ڕانانی کتێبی (کرێکاری مردوو)….

بە بۆنەی ١ مەی ڕۆژی کرێکار
کتێبی کرێکاری مردوو، نووسینی هاوبەشی “کارێل کەدەرسترۆم”ی سوئێدی و پیتەر فێلمینگە کە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ئاوڕیان لە چەمکی کرێکار داوە.
سەرەتا ئەوە بڵێم لەم کتێبەدا مەبەست لە وشەی کرێکار، هەر کەسێک کە لە سیستەمی سەرمایەداریدا خەریکی کارە دەگرێتەوە (جیاوازی نییە ئەگەر کرێکاری کارگەیەک لە چین یان فەڕانسە بێت یان بەرپرس و بەڕێوەبەری دۆیچە بانکی ئاڵمان).
نووسەرەکان باس لەوە دەکەن که مرۆڤی ئەمڕۆ جێنشینی پیشهکەی بووە، لە واقیعدا جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەو شتەی کە دیکەین(وەکوو کار) و ئەو شتەی کە هەین نەماوە. تەنانەت پشتیوانە دەمارگرژەکانی سەرمایەداری دانی پێدادەنێن کە سەرمایەداری لە ساڵەکانی حەفتای زایینیدا لە نێو چووە و هەر چەشنە هەوڵێک بۆ زیندوو کردنەوەی شکەستی هێناوە. بەڵام بە چەشنێکی سەیر ئێستا کە مردووە بەهێز و گوڕتر لە جاران لە ئەگەری “هەبوون”دایه. ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات کە کار و ژیان لە جیهانی مردوودا چ واتایەکی هەیە. بۆ دەسپێکی ئەم بابەتە شیعرێکی (فرانکۆ بیفۆ) بە ناوی “چاوەڕوانی لە سونامی” دێننە گۆڕێ، لەم شیعرەدا وێنایەک لە جیهانێکی تژی لە مەرگ، داڵغەی دەروونی، دەستکورتی و خولیای کاری بێبایەخ پیشان دەدات و بەم پرسیاره سەرهکییە درێژەی پێدەدات:
“ئاخۆ دەزانن پێش لەوەی سونامی بێت چی ڕوو دەدات؟ دەریا لە ناو دەچێ و بیابانێکی مردوو دەهێڵێتەوە کە لەوێدا تەنیا ڕەشبینی و نەهامەتی دەمێنێتەوە، هەڵبەت ڕووداوێکی گرینگتر بە ڕێوەیە، بەڵام هێشتا نەگەییشتووە”. هەنووکە ئێمەیش لە سیستەمێکی داڕێژراوی مردوودا سەرگەردانین و بە شێنەیی لە بیابانێک کە پڕە لە نیشانە و هێمای وێرانی و پووچی خەریکین نوقم دەبین. ئەمجار لە ئاسۆ دەڕوانین؛ “شەپۆل”! هەر چەند هێشتا لە ئێمە دوورە بەڵام تەوژم و گوڕەی ئەوەندە دەبێ کە هەر چەشنە فەرمانێک بۆ کار، بەرهەمهێنان، ئارامی، شادی و گوێڕایڵی پشتگوێ بخەین. ئەم داڕمانی جەستەیییە بە پێی چەشنێ بێهیوایی ڕادەبەدەر، به دروستی لە سەر واتای “نا-ژیان” (Non living)، بەو مانای کە ژیانێک کە لە ڕاستیدا مردووە، پێک هاتووە و بیچمی گرتووە.
بە وتەی نووسەران، بۆ ئەم کتێبە لەگەڵ هەژمارێکی زۆری کرێکار لە پیشەی جۆراوجۆر و چینی باڵادەست و ژێردەست قسە کراوە و بەوە گەییشتوون کە هەستی مەرگ لە هیچ شوێنێک بە قەدەر کرێکارانی گیرۆدەی (بنکە و کۆمپانیا مودێڕنەکان) زۆر نییە. جا چ کار لە ئیدارە بێ، یان له نووسینگە، کارگە، پیشانگای فرۆشتن و کۆگاکانی ژێر زەوی و… ژیان بۆ ئەوان دوورەدەستە.
شیعرەکەی بیفۆ، سەبارت بەو “ژیانە مردوو”یەی کە پێش له گەییشتنی “شەپۆل” وەسفی دەکات، شەرحی ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ ئێمه لە جیهانی سهرمایەدا ئەزموونی دەکەین و هیچ هیوایەکمان بۆ وەلانانی سەرمایەداری نییە. ڕەنگە خوازەی “شەپۆل” لە شیعرەکەی بیفۆدا لە جێی خۆیدا بێت، بەڵام ئەی ئەگەر کۆتایی هات چۆنی لێدێت؟ ئەگەر “شەپۆل” بۆ لە ناوبردنی نەهامەتییەکانی ئێمە نەگەییشت چی؟ ڕەنگە ئەم تراژدیه بنەمای واتای “کرێکاری مردوو” بسازێنێت. ئێمە بە چەشنێ کار دەکەین گوایە لە حاڵی مەرگداین. دەڵێی هیچ کاتێک لە زیندانی کار دەرباز نابین مەگەر ئەو کاتەی کە کار لە کار ترازا بێ(مەرگ گەییشتبێ). ئەمڕۆکە مەرگ نییە کە دەمانترسێنێ، بەڵکوو فکری نەمردن و پەیوەست بوون بە ژیانێک کە بایەخی زیندوومانەوەی نییە ترس دەخاتە دڵمان. هەروا کە ئادۆرنۆ دەڵێ: “ئەو ڕاستیەی کە ئێمە بە ژیان لەم کەشە چەقبەستوەدا درێژە دەدەین، دەریدەخات کە هەناسەدانی نێو جەحەندەم فێر بووین”. ئەو دۆخەی کە پێشتر مارکس دەیگوت دەبێتە ماتریالیزمی خەمناک(Sad materialism) لە بەر ئەوەی ژیانێک کە لە بازنەی دوپاتەی کار و داژە(مصرف) دەسووڕێتەوە، دەرەنجامی نابێت. دیارە جیهانی سەرمایە بۆ قەرەبوو کردنەوەی “کاتی بەتاڵی”یان دروست کرد کە وەکوو هەڵاتنێکی کاتیی لە کۆمەڵگای بێئامانج بوو. بۆیە دەکرا بڵێین هۆکاری کارکردنی ئێمە خرج کردنی پاره بۆ ئەو شتانەن کە بۆ خۆمان بایەخدارن وەکوو ڕۆژانی پشوو، کات بەسەربردن لەگەڵ منداڵان یان کایە و شت. بەڵام هەنووکە ترسی گەورەی سەرمایهداری ئەوەیە کە کرێکار تەنیا جەستەی لە سەر کارە، لێ ڕۆحی لە شوێنی کارەکەی زۆر دوورە (لە کەناری دەریا، خەریکی دڵداری، بیری سەیر و سەمەرە..!) و ئێستا ئەو دەمەیە کە “کرێکاری مردوو” دەردەکەوێ. ئەم سیاسەتە نوێیەی سەرمایەداری لە کارگە و ئیدارەکان تێپەڕیوە و بووەتە سەرمەشقێک بۆ هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا. ئەو چەمکەی کە سەرمایەداری بیست و چوار ساعەتەی پێ دەڵێن(24hour capitalism). واتە نە تەنیا بەو مانایە کرێکار لە هەموو ساتێکی ڕۆژ و (شەو) لە شوێنێک مەشغووڵی کارە بەڵکوو واتای ئەوەی هەیه کە مروڤ هەمیشه خەریکی کار کردنە. ئەم قەڵشتە ئیدی لە نێوان کار و سەرمایەدا نییە، بەڵکوو لە نێوان سەرمایە و ژیاندایه. لە ئێستادا ژیان خودی ئەو شتەیە کە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بە تاڵان چووە.
ئەو شتەی کە سەرمایەداری ئەمڕۆ زەق دهکاتەوە ئەوەیه کە پەنجەی بەو پەڕی شوێنی کارەکان گەیییشتووە. لە قۆناغی دەسپێکی کارگە قەبەکانی وەبەرهێناندا هێشتا بەسەر پشووی کۆتایی حەوتە و “کاتی بەتاڵی”دا زاڵ نەببوون، بەڵام سەرمایەداریی ئێستا بە شوێن چەوساندنی کۆمەڵایەتی ئێمە لە هەموو بوارەکانی ژیاندایە و ئێمە دەبینە (سەرمایەیەکی ئینسانی) تەنانەت کاتێ کە وەختی کار بەسەر چووە، ئیتر کرێکار نین، بەڵکوو دەبین بە خودی پیشهکە، تەنانەت لە خەویشدا وازمان لێناهێنن…
بەڵام داخۆ “کرێکاری مردوو” بەرەنگاریی دەکات؟ داخۆ بۆ گۆڕینی دۆخی خۆی هەوڵ دەدات؟ پرسیاری نێوان ڕووپەڕەکانی ئەم کتێبە ئەوەیه کە: ئێمه چلۆن دەتوانین بەرانبەری سەرمایەداری ڕاوەستین کاتێ لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیماندا دزەی کردووە؟
ئێستا ئێمە دەبێ بەرەو گەڕانێکی تاقەت پڕووکێن لە جیهانێکی مەنگ و مردووی کاردا سەفەر بکەین، “شەپۆل” هەرچەندە هێشتا نەگەییشتووە بەڵام ئێمە دەتوانین بینەری ئەو سونامیه بین. “شەپۆل” خەریکی گرتنی هێز و وزەیه… چاوەڕوانین.