کورتەیەک لە فەلسەفەی سیاسی توماس هابز و جان لاک….!
محەمەد حەکیمی
کاتێ باس لە فەلسەفی سیاسی دەکەین، ناتوانین دوو ناوی گرینگ لەو باسەدا بەرچاو نەگرین، لاک، هابز، دوو ناوی فەلسەفەی سیاسی لە سیاسەتی دەوڵەتداری بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەتن و یارمەتیدەری دەسەڵاتەکانن.
“توماس هابز” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لە کۆمەڵگەدا ئەمنیەت و ئاسایشی هەبێت و بەڕێوەبردنی یاسا ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی، یاسا تاکە ئامانجی تەنها و تەنها ئەمنیەتی کۆمەڵگایە. لەوەها دەسەڵاتێکدا مرۆڤ دەبێ هەموو مافەکانی خۆیان بخەنە بەردەم تاک یا کۆمەڵیک لە خەڵک، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر وەها شتێک ڕوو بدات دەبێ ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێت بە پێوەری دێمۆکراسی و گەڕاندنەوەی بۆ ژینگە و بەها مرۆیەکان بێت، ئەگینا ئەو دەوڵەت یا وڵاتە بەرەو دیکتاتوریەت دەچێت. بنەمای فەلسەفەی هابز بەپێی “ماتریالیسم”، “مکانیسم” و “ترمینیسم’ دانراوە. سەرەتا هابز بۆ گەڕاندنەوە بۆ دەوڵەت، ئاوڕ ؛ە دۆخی مرۆڤ دەداتەوە، هابز لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژینگەی مرۆڤ دۆخی شەڕە و ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بە ئاشتی و ئارامی ژیان بکات دەبیت ئەم هەڵسوکەوتانەی وەلانێت و ئەو چالاکییەی دەچێتە بواری یاسای کۆمەڵایەتی، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن ئەو یاسایانە جێبەجێ بکەین، مرۆڤ پێویستی بە ورەیەکی زۆر و کاریگەرە کە بتوانێت دەسەڵات بدات بە تاک یا کۆمەڵ. لە بەرانبەردا “جان لاک” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەموو مرۆڤەکان بەرانبەر و یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵات کەڵک وەرگرن و هیچ کەسێک لە کەسیکی دیکە گەورەتر نییە.
ئهگهر ئەندیشەی سیاسی توماس هابز بە پێی جۆرێک لە ڕوانینی ڕەشبینانە بە زاتی مرۆڤەکانەوە بنیات نراوە، لە بەرانبەردا، بیرۆکەی سیاسی جان لاک (1632-1704م)، فەیلەسوفی بریتانیایی بە خۆش بینییهوە بەستراوەتەوە بە پێی زات و وێژدانی مرۆڤەکان. ناوبانگی فەلسەفەی جان لاک، زۆرتر لە دوای دووهەمین وتاری خۆی بە ناوی (( دوو وتار لە مەڕ دەسەڵات))ه. بەشی دووهەمی بەم شێوە دەست پێدەکات: هەموو مرۆڤەکان بە شێوەی سروشتی لە دۆخێکی ئازاددا قەراریان گرتووە و هیچ کەس لەوی دیکە زیتر نییه. خەڵک ئەو ئازادیەیان هەیە تا لە سنووری یاسای سروشتی، هەر کارێک کە پێیان خۆشە ئەنجامی بدەن و بەش بەحاڵی خۆیان لە ماڵ و دارییەکانیان هەر چییەک دەیانەوێت مۆختارن ئەنجامی بدەن، بە مەرجیک ئەو کارە بە دژی یاسای سروشتی نەبێت.
جان لاک لە سەر ئەو باوەڕەیە کە یاسای ژینگە لە ویستی خوداوەندەوە سەرچاوەی گرتووە و عەقڵانییهتی ئینسان ناتوانێ هەست بەوە بکات. هەر تاکێک بەرپرسە تا یاسای سروشتی مرۆڤەکانی بە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و گەڵاڵەی ئامانجی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی و بەرگرتن لە شەڕ و ئاژاوە و ئازار بە یەک گەیاندن، دابرێژێت، بەڵام کاتێ لە ئەنجامی ئەم کارەدا، کەم کاریی دەکرێت یا پشتگوێ دەخرێت، حکومەتی مەدەنی دروست دەبێت، بەو واتایە ئینسانەکان لە نێوان خۆیاندا قەراردادێک بۆ دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی سیاسی کە پشتیوان و بەرگریی یاسای سروشتی و مافی سروشتی ژیان، ئازادی و چەشنێ خاوەنداریەتیە، پەیمان دەبەستێت.
ئێستا ئەگەر دەسەڵاتداری ئەم کۆمەڵگەیە، مافی تاک لە بەرچاو نەگرێت، یان تێبکۆشێت دەسەڵاتێکی ڕەها وەدەست بێنێت، لەم ڕوەوە، خەڵکی مافی ئەوەیان هەیە کە لە سەر کار لایبەرن. بەو پێیە گرنگترین بیرۆکەی لاک لە بەستێنی سیاسی و مەدەنی لەگەڵ هابز، فەیلەسوفی سیاسی جیاوازی زۆری هەیە و لە چەند ڕوانگەوە دەکرێت ئەو جیاوازیانە ڕاڤە بکەین.
1- جیاوازی لە ڕوانین لە مەڕ دۆخ یا دۆخی سروشتی: لە ڕوانگەی هابز لە دۆخی سروشتی شەڕی هەمووان بۆ وەدەست هێنانی دەسەڵاتی تاک و دارایی کۆکردنەوەیە. لە حاڵێکدا دۆخی سروشتی بۆ لاک و بۆ وەدی هاتنی ئاشتی و دەسەڵاتی یاسای سروشتی بە سەر کۆمەڵگەدایە و لەودا ئازادی تاک بۆ وەدیهاتنی مافەکانی بە گشتی مسۆگەر دەبێت.
2- ئامانج لە دروست کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت: لە ڕوانگەی هابز ڕاکردنی خەڵک لە دۆخی ئەمڕۆیی لە کۆمەڵگا هۆکاری سەرەکی ئەم قەراردادە کۆمەڵایەتیەیە. لە حاڵێکدا بۆ لاک، گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەیە تا دەوڵەتی نوێ بتوانێت ئەمنییهتی تاک لە ڕوانگەی ماڵی و گیانی، ڕاهێنان و داوەری لە نێوان ئەواندا وە ئەستۆ بگرێت، دەوڵەت دەبێ ئازادی تاک دابین بکات و بە هیچ شێوەیەک بۆی نییه دەست لە کار و باری نێو خۆیی ژیانی تاکەکان وەر بدات.
3- قەراردای کۆمەڵایەتی: قەراردادی کۆمەڵایەتی لە ئەندیشەی هابز یەک لایەنەیە و بە گشتی دەبێ بڵێم لایەنگری لە دەوڵەت دەکات. بەو پێیە تاک لە بواری ئازادیە تاکەکەسیەکانەوە زۆر دەستکورت دەبێت و بە بێ مەرجی سەرەکی، مافی حاکمیەتی خۆی دەبەخشێت. لە حاڵێکدا قەراردادی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی لاکەوە دوو لایەنەیە هەموو مافەکانی دوو لایەن، چ تاک و چ دەوڵەت مسۆگەر دەکات. لەم ڕوانگەدا دەوڵەت ئەوە قەبووڵ دەکات کە خەڵک دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنین، دەسەڵات بتوانێت کۆمەڵێک ئەرک لە کۆمەڵگادا بەرێوە ببات. بەو مەرجەی کە هەر کات دەوڵەت بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و بەرەو دیکتاتۆری رۆیشت، کۆمەڵگە بە پێی قەراردادی نێوان هەر دوولا بتوانێت ئەو دەسەڵاتە بگۆڕێت و دەسەڵاتێکی گۆنجاوتر بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی بەرێوە بردنی حکومەت هەڵبژێرێت.
4- بە پێی ڕوانگەی هابز، رۆخساری ویست یا نەویستانە، پشتیوانی یان رەد کردنەوەیە لە لایەن دەسەڵاتی سەڵتەنەتییەوە، لە حاڵێکدا ئەندیشەکانی لاک بەرەو لیبرالیسم و دەوڵەتی مەشرووتە دەچێت.
“برتراند ڕاسێل” بەم شێوە “جان لاک” شرۆڤە دەکات: خۆشبەختترین فەیلەسوف، لەبەرئەوی زۆربەی فەیلوسوفە هاوچەرخەکانی، لەگەڵ ئەندیشەکانیدان و پێشوازیان لێ کردوە. چۆنکا ساڵەها لە ژیانی ئەو، بریتانیا بە ئامانجی کورت کردنەوەی دەسەڵاتەکان، دروست کردنی مەجلسێکی ڕێک و پێکی پارلەمانێی، ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دابین کردنی ئازادی ئایین ڕوویدا شاهیدی چاکسازی سیاسی بوو. لاک رۆخسارێک لەم ئاوات و خۆزگانە بوو، لاک لە سیاسەتیش وەکوو فەلسەفە مامۆستا بوو.
“بابەتێک سەبارەت بە هەستی مرۆڤ” لێکۆڵینەوەیەکی ڕخنەییە سەبارەت بە بنچینە و سەرچاوەی زانست، لە لایکی دیکەوە، باس لە بەربڵاو بوونی ئەخلاقی مرۆڤ، هاوکات لەگەڵ بەستێنەکان و قۆناغی بیر و باوەڕ و بیر و رای پێشکەوتن دەکات. بەرهەمەکەیتری “دوو رساڵە”یە کە سەبارەت بە دەوڵەت و دەسەڵاتە و لە ساڵی 1690 چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەم “دوو رساڵە” بەقەد بابەتێک سەبارەت بە هەستی مرۆڤ گرنگی هەیە.
“دوو رساڵە” باس لە دەسەڵات و دژایەتی لەگەڵ مافی ئایینی پادشاکان دەکات و لە سەر ئەو بڕوایە کە هەموو مرۆڤەکان لە ڕوانگەی دۆخی سروشتیەوە، ئازاد و بەرابەرن و مافی سروشتی خۆیانە کە ئەو ئازادیانەیان بۆ دابین بکرێت. بیرۆکەکانی سیاسی جان لاک لە یاسای بنەڕەتی ئەمریکا و هەروەها یاسای بنەڕەتی فەرانسە کاری پێدەکرێت. لاک لە هەموو ژیانییدا زۆربەی بەرهەمەکانی بە ناوی خوازراوەوە چاپ کردووە، چۆنکا نەیدەوێست زەبر لە بەرهەمە بە ناوبانگەکەی بە ناوی رساڵەیەک سەبارەت بە هەستی مرۆڤ بدرێت.