کورد، له گه‌مه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا
کورد، له گه‌مه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا
سه‌لیم حه‌قیقی
ئێمه‌ی کورد میراتگری سه‌رجه‌م ئه‌و هاوبه‌شیانه‌ین که ڕابردووی ئێمه ده‌گه‌ڵی ژیاون و ئێمه ده‌بێ شانازیان پێوه بکه‌ین و به‌رده‌وام پارێزه‌ریان بین، بنه‌ڕەتیترین و گرینگ‌ترینیان، هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری و ڕێز گرتن له خاک و نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌م به‌هایانه‌ن که کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی کوردی پێویستی پێیه‌تی و بناخه و ڕه‌گی گه‌شه‌ی وڵاتپارێزی و دێمۆکراسی مه‌ده‌نی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان به دیاری دێنیت. سه‌ره‌کیترین هۆکاری گه‌شه‌ی هه‌ستی ناسیونالیستی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، بوونی ئارمانێکی دیاریکراو و تۆکمه‌یه، مرۆڤ به بێ ئاڕمانج ناتوانێ بژیت.
له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست، مه‌سیحیه‌ت له ئوروپا بڕه‌وی هه‌بوو، به لاواز بوونی کلیسه، ئه‌وه ڕووحی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمان په‌روه‌ری بوو که توانی سه‌ربازانی ئازا په‌روه‌رده بکات و فیداکاری بۆ نیشتمانیان بکه‌ن. ماکیاڤێڵ باوکی سیاسه‌تی مۆدێرن ده‌ڵێ: حاکمێک که بیهه‌وێ هێز و ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ ده‌بێ هه‌موو کات باش بێ ئه‌مه خاڵێکه که له شایسته‌سالاری دا ده‌یبینین، بۆ ئه‌وه‌یکه که‌سێک بگاته به‌رزترین پله ده‌بێ له باقی خه‌ڵکانی تر باشتر بێ به‌ڵام باش بوون به چ پێناسه و پێوانه‌یه‌ک؟ باش بوون به‌و مانایه که به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بتوانی ده‌سته‌ڵات ڕابگری و هێزت له ده‌ست دا بمێنیت بۆ ئه‌وه‌یکه گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ت سه‌ربه‌ست و ئازاد بکه‌ی. وه‌سواس بوون بۆ پاراستنی ئه‌سلی ڕه‌وشتی ئه‌ویش به هه‌ر نرخێک بێ زۆر گه‌وجانه‌یه، تۆ ده‌بێ هیزت هه‌بێ هه‌تا بتوانی باش بی. ئێمه‌ی کورد له‌وه‌تا هه‌ین و به تایبه‌ت دوای سه‌رده‌می ڕه‌وشه‌نگه‌ری و چاخی ناسیونالیزم ‘ئه‌خلاق گه‌رایی’ وه‌ک سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕ ڕه‌چاو کردووه، به‌ڵام مه‌خابن هه‌مووکاتێکیش دۆڕاوین! گرینگ‌ترین ئارمان و دووره دیمه‌نی سیاسه‌تی کورد ده‌بێ فیداکاری بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێ، ئازادی و سه‌ربه‌ستی نیشتمانی کورد پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد و داڕێژتنه‌وه‌ی سیاسه‌تێکی نوێیه. ئێمه ده‌بێ باش له‌وه تێبگه‌ین که ناپێلئۆن گوته‌نی دۆستی ئێمه به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمانه نه‌ک هیچ که‌س و لایه‌نێک، پێویسته ئێ‌لیتی کورد و سیاسه‌ت داڕێژانی بزانن هیچ وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک پشتیوان و یارمه‌تیده‌ری نابێ مه‌گه‌ر بۆخۆی نه‌بێ. ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا به مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردوو دا بخشێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که هیچ وڵاتێک به تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژئاوایی دۆستی کورد نه‌بوونه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان زۆرتر ده‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کورد هاوته‌ریب کردووه، جار نا جارێکیش که سیله‌ی ڕه‌حمیان بزووتووه و به گۆشه نیگایان ئاوڕێکیان لێ داوینه‌وه، به دڵنیایه‌وه کاریان به ئێمه بووه که دوامینیان شه‌ڕی داعش بوو که کورد توانی وه‌ک یه‌که‌م نه‌ته‌وه ئه‌فسانه و ئوستووره‌ی داعش تێک بشکێنێ. به‌رخودان و به‌رگری پێشمه‌رگه‌کانی باشوور کرا به چیرۆک و فیلم! به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی کورد له‌و به‌شه نه‌یتوانی به‌و هه‌مووه ده‌رفه‌ته‌ی که له ده‌ستی دابوو ئیمتیاز وه‌ربگرێ یا ده‌نا لابیگه‌ریه‌ک له جیهانی سیاسه‌تدا بۆ خۆی په‌یدا بکا، ئابووری خۆی به‌هێز بکا. ڕۆژئاواییه‌کان ته‌نانه‌ت ڕێفراندۆمێکی ڕه‌وا و مه‌شروعیان له ئێمه شک نه‌برد. ئه‌وان ته‌نیا کاتێک یارمه‌تی ئابووری و ماڵیان به ئێمه دا که کردمانه فیشه‌ک و شه‌ڕمان پێ کرد، شه‌ڕی پاریس، بێرلین، له‌نده‌ن و واشنتۆن. کاتێکیش کاریان ته‌واو بوو چەکی شیمیایی و فاشیستیان تێ به‌رداین. وێنه‌ی له‌بیر نه‌کراوی کۆماره جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی کوردستان بوو، کاتێک بریتانیا و ئه‌مریکا و شووره‌وی به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌ما شۆڤنیزمی فارسیان به‌رهه‌ڵا کرد به له‌شکر و چه‌کی ڕۆژئاوایه‌کان هاتنه سه‌رمان و سه‌رکرده‌ی لێ له سێداره داین و خوێنی خه‌ستی لاوی کوردیان ڕژاند. ئێمه ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین کورد هیچ کات وه‌ک هاوپه‌یمانێک بۆ ڕۆژئاوا سه‌یر نه‌کراوه و هیچ کاتیش نه‌مانتوانیوه به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمان ده‌گه‌ڵ قازانجی ئه‌وان ڕێک بخه‌ین و ته‌نیا به باریقه‌ڵایه‌ک ساویلکانه سه‌رخۆش بووین! ئه‌گه بمانه‌وێ خه‌سارناسیه‌کی سه‌رقامکی بکه‌ین، ئاماژه به‌و خاڵانه پێویستن و کورد ده‌بێ هه‌رچی زووه بیرێکی لێ بکاته‌وه ئه‌گه‌ر ده‌یهه‌وێ سه‌ری له‌ناو سه‌ران دیار بێ و بۆ ئەوەی بتوانێ دەسەڵاتی مافی سیاسی و سەروەری وڵات بە زەحمەتی خۆی بە دەست بهێنێی:
1.دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی ئه‌منیه‌تی و سیخوریی به هێز نه‌ک هه‌ر له‌ناوخۆ و به دژی خه‌ڵکی خۆمان؛ به‌ڵکوو له پێته‌ختی وڵاتانی زلهێز، له‌ناو کۆنگره و سێنا و سه‌رۆکایه‌تیه‌کان. ده‌بێ ده‌زگای پاراستن و ئاسایشی کورد درز بکاتە ناو هەموو سیاسەتمەدارانی دونیا و سیاسه‌تمه‌داری کورد بتوانێ خۆی لە هەموو سات و سه‌ودای سیاسی، ئابوری و ئەمنەیەتی و… لە دونیا تێوه‌گلێنێ.
2.پته‌و کردنی ئابووریه‌کی تۆکمه و به‌ربڵاوی سوسیالیستی لیبراڵ(نەک بە بیرۆکەی ئەحزاب و هزری چەپی کۆمۆنیستی پاشکەوتوو کە لە جیهانی سەردەم دا تەنیا پاشقۆڵی وڵاتانی تێکدەر و نابەرپرسیارن و ڕێک وەک ئیسلامیەکان بیر دەکەنەوە)، ده‌بێ هه‌موو هێز و داهاته‌که‌ی له‌ده‌ست سه‌رکردایه‌تی دابێ بۆ ئه‌ویکه بتوانی ته‌ماحی هاوپه‌یمانان بجووڵێنێ.
3.گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی له وڵاتانی ده‌ره‌وه به تایبه‌ت ڕۆژئاوا ده‌ژین و له بواره جۆاوجۆره‌کانی زانستی ئابووری، سیاسه‌ت، ئه‌منیه‌ت و… شاره‌زان(وه‌ک ئه‌وه‌ی ئیسرائیل کردی).
4.سه‌رمایه‌گوزاری ساماندارانی کورد له ناوه‌نده جیهانیه پڕکاریگه‌ره‌کان به مه‌به‌ستی زه‌خت هێنان بۆ پشتیوانی له دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستان.
5.کڕینه‌وه‌ی سێناتۆر، پارلمانتار و وه‌زیر و سیاسه‌تمه‌داری وڵاتانی دیار و ده‌ست ڕۆیشتوو و کردنیان به پارتنێر و شه‌ریک و لابی.
6.به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو به هاوبه‌شی هه‌موو هێزه‌کانی چه‌پ و ڕاستی کورد(هەڵبەت جیا لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی که نوێنەرایەتی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەن بۆ تێکدانی شیرازەی کورد و نیشتمانەکەی و باوەڕیان بە کورد وەک نەتەوە و تەنانەت سروودی نەتەوایەتیشی نییە کە ئەگەر خۆیان کۆ نەکەنەوە دەبی کۆ بکرینەوە) ته‌نیا به مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی کورد و کوردستان به‌بێ هیچ فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یک ده‌گه‌ڵ خۆمان پێک بێین و دیارده‌ی خیانه‌ت که مێژوومانی ته‌نیوه بێ دوودڵی و له‌به‌رچاوگرتنی هیچ بنه‌مایه‌ک بوێرانه له‌ناو به‌رین.
7.گه‌شه‌ی سیستمی په‌روه‌رده و ڕاهێنان، بارهێنانی منداڵی ژیری کورد به ڕوانینێکی نیشتمان په‌روه‌رانه و ناسیونالیستی بۆ خزمه‌تی سادقانه به گه‌ل و نیشتمان، تێگه‌یاندنی زارۆکی کورد له زمان، ڕابردوو و مێژووی باو و کاڵی خۆی وه‌ک کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی.
به‌داخه‌وه ده‌بێ ئه‌وه بڵێم به باوه‌ڕی من ئەگەر ئەو پڕۆژەیە به‌م زوانه جێبەجێ نەکرێت ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین که‌نگێ وەک ئەرمەنیه‌کان کە ژینۆساید کران ئەوهاش ئێمه‌ی کورد به شێوه‌یه‌کی به‌ر‌بڵاوتر و زیاتر هه‌م خاکمان هه‌م وه‌ک تاک، خه‌ڵکی کورد له ناو بچێ و لە جیهانی بێ ڕه‌حمی ئابووری و سیاسه‌ت دا ئاسه‌میله بین و هەموو دەسکەوتەکانی که هه‌تا ئێستا له ده‌ستمان دان لە ناوەخۆ و دەرەوە لە دەست بده‌ین.
له کوردستانی تورکیه تاکه هێزی سیستماتیک و ئاماده له مه‌یدان، پارتی کرێکارانی کوردستانه که به‌حه‌ق توانیوه‌تی ته‌نزیمات و ته‌شکیلاتێکی فره باش له‌ناو خۆیدا دروست بکات و به ڕوانینێکی ئایدۆلۆژیانه‌ی تۆخی ئاپۆیزم پارته‌که‌یان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن که که‌لێن و بۆشیایی ئه‌منیه‌تی له‌ناوخۆیدا گرتووه، دیسیپلین و نه‌زمی به‌ڕێوه‌به‌ری له ژێر و له ژوور په‌یت و تۆکمه و په‌رداخه، به‌ڵام هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن تا ئێستاش ساخ نه‌بووته‌وه ئه‌رێ پارتێکی ناسیونالیسته یا ئه‌نتێرناسیونالیست؟ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کجار ناڕوونه، دیار نییه ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ڕۆژئاوایه یا ده‌گه‌ڵ ڕووس و ئێران؟ بۆخۆشیان سه‌ریان لێشێواوه و نازانن گه‌مه‌ی سیاسه‌ت بکه‌ن ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه پتانسیه‌لێکی باشی هێز و ئابووریان هه‌یه، به‌داخه‌وه ده‌بێ بڵێم کورد به ڕه‌هه‌ندی په‌که‌که‌دا قه‌ت به ئاوات ناگات تاکوو ئاڵوگۆریی لە سیاسەت دا نەکەن.