ڕاسیسم و سێکسیزم ڕێخۆشکەری توندوتیژی لە شەڕدا
وەڕگێران: ئەسعەد دوروودی
زۆربەی جار پیاوان وەکوو گرووپێک دەسپێکەر، بەڕێوەبەر و کۆتاییهێنەری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوون. ژنان وەکوو گرووپێک بە شێوەی گشتی دەورێکیان لە بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی و کات و ئەگەری دەسپێکردن و کۆتایپێهێنانی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا نەبووە. بەڵام ژنان بە گشتی زیاترین خەساریان لە شەڕ و هەموو ئاکامەکانی بینیوە. بۆ ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شەڕدا ڕێگەپێدراو و پەسەند بێ دەبێ سنوورەکان و جیاوازییەکانی “ئێمە” و “ئەوان” دیار و ڕوون بن. واتە “ئێمە” هەمیشە دەبێ وەکوو لایەنی باش و بەرحەق بناسرێین و “ئەوان” بە بێ جیاوازی وەکوو لایەنی خراپ و دوژمن بناسرێن. وادیارە هاوکارییەک لە نێوان ڕاسیسم و سێکسیسمدا بۆ وەبەرهێنانی توندوتیژی هەیە لە ئاستی وڵاتان و لە ئاستی نێونەتەوەییدا.
ئەوەی کە جەستەی ژن وەکوو سەمبۆلی نەتەویی و کولتووری چاوی لێبکرێ دیاردەیەکی نوێ نییە. تۆڵستۆی لە کتێبی “شەر و ئاشتی” دا دەڵێ: “شارێک کە دوژمن داگیری کردبێ وەکوو کچێکە کە کچێنی لەدەستدابێ” هەڵبژاردنی ئەو گێڕانەوەی باس لە هەستی ناپێلئۆن بەر لە داگیرکردنی مۆسکۆ دەکا و، ئەوە نموونەیەکە کە دەریدەخا چۆن دۆخی شەڕ و سەردەمی شەڕ بە دەستەواژەهایەک دەنووسرێتەوە کە جنسییەت و دەسەڵات تێیاندان دیارە و پیاوەکان ڕۆڵگێڕ و خاوەن دەسەڵاتن و ئەو شارانەی دوژمن داگیریاندەکا بە ژنانێک دەشوبهێندرێن کە “داگیر دەکرێن” ، “کچێنییان لەدەست دەدەن” یان “خۆیان خستووەتە سەر قاچی پیاوان”.
ئەوەی کە توندوتیژی زۆربەی جار بەرگی جنسییەتی دەکرێتەبەر و دژی ژنان لە ناوچەی شەر بەکاردێ دیاردەیەکی تازە نییە. بە شێوەی مێژووی پیاوان لە شەڕەکاندا وەکوو دوژمن چاویان لەیەکدی کردووە بەڵام ژنان و منداڵان وەکوو کۆیلە و خەڵاتی براوەکان چاویان لێکراوە. لە مێژووی کۆندا ژنانی ئەسیر لەشەڕدا وەکوو کۆیلەی جینسی سەربازەکان بەکارهاتوون و بۆ چێشت لێنان و هەڵگرتنی کەرەستەی سەربازان کەڵکیان لێوەرگیراوە. دەسدرێژی کردنەسەر ژنان و قڕکردنیان وەکوو شێوازێکی کارامەی شەڕ دژی خەڵکی مەدەنی یان نەتەوەیەک و توێژ و چینێکی کولتووری یان ئایینی بەکارهاتووە. ئەم شێوازە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لەناو هەموو کۆمەڵگادا و دەورێکی تێکدەرانەی لە کۆمەڵدا هەیە لەبەر ئەوەی ژنانی قوربانی پاش شەڕ وەکوو کەسانێکی نەخوازراو چاویان لێدەکرێ و گەڕانەوەیان بۆ ناو بنەماڵە و کۆمەڵگا زۆر زەحمەتە. دەسدرێژیکرانە سەر ژنان هەروەها وەکوو بەڵگەیەک بەکاردەبرێ بۆ ئەوەی پیاوان ئەرکی پاراستنی ژنانیان بەجێنەهێناوە کە وەکوو باس کرا زۆرجار وەکوو سەمبۆلی کولتوور، ئایین یان ئێتنیسیتە چاویان لێدەکرێ و ئەوە وەکوو شکستی هەموو ئەو شتانەی ژنان بە سەمبۆلیان دانراون حیساب دەکرێ. هەر بۆیە ژنان (هەروەها جەستەی ژنان) وەکوو ئامانجێکی ستراتێژیکی دوژمن بۆ داگیرکردن لەڕێگەی توندوتیژیی جینسییەوە چاوی لێدەکرێ.
هاوکات ئەو دیاردەیە پەیوەندیی هەیە بەو بیر و ڕوانینەوە کە دەڵێ پیاوێکی خاوەن دەسەڵات و کۆنترۆڵ پیاوێکە کە کۆنترۆڵی بەسەر شتێکدا هەبێ و کونترۆڵ بەسەر ژناندا بەشێک لەو دەسەڵاتەیە کەواتە ئەگەر ژنان دەسدرێژییان بکرێتەسەر یان توندوتیژییان بەرانبەر بکڕی پیاوەکانیان وەکوو کەسانێکی بێدەسەڵات کە توانای کۆنترۆل کردنیان نییە چاویان لێدەکرێ. ئەو ژنانەی دەسدرێژییان کراوەتە سەر لەبەر ئەوەی دایمە وەبیرهێنەرەوەی شکست و ناسەرکەوتووبوونی پیاوانن و وەکوو سەمبۆلی پێشێلکرانی شەرەفی ئەو کۆمەڵگا و گرووپە دەبینرێن دەبنە کەسانێکی نەخوازراو لە نێو کۆمەڵگادا و دەکەونە بەر تانەی کۆمەڵگا و خانەوادەکانیان.
ڕیشەی ئەم نۆرمالیزە بوونی توندوتیژیی جینسییە لە دۆخی شەڕدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕاسیسم. لە ڕێگەی دروستکردنی دوو بەرەی “ئێمە” و “ئەوان” کە تێدا ئێمە باش و پاکین و ئەوان دوژمن و خراپ ئەم جۆرە ئاکار و توندتوتژییە جنسییانە ڕەسمییەت و شەرعییەتیان پێدەدرێ. ناسنامەی نەتەوەپەرەستانە و ڕاسیستی و سێکسیستی وەکوو بیانوویەک بۆ توندوتیژیی جینسی بەرانبەر بە ژنان بەکار دەبرێ و ڕەسمییەت بەو کارە دەدا.
بە هەمان شێوە تەنانەت ستەم دژی ژنان و مافخورانی ژنان لە ناوچە یان کولتوورێکدا دەتوانێ وەکوو بیانوویەک بۆ هێرش کردنەسەر “ئەوان” بەکار ببرێ. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لە ئەمریکا گوشاری دژی ژنان و دۆخی نالەباریان لە ئەفغانستان وەکوو یەکێک لەو فاکتۆرانەی شەرعییەت بە بەشداریی ئەمریکا لە شەڕ لەو وڵاتە دەدا، بەکاردەبرێ لەحاڵێکدا دەوڵتی ئەمریکا خۆی هێشتا هەموو بڕیارنامە جیهانییەکانی مافەکانی ژنای واژۆ نەکردووە و لە ڕاستیدا ئەوە تەنها بیانوویەکە بۆ ئەوەی لە باری نێودەوڵەتی و لە بیروڕای گشتیدا شەرعییەت بە شەڕ بدەن.
لە ڕێگەی لێکدانەوەی دەوری ڕاسیسم و دوانەی “ئێمە” و “ئەوان”ەوە دەتوانین ژێردەستەبوونی ژنان وەکوو هەڵگری شەرەفی نەتەوە و گرووپ و کولتوورێکی دیاریکراو، بخەینە بەرچاو. خولقاندنی ئەم “ئێمە” و “ئەوان”ە، نەتەوەپەرەستی و ڕاسیسم وەکوو بیانوویەک بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بەکاردەبرێن. هاوکات بێمافیی ژنان کاتێک کە پێویست بێ وەکوو ئامرازێک بۆ ڕەخنەگرتن و دژایەتیی کردنی پیاوانی “ئەوان” لە لایەن پیاوانی “ئێمە”وە کەلکی لێوەردەگیرێ.
تا کاتێک پاراستنی ژنان وەکوو ئەرکی پیاوان چاوی لێبکرێ و تا ئەو دەمەی ژنان پێویستیان بە پاراستنی پیاوان هەبێ، ڕاسیسم و سێکسیم درێژە بە هاوکاریی خۆیان هەم لە سەردەمی ئاشتی و هەم لەکاتی شەڕدا بۆ پێناسەکردنی مرۆڤ لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەدەن.
سیا ئوکرلووند، ئەنستیتۆی ئاشتیی ئۆلەند