کوردستان و سیاسەت

✍محەممەد حەکیمی

بەشی یەکەم

دوا بە دوای نەمانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و گۆڕانی ڕژیم بۆ دەسەڵاتێکی بە ڕواڵەت کۆماری و بەڕێوەبردنی سناریوی رێفراندوم و دەنگدانی بەشێک لە خەڵکی ئێران بەو رێفراندۆمە لە حاڵیکدا بوو کە حاڵ‌ و هەوای شۆڕش هەموو ئێرانی تەنیبوەوە و خەڵک جگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بێ بیرکردنەوە لە ناوەرۆکی دەسەڵاتی داهاتوو و لە ژێر کاریگەریی حاڵ و هەوای پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و بگرە بە هەستێک بۆ گۆڕان دەنگیاندا بە ڕژیمێک کە بووە هۆی ڕووخانی ژێرخانی ئابووری و زۆربوونی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان و بێکاری و هەژاری بۆ دانیشتوانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئەو حکوومەتە و لە دەرەوەش ئەم ڕژیمە تەنها خەڵاتی بۆ دراوسێکانی تەقینەوە و پشتیوانیکردنە لە گرۆپە توندئاژوەکان بووە و ئەمەش وایکردووە حکوومەتی ئێران لای بیروڕای گشتی ئەو وڵاتانە بە تاک بمێنێتەوە و هەموو ڕۆژێک گەمارۆی زیاتر بخرێتە سەر ئەو ڕژیمە و خەڵکی ئێران زیاتر و زیاتر گوشار بخرێتە سەریان و له‌و ساته‌وه ئێران بووەتە مه‌کۆی سێدارە، تێرۆر و تۆقاندنی خە‌ڵکی بێدە‌سه‌ڵات‌، ئه‌م کوشتن ‌و بڕینه تا به‌ ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه و خه‌ڵک به هه‌موو شێوه‌ێک که‌وتوونە‌ته ژێر گۆشاری ڕژیمی ئیسلامی ئێران.

ئێستا کە زیاتر لە چوار دەیە‌ به‌ سه‌ر رووخانی رژێمی شا له‌ئێران تێده‌په‌رێت، هیچ کام له‌و بەڵێنانه‌ی که ڕژیمی ئیسلامی دایبوو جێبه‌جێ نه‌کراون و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بەڵێنانه‌وه‌ هه‌موو شته‌کان باس له‌خراپ بوونی زیاتری دۆخی ژیانی دانیشتوانی ئێران ده‌که‌ن، چ له‌بواری گۆشاری هێزه ئه‌منیه‌تییه‌کان ‌و چ له بواری ئابوورییه‌وه، ئه‌مڕۆکە خەڵکی ئێران بە سیاستەی نامرۆڤانەی دەسەڵاتداران ‌و هەروەها گەماڕۆ نێونەتەوەیەکان کە بە هۆی بەرنامەی ناوکی ئەو رژێمەوە بە سەریدا سەپێندراوە، تووشی برسیه‌تی، گرانی ‌و بێکاری و هەزاران خەساری کۆمەڵایەتی و گرفتی دیکە بوون لە ژیانیاندا. شۆرشی ساڵی57ی ئێران یه‌که‌مین هه‌نگاو بوو که خه‌ڵکی ناوچه‌که بۆ نه‌مانی دیکتاتۆری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌ڵیانگرت ‌و تا ئه‌مڕۆش ئه‌م هەوڵانە هه‌ر درێژه‌یان هه‌یەو هەر ئێستا خەڵکی لیبی، تونس‌ و میسر لە دەستی دیکتاتۆری ‌و دەسەڵاتی بنەماڵەیی ڕزگاریان بووە‌ و خەڵکی چەندین وڵاتی‌ دیکەیش بە دژی دیکتاتۆرەکان ڕاپەریون.

