.

دوای واژۆکردنی  رێکەوتنی نێوان ئەمریکا  و ئەفغانستان   لە دەوحە کە لە مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٠دا  واشنگتن و تاڵەبان لە سەر کشانەوەی  ھێزەکانی  ئەمریکا تا کۆتایی مانگی مەی ٢٠٢١   لە ئەفغانستان رێکەوتن، بەڵام ئەمریکا ١١ ی مانگی ٩ کە ھاوکاتە لە گەل بیستەمین  ساڵیادی  ھێرشی تیرۆریستی  ئەلقاعیدە  بۆ ئەمریکای بۆ چوونە دەرەوە لە ئەفغانستان  دیاری کردووە .راگەیاندنی ئەو رێکەوتە لە لایەن ئەمریکا بوو بە ھۆکاری تووڕەیی تاڵەبان و ئەو گرووپە ھوشداریان  بە ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان  دا کە ھێرشەکان بۆ سەر  ھێزەکانی دەرکی  دەست  پێدەکەنەوە.

کشانەوەی  ھێزەکانی  ناتۆ لە ئەفغانستان لە ژێر رێوشوێنی ئەمنی توند و دانانی  چەک و چوڵی قورس ئەنجام  دەدرێت.

کارناسانی نیزامی باس لەوە دەکەن ئەگەری زۆرە  ھێزەکانی  ناتۆ ،  لە کاتی کشانەوە لە ئەفغانستان ببن بە ئامانجی ھێرشی  تاڵەبان .

ئاڵمان پاش ئەمریکا  زۆرترین ھێزی لە ئەفغانستان ھەیە و ٥٩ سەرباز لە سەرەتای چالاکی ئاڵمان لە ئەفغانستان گیانیان لە دەست داوە  ونزیک بە ١٢ ملیارد یۆرۆ  تێچووی نیزامی بووە .

ھەروەھا نزیک ٢٤٨٨ سەربازی  ئەمریکایی گیانیان لە دەست داوە و نزیک بە بیست ھەزار سەربازی  ئەمریکا  لە ماوەی بیست ساڵ چالاکی لەئەفغانستان بریندار بوون.

لەگەڵ ئەوەی بەشێک پێشوازی  لە کشانەوەی  ھێزەکانی ناتۆ  دەکەن ،بەشێکیتر نیگەرانی داھاتووی  ئەفغانستانی پاش چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکان.

میدیاکانی ناوخۆی ئەفغانستان  باس لە پێشوازی و خۆشی دەربڕینی ھێندێک لە شارومەندانی  ئەفغانستان دەکەن و  وەک رۆژی سەربەخۆیی ئەفغانستان وێنای دەکەن.

بەڵام  بە بڕوای زۆربەی  خەڵک بە تایبەت  چینی خۆیندەوار و سەرمایەدار  کشانەوەی  ھێزەکانی  ناتۆ  دەتوانێت لە سەر ئاکامی دانوستانی نێوان تاڵەبان و دەوڵەتی ئەفغانستان کاریگەریی ھەبێت.

ژێنڕاڵ فرانک مەکێنزی فەرماندەی بنکەی گشتیی ھێزەکانی  ئەرتشی ئەمریکا  لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست  نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەربڕی و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە ھێزەکانی  ئەفغانستان بێ پشتیوانی ئەمریکا لە ناو دەچێت ، ھەروەھا  سەرۆکی پاڕلمانی ئەفغانستان ھوشداری دا کە کشانەوەی ئەمریکا و ناتۆ دەتوانێت  مەترسی دووبارەی  شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان زیادبکات .

بەڵام تاڵەبان لە کشانەوەی  ھێزەکانی  ئەمریکا پێشوازی  دەکات و دەڵێت چالاکی ھێزەکانی  دەرکی بۆتە  ھۆی  شەڕی ناوخۆیی لە ئەفغانستان و ئەگەر  ئەو ھێزانە  بڕۆنە دەرەوە شەڕ  کۆتایی دێت.

لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا  ھێزەکانی ئەفغانستان  دەتوانن بێ پشتیوانی راستەوخۆی ھێزکانی  دەرکی   وڵاتی خۆیان بپارێزن یان ئەوە دەسپێکی شەڕێکی ناوخۆی دیکەیە!