مه” یەک کە هەموو بە دووایدا دەگەرین”

✍م.کەنداڵ – سنە

ڕۆخساری ژیانی ئەوڕۆی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنیتە، پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە هێمانی (عونسور) “شۆناس” لە کۆمەڵگای حەشیمەتیدا خەریکە ون ئەبێ و نەمانی شۆناس بوەتە هۆی سەرلێشێواویەکی دەروونی بۆ مرۆڤی مۆدێرن.

چەمکی “شۆناس” بە پێچەوانەی سەد ساڵی پێشوو کە لەسەر دێڕی ” ئەو کەسە کە حاکمە، نەتەوایەتیش بژاردە ئەکا”  پێناسە ئەبوو، ئیدی ناوەرۆکی خۆی لەدەس داوە و تووش گۆڕانێکی بناغەیی هاتووە. شۆناس چیدی مانایەکی لەپێش بژاردەکراو یان نەگۆڕ نییە، بۆیە بژارتنی شۆناس، لای ئەو کەسانەی کە بە دوای “مە” یەکدا ئەگەرن تا دەستی پێوە بگرن، گرنگی تایبەت و بەهایەکی گەورەی پەیدا کردووە.

تەمەنای شۆناس، سەرچاوەکەی ئەگەرێتەوە بۆ مەیل بە هێمنایەتی (واتە ئەمنیەت) کە دیاردەیەکی قووڵ و ڕەنگە نادیاریش بێ. شپرزەیی و بێ سەر و بنی دنیای مۆدێرن، هیواکان و دڵەڕاوکێەکان، جەزبە کەمخایێنەکان و هەزاران چێژی تاقی نەکراوی دنیای مەکینەیی،  هەستێکی نائارام و دوور لە هێمنایەتییان بە مرۆڤی ئەمڕۆ داوە. بۆیە کۆمەڵناسانی ئەورۆ ئیدعا دەکەن کە: مەبەستی مرۆڤی مۆدێرن لە پەیوەست بوون بە تاقم و ڕێکخراوەکان؛ دۆزینەوەی شۆناسەکەیەتی و هەروەها گەیشتن بە هێمنایەتیەکی دەروونی و هەتاهەتایی.

لە بارودۆخێک وەهادا، یەکێ لە کۆڵەکە بنەماییەکان بۆ بەدیهێنانی شۆناس؛ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیە یا باشترە بلێن: «کۆمەڵگایەکی یەکگرتووە». یەکگرتوویی؛ شێوەیەک لە پەیوەندی نێوان تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگایە کە سەر بە یەکترن و بە شێوەیەکی بەرامبەر گیرۆدەی یەکترن. هێمایەک لە هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و شێوەیەک لە هەست بە هاوچارەنووسی.

ڕاڤە لەسەر شۆناس و هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی لە سەدەی گۆڕانکاریە یەکجار توند و تەتەری ماشینیدا و هەروەها گوزار لە ژیانی نەریتی بۆ شێوەی مۆدێرن،  بەڕوونی دەریدەخا کە ئەو “مە” یە کە هەمووان بەدووایدا ئەگەرین «قبووڵکردنی فەرزی ئەرکی کۆمەڵایەتیە بەسەر قازانجی تاکەکەسی لە لایەن یەک بە یەکی تاک و گرووپەکانەوە». بۆیە بەشداری لە هەر چەشنە کاری هاوبەش بۆ دابینکردنی “کۆمەڵگای یەکگرتوو” ئەو تاقانە ڕێگا مومکینەیە تا هەوموو بتوانن شۆناسیان بدۆزنەوە و هێمنایەتێەکی دەروونی بۆ خۆیان دەستەبەر کەن.