تا ئەمڕۆ دیکتاتۆرەکانی ‌میسر و تونس ناچار بوون وڵاته‌که‌یان به‌ جێ بێڵن‌ و دیکتاتۆریه‌ت له‌و وڵاتانه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌گۆڕ نڕاوە، بەڵام ئەو وڵاتانەش بە هۆی نەبوونی ئالترناتیڤی گونجاو و کارا نەیانتوانیوە سەقامگیری خۆیان بە دەست بێن و زیاتر توشی کێشە و داڕمان بوون. ئێستا له‌دوای چوار دەیە به‌سه‌ر نه‌مانی رژێمی دیکتاتۆری شا له ‌ئێران دیکتاتۆرییەکی توندتیژتر و گشتخوازتر لە سەر کارە کە ناڕەزایی بەرینی خەڵکی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و بارودۆخه‌که‌ تا دێت زۆرتر ئاڵۆز ده‌بێت ‌و سەرکوتەکانیش توندتر دەبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە لەساڵی1357 بۆ یه‌که‌م جار هێزی سیاسی بە مەیلی جۆراوجۆرەوە پێکه‌وه خه‌باتیان کرد بۆ نه‌مانی دیکتاتۆر و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن حکومه‌تێکی دێمۆکراتیک به‌ به‌شداریی هه‌موو چین ‌و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران دروست بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌م خەونە نەهاتە دی و کۆماری ئیسلامی هەر لەدوای هاتنە سەر کاری بە پێچەوانەی ویست‌، داخوازی و ئاواتەکانی خەڵکی ئێران دەستی دایە کۆشتاری هەڵسووراوانی سیاسیی نەیاری خۆی و یەکەم کار کە لە ئێران کردیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ زانکۆکانیان داخست. دوای نه‌مانی رژێمی دیکتاتۆریی شا، چه‌ند ڕەوت و حیزبی سیاسی لە مەیداندا بوون وه‌ک ئیسلامییه‌کان به ڕێبه‌ریی خومەینی، موجاهدین خلق، حیزبی توده،  فداییانی خەڵق و ده‌یان ڕێکخراوی دیکە، لە کوردستانیش کۆمەڵە، دێمۆکرات ‌و ئیسلامیەکانیش کە ئەحمەد موفتیزادە سەرکردەیان بوو بەڵام لایەنی ئیسلامی کە دەسەڵاتە زلهێزەکان پێشتر هەندێک ئامادەکاری و ڕێخۆشکەریان بۆیان کردبوو و بە جۆرێک سواری شەپۆلی ڕاپەڕین بن و هەموو لایەنەکانی دیکە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و کەوتە بەر هێرش و پەلاماری دەزگا ئەمنییەتی و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی نوێ و زۆربەی حزبە بەناو سەرانسەرییەکان ته‌نیا ناوێکیان لێ ماوه‌ته‌وه، یان چەند کەسێک دەبن کە ئەوانیش بە هۆی گرفت‌ و کێشەی زۆری ناوخۆیی ‌و ژیانی دوورە وڵاتی لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە و تەنیا چەند کەسێکی کەمیان لە ریزەکانی خەباتدا ماونەتەوە کە ئەوانیش گرنگێکی تایبەتیان نییە و ناتوانن بۆ دواڕۆژی ئێران ببن بە ئاڵترناتێڤێکی گونجاو‌. خومەینی توانی له‌رێگه‌ی ئیسلامی سیاسی و شیعه‌گه‌ریەوە له ئێران ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست‌ و نیزامێک دابمەزرێنێت که ئه‌و نیزامه توانی زۆرێک لە حزبە چەپ، سکولار، ئایینی ‌و نەتەوەییەکان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، لە هەمانحاڵدا بە توندترین شێوە دەستی کرد بە سەرکوتی نەیارانی ‌و تەنیا جێگەیەک کە لەبەرابەر خومەینییدا لە ڕۆژی هەوەڵەوە ڕاوەستا کوردستان بوو کە ئەویش بە فەرمانی جیهادی خومەینی، بە دەیان‌ هەزار پاسدار، بەسیجی ‌و کەفەن پۆش لە ئاسمان‌ و زەویەوە هێرشیان کردە سەری و دەستیان دایە کۆمەڵکوژیی خەڵکی کوردستان‌، بۆ نموونە تاوانەکانی هێزەکانی حکوومەت لە قاڕنێ ‌و قەڵاتان بوو کە تەنانەت منداڵی ناو بێشکە‌ و مەڵای ئەو ئاواییانەی درانە بەر دەسڕێژی گوللە. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە لاوازی ‌و هەڵوێست و لێکدانەوەی ناڕاستی حزبه سیاسییه‌کان له مه‌ڕ سیاسه‌ته‌کانی خومەینی، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئێران دەرفەتی به‌ره‌و دێمۆکراسی چوون یان گەیشتن بە حکوومەتێکی ئازاد و سێکۆلار لەدەس دەرچێ و  رژێمێک بێتە سەر کار کە هەموو پێوەرەکانی ئینسانیەت لە ژێر پێ بنێت.

دوای ئەوەی کە رژێم لە تاران خۆی سەقامگیر کرد، دەستیدایە کۆشتاری گیراوانی سیاسی، لە کوردستان و خاڵخاڵی کە بە دەستووری خومەینی ببو بە حاکمی شەرع، بە بێ ئەوەی کەسێک دادگایی بکات، تەنیا لەچەند خوڵەکدا حوکمی ئیعدامی بۆ چالاکانی سیاسی دەردەکرد. لەکوردستان بە سەدان کەس بە بڕیاری خاڵخاڵی ئێعدام‌ و گوللە باران کران.

ئێستا لەدوای ساڵەها، تاران یه‌کێکه له‌گۆشه‌گیرترین وڵاته‌کانی سه‌ر ئەم ئەرزە، ئێران له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا توشی قه‌یران‌ و ده‌یان گه‌ماڕۆ بووه‌ و له‌ناو خۆشدا تووشی لێکترازان‌ و کێشەی ناو باڵه‌کانی حکومه‌ت بووەتە‌وە و هه‌روه‌ها تووشی ئه‌م باهۆزی گۆڕانه‌ که هەموو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی له‌خۆ گرتووه بووه، هه‌ر ئێستا گرانی‌ و بێکاری بوه‌ته ئاخێزگه‌ی راپه‌رین به دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی تاران ‌و هه‌روەها که له‌م دوو ساڵه‌دا دێیمان ورده ورده راپه‌رینه‌کان په‌ڕه‌ی سه‌ندووه‌ و هه‌موو ئێرانی تەنیوەتەوە و سەرەتایی کۆتایی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران دەرکەوتووە.

ئه‌و رژێمه‌ی که ده‌یویست په‌ڕه بدات به شێعه‌گه‌ری جیهانی ‌و له‌م رێگه‌دا به سه‌دان میلیارد دۆلار پوولی نه‌وت‌ و داهاتی ئێرانی بۆ گرۆپە توندئاژوەکان و هاوپەیمانەکانی وەکوو، حزب ا…. حەماس، سوریە و سەدر خه‌رج کردووه. نەک هەر سیاسەتەکانی سەرکەوتوو نەبوو به‌ڵکوو هه‌ر ئه‌و حزبانه‌ی وه‌ک حه‌ماس و حزب ا…  کاتێ قەیرانەکانی ئێران جدی دەبێتەوە کۆماری ئیسلامی بە تەنیا بە جێدەهێڵن و ئاکامی پشتیوانی و پەرەدان بە تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان بووتە هۆی گەمارۆی زیاتر لە سەر حکوومەتی ئێران و داڕمانی ئابووریی کەموێنەی ئەو وڵاتە.

لە دۆخی ئەمڕۆدا کە هێشتا کوردستان بەدەست دەسەڵاتی شۆڤینیستی ئیسلامییەوە دەناڵی و چینی چەوساوەی کۆمەڵگا لە نالەبارترین دۆخدا دەژین پرسی کورد و چونیه‌تی ڕاگرتنی و به هێزکردنی یه‌کیەتیی ناو ماڵی کورد گرنگیەکی تایبه‌تی هه‌یه. دیارە توێژینه‌وه‌‌ و ناسینی کێشه‌کان و گرفتەکانی بزووتنەوەی کوردستان کارێکی سانا نیە‌ و بە هۆی نەبوونی ئارشیوو بەڵگەی پێویست لەسەر دید ‌و بۆچوونی ڕژیمی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەر بۆیە لەم کۆمەڵە وتارەدا دەمەوێت سیاسەتی ڕژیمی ئیسلامی لە سەر پرسی کورد بخەمە ڕوو.

یەکێک لەو کێشە گرنگانەی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستییەوە دەناڵێنێت چارەسەر نەکرانی کێشەی کوردە کە گەورەترین نەتەوەی جیهان کە خاوەن کیان و مال و حالی خۆیی نییە و کوردستان هەم بۆ ئیسراییل و هەم بۆ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت وڵاتە زلهێزەکان گرنگی تایبەتی هەیە و هەر کام بە دید و ڕا و بۆچوونی جیاوازە دەرواننە کورد و کوردستان.

لە سەرەتای سەدەی بیستەم پرسی کورد لە ناوچەکە هاتە ئاراوە و  پەرەی سەند، لەو ساتەوە کورد دەستی دایە چەک و بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆیی شەڕی چوار دەوڵەتی کردوە و ئەم شەڕە تا ئێستا درێژەی هەیە و بەردەوامە و بی وچان خەڵکی ئەم ناوچانە خەریکی خەبات و کوڵنەدانن و ئەم شۆڕشە هەر ڕۆژە و بە شێوەیەک خۆیی دەنوێنی و لە هەر هەل و مەرجێک کە دێتە ئاراوە کوردستان رادەپەرێت و دەست دەکاتەوە بە شۆڕش.

درێژەی هەیە