چاودێری و سزادان؛ لەدایک بوونی زیندان… چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر “هەورەکانی دانیال” دوایین رۆمانی بەختیار عەلی
سۆران محەمەدی؛ دەروونناس
١.خوێندنەوەیەکی ماناتەوەر؛
وەکوو زۆربەی رۆمانەکانی دیکەی بەختیار عەلی، لە “هەورەکانی دانیال”یشدا شەڕ، دەوری سەرەکی دەبینێت، شاری “دێلاوار” دوای چەندین ساڵ رزگاری لە بندەستی “مەمەد حەسار”ییەکان، دیسانەوە خۆی لە شەڕێکی دڕندەدا دەبینێتەوە، ئاوری شەڕ بە هۆی پەلاماری ناوەختی جەنگاوەرەکانی “مەمەد حەسار”ەوە دیسانەوە هەڵدەگیرسێتەوە، “مەمەد حەسار” ئەو شارەی لە داوێنی بەرزاییەکانی “یا ئیمام”ەوە درووست کراوە، بە دروشمی بەرزکردنەوەی ئیمان و ئاڵای پاکی سەرزەمینی خوداناسان، لە سوپایێکەوە کە کاریان “هیدایەت”دان بوو، بووبوون بە سوپایەک کە ئیشیان سووتاندن و سەرپەڕاندن بوو، ئەو سەربازانەی بە پەڕۆیێکی رەش نێوچاوانیان بەستووە و وتەکانی “ئیمام سوبحان” هێز و گوڕی پێبەخشیون، هەر کەس لە دێلاوارییەکانیان دەستبکەوێ، دەموودەست سەری دەپەڕێنن، ئەمانە و ناوی هەنێ ناوچەی دەوروبەری دێلاوار، وەکوو “کەربول” لە باشوورەوە، باروودۆخی ئەم رۆژانەی کوردستان و پەلاماری “داعش” وەبیر دێنێتەوە!
سەرەتای کێشەکانی دێلاوار بە شوێن بڵاوبوونەوەی خەوێکەوە روویدا، خەونێک کە تێیدا پیاوێکی ئەسمەری، دەمووچاو باریکی، قژکورت، سەری خەوبینەکە دەبرێ و خەوبینەکە سەری خۆی دەبینێت کە جودا لە جەستەی لە تەنیشتیدا داندراوە، ئەم خەوە وەک درمێک تەواوی شاری گرتەوە و پەرێشانی کردن، هەرکەس شێوەی پیاوی ناو خەونەکانی بدایە، سەری بە بڕین دەڕۆیی… شار خەریک بوو لە کۆنترۆڵ دەر دەچوو، بۆیە تاکە پزیشکی دەروونیی شار، دوکتۆر سیامەند زەریاواری، بە یارمەتی فەرماندار و سەرۆکی شارەوانی بریار دەدەن یەکێک لە زیندانە کۆنەکان کە لە مێژە چۆڵ کراوە بکرێتە نەخۆشخانەی دەروونی، ئەوەی سەرنجراکێشە نۆژەن کردنەوەی زیندانەکە نییە بۆ کەڵک لێوەگرتنی وەک نەخۆشخانە، بەڵکوو باروودۆخی ناو ئەم نەخۆشخانەیە کە وەک زیندانێک بەرچاو دەکەوێ.
یەکێ لە بەشە گرینگ و قەرەباڵغەکانی نەخۆشخانەکە، بەشی “پەروەردە و تەمێکردن”ە کە بە سەرپەرشتی “تەمێکاری گەورە” بەڕێوەدەچێت، “وەستا سەلاحەدین” پیاوێکی زلە کە پێشتر وەستای دروستکردنی خانووبەرە بووە و ژێردەستەکانی بە “فەعلە” بانگدەکات، ئەو نەخۆشانەی زۆر دەنگ و هەرایان لێوەدێ یان چارەسەر ناکرێن، لێرەکانە تەمێدەکرێن و بە شەل و پەتی و زامدارییەوە دیدەنە دەست “مەستەر گرینۆک” تا بە سەریاندا بگری و بە ناوی هەموو بەرپرسانی زیندانەوە داوای لێبوردنیان لێبکات. ئەم رووداوانەی ناو نەخۆشخانە، کتێبی “چاودێری و سزادان، لەدایک بوونی زیندان” نووسینی “میشل فۆکۆ”م بیر دەخاتەوە و رۆلی خوێندنەوەیێکی “فۆکۆ”ییانە زەق دەکاتەوە.
لەم کتێبەدا فۆکۆ دەڵێ، سێ بنەمای زیندان ئەمانەن: ١- جوداکردنەوەی تاوانبار لە کۆمەڵگا و هاودەستەکانی ٢- کارپێکردنی رۆژانە، کە دەبێتە هۆی خووپێگرتنیان بە ئیش و کار ٣- زیندان ئامرازی تەکووزکردنی سزایە، واتە کاریگەریی زیندانە کە سزادان، سەخت و دژوارتر، سووک و کورتتر یان وەستاندنی دەستنیشان دەکات، هەڵبەت ئەمانە بە دەست چاودێرانی زیندانەوە دەرەخسێت نەوەک دادوەرەکان.
لە هەورەکانی دانیالیشدا، نەخۆشە دەروونییەکان وەک تاوانبارێک خراونەتە زیندانەوە، دەیانبەن بۆ بێگاری، لە سەر سنوور حەشارگەیان پێ ساز دەکەن، تەنانەت لە کاتی جەنگدا شەریان پێ دەکەن و ئەوانەی گوێڕایەڵ نەبن لە بەشی پەروەردە و تەمێکردن بە سەختی سزا دەدرێن، ئەمانەش تەواوی بە دەستی چاودێرانی نەخۆشخانە دەکرێن، بەم چەشنە سێ بنەماکەی مەبەستی فۆکۆ دێتە دی. لە سەرەتای دامەزراندنی نەخۆشخانەکەدا دوکتۆر سیامەند دەڵێ “نیازم نییە ئێرە بکەمە تەمەڵخانە… ئەوانەی دێنە ئێرە دەبێت ببنە مرۆڤی سوودبەخش، یان بۆ جەهەنەم، رەنگە نەخۆشەکان بخەمە کار… باوەڕدەکەم ئیشی سەخت دەتوانێت مرۆڤ لە دەروونی خۆی دوور بخاتەوە”.
تەمێکردن یەکێ لە تێکنیکەکانی چاودێرییە، خۆ ماندووکردنی فۆکۆ بەم واتایانە پیشان دەدا کە لە ئەپیستمەی زەمەنی تازەدا، مرۆڤ واتایێکی دەستکردە، لە واقیع دا مرۆڤ، سووژەی دەسەڵاتە و هەر لەو حاڵەشدا خۆی بە تەوەری تاوتوێکردنی زانست دادەنێت. بە وتەی فۆکۆ تەنیا قۆناغێکە کە مرۆڤ هەم بە ناوی سووژە و هەم بە ناوی ئۆبژەوە دێتە گۆڕێ، ئەم سووژە سووژەیێکی بێ بناغەیە، لەبەر ئەوەی لە ئەساسدا دەسەڵات بنیات و بناغەی نییە، لە راستیدا دەسەڵات موڵکی کەس نییە و بێخاوەنە، بە واتایێکی دیکە تاک دەسەڵاتی نییە بەڵکوو ئەوە دەسەڵاتە تاک دەخاتە جەغزی خۆیەوە و داڵدەی دەدات، هەر چەمکێکی ناو هەر ئەپیستمەیەک لەگەڵ دەسەڵاتدا رەنگدەداتەوە، واتە هەموو خەڵکانێک دەتوانن بەرێوەبەری دەسەڵات بن، لەبەر ئەوەی دەسەڵات رۆحی ئەپیستمەیە و بە دامەزراوەکان گەورەیی دەبەخشێت.
دوای چەمکی دەسەڵات، فۆکۆ باسی چاودێری دەکات، بە ڕای فۆکۆ تێکنیکەکانی دەسەڵات بە چەشنێ دارێژراوە – هەڵبەت بێ ئەوەی هەست بکرێ – کە چاودێری دەخوڵقێنن. لە راستیدا زیندان بەس یەخسیر کردنی جەستە نییە بەڵکوو بە گەڵاڵەی جۆراوجۆر دەتوانێ مرۆڤ بخاتە زیندانەوە، هەگە ئەو مرۆڤە لە کۆمەڵگاشدا بژی، چاودێریێکی فۆکۆیی لەسەرە کە بە واتای هەموو شوێن روانینە.
لە هەورەکانی دانیالیشدا جەماوەری خەڵک وەک بەشێکی دەسەڵات، خۆیان چاودێری خۆیان دەکەن، زۆربەی خەڵک بوونەتە سوپای باغەوانەکانی دێلاوار، هیچ شتێک بە هۆی چاودێرییەوە ناشاردرێتەوە، هەر گومانێکی بچووک لە هەر کەسێک، ئەتوانێ بیخاتە ریزی دوژمنەوە و ڕادەستی دەکەن، تەنانەت زۆر جاریش بە بێ گومان و هەر بۆ ئەوەی جەنگاوەری و ورەبەرزی خۆیان بسەلمێنن، سەری خەڵکی بێتاوان دەپەرێنن، شار پڕە لە درووشم و وێنەی شەهیدانی شەڕ، چاودێریێکی بەم چەشنە، چاودێری ناوینە، کە بە ژمارەی کەمتری چاودێران و هێزی زیاتری چاودێرییەوەیە، بەم چەشنە تەواوی شار بووەتە زیندانێکی گەورە لە هەر چینێکی خەڵکی ئابلۆقە داوە (میکرۆفیزیای دەسەڵات).
٢. رۆمان وەکوو فۆرم؛
دابەش کردنی رووداوەکانی رۆمان بە چەندین بەش، بووەتە هۆی راهێڵان(تەعلیق) و کێشاندنی خوێنەر تا کۆتایی، واتە لە بەشێکدا پرۆفیسۆر بەهنام خەریکی گێڕانەوەی مێژووی دێلاوار و هاتنی دانیال و خەونی هەورەکانە، لە بەشیکی دیکەدا بگێڕەوە دەبێتە ئاڵ موراد و چۆنییەتی دامەزراندنی “سوپای باغەوانەکانی دێلاوار” و کاریگەری ئەم سوپایە لە ئاڵ و گۆڕکردنی دۆخی دێلاوار و بەشی سێهەم کە بگێڕەوەی سەرەکی، رێنوار زەریاواری (مەستەر گرینۆک)ە و تا کۆتایی لەگەڵماندایە، ئەم سێ بەشە تا هێرش کردنی “مەمەد حەسار”یەکان درێژەی هەیە و نووسەر توانیوییەتی زۆر لێهاتووانە لە بەشی ٤٤دا بیانگەیێنێتە یەک و ئەمجار بگێڕەوی سەرەکی رەوتی داستان دەگرێتە دەست، هەڵبەت نە وەک بگێڕەوەی هەمووشتزان، بەڵکوو نوێنەری نووسەرە کە خۆی نادا بە دەستەوە و ئیفلاتوونانە هەر سێبەری دیارە و بە جێی بەختیار عەلی هاتووەتە نڤیسان، دیارە لە هەورەکانی دانیالیشدا دیسان زمانی ئاخافتنی هەموو کەسایەتییەکان یەکدەستن، هەموو سەرکردە و دوکتۆر و پرۆفیسۆر و جەنگاوەر و خەڵکی ئاسایی و تەنانەت نەخۆشەکانیش بە زمانێکی فەلسەفی دەدوێن.
کات لەم رۆمانەدا تەریب نییە و بە هێڵێکی ئاسۆیی دا بەرەو پێش ناروات، کات پچڕپچرە و نووسەر گەمەی لەگەڵ دەکات، زۆر جار یەکێک لە بگێڕەوەکان بە هێنانی کاتێکی ئەستوونی، هێڵی ئاسۆیی دەبڕێت. تێکەڵ کردنی کات لە بەشەکانی رۆمان و زۆر جار بەروودوا کەوتنی، زۆر لەگەڵ پێکهاتەی ئاڵۆزی “دێلاوار”دا دەگونجێت، “دێلاوار” شارێک کە بە دەوری زیندانەکاندا درووستبووە و خۆی رۆڵی “شوێنکات” دەبینێت، شوێنێکە بوون و نەبوونی نادیارە.
دیالۆگ زۆر دەگمەنە و ئەوەی هەیە بووەتە یاریدەری نووسەر بۆ دەرخستنی هەستی کەسایەتییەکان، واتە لە پێش یان بە دوای دیالۆگی کەسایەتییەکاندا چۆنییەتی دەرئەنجامی قسەکان لە سەر و ڕوویان پیشان دەدرێت، بەم چەشنە هەستی کەسایەتییەکان دێتە پێناسە کردن، نووسەر وەک کارێکی تازە توانیویەتی لە زاراوە و بن زاراوەی شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کەڵک وەربگرێ، وەک نموونە لە شوێنێکدا دەڵێ: جەستە، لە شوێنێکی دیکە: لەش و لە شوێنێکی دی: بەیەن… هتد، بەمجۆرە ویستوویەتی تەوژمی دەوڵەمەندی زمانی کوردی پیشان بدات، هەرچەند زمانی فەلسەفی بەختیار عەلی هەلی رەخساندنی گاڵتە نادات، بەڵام لە چەند شوێن دا زمانی تەوس دزەی کردووە و بۆ چرکەیێکیش بێت خوێنەر لە کەشی ساردی ناو هەورەکان دێنێتە دەرەوە.
لەم رومانەدا بەختیار عەلی توانیویەتی بە دیاردەی “دانیال” و “هەورەکانی”، فەلسەفەی مێژوو و دووپات بوونەوەی رووداوەکان و هۆکاری جەنگەکان و کایەی دەسەڵاتداران لە خەونێکەوە بە وەهمیی بوونی دوژمنێک، لە سەر عەقڵی جەماوەر بە جوانی پیشان بدات – دەکرێ ئەم رۆمانە بە خوێندنەوەی چەپی هەژمۆنیک و نیشانەناسیش بخوێندرێتەوە _ کە ئەوە دەبێتە خوێندنەوەیەکی دی و…تا بزانین…