✍شەهرام وەحدانی

زۆر جار لە وتار، لێدوان یان لە لێکۆڵینەوەکاندا  ڕەستەیەک بەر گوێ دەکەوەت کە کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی لە چاو چوار دەیەی ڕابردوو زۆر گۆراوەو ئاستی تێگەیشتنی خەڵک بە گشتی زۆر بەرز بووەتەوە. بێ گۆمان بەشی یەکەمی رەستەکە لە چێگەی خۆیدایە و کۆمەڵگەی ئێران زۆر گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لە بەشی دووهەمدا مرۆڤ ناتوانێت بە دڵنیایی وەها بڕیاڕێک بدات. ڕاستە شێوەی ژیان، پەیوەندییەکان و نەریتەکان لە هەموو دنیادا و لە ئێرانیشدا  زۆر گۆراون،  تێکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت رۆخسارێکی تایبەتیان بە ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بەخشیوە کە لەگەل هیچ قۆناغێکی مێژووی مرۆڤدا نایەتەوەو پڕجیاوازە، بەڵام ئایا دەکرێت ئەمانە ئاماژە بن بۆ بەرزبوونەی تێگەیشتن و گەشەی کۆمەڵایەتی؟

سەبارەت بەم شک و گۆمانە دانەوینەوە بەسەر هەندێک فاکت و  هەندێک ئاماژە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێران رەنگە یارمەتیدەر بێت. نووسەر کاتێک باس لە کۆمەڵگەی ئێران دەکات ئەوەی لە بیر ناچێتەوە کە هەر کۆمەڵگەیەک چین و توێژی جیاواز لە خۆ دەگرێت و هەر وەها جێگەو پێگەی جیاوازی تاکەکان لە نێو کۆمەڵگەدا،  پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگە و هاوچەشن نەبوونی پەیوەندییەکان لە توێژێکەوە بۆ توێژێکی دیکە لە بەر چاویەتیی و لە بیری ناکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا مەبەستی ورووژاندنی ئەم باسە ئەوەیە کە ڕەواڵەتێک لە کۆمەڵگە بەدەستەوە بدات کە ڕیشەی لە ڕاستیدا بێت. ڕەنگە ئەم پێناسە  لەگەڵ ئەو ناساندنە ناتەبا بێت کە پێی وایە لەم چل و چەندساڵەدا کە بەسەر تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەرێت کۆمەڵگە ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی بەخۆوە بینیوە. دیارە کە هیچ مرۆڤێکی ئاگاه و خاوەن بیرێکی سەردەمیانە لەوەدا شکی نییە کە دەسەڵاتی زاڵ لە ئێراندا، دەسەڵاتێکی کۆنەپارێزە و لە زۆر بابەتدا لەمپەرو بەرگر بووە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە زۆر بواردا. بەڵام هاوکات ئەوە لە بیر دەکرێت کە پەیوەندی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکدا زۆر ناڕوونە. بە واتایەک کە نەخۆازراوبوونی دەسەڵات بەو مانا نییە کە دەسەڵات هیچ  کارتێکەریی لەسەر کۆمەڵگا دانەناوە.بەداخەوە ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ئێمە بە خۆشبینی لەبیری دەکەین. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چواردەیەدا زۆر کاریگەری خراپ و نێگاتیڤی لەسەر هزر و بیری تاک و کۆمەڵگە بە گشتی داناوە بەڵام ئەوەش ناکرێت لەبیر بکەین کە ڕادەی کارتێکردنەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازن. بۆ نموونە دەتوانین باس لە جیاوازی کوردستان و دیکەی بەشەکانی ئێران بکەین بە هۆی گەلێک فاکتۆر کە بۆ خۆی بابەتێکە جێگەی سەرەنج و لێکۆڵینەوە. یەکێک لەو فاکتۆرانە زاڵ نەبوونی بیری ئایینی بەسەر کۆمەڵگەدا و دژ بە دەسەڵاتی ناوەند بوونە کە ئیرادەو هێز بەرگری و خەباتی خۆڵقاندووە.بوونی ڕەوتی پێشەنگ و  ئاوانگارد رەنگێکی جیاوازیان بە بزووتنەوەی کوردستان بەخشیوە. بزووتنەوەیەکی بەهێز، ڕیشەدار و  ڕێکخراو، دێمۆکراتیک و سکۆلار کە ڕەنگە لە ناوچەکەدە بێوێنە بێت. ئەمانە لەکاتێکدایە کە کوردستان یەکێک لە هەژارترین،بێ بەشکراوترین و دواکەوتووترین بەشەکانی ئێرانە لە بواری ئابووری و پیشەسازیەوە، کە لانیکەم بۆ ماوەی یەک سەدەیە لەگەڵ هەڵاواردنێکی سیستماتیک لە لایەن دەسەلاتی ناوەندەوە بەرەوڕوو بووە.

لەم ڕۆژانەدا کە ساڵوەگەری کوژرانی قاسمی سلێمانی گەورەبەرپرسی سپای قودسە، وەبیر هێنانەوەی کاردانەوەی خەڵکی ئێران بە کوژرانی کەسێک کە بە ترۆریست دەناسرا زۆر سەرەنج ڕاکێشە. مەرگی زیاتر لە هەفتا کەس لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی کەسێکدا کە بەرپرسی یەکەم بووە لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی  لە دەرەوەی وڵات وەکوو سەرۆکی سپای قودس و کەسێک کە بەهاری عەرەبی لە سوریەدا خەڵتانی خوێن کرد و لە سەرکووتی نارەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەدا راستەوخۆ بەرپرس بووە، سەلمێنەری گەلێک بابەتە کە ڕەنگە بۆ ئێمە نەخوازراو بن بەڵام ناکرێت نکۆڵی لێ بکەین. چەپ و ڕاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش تازیەبار بوون بۆ لە گیان دەستدانی وەها کەسێکدا.

کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی لەم چل ساڵەدا نەک بەرەو پێش نەرۆیشتووە بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گیروودەی نەتەوپەرەستییەکی تۆخی شیعی-ئێرانی بووە کە پاڵ دەدات بە فاشیسمەوە، بەو مانا کە خوازیاری لە ناو بردنی جیاوازییەکانە نەک بەرابەری و مافخۆازی.

دیارە کە میدیا و راگەیاندن لە ئێراندا بە تەواوی لە لایەن دەسەڵاتەوە قورغ کراوە و دەنگی ئازاد لەو وڵاتەدا بوونی نییە و ڕێگەپێ نەدراوە. ڕۆژنامەی ئازاد و دەنگی جیاواز لەو وڵاتەدا کپ کراوە. ئەوەیشی کە لەو دام و دەزگادا کار دەکات و خاوەن پلەیە و ناوبانگی دەرکردووە ها لە خزمەتی ئەو ئایدۆلۆژییە کە جگە لە سووکایەتی بە مروڤ نییە. میدیای ئێران وەکوو هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی دیکە،دەزگایەکی پرۆپاگەندەیە بەڵام ئەمیان لە هەرە خراپەکانە کە کۆمەڵگە بەرەو پاش دەبات، بەرەو هەڵدێری دواکەوتوویی، رق و کین ڕێنوێنی دەکات. سەیر لەوەدایە کە بەرهەمەکانی ڕاگەیاندنی ئێران جێگەی پەسەندی گەلێک خەڵکە. میدیای ئێران لە نێوان دانیشتوانی ناوخۆ تەنانەت تاراوگەنشینەکان و خەڵکی ناوچەکەش هەواداری زۆری هەیە، سلێبریتیەکانی ئێران ئولگووی گەلێک کەسن کە رەنگە خۆیان بە دژی رژیمیش پێناسە بکەن. لە بیرمان نەکردووە کە لایوی  کەسێکی سکسیست و دژە ژن بە ناوی تەتەلوو بەرزترین رێژەی بینەرانی لە تۆری ئینستاگرامدا بۆخۆی دەستەبەر کرد.

لە هەمان کاتدا هەموو ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خوەێندنەوەی کتێب لەو کۆمەڵگەدا زۆر باو نییە. لەوانە تیراژی خوارەوەی چاپی کتێبەکانە کە زۆر جار لە هەزاریش تێناپەڕێت لە کاتێکدا کە ئێران هەشتاد مێلیۆن دانیشتووی هەیە. ڕاستە کە هاتنی ئینتێرنێت و گرانی کتێب و سانسۆر کاریگەرن بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە بە پێی ئامارەکان وڵاتی ئێران لەو بوارەدا یەکێک لە وڵاتانی دواکەوتووە.

دین و ئایین ڕیشەدارترین دیاردەکانە لە ئێراندا. ڕاستە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە دەسەڵاتی ئیسلامی رسوا بووە و لە داهاتوودا ئایین و ڕەوتە ئایینییەکان شانسی بەشداری و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان نییە. بەڵام هەر ئێستەش نەک تەنیا لە لایەن دەسەڵاتەوە، بەڵکوو لە ناخی کۆمەڵگەدا بێ خۆدایی  و بێ بڕوا بوون بە ئایین و خودا وەکوو لایەنێک لە ئازادی ئایین و سکۆلاریسم تابۆیە. هەر ئێستاش گەلێک توێژ هاوکات لە لایەن دەسەڵات و لە لایەن کۆمەڵگەوە بە هۆی جیاوازی ئایینەوە بە خراپترین  شیوەکان مافەکانیان پێشێل دەکرێت و کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە، بۆ نموونە بەهاییەکان کە تەنانەت لە مافی خوێندنیش بێ بەشن.

پەروەردە وەکوو گرینگترین ئامرازو ناوەند بۆ گەشەی هزرو ئەندیشە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بوونی نییە، ئەوەی کە هەیە ژەهراوی کردنی مێشك و هزری جیلی نوێیە. لە باشترین حاڵەتدا پەروەردەی ئێران مرۆڤی خاوەن بڕوانامەو پسپۆر بەرهەم دەهێنێت نەک مرۆڤی زانای خاوەن پرەنسیپ، باوەڕبەخۆو مرۆڤ بە مانای وشە. بۆیە تاکی ئێرانی بە گشتی داوای ئازادی دەکات بەڵام مەبەستی لە ئازادی ئازادبوونی خۆیەتی نەک ئەوانەی کە لەگەل بیروباوەڕی ئەودا ناتەبان. تاکی ئێرانی واتای ئازادی نەناسیوە.  لەگەڵ ئەوەی هەست دەکات ئازاد نییە و ئەوە بە ناڕەوا دەزانێت، بەڵام  هاوکات خەباتی ئەوەی دیکە بە شتێکی ناڕەواو نابەجێ دەزانێت بەو هۆیە کە لەگەڵ ئەو جیاوازە و داخوازەکانی جیاوازن. هیچ چەمکێک لە لای تاکی ئێرانی مانای ڕەسەنی خۆی نەماوە. لە دەرەوە باسی نەتەوەپەرەستی خەڵکی ئورووپا دەکات بەڵام لەبەرامبەر بە چەوساندنەوەی مرۆڤی هاوزمانی خۆی کە لە ئەفغانستانەوە پەنای بۆ هێناوە بێدەنگە و ئەو بێ ماف بوونەی پەنابەری ئەفغانی بە ڕەوا دەزانێت.

ئەگەر لە ساڵەکانی سەردەمی شۆڕشدا و تا ماوەکیش دوای ڕووخانی دەسەلاتی پاشایەتی باسی هەبوونی نەتەوەی جیاواز لە ئێراندا دەکرا، بە پێجەوانەی وتاری فەرمی دەسەڵات کە لەسەر تاک نەتەوەبوونی ئێران پێکهاتووە، لە لایەن خەڵک و لایەن و گەلێک ڕەوتی سیاسیەوە بە ئاسانی و بە هەند وەردەگیرا و هەمووان مافی نەتەوەکانیان بە رەسمی دەناسی. بەڵام هەنووکە دوای چل سال ئەوە تەنیا ڕژیم نییە کە ئەو خواستە دەم کووت و سەرکووت دەکات. ئێستاکە بەشێکی زۆر لە نەیارانی ڕژیم و تەنانەت خەڵکی ئاسایی مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بە ناڕەوا دەزانن. بەشێکی بەرچاو لە بیرمەندانی ئەو وڵاتە تەنانەت دژی باس کردنی بابەتی نەتەوەیین و ئێران بە نەتەوەیەکی تاک و تاقانە دەزانن.

بابەتی نەتەوەیی لە لای چەپ و ڕاستەوە بڤەیە. یان بە پێجەوانەی ئەوباوەڕەی کە زۆر تێکەڵ بە گەش بینییەکی ناڕاستە، چەپ وەکوو ڕەوتێکی بەڕیشە لەو کۆمەڵگەدا بوونی نییە. ئەگەر کەلێنێکی قووڵی چینایەتی بوونی هەیە،  ئەگەر زۆربەی ئەو خەڵکە لە نابەرابەری و نادادپەروەری دەسەڵات و سیستەم دەناڵن بەو مانا نییە کە خوازیاری بەرابەری و تینووی دادن، بەو واتا کە لە ڕیزی چەپ و هۆگرانی سوسیالیسمدا نین. بە پێچەوانە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەنوێنن کە تاکەکان خوازیاری سرینەوەی نابەرابەری نین بەلکوو خوازیاری شوێنەگۆڕکێ و گواستنەوەی پێگەی خۆیان بۆ سەرەوەترن نەک پڕکردنەوەی کەلێنەکان.