هاوسەرگیری منداڵان خەسارێکی مرۆڤییە

✍سروە مستەفازادە

ناچارکردنی کچانێک کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش واتە جۆرێک دەسترێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، یان خود فرۆشتنی ئەوان لە بەرامبەر پارەیەکی کەم، بێبەشکردنیان لە  دەرفەتی درێژەدان بە خوێندن، یاری و منداڵی کردنیان، یان زەوتکردنی ئازادیی لەشیانە. ھاوسەرگیری کچان لە تەمەنی منداڵیدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەموو جۆرە خەسارێکی جەستەیی و سێکسی و خەمۆکی و تەنانەت دەتوانێ ببێتە ھۆی مردنیان لە کاتی منداڵبوون.

بە پێی مادەی یەکی بەڵێن نامەی مافی منداڵان کە لە ساڵی ١٣٦٨ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوە، پێناسەی منداڵ بەو شێوازە ھاتووە: ھەر کەس تەمنی ژێر ١٨ ساڵ بێت وەک منداڵ پێناسە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنی یاسایی بۆ پێناسەی منداڵ لە ھێندێک وڵات کەمترە بەڵام ئەو بەڵێن نامەیە داوا لەو وڵاتانە دەکات کە یاساکانییان بۆ ١٨ ساڵ بگۆرن. بە پێی ئەو بەڵێن نامەیە ھەر وڵاتێک ئەو یاسایانەی پەسەند کردبێت پاراستنی مافی منداڵان دەبێ وەک ئەرکێک لەسەر شانیان بە جێی بێنن. ڕێکخراوی یونیسێف ھاوسەرگیریی منداڵان وەک جۆرێکی بەرچاو لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ پێناسە دەکات، و وەک نموونەیەک لە توندوتیژی سێکسی ناوی دەبات.

ھاوسەرگیری منداڵان یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئەوڕۆی ئێرانە، منداڵانێک کە بە جێی چوون بۆ مەدرەسە و چێژوەرگرتن لە منداڵبوون ، لە یەک شەودا لە جیھانی منداڵییەوە دەنێردرێنە جیھانی گەورەساڵییەوە. لە ئێران پێش ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی تەمەنی یاسایی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ١٨ ساڵ بۆ کچان و ٢٠ ساڵ بۆ کوران دیاری کرابوو بەلام ھاوسەرگیریی نێوان ١٥ تا ١٨ ساڵ بە ئێجازەی دایک و باب و حوکمی دادگاە ڕێگەپیدراو بوو، ئەو یاسایە بە ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ شەرعی ئیسلام لە ساڵی ١٣٦١ کرایە ٩ ساڵ بۆ کچان و ١٥ ساڵ بۆ کوڕان، ئەو یاسایە لە ساڵی ١٣٧١ دووبارە ئاڵووگۆری بەسەر ھات و بۆ کچان کرایە ١٣ و بۆ کوران ١٥ ساڵ دیاری کرا.

روانگەی پیاوسالارانە و بیری سوننەتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا هۆکاری سەرەکیی باو بوونی ھاوسەرگیری منداڵانە کە بۆتە ھۆی ئازار پێگەیاندنی منداڵان. ئەو ڕوانگە پیاوسالارانەیە جگە لە یاساکانی ھەڵقوڵاو لە شەریعەت لە ژێر کاریگەری ھۆکارگەلی ژینگەیش دا ھەیە، بۆ نموونە پارێزگای خوراسانی رەزەوی بە پێی ئامارەکان زیاترین ڕێژەی ھاوسەگیریی لە تەمەنی کەمەوە بۆ کۆرانی لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵدا  و کچانی لە نێوان ١٥ تا ١٩ ساڵ ھەیە، لەو پارێزگایە زۆربەری ئەو ھاوسەرگیریانە لە نێو بنەماڵە و تایەفەدا دەکرێن، و منداڵی و گەنج بوونی بووکەکە وەکوو خاڵێکی باش و ئیمتیازێک حیساب دەکرێ.

هاوسەرگیری منداڵان وەک یەکێک لە دیاردە نامرۆڤییەکان ڕۆژ لە پاش ڕۆژ لە سەرتاسەری جێهان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوو ڕاگریراو وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا لە هەڵکشان دایە. هەروەها ئەو دیاردەیە لە ناوچە هەژارەکانی سەر سنوورەکان و قەراخ شارەکان زەقتر و بەرینترە.

بە پێی ئامارەکان لە سەرتاسەری جیهان ٦٤٠ میلیۆن ژن لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ هاوسەرگیریان کردوە و ساڵانە ١٢ میلیۆن کچ پێش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری دەکەن بە واتایەکی تر هەر ٢ خولەک ١ هاوسەرگیری ژێر ١٨ ساڵ ڕوودەدات.

ئامارەکانی سەنتەری ئاماری ئێران باس لەوە دەکەن لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٣ تا ١٣٩٣، نیزیک بە ٤٢٠ هەزار کچی ژێر ١٥ ساڵ لە ئێران هاوسەرگیرییان کردووە، هەروەها بە پێی دوایین ئامارەکانی یونیسێف کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە ١٧ لە سەدی کچانی ئێران ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ و ٣ لە سەدێش ژێر تەمەنی ١٥ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن، ئەوەی دەبێندرێ لەو ساڵانەی ڕابردوودا ئەو ئامارانە هەروا بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشان دایە و لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی زیاتر لە ٣٧ هەزار منداڵی ژێر ١٢ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە، هۆکاری ئەو ژمارە بەرچاوە بەڵام بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟

هەژاریی ئابووری و کڵتووری و بێکاری و هەروەها فرۆشتنی منداڵان بۆ وەرگرتنی پارە یان شیربایی و کەمکردنەوەی تێچووی ئابووری خێزانی و ئالوودە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، قومار و  هەوەوەها شەرع و فقهی ئیسلامی وەک پێوەری سەرەکی یاسادانان پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کارەساتەن، بە پێی مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی کچێک کە تەمەنی ١٣ ساڵە بە مەرجی ئیجازەی باوکی دەتوانێت هاوسەرگیری بکات.

هاوسەرگیری منداڵان خۆی دەبێتە هۆکارێک بۆ زۆر قەیرانی تر لە کۆمەڵگادا، زۆربەی ئەو منداڵانە پاش ماوەیەک  تەڵاق دەدرێن، بە پێی دوایین ئامارەکان ٢٤ هەزار منداڵ پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە، هاوکات دیاردەی ناچارکردنی کچانی کەمتەمەن بە لەشفرۆشی لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە دیاردەیەکی نامرۆڤانەی دیکەیە کە بەرهەمی یاسا و کولتووری دژە ژن لە ژێر سێبەری حکوومەتی ئیسلامیدایە.

لە ساڵانی ڕابردوو چالاکانی مەدەنی کاریان بۆ ئەوە کردووە کە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بۆ سەرووی ١٨ ساڵ بەرزبێتەوە بەڵام هەموو کات لە گەڵ دەسەڵاتی مەلاکان و فێرگە ئاینییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە و حکوومەتی ئیسلامی ئەو یاسا دژە منداڵ و مرۆڤانەی وەکوو خۆی هێشتووەتەوە و ئەو دیاردە کاولکارە هەروا ڕوو لە هەڵکشانە.