دواڕۆژ

رۆژی شەممەی ڕابردوو ٣ی مانگی جۆزەردان دروشمی ژن ژیان ئازادی لە شاری کەنی فەرانسە لەنگەری گرت. بۆ جارێکی تر و لە قوژبنێکی ئەم جیهانە و لە کەناری هەزاران خۆزگەی لە ناخا خنکێندراو ماراسۆنی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی ئێران بە گوێی زەمەندا چرپاندییەوە. فیلمی “ڕووداوێکی سادە”ی دەرهێنەر جەعفەر پەناهی ئازارێکی بێ ئەژماری گەڵێکی هەتا سەر ئێسقان ستەم دیتوو بوو کە لە چاوی کامێراوە مێژووی گەڵێکی هێنایە بەردیدەی هەموان. ئەم فیلمە چیرۆکی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکێکە کە خاونی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و خەباتی بێ وچانن. خاوەنی هەزاران قوربانی و هەزاران دەرس و ئەزموونی بە نرخی مانگرتن و شورش و خەباتی و تێکۆشانن. لەم فیلمەدا، سنورەکانی سانسۆر دەشکێندرێ و شێوازەکانی خەباتی کۆمەڵانی ڕەنجدیتوی ئێران لەچاوی کامێراوە تۆمار دەکرێن وسەرلەنوێ رووداوەکان لە دایک دەبنەوەو ڕاپەڕین  بەرەو ئاسۆی روونی رزگاری، چەخماغە دەخوات.

بەشدارانی “ فێستیڤاڵی فیلمی کەن” لە بینی روداوێکی سادەدا سەفەرێک دەکەن بۆ دیاری  ئەو دیوی سنووری بە تەل تەندراو. ئەوان رووداوەکان وەک خۆیان دەبینن. لێرە ئازادی ناوی شەقامە بەڵام لە زیندان دایە و سزاکەشی ئەبەدییە. خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ ئاڵوگۆر و بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ، مێژوویەکی زێرین و ٤٦ ساڵەی هەیە. ژنان لێرە بۆ ئازادی تێدەکۆشن و ٤٦ ساڵە لە سەنگەردا سوکانی شۆرشیان بەدەستەوەیە. لێرە “ئازادی” قەدەخەیە و خوازیارانی سینگیان قەڵخانی گوللەیە. لێرە “پێگەی مرۆڤایەتی” لە ئاستێکی نزم دایە و “دێموکراسی” بۆ گەلانی ئێرە نامۆیە. بەڵام لێرە تاکە هەوێنی لێک نزیکبوونەوەی گەلان یەکگرتنە، مانگرتنە شۆڕش و بەرخۆدانە و “ ژن، ژیان، ئازادی“ە کە لە رووداوێکی سادەدا وەبیر بەشداربوانی“ فێستیڤاڵی فیلمی کەن”  دێتەوە. هاواری خەڵکی ئێران، ئەمجارە لە چاوی کامێراوە نیشانی جیهان درا و شۆڕشی ژینا کە فیلمی وەک“ روداوێکی سادەی “ خوڵقاند، لە کوردستانەوە داگیرسا و تەشەنەی سەند بۆ هەموو جیهان. ئەم شۆڕشە درێژە و بەرهەمی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە درێژخایەنە بوو کە خەڵکی کوردستان بە مەیل و ڕوانینی جیاوازەوە بەرانبەر بە داگیرکاری و دواکەوتووی و بێعەداڵەتی بە گیان و ماڵیان تێدا بەشداربوون و کوانووی ئەو خەباتەیان گەرم ڕاگرت.

فیلمی“ روداوێکی ساده “ بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە خۆڕاگری و خۆبەختکردنی کۆمەڵانی خەڵکە کە خاوەنی دەیان شۆڕشی وەک ژن،ژیان، ئازادیە. شۆڕشێک کە له‌ كوردستان ئاستی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و مافخوازی و عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازیی بەرز کردەوە و له‌ سه‌ر جیلی نوێ كاریگه‌ریی حاشالێنەکراوی داناو لە “ فێستیڤاڵی فیلمی کەن” خەڵاتی نەخڵی زێڕین، وەردەگرێ.

روداوێکی سادە، نیشانی دا کە كۆمه‌ڵگای ئێران پاش ته‌حه‌مولی ٤٦ ساڵ ڕه‌نج و ئازار و بێبه‌شی و چه‌وسانه‌وه‌، له‌ئێستادا تینووی شۆڕشێكی دیكه‌ین‌. شۆڕشێك كه‌ ئه‌مجاره‌یان كۆنتڕۆڵ نه‌كراو بێت. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاگری تووڕه‌ییه‌كی پەنگخواردوو كه‌ هه‌ر ده‌م گۆشه‌یه‌كی‌ بڵێسه‌ ده‌ستێنێت، نیشانه‌ی ئاڵوگۆڕێكی مێژووییه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌. ئاڵوگۆڕێك كه‌ ده‌توانێ گرێی كوێری ئێستای هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكاته‌وه‌. شۆڕشێك كه‌ مزگێنیده‌ری ڕزگاریی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ بێت‌ له‌ چه‌وسانه‌وه و سته‌م و نایەکسانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *