ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا

✍ژیلا ئەحمەدی

دوو دەیە لە سەدەی بیست و یەکەم تێپەڕ بووە و جیاهن ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە بەڵام ڕوانینی ئایینی ئیسلام بۆ ژنان هەر وەکوو ١٤٠٠ ساڵ لەمەوپێشە و نەگۆڕاوە. بیری ئایینی و کولتووری خولقاوی ئەو شێوازە ڕوانین و بیرکردنەوە کە ژنان بە نیوەی پیاوان دادەنێ و لە بازنەیەکی چکۆلەدا یەخسیری کردوون و هێڵێکی سووری بەدەوری ژیانیاندا کێشاوە و تێپەڕکردنی ئەو هێڵە و بەزاندنی سنوورەکان بە سزای توند وەڵامدەداتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێمافیی ژنانە. لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە ژن هەمیشە وەکوو تاوانبار یان سەرچاوەی تاوان و خەتا چاوی لێدەکرێ و وا باسی دەکرێ کە گوایە هۆکاری هەموو ئاژاوەکان و ئاکارە خراپەکانی پیاوانیش ئەوانن.

لە کوردستان و بە گشتی ئەو ناوچەیە کە کولتووری ئیسلامی بەهێزە و لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی تێکەڵە و لە زۆر شوێن دەسەڵاتی سیاسی بە دەست ئیسلامییەکانەوەیە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان زەحمەتترە و ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە ژێر مەترسیی هێرش و گیران و سزادان دان.

هەڵوێست و ڕوانینی ڕەوتە ئیسلامییەکان بە توندڕەو و میانەڕەوەوە بەرانبەر بە ژنان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ئەو هاوهەڵوێستییە ڕێگرتن لە ژنان بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیە. بۆ ئەو مەبەستەش یاسا و ڕێسای جۆراوجۆر دانراوە. نموونەی بەرچاوی ئەو یاسایانە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدایە کە ڕێگە بە ژنان نادرێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری خۆیان بپاڵێون. ئەو یاسایانە بە زۆری سەرچاوەکەیان شەرعی ئیسلامە کە ژنان بە شێاوی ئەوە نازانێ وەکوو ڕێبەر و سەرۆکی پیاوان خۆ دەرخەن و پێی وایە ژنان لێهاتوویی و تێگەیشتووی و هێزی پێویستی دەروونییان بۆ ئەو کارە نییە. لە نموونەکانی دیکەی ئەو ڕێگەرتنانە لە ژنان پاش بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا بوو کە بە بڕیاری ڕابەرانی ئەوکاتی حکوومەت هەموو ژنانی دادوەر لە سەرکارەکانیان لابران و ڕێگەیان بە ژنان نەدا دادوەر بن. کاری لەو جۆرە لە کۆمەڵگادا باڵانسی سیستەمی داد تێکدەدا دەنگ و ڕەنگی ژنان لە کۆمەڵگادا لاوازتر و نادیارتر دەکا. ئەمە بە کەمزانینێکی ئاشکرای ژنان لە چاو دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی بوو کە بڕیارەکانیان بە پێی یاسای شەرح و ئایینی ئیسلام دەردەکرد. ئێستاش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوێندن لە هەندێک بەشەکانی زانکۆکان بۆ کچان قەدەغەیە و ڕێگەیان پێنادرێ لە بازە بەشێکدا بخوێنن.

لە یاسا دژە ژنەکانی دیکە ئایینی ئیسلام دەتوانین ئاماژە بە یاسای دیە و میرات بکەین. ژنان لەو دوو یاسایەدا بە ئاشکرا بە نیوەی پیاو  بگرە کەمتریش حیساب دەکرێن و کچانێک کە نێوەی براکانیان میراتی دایک و بابیان پێ دەگا لە باسی پارەی خوێندا لە کاتی کوژران بە ئەنقەست یان بە هەڵە دیەکەیان نیوەی پیاوان و کەمتریشە. باسی شایەتی لە دادگاکاندا باسێکی دیکەیە کە بێمافیی ئاشکرای ژنان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە تێدا دیار و بەرچاوە، لەو جێگەیە کە لە زۆربەی شوێنەکاندا شایەتی دانی ژنان بە تەنهایی بۆ تاوانبار ناسێندرانی کەسێک بەس نییە و دەبێ پیاوانێکیش شایەتی بدەن بۆ ئەوەیە مەسئەلەکە بۆ دادگا بسەلمێ.

یەکێ لە هۆکارەکانی پەرەسەندن و بەردەوامبوونی کولتووری دژە ژن و قەتڵە نامووسییەکان بەهێزبوونی کولتووری ئیسلامی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کەوتنە ڕێ و بەهێزبوونی ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەکوو داعەش و تاڵبان و دەستوپێوەندەکانی حکوومەت ئێران وەکوو حەشدی شەعبی، بووەتە هۆی خراپتر بوونی دۆخی ژنان و گوشاری زیاتر و کوژرانی ژمارەیەکی زۆرتری ژنان بە ناوی پاراستنی شەرف و نامووس. ئەو ڕەوتانە تا بەرزترین ئاستی بێمافکردنی ژنان چوونەتە پێشەوە و داعەش ژمارەیەک لە ژنانێک کە لە شەڕەکاندا بەدیل گیاوان ــ لەوانە ژمارەیەک ژنی ئیزەدی ــ وەکوو سەردەمی کۆیلەداریەتی، فرۆشتووە و بە ڕوونی نیشانیداوە بیری دواکەوتوو و دژە ژنی ئەو جۆرە ڕێکخراوانە چەندە لە مرۆڤایەتی دوورە.

زۆر جار لە ژێر ناوی ئازادیی ئایین و ئەوەی کە ئایین شتێکی تاکەکەسییە و کەس بۆی نییە دەخاڵەتی تێدا بکا شاهیدی توندوتیژی نواندنی پیاوان بەرانبەر بە ژنانی خانەوادەکانیان یان کۆمەڵگا دەبین. کاتێک ئایین دەبێتە بەشێک لە دەسەڵات و بۆ سەرکوت و بێماف کردنی ژنان کەڵکی لێوەردەگیرێ چیدیکە مەسئەلەیەکی شەخی و تاکەکەسی نییە و مەسئەلە گرفتێکی کۆمەڵایەتییە کە دەبێ چارەسەر بکرێ. ژنان نابێ تاوانی بیروباوەڕێک بدەن کە لە جەة جیل پێش خۆیانەوە بە میرات ماوەتە. دەبێ دەستی ئایین لە بڕیار و دەسەڵات کورت بکرێتەوە و دەسەڵاتی یاسایاکی مرۆڤانە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکرێ کە تێدا مافی هەمووان بە بێ لەبەرچاوگیرانی جنسییەت پارێزراو بێ. دوور خستنەوەی ئایین لە دەسەڵات و پەروەردە دەتوانێ ڕێگەچارەی درێژماوەی بەشێکی گەورە لە بێمافییەکانی ژنان بێ